ئیشراقی حەسەن زیرەک

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

ئەمڕۆ 26/6/2022 ساڵڤەگەڕی کۆچی دوایی حەسەن زیرەکە. حەسەن زیرەک ساڵی 1972 بە نەخۆشییەک کە بەرەنجامی ژەهرخواردنی بوو لەلایەن ساواکەوە، کۆچی دوایی کرد.

 

دەنگی حەسەن زیرەک لە بۆشاییەکی بێ سنوورەوە دێ، خەڵک بەم حاڵەتە دەڵێن دەنگی ئاسمانی، وەک ئەوەی ئەو دەنگە لە ئاسمانەوە، یانی لە بۆشاییەوە بێ. دەنگێک کە لە بۆشاییەوە بێ، دەنگێکی زوڵاڵ و بێگرێیە، دەنگێکی ساف و لووس و پاڵاوتەیە، دەنگێکی پاکژ و خاوێنە. ئەم جۆرە دەنگانە بەپێی زانستی یۆگا و عیرفانی گەردوونییەوە لە چەند بنەمایەکەوە سەرچاوە دەگرن.

 

یەکەم: لە لەشی مرۆڤدا هەر لە پاژنەی پێوە تا سەر بڕبڕەی پشت و سەر سینگ و دەوروبەری ناوک و کۆئەندامەکانی سەر و دەموچاو، کۆمەڵێک سندووقی بچووک بچووکی دەنگ هەن، ئەگەر ئەم سندووقانەی دەنگ بەهۆی خۆراک و خواردنەوەی خراپ و نەگونجاو بۆ لەش و قورگی کەسەکە، قەڵەوی، نەخۆشییەکانی بڕبڕەی پشت، خراپ دانیشتن و کوڕبوونەوە هیچ کێشەیەکیان بۆ نەیەتە پێشەوە، ئەوە کەسەکە دەنگێکی زوڵاڵی دەبێ، ئەگەرنا دەنگی دەنووسێ و دەنگی کز دەبێ.

 

دووەم: ئەگەر کەسەکە کەسێکی شاد بێ، یانی بارودۆخی جۆراوجۆری ژیانی رۆژانەی زەفەر بە خولگەی دڵی نەبا، ئەوا کەسەکە دەنگێکی شادی دەبێ، دەنگی ئەو کەسە لە خولگەی چوارەمەوە کە پێی دەگوترێ چاکرای ئاناهاتا یان خولگەی دڵ، وزە وەردەگرێ و لەڕێگەی دەنگەکەیەوە ئەم وزە خۆشە بڵاو دەکاتەوە، ئەم وزەیە خەفتبەر و شادیهێنە، هەر کەس گوێی لێ بگرێ دڵی خۆش دەبێ.

 

لێرەوە دەنگی حەسەن زیرەک، یەکێکە لە بەهێزترین دەنگەکان بۆ چارەسەریی نەخۆشییە دەروونییەکان و خەمۆکی لە چوارچێوەی دەنگدەرمانیدا، هەر کەس سەر دڵی قورس بێ و خەفەتبار بێ و خەمۆکیی هەبێ، رۆژانە ماوە ماوە گوێ لە دەنگی حەسەن زیرەک بگرێ، زۆر بە زوویی هەست بە گۆڕانکاریی بنەڕەتی دەکا لەم بوارەدا لە خۆیدا.

 

سێیەم: ئەم کەسانەی دەنگیان زوڵاڵە، چاکرای ڤیشودهیی واتە خولگەی پێنجەمیان کە کەوتووەتە سەر قوڵکی گەردن، هاوسەنگە. ئەم خولگەیە هی قسەکردنە، ئەگەر ئەم خولگەیە رێک بێ، کەسەکە بە باشی دەتوانێ قسە بکا یان گۆرانی بڵێت. حەسەن زیرەک هەردوو چاکرای دڵ و قورگی بەخەبەر و هاوسەنگن، جگە لەوە توانیویەتی هەموو سندووقەکانی دەنگی بەکار بێنێ و بە ئاسانی دەنگ لە بۆشایی وەربگرێ، بە تایبەت کە کەسێکی رەقەڵە و بارودۆخیشی وا بووە رەنگە کەم جار تووشی زۆرخۆری بووبێ، لەم بوارەدا زۆر یارمەتیدەری بووە.

 

چوارەم: جگە لە دەنگی، لێزانی لە گوتن و بۆهاتنی، حاڵێکی سۆفییانەیە، یانی کەسەکە دەبێ وەسڵ بێ بە سەرچاوەی گەردوونی ئەو بوارەدا کە تێیدا چالاکە، ئینجا ئەم تایبەتمەندییەی دەبێ. حەسەن زیرەک بۆ من و لە هەقیقەتیشدا هەر وایە، عارف و یۆگییەکی تەواوە، بەڵام عیرفان و کەرامات و تواناکانی لە دەنگ و شێوازی گوتن و بۆهاتن و ئەو کاریگەرییەی لەسەر دڵ و هەستی گوێگر دایدەنێ دەردەکەوێ، هەر کەسەوە لە بوارێکدا ئیشراق دەکا و رووناک دەبێتەوە، یانی ئیشراقەکەی لە بوارێکدا دەردەکەوێ، ئیشراقی حەسەن زیرەکیش لەم بوارەدا دەرکەوتووە.

 

سەرچاوە: کوردستانی نوێ