دەواری کوردی و تایبەتمەندییەکانی

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

دەواری کوردی و تایبەتمەندییەکانی

دەوار، سیەماڵ، یان ڕەشماڵ، ماڵی کۆچەرییەکانی کوردستانە لە کاتی کۆچکردن و گواستنەوەی مەڕ و ماڵاتەکانیان بۆ لەوەڕگە و شاخەکان. دەوار لە مووی بزنی ڕەش و لە لایەن ژنانی کۆچەرییەوە دەچنرێ. مووی بزن چەندین تایبەتمەندی هەیە، وەکوو گلدانەوەی ئاو؛ کاتێک باران دەبارێ، مووی بزن ڕێگری لە دڵۆپەکردنی ڕەشماڵ دەکات و باران ناوی دەوارەکە تەڕ ناکات. لە کاتی گەرما بە پێچەوانەی سەرما، مووەکان لەیەک دوور دەکەونەوە و کونەکانیان دەکرێتەوە و شنەی فێنکی با ڕەشماڵەکە فێنک دەکاتەوە. هەروەها پێویستی بە ڕەنگکردن نییە و بە هۆی زبرییەوە هیچ گیانەوەرێک لێی نزیک نابێتەوە و دەیان ساڵ بەرگەی سەرما و گەرما دەگرێ. تایبەتمەندی دیکەی مووی بزن ئەوەیە بە ئاسانی لەبەردەستی سەرجەم کۆچەرییەکانە و هەموو ماڵە کۆچەرییەک ژمارەیەک بزنی هەیە، کاتی ڕنینەوەی مووی بزنەکان بۆ دروستکردنی دەوار و گوریس و چیخ و بەڕ بەکاری دێنن. چیخ دەستچنێکی دیکەیە لە کاتی هەڵدانی دەوار لە دەوروبەری ڕەشماڵ وەکوو شوورەو دیوار دایدەنێن و لە مووی بزن و قامیش دروستی دەکەن.

هەر ڕەشماڵێک لە چەندین بەشی وەک "لەت" دروست دەبێ، درێژی هەر لەتێک شەش بۆ پازدە مەتر درێژە و نیو مەتریش پانە. کاتێک لەتەکان دەخرێنە پاڵ یەک و پێکەوە گرێ دەدرێن، دەوار دروست دەبێ.

پاش ڕنینەوەی بزن لە لایەن پیاوانەوە، کاری شووشتنی مووی بزنەکان، شیکردنەوە و ڕێسان و دوورینی لە ئەستۆی ژنانە، زۆرجار ژنان بۆ ئەو مەبەستە بە هەرەوەزی ئەو کارە دەکەن تا خێراتر کارەکەیان تەواو ببێ، لە ئاوەدانکردنەوەی ڕەشماڵێک زیاترین دەستەکان بەشدار بن.

جۆرێکی دیکە لە ڕەشماڵ هەیە بە "زمکە" ناسراوە، کە بۆ پاراستنی ماڵباتەکانە لە وشکەزوقم، یان سەرما و سۆڵە، تا نیوەی دەوارەکە بە بەرد وشکەچن دەکەن و سەرەوەی لە دەوارە.