لە كارخانەی پاشای گەورەی ڕواندز، میرنشینی سۆران، كە لەلایەن وەستا ڕەجەبەوە سەرپەرشتی كراوە، چەندان جۆر چەك و تەقەمەنی دروستكراون، یەكێك لەو چەكانەش جۆرە دەمانچەیەكی دەگمەن و سەرنجڕاكێش بووە و زیاتر بە دەستی پلەدار و سەركردەكانی ئەوكاتی میرنشینەكەوە بووە.
بەپێی سەرچاوە مێژووییەكان لە سەردەمی میرنشینی سۆراندا، وەستا ڕەجەب سەرپەرشتی كارخانەكەی كردووە، كەسێك به ناوی وەستا غەفوور كەركووكییش دەستێكی باڵای هەبووە لە دروستكردنی چەک و تەقەمەنییەكاندا و وەستا برایم ماویلییش هەر لە كارخانەی چەک و تەقەمەنیی میری گەورەی سۆران لە شاری ڕواندز کاری کردووە.
بەشێكی گرنگی ئەو كارخانەیە چۆنیەتی دروستكردنی باڕووت بووە، كە ماددەیەكی سەرەكیی پێویستە بۆ گوللەی تۆپ و تفەنگ و دەمانچه، كارگەران و كارمەندانی ئەم بەشە زۆر بە وردبینی و زیرەكانە توانیویانە كەرستەكانی باڕووت و ئەو ماددانەی پێویستن بۆ دروستكردنی باڕووتی گولله و تەقەمەنییەكان بەدەستبێنن و پەیدای بكەن.
بێجگە لە بنیادنانی قەڵا و پرد و لێدانی سكەی پارە و خزمەتگوزارییەكانی دیكەی میرنشینەكە، لەلایەن پاشای گەورەی ڕواندزەوە بایەخی زۆر بە دروستكردنی چەك و تەقەمەنی دراوه و توانیویەتی بەهۆی كارخانەكەیەوە جبەخانەیەكی گەورەی چەكی هەبێت بۆ تۆپ و دەمانچە و تفەنگ و جۆرەكانی تری تەقەمەنی، كە تا ئێستاش چەندین جۆری تۆپەكانی پاشای گەورەی ڕواندز، لە موزەخانه و شوێنە گشتییەكان ماونەتەوە. ئەوەی زۆر جێگەی سەرنجی خەڵكەكەش بووە، دروستكردنی جۆرە دەمانچەیەكی دەگمەن و سەرنجڕاكێش بووە كە لە كارخانەی میر محەمەد، پاشای گەوەری ڕواندز بە سەرپەرشتیی وەستا ڕەجەب دروستكراوە، ئەمەش زیاتر بە دەست پلەدار و سەركردەكانی ئەوكاتی میرنشینەكەوە بووە. دوای چەندین ساڵ بەسەر ڕووخانی میرنشینەكەدا، تا ئێستا نموونەی ئەو چەك و تەقەمەنییانە ماون و پارێزراون، یەكێك لە تۆپەكانیش لە باخچەی بەردەم قایمقامیەتی قەزای ڕواندز له بەردەم پەیكەری پاشای گەورە دانراوە.
میرنشینی سۆران لە ساڵەكانی (١٣٩٩ - ١٨٣٥) حكوومەتێكی كوردی بووە، لە سەرەتاوە لەلایەن كوردێكەوە بە ناوی ''میر كەڵۆس''ـەوە سەرپەرشتی كراوە، دواتر لە سەردەمی میر مستەفا بەگدا بارودۆخی میرنشینی سۆران گەشەی كرد. میر مستەفا لە ساڵی ١٨١٣دا دەسەڵاتی میرایەتی دەداتە دەستی كوڕەكەی خۆی به ناوی ''میر محەمەد بەگ پاشای گەورەی ڕواندز'' كە بە میرنشینی سۆران ناسراوە، زۆر بە ناوبانگ بووە، ئەم میر محەمەدە زیاتر بە پاشای كوێرە بەناوبانگ بووە، له ساڵی ١٨١٦ دا سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاند و لە ساڵی ١٨٣٥ بە دەستی هێزەكانی عوسمانی كۆتایی بە میرنشینەكەی هات.