هۆرەبێژی ناوداری خانەقین، شەمسوڵا عەلی: دەبێ هۆرەی كوردی لە فەوتان بپارێزرێت

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

هۆرەبێژی ناوداری خانەقین، شەمسوڵا عەلی: دەبێ هۆرەی كوردی لە فەوتان بپارێزرێت

ئەگەر لە هەر شوێنێکی كوردستاندا بەدوای دەنگێکی خۆش و ناوازەدا بگەڕێین، ئەوا لە هەر شارێک و ناوچە و دەڤەرێكدا، ئاشنای چیرۆکی شاراوەی پشت دەنگی پڕ سۆزی چەند هونەرمەندێك دەبین.

 

باوکی عەزیز، یەکێکە لەو هونەرمەندە دەنگخۆشانەی شاری خانەقین كە توانیویەتی بە دەنگە پڕسۆزەكەی سەرنجی هەموانی بۆ لای خۆی رابکێشێت. ئەو هونەرمەندە هەرچەندە وێنەکێش نییە، بەڵام لە ڕێگەی هۆرەوە، هەندێ جار وێنەی پێکەنین و هەندێ جارێش وێنەی ماتەمینی لەسەر رووخساری بیسەراندا دەکێشێت.

 

 شەمسوڵا عەلی حەیدەر، کە ناسراوە بە باوکی عەزیز، لەدایکبووی ساڵی1937ی گورگاوازی نزیک گاوارەی وڵاتی ئێرانە، لە هەشتاکانی سەدەی رابردوودا هاتووەتە خانەقین و ئێستا دانیشتووی ئەو شارەیە. باوکی عەزیز لە ساڵەکانی حەفتادا دەستی بەک اری هونەری هۆرەبێژیی کردووە، هەرچەندە سەرەتایەکی سەختی هەبوو، تاکوو فێری ئەم هونەرە بێت، بەڵام ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بە پشتبەستن بە تواناكانی خۆی، لە ساڵی 2004 توانیی ببێتە هۆرەبێژێکی نایاب و تاکوو ئێستاش لە هونەرەکەی خۆی بەردەوامە.

 

(باسنیوز) بە پێویستی زانی وەک وەفایەک بۆ هونەرمەندانی شاری خانەقین، ئەمجارە بایەخ بە دیکۆمێنتکردنی ژیان و دەنگی هۆرەبێژە دەنگخۆشە کەڵهوڕییەکەی شاری خانەقین (شەمسوڵا عەلی) بدات.

 

سەرەتا شەمسوڵا عەلی سەبارەت بە هاتنە ناو دونیای هۆرەبێژییەوە بۆ (باسنیوز) گوتی: "لە سەرەتای ساڵی حەفتاکانەوە دەستم بە کاری هونەریی کردووە، سەرەتاکانم لەگەڵ هۆرەبێژیدا لاساییکردنەوەی هۆرەکانی ماموستایان (عەبدولعەزیز، عەلی نەزەر، ئەحمەد سەفەری، سەیەد قوڵی) لە ئێران بوو، دواتر پەرەم بە هونەرەکەم دا، هەرچەندە دایکیشم هۆرەبێژێکی باش بوو، ئەو هەموو کات بەدەم ئیشکردنی ماڵەوە هۆرەی دەچڕی و خەم و خۆشییەکانی لە رێگەی وشەکانی هۆرەوە دەردەبری.

دەنگی ئەم ئازیزانە وای لێ کردم خولیای هۆرەبێژیم زۆر ببێت و ئەم پیشەیە بگرمە بەر و خۆم زیاتر فێری هۆرەبێژی کەم و دەست بە نووسینی شیعرەکانی هۆرەی تایبەت بە خۆم بکەم، خۆشبەختانە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لە لایەن خەڵکەوە پێشوازیی زیاترم لێ دەکرا، هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی تاکو ئەمڕۆ لە هۆرەبێژیدا بەردەوام بم".

 

 

باوکی عەزیز ئاماژەی بەوەش دا : "توانیومە لە زیاتر لە سەدان کەرنەڤاڵی فۆلکلۆری و دانیشتنی دیوەخانی هونەرمەندان و بەزمی هۆرە، لەگەڵ کۆمەڵێک لە هونەرمەندە دەنگ ۆشەکانی کورد بەشداربم، وەك کەرنەڤاڵێک لە پیرەمەگنوون، کەرنەڤاڵێک لە قەرەداغ .کەرنەڤاڵی جەژنی نەورۆز و دانیشتنی دیوەخانی هونەری لە سەرچنار، بەشداریکردن لە دیوەخانی هونەری لە شارەزوور. دانیشتنی هونەری لە قەڵای شیروانە“.

 

شەمسوڵا عەلی حەیدەر (باوكی عەزیز) تیشک خستە سەر شیعرەكانی هۆرە و گوتی: "تا ئێستا شیعری هۆرەم بۆ کۆمەڵێک لە هونەرمەندانی شاری خانەقین و دەوروبەری نووسیوە و بەدڵخۆشییەوە سوودیان لە شعیرەکانی من وەرگرتووە، ئەم ئیشەی من زیاتر بۆ ئەوەیە کە کەسانی دیکە فێری شیعری هۆرەبێژی بکەم، چونکە بەداخەوە ئەوەی جێگەی خەفەتە کە ژمارەی هۆرەبێژان ساڵ لەدوای ساڵ کەم دەبێتەوە، ئەگەر بەراوردێک لەنێوان ئێستا و رابردوودا بكرێت، بەدڵنیاییەوە لە رابردوو دەنگی هۆرە هەموو ماڵ و دیوەخان و باخ و شاخانی لەخۆ گرتبوو، بەڵام ئێستا زیاتر مۆسیقا و گۆرانییەکان رۆڵیان هەیە و خەڵک بە دەگمەن گوێبیستی هۆرە دەبن، لەگەڵ کۆچکردنی پیاوە بەتەمەنەکانیش، ئەم هونەرەش خەریکە لەناو دەچێت."

 

باوکی عەزیز سەبارەت بە زاراوەکانی هۆرەبێژی و بەهای هۆرە بۆ ژیانی خۆی دەڵێت: "هۆرەی کوردی تەنیا بە زاراوەی کوردی خواروو نییە، بەڵکوو من دەتوانم شیعری هۆرە بە چەندین زاراوەی کوردی بنووسم و هۆرەی لێ دروست بکەم و پێشکەشی بیسەرانی هۆرەی بکەم، تا ئێستایش چەندین جار ئەمەم كردووە، چونکە هۆرە بۆ من وەک سەرمایەی دونیایە. روونتر بڵێم، وەک (شیری دایک و رەنجی باوکمە)، هەروەک چۆن ئەم دوو بابەتە گرنگە لەبیر ناکرێن، بەدڵنیاییەوە منیش هەرگیز هۆرە لەبیر ناکەم و تا ئەو ڕۆژەی هەناسەم مابێت، بەردەوام هۆرە دەڵێم و ناهێڵم ئەم هونەرە جوانە لەناو بچێت."

 

لە کۆتاییدا، شەمسوڵا عەلی سەبارەت بە هونەرمەندانی هۆرەبێژ گوتی: "داواکارم سەرلەنوێ تیشک بخرێتە سەر هۆرەی کوردی، بە سەرجەم زاراوەکانی و گرنگیی بەو هونەرمەندانە بدرێت، کە هۆرەبێژن، چونکە ئەگەر ئەم هۆرەیە لەبیر بچێت، یەکێک لە شاخەکانی فۆلکلۆری کوردی لەناو دەچێت."