ئایینی یارسان ئایینی فەرمی ئیمپراتۆریای ميديا بوو   (2 – 4)

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

ئایینی یارسان ئایینی فەرمی ئیمپراتۆریای ميديا بوو   (2 – 4)

٨. یەزدانییەکان باوەڕیان بە دۆناودۆن هەبووە (گواستنەوەی ڕۆح) [6]. مادەكان یەزدانی بوون، كە واتا ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە مادەکان باوەڕیان بە گواستنەوەی ڕۆح هەبووە، واتە گواستنەوەی ڕۆحی مرۆڤ دوای مردنی بۆ مرۆڤ، ئاژەڵ، یان ڕووەک و ئەم گواستنەوەیەش پەیوەستە بە کردارەکانی مرۆڤ لە ماوەی ژیانیدا. هەروەها یارسانییەکانيش وەك مادەكان باوەڕیان بە گواستنەوەى ڕۆح هەیە.

٩. زۆر سه‌رچاوه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ بانگه‌وازی زه‌رده‌شت بۆ ئایینەكەی له‌ كۆتایی ده‌سه‌ڵاتی ماددا ده‌ركه‌وتووه‌، له‌ كاتێكدا له‌ سه‌ده‌ی نۆیه‌می پێش زایینه‌وه‌ له‌ سه‌رچاوه‌ مێژووییه‌كاندا باسی ماد كراوه‌، واته‌ زیاتر له‌ 300 ساڵ پێش ده‌ركه‌وتنی زه‌رده‌شت. لە ڕاستیدا مادەکان دانیشتوانی ڕەسەنی ناوچەکەن و هەزاران ساڵ پێش لەدایکبوونی زەردەشت لەسەر خاکی کوردستان دەژیان [b,a]ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە مادەکان پەیڕەوی ئایینێکی تر بوونه، چونكه ئایینی زەردەشتى لە كۆتایی سەردەمی ئیمپراتۆریای ميديا دەركەوت. بۆیە کاتێک زەردەشت، كه لەدایکبووی شاری ورمێيه لە ناوچەی ئێستای رۆژهەڵاتی کوردستان، دەستی كرد بە بڵاوکردنەوەى ئایینەکەی لەنێو گەلەکەیدا، قەشە ماگوییەکان (قەشە یارسانییەکان) و یارسانییەکان دژی بانگهێشتنامەکەی زەردەشت وەستان و بەرەنگاری بوونەوە. ئیتر زەردەشت ناچار كرا گەل و شارەکەی بەجێ بهێڵێت و کۆچ بکات بۆ پارێزگای باکتریا، لە ڕۆژهەڵاتی ئێرانی ئێستا و ئایینەکەی لەوێ لەنێو فارسەکان بڵاو بکاتەوە. شایانی باسە قەشە ماگوییەکان ئەو قەشانە بوون کە بەرپرسی کاروباری ئایینی بوون و سەر بە هۆزی مادەکان بوون (ماگوى Magoi) کە له زمانى یۆنانیدا ئەم ناوە بووە (ماگوس Magos) و لاى عەرەبەکان بوو بە (مەجوس) [7].

زەردەشت لە کتێبی پیرۆزی زەردەشتی (ئاڤێستا)دا دەپاڕێتەوە لە خودا و دەڵێت:

بۆ چ خاکێک دەتوانم هەڵبێم؟

هەنگاوەکانم بەرەو کوێ بڕۆن؟

لە بنەماڵە و خێڵ دەرکرام،

من لە گوندەكەم ئیتر خۆشەویست نیم،

کەس لەناو خەڵکدا گوێی لە قسەکانی من ناگرێت

و نە لەلایەن فەرمانڕەوا خراپەکانی وڵاتەوه،

کەواتە ئەی خودا، چۆن خۆشەویستیی تۆم دەبێت، ئەی خودا! [8]

لە ڕێگای ئەو دەقە ئاڤێستاییەی کە لە سەرەوە ئاماژەمان بۆی کرد، ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە فەرمانڕەواکانی ميديا و خەڵکی ئاسایی بە هەمان شێوە، دژی بانگەوازی ئایینی (زەردەشت) بوون و دەبینین چۆن (زەردەشت) فەرمانڕەواکانی میدیا بە خراپە باس دەکات و سكاڵا دەباتە لای خوداى خۆی. هەروەها لە قسەکانی (زەردەشت) بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە (زەردەشت) دەرکراوه لە زێدی خۆی، یان ناچار كراوه شارەکەی و خزم و كەسوكاری بەجێ بهێڵێت و ڕێگری كراوه له بڵاوکرنەوەى ئایینەکەی و ئەمە هەم لەلایەن دەستەڵاتدارانی ميديا و هەم لەلایەن خەڵکی مادەوە ئەنجام دراوە. ئەمەش بەڕوونی ئاماژە بەوە دەکات کە مادەکان ئایینێکی جیاوازیان لە ئایینی زەردەشتی هەبووە. بەو پێیەی باوباپیرانی کورد پێش سەرهەڵدانی ئایینی زەردەشت، باوەڕیان بە ئایینی یارسان هەبووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە مادەکان پەیڕەوی ئایینی یارسان بوونه و ئەم ئایینە ئایینی فەرمیی ئیمپراتۆریای میدیا بووە.

لێرەدا مرۆڤ پرسیاری ئەوە دەکات کە چۆن و بۆچی ناوی ئەم ئایینە لە (یارسان)ەوە گۆڕا بۆ ماگوی (مەجوسی)؟ هەروەها لە سەرەوە باس لەوە کرا کە ئەو قەشە یارسانیانەی کە بەرپرسی کاروباری ئایینی بوون، سەر بە هۆزی مادەكانی (ماگوی) بوون، کە لەنێو عەرەبدا بووەته (مەجوسی). زۆر ئەگەری ئەوە هەیە کە فارسە هەخامەنشیيەكان دوای ڕووخاندنی ئیمپراتۆریای ميديا و دامەزراندنی پادشانشینی هەخامەنشی، بە مەبەستی سڕینەوەی ناوی دينى (يارسان) لە ڕێگەی گۆڕینی ناوی (یارسان) بۆ (مەجوس) کە ناوی ئەو هۆزە مادەیە کە قەشە یارسانییەکانى پێك دەهێنا، بۆ سنووردارکردنی دينى يارسان بە ناوی یەک هۆزەوە بۆ ئەوەی ئایینی یارسان لە ڕێبازەکەی دەربچێت و لە ڕێبازی مێژوویی و ناوچەیی و جیهانی و له هەمەلایەنەیی و گشتیییەکەی دەرى بكەن و بۆ ڕێگریکردن لە مادەکان بەتایبەتی و گەلانی ڕۆژئاوای ئاسیا بەگشتی لە پەیوەندیی ڕەوانى و کولتووری لەگەڵ ئەم ئایینەدا و بۆ ئەوە لە یادەوەری ئەم گەلانە دوور بخرێتەوە، کە ئایین ئەو کاتە و ئێستاش لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان سرووشبەخشە، کە لە ڕێگەیەوە دەتوانرێت دەسەڵات و سامان بەدەست بهێنرێت. هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ناوی ئایینی یارسان و جێگرتنه‌وه‌ی به‌ (مه‌گوس) له‌لایه‌ن فه‌رمانڕه‌وایانى فارسه‌وه‌، هه‌روه‌ها مه‌به‌ست له‌ سڕینەوەی ناو و شارستانیەتی و شکۆمەندیی (مادەکان) بوو لە یادی گەلانی ئاری و یادەوەریی جیهان. بەکورتی ئامانجی فارسەکان ئەوە بوو کە بەردەوام بن لە فەرمانڕەوایی ناوچەکە و نەهێڵن مادەکان دەسەڵاتی خۆیان بەدەست بهێننەوە بە پچڕاندنی پەیوەندیی ڕەوانى و فەرهەنگی و مێژوویی و شارستانیی مادەکان بە ڕابردوویانەوە.

دوای کۆچکردنی بۆ باکتریا، زەردەشت دەستی کرد بە گەڕان بەدوای فەرمانڕەوایەکدا بۆ ئەوەی پاڵپشتیی بکات لە بڵاوکردنەوەی ئایینەکەیدا، بۆیە گەیشت به فەرمانڕەوای فارس، فەشتەسپ (هەشتئەسپ)، فەرمانڕەوای (باکتریا). زەردەشت لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی، سەردانی ئەم دەستەڵاتدارەی كرد و ئایینە نوێیەکەی بۆى ڕوون کردەوە و بانگهێشتی کرد بۆ ئەوە ببێتە پەیڕەوی دینەكەی. دەستەڵاتداری باکتریا مشتومڕی لە نێوان زەردەشت و قەشە و جادووكەرەكانیدا ئامادە کرد. (زەردەشت) پەیمانی لە فەرمانڕەواكه وەرگرت، کە دەستبەرداری ئایینەکەی بێت و ببێتە پەیڕەوی ئایینی زەردەشتی ئەگەر له مشتومڕەکەی لەگەڵ قەشە و جادووكەرەکانیدا سەر کەوت. مشتومڕەکان بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام بوون، لەو ماوەیەدا زەردەشت وەڵامی هەموو پرسیارەکانیانى داوە. کاتێک (زەردەشت) سەر کەوت لەو مشتومڕەدا کە ئەنجام درا، فەرمانڕەوای باکتریا گوتی: زەردەشت پەيامبەرێکە لە خودایەکی ژیرەوە. فەرمانڕەوای فارس (هەشتەسپ) و هاوسەرەکەی و ئەوانی تر لە بنەماڵەکەی باوەڕیان بە ئایینی (زەردەشت) هێنا و ئیتر ئایینی زەردەشتی لەو ناوچەی فارسەدا دەستی کرد بە بڵاوبوونەوە.

تەنانەت دوای ڕووخانی ئیمپراتۆریای ميديا و هاتنی فارسەکانی هەخامەنشی بۆ فەرمانڕەوایی، لە سەرەتای دەسەڵاتیان، ئایینی يارسان ماوە وەک ئایینی فەرمیی پادشانشینی فارسی هەخامەنشی لە سەردەمی یەکەم و دووەم پادشای هەخامەنشیيەكان، (كۆرش) و (کەمبیز). پابەندبوونيان بە ئایینی یارسان ڕەنگە بۆ ئەوە بوو، لە سەردەمی حوکمڕانیی ئەواندا دەسەڵاتی فارسی هەخامەنشی لاواز بووە و کاریگەریی مادەکان بەهێز بووە، بەو پێیەی لەو سەردەمەدا مادەکان بەشدارییان لە دەسەڵاتدا کردووە و پێگەی گرنگیان لە ئاسانکاریی جۆراوجۆری ميرى هەخامەنشيیەکان، بەتایبەت لە سوپادا، کە ئەمە واي كردووه ئەو دوو پاشایە نەوێرن ئایینی یارسان وەک ئایینی فەرمی دەوڵەت هەڵبوەشێننەوە و بیگۆڕن بە ئایینی زەردەشتی. شایانی باسە ئایینی زەردەشتی بەشێک لە بنەما و ڕێوڕەسمەکانی ئایینی یارسانی وەرگرتووە، بەو پێیەی هەندێک لە بیروباوەڕ و ڕێبازەكانی (زەردەشت) لە ئایینی یارسان وەرگیراون، لەوانە مانەوەی خۆر وەک هێمایەکی پیرۆز لە ئایینی زەردەشتی. هه‌روه‌ها (زه‌رده‌شت) پێش دروستكردنى ئه‌و ئاینه‌ی به‌ناوی ئه‌و ناوه ‌نراوه،‌ یارسانى ‌بووه وه‌ك هاووڵاتیانی تری میدیا‌ [c].