زرار رواندزی .. میری ھونەری رواندز

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

زرار رواندزی .. میری ھونەری رواندز

پێشمەرگە و مامۆستا و میوزیکژەن و ئاوازدانەر و ئەکتەر و دەرھێنەری شانۆیی و نووسەر، مامۆستا زرار محەمەد مستەفا، لە ساڵی ١٩٣٧ لە شاری رواندزی پاشای گەورە، لە بنەماڵەیەکی دیاری رواندز ھاتووەتە دنیاوە.

 

قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە رواندز خوێندووە، دواتر خوێندنی ئامادەیی تا پۆلی پێنجەمی وێژەیی لە ھەولێر خوێندووە، پاشان لە خولێکی ھاوینەی وەزارەتی پەروەردەی سێ مانگی بەشداریی کردووە، دواتر وەک مامۆستا لە دەربەندی رایات دامەزراوە و وانەکانی ھونەر و زمانی ئینگلیزیی گوتووەتەوە و پاشان بووە بە بەڕێوەبەر ، لە ساڵی ١٩٦١یش دەبێتە بەرپرسی ناوچەی رواندزی پارتی دیموکراتی کوردستان.

 

مامۆستا زرار، ھەر لە تەمەنی لاوییدا حەز و خولیای لە میوزیک بووە و لە ساڵی ١٩٦٩ لە شاری بەغدا عوودێک دەکڕێ و خۆی دەبێتە مامۆستای خۆی و خۆی فێری میوزیک دەکات. لە ساڵی ١٩٧١ لەگەڵ کۆمەڵێک ھاوڕێی خۆی دەست دەکەن بە پرۆڤە، ئەگەرچی ئامێریشیان نەبووە، بەڵام زۆرینەی ئامێرەکانیان لە لقی هەولێری یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان وەرگرتووە و یەکەم گرووپیان لە شاری رواندز دروست کردووە. دواتر داوایان لێ دەکرێ لە ئاھەنگی یادی شەھیداندا بەشداری بکەن و ئەوە دەبێتە یەکەم کار و چالاكیی گرووپەکەیان.

 

ھەرچەندە وەک خۆی لە چاوپێکەوتنێکدا باسی کردووە کە ئاستیان زۆر باش نەبووە، تا ئەو کاتەی سەعید یەحیا خەتات لە ساڵی ١٩٧٢ دەبێتە بەرپرسی ناوچەی پارتی لە رواندز و پرسیاری گرووپەکەیان دەکات و فێری مەقامات و نۆتە و زۆر شتی گرنگیان دەکات. ھەر لەو ساڵەدا لەگەڵ ھونەرمەندی مەزنی كورد تایەر تۆفیق، ئاھەنگێک لە ناوپردان ساز دەکەن.

 

ئینجا لەوێوە چەندان کاری هونەری دەكەن، تا لە ساڵی ١٩٧٤ بەھۆی بارودۆخی ئەوکات، تیپەکەیان ھەڵدەوەشێتەوە و لێک جیا دەبنەوە و مامۆستا زرار دەچێتە ریزەکانی شۆڕشی ئەیلوول و پەیوەندی بە ھێزەکانی پێشمەرگەوە دەکات، بۆ داکۆکیکردن لە خاک و نیشتمان. پاشان ئاوارە دەبێ بۆ ئێران و لەوێ لە ئۆردوگای زێوە، وەک خۆبەخش دەبێتە بەڕێوەبەری دواناوەندیی زمناکۆ،

دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول لە سالی ١٩٧٥ دەگەڕێتەوە بۆ شاری رواندز.

 

لە ساڵی ١٩٧٧، کە کۆمەڵەی ھونەر و وێژەیی کوردی لە رواندز دادەمەزرێ، مامۆستا زرار دەبێتە بەرپرسی ئەو کۆمەڵەیە، ھەر لەو ساڵەدا یەکەم خولی میوزیک لە رواندز دەکاتەوە کە چەند ئارەزوومەندێک تیایدا بەشداری دەکەن.

دواتر مامۆستا زرار تیپی مۆسیقای پاشای گەورە دادەمەزرێنێ و بەشدارانی خولەکە دەبنە ئەندامی تیپەکە، پاشان لە ساڵی ١٩٧٩ لەلایەن چالاکیی قوتابخانەکەنی ھەولێر، منداڵە بەھرەمەندەکانی ھەرسێ شاری ھەولێر و کۆیە و رواندز بانگھێشت دەکرێن و بەیەکەوە تیپێکی گەورە دروست دەکەن و بۆ یەکەم جار لە شاری سەماوە بەشداری لە فێستیڤاڵی سەرتاسەریی چالاکیی قوتابخانەکان دەکەن و لەسەر ئاستی ١٨ پارێزگاکەی عێراق، پلەی یەکەم بەدەست دێنن.

 

دوای ئەوە، وەک تیپی مۆسیقای پاشای گەورە بەشداری لە زۆر کار و چالاکیی دیكەدا دەکەن و کار بۆ زۆر لە ھونەرمەندانی کورد لەسەر ئاستی ھەر چوار پارچەی کوردستان دەکەن و بەرھەمگەلێکی زۆریش بۆ ئێزگەی کوردیی بەغدا و تەلەڤزیۆنی کەرکووک تۆمار دەکەن.

 

مامۆستا زرار نۆ خولی میوزیکی لە سۆران و رواندز کردووەتەوە و جگە لە خولی میوزیک، نزیکەی ھەشت خولی دیكەی فێربوونی نیگارکێشانی بۆ منداڵان کردووەتەوە. ھەروەھا جووڵانەوەیەکی شانۆیی لە رواندز دروست کردووە و وەک دەرھێنەر و ئەکتەر ٣٠ کاری شانۆیی پێشكەش كردووە و لە ساڵی ١٩٨١ دەبێتە ئەندامی یەکێتیی ھونەرمەندانی کوردستان.

 

لە بواری نووسینیشدا، مامۆستا زرار محەمەد مستەفا چەندین کتێبی نووسیوە، وەک (ھونەر لە رواندزێ) و (رواندز . باڵەک .. برادۆست) و بەشێکیاشیان چاپ نەکراون.

مامۆستا زرار یەکەم ھونەرمەندی کوردە، کە لە ژیاندا بووە و پەیکەری بۆ دروست کراوە و خەڵاتی رێزلێنانی لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ئەوكاتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی ٢٠٠٥ پێ بەخشراوە.

 

مامۆستا زرار ئەگە چی وەک خۆی دەیگوت: ”ھەرگیز بۆ سوپاس و پاداشت کارم نەکردووە“ و زوو زوو دێڕە شیعرێکی کامەران موکریی شاعیری دەگوتەوە، کە دەڵێ:

کەوتووینە رێگا لەگەڵ کاروانا

خەڵاتم ناوێ لە تێکۆشانا

لەگەڵ ئەوەشدا، لە ژیانیدا چەندین خەڵات و پاداشتی لە بەرامبەر ئەو تەمەنەی بە ھونەری کوردیی بەخشیوە وەرگرتووە، كە زیاتر لە شەست ساڵ خزمەتە.

 

مامۆستا لە ژیانیدا ھەرگیز ھاوسەرگیریی نەکردووە، چونکە پەیمانی بە خۆی دابوو کە تا قوتابییەکانی پێنەگەیەنێ و بەرھەماکانیان نەبینێ، ھاوسەرگیری نەکات، دواتر کە قوتابییەکانی پێگەیشتن، ئەویش وەک خۆی فەرموویەتی، تەمەنی لایداوە و تازە شەمەندەفەر جێی ھێشتووە.

 

دیارترین ئەو ھونەرمەندانەی، کە لەسەر دەستی مامۆستا زرار فێری میوزیک بوون، ھەر یەک لە (ئامانج غازی، سەید ئەحمەد رواندزی، چەتۆ نەورۆز، سیروان سیرینی...تد) بوون، کە بوونەتە ئەستێرەی گەشی ئاسمانی ھونەری کوردی و جێپەنجەیان لە خزمەتکردنی ھونەری کوردیدا دیارە.

 

لە رێكەوتی ٧ی ١٢ی ٢٠٢١ کۆچی دوایی کرد و ئیدی شانبەشانی میر محەمەد و وەستا رەجەب، دەبێتە بەشێک لە مێژووی شاری رواندز و سەدای دەنگی عوودەکەی تا ھەتایە لە گوێی ھونەردۆستاندا دەزرنگێتەوە.