ئاگربەستی موردۆس ئەو ئاگربەستە بوو کە لەدوای کۆتاییهاتنی جەنگی یەکەمی جیهانی (1914-1918ز) بەستراوە، لە نێوان دەوڵەتی خەلافەتی عوسمانی و ئیمپراتۆریای بەریتانیا بە ناوی دەوڵەتانی هاوپەیمانانی سەرکەوتووی جەنگی یەکەمی جیهانی، ئەوەش پاش ئەوەی کە جەنگەکە لە نێوان وڵاتانی هاوپەیمانان کە پێک هاتبوو لە ئیمپراتۆریای بەریتانیای مەزن و کۆماری فەرەنسای سێیەم و ئیمپراتۆریای ڕووسیای قەیسەری و شانشینی ئیتاڵیا و دواتر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و دەوڵەتانی ناوەند (تەوەر) کە پێک هاتبوون لە ئیمپراتۆریای ئەڵمانیا (ڕایخی دووەمی ئەڵمانیا) و ئیمپراتۆریای نەمسا-مەجەر (هەنگاریا) و شانشینی بولگاریا و دەوڵەتی خەلافەتی عوسمانی و چەند دەوڵەتێکی تر بەرپا بوو، لە ئەنجامدا دەوڵەتانی هاوپەیمانان سەرکەوتنیان بەدەست هێنا و دەوڵەتانی ناوەند (تەوەر) شکستیان هێنا و ئاگربەستی موردۆس کە لە نێوان سوپای دەوڵەتی خەلافەتی عوسمانی و سوپای ئیمپراتۆریای بەریتانیا بە ناوی هاوپەیمانان بەسترا لە ڕێکەوتی (30- 10/ئۆکتۆبەر- 1919) لەلایەن ژەنەڕاڵ حوسێن ڕەوف ئوربای بەگ، وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی خەلافەتی عوسمانی و ئەدمیراڵ سۆمیرسیت گۆوث کالثۆرپی لە هێزی دەریایی شاهانەی ئیمپراتۆریای بەریتانیا لەناو کەشتییەک لە بەندەری موردۆس لە شارە دوورگەی لیمنۆسی سەر بە پارێزگای باکوری ئەیجەی وڵاتی گریک (یۆنان)ی ئێستا.
خاڵەکانی ئاگربەستی موردۆس
خاڵی یەکەم- چەککردنی سەرجەم هێزەکانی سوپای دەوڵەتی خەلافەتی عوسمانی و چاودێریکردنی ڕادیۆ و تەڵەگراف و هێڵی شەمەندەفەر لەلایەن هاوپەیمانانەوە.
خاڵی دووەم- داگیرکردنی گەرووەکانی بۆسفۆر و دەردەنیل و هاتوچۆکردنی کەشتیی سەربازیی وڵاتانی هاوپەیمانان پێیدا.
خاڵی سێیەم- دەوڵەتی خەلافەتی عوسمانی ویلایەتەکانی بەغداد و بەسرا و یەمەن و ویلایەت و موسەتەڕیفەکانی سووریا و ویلایەتی حیجاز تەسلیم دەکات.
خاڵی چوارەم- کشانەوەی هێزەکانی سوپای دەوڵەتی خەلافەتی عوسمانی لە ئێران و ئەو ناوچانەی کە لە پشت شاخەکانی قەوقاز کۆنترۆڵی کردوون.
خاڵی پێنجەم- داگیرکردنی باکۆ و باتۆمی لەلایەن هاوپەیمانانەوە و لەگەڵ پارێزیگاریکردن بە ڕەوایەتیدان بە داگیرکردنی هەر شوێنێک کە ستراتیژییە لەناو دەوڵەتی خەلافەتی عوسمانی، ئەگەر بزانن کار لە ئاسایش و هێمنییان دەکات لەلایەن هاوپەیمانانەوە.
خاڵی شەشەم- گەڕانەوەی دیلەکانی جەنگ لە هاووڵاتییانی بەست بوو بە دەوڵەتانی هاوپەیمانان بەبێ هیچ شەرت و مەرجێک و گەڕانەوەی دیلەکانی دەوڵەتی خەلافەتی عوسمانی لەژێر سەرپەرشتیی هاوپەیماناندا.
پاش ئەوەی ئاگربەستی موردۆس بەسترا لە نێوان دەوڵەتی خەلافەتی عوسمانی و ئیمپراتۆریای بەریتانیا لەناو دەوڵەتی خەلافەتی عوسمانی ناڕەزایی لێ کەوتووە، ئەوە بوو لە ڕێکەوتی (19- 5/ئازار- 1919) بزووتنەوەی کەمالی بە سەرکردایەتیی مستەفا کەمال (ئەتا تورک) (1938- 1923ز) سەرۆک کۆماری تورکیا سەری هەڵدا و کۆنگرەی ئەرزەڕووم و سیواسیان لە باکووری کوردستان ئەنجام دا، بەپێی هەردوو کۆنگرەکە گرنگترین داواکارییەکانی بزووتنەوەی کەمالی خرایە ڕوو کە برتیی بوون لە پاراستنی یەکێتی و سەربەخۆیی تەواوی خاکی تورکیا و ئەو سنووری کە لە کاتی بەستنی ئاگربەستی موردۆس لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی خەلافەتی عوسمانی مابووەوە وەکوو وڵاتی تورکیا و بەشێکی وڵاتی بولگاریا و گریکستان (یۆنان) و تەواوی کوپروس (قوبرس) و هەرێمی باشووری کوردستان بێجگە لە ناوچە کوردنشینەکانی ویلایەتی بەغدادی پێشوو و خۆرئاوای کوردستان و بەشێکی وڵاتی سووریا کە دواتر بە میساقی میللیی تورک ناسرا.
تەواوی دەقی بەندەکانی ئاگربەستی موردۆس
بەندی یەکەم- کردنەوەی دەردەنیل و بۆسفۆر و پاراستنی ڕێگەکان بۆ سەر دەریای ڕەش. هاوپەیمانان دەست ئەگرن بەسەر دەردەنیل و قەڵاکانی بۆسفۆردا.
بەندی دووەم- دەستنیشانکردنی شوێنی هەموو کێڵگە و مینەکان و تۆرپیدۆکان (جۆرە بۆمبێکە بەتایبەت بۆ تەقاندنەوەی کەشتی بەکار ئەهێنرێت) و هەموو ئەو شوێنانەی داخراون لە ئاوەکانی تورکیا دا و پێشکەش کردنی یارمەتی بۆ لابردن و سڕینەوەیان کە لەوانەیە داوا بکرێت.
بەندی سێیەم- ئاڵوگۆڕکردنی هەموو زانیارییەک لەسەر مین (لوغم) لە دەریای ڕەش.
بەندی چوارەم- ڕادەستکردنی هەموو بەندکراوان، واتا دیلەکانی شەڕکەری هاوپەیمانان و تیمە پزیشکییە ئەرمەنییەکان و هەموو ئەو بەندکراوانە، واتا ئەو دیلانەی لە کۆستەنیتنە کۆ کراوەنەتەوە بە هاوپەیمانان بەبێ مەرج.
بەندی پێنجەم- دەستبەجێ دەست بکرێت بە داماڵینی سوپای تورک، بێجگە لەو سەربازانەی بۆ پاراستنی سنوورەکان و فەرمانی ناوخۆیی پێویستن. ژمارە و ڕێکخستنیان لەلایەن هاوپەیمانانەوە دوای ڕاوێژکردن لەگەڵ حکوومەتی تورکیا.
بەندی شەشەم- ڕادەستکردنی سەرجەم ئەو کەشتییە جەنگییانەی لە ئاوەکانی تورکیادان، یاخود ئەو کەشتییانەی تورکیا داگیری کردن. ئەو کەشتیانە ئەگیرین و جگە لەو کەشتییە بچووکانەی بۆ پۆلیسی تورکیا پێویستن، یان بۆ کاری لەو شێوەیە لە ئاوەکانی تورکیادا.
بەندی حەوتەم- هاوپەیمانان مافی دەست بە سەر دا گرتنی هەر ناوچەێکی ستراتیژییان هەیە، لە هەر دۆخێکدا ئەگەر کێشەێک سەر هەڵ بدات و هەڕەشە بێت بۆ سەر ئاسایشی هاوپەیمانان.
بەندی هەشتەم- کەشتیی هاوپەیمانان ئەتوانن بە سەربەستی هەموو ئەو بەندەر و لەنگەرانە بەکار بهێنن لە ئاوەکانی تورکیا و ڕێگریکردن بۆ کاری دوژمنکارانە. هەمان مەرجیش پێشکەش ئەکرێت بۆ کەشتییە بازرگانییە تورکییەکان لە ئاوەکانی تورکیا بۆ مەبەستی بازرگانی و داماڵینی سوپا لە چەک.
بەندی نۆیەم- بەکارهێنانی هەموو دامەزراوەکانی چاککردنەوەی کەشتی لە هەموو بەندەر و جبەخانەکانی تورکیا.
بەندی دەیەم- داگیرکردنی سیستەمی تۆنێلی تۆروس لەلایەن هاوپەیمانانەوە.
بەندی یانزدەم- دەستبەجێ کشانەوەی هێزەکانی سوپای تورکیا لە باکووری ڕۆژئاوای فارس بۆ ئەو سنوورانەی پێش جەنگ کە فەرمانیان پێ کراوە و جێبەجێ ئەکرێت. بەشێک لە ترانس قەوقاز فەرمانیان پێ کراوە بکێشێنەوە لەلایەن سەربازانی سوپای تورکیا و پاشماوەکانیان ئەبێت ناوچەکە چۆڵ بکەن، ئەگەر هاوپەیمانان داوایان کرد دوای لێکۆڵینەوەی دۆخی ئەو ناوچەیە.
بەندی دوانزدەم- کۆنترۆڵکردنی هەموو وێستگەکانی تەڵەگرافی بێتەل و کێبڵ (وایەر) لەلایەن هاوپەیمانانەوە، بێجگە لە پەیامەکانی حکوومەتی تورکیا.
بەندی سیانزدەم- ڕێگریکردن لە لەناوبردنی هەر کەشتییەکی سەربازی، یان هەر ماددەیەکی دەریایی، یان بازرگانی.
بەندی چواردەم- ئاسانکاری بۆ کڕینی خەڵووز، سووتەمەنی، نەوت و کەرەستەی دەریایی لە سەرچاوەی تورکی، دوای ئەوەی پێداویستییەکان وڵاتەکە جێبەجێ ئەکرێن. نابێت هیچ لەو ماددانەی سەرەوە هەناردە بکرێت.
بەندی پانزدەم- ئەفسەرانی کۆنترۆڵی هاوپەیمانان لەسەر هەموو هێڵە ئاسنینەکان دابنرێت، لەوانەش ئەو هێڵە ئاسنینانەی لە ترانس قەوقاز کە ئێستا لەژێر کۆنترۆڵی تورکیادان کە ئەبێت بخرێتە بەر دەستی ئازاد و تەواوەتی دەسەڵاتی هاوپەیمانان، بەپێی پێویست ڕەچاوی پێدوایستییەکانی هاووڵاتییان، واتا دانیشتووان بکرێت. ئەم بڕگەیە بۆ ئەوەی داگیرکاری هاوپەیمانان باتۆمییش بگرێتەوە. تورکیا هیچ ناڕەزایەتێک لە بەرامبەر داگیرکردنی باکۆ لەلایەن هاوپەیمانانەوە ناهێنێتە ئاراوە.
بەندی شانزدەم- ڕادەستکردنی هەموو سەربازەکانی لە حیجاز و عەسیر و یەمەن و سووریا و میسۆپۆتامیا بۆ نزیکترین خاڵی فەرماندیی هاوپەیمانان و کشانەوەی سەربازەکان لە کیلیکیا جگە لەوانەی پێویستن بۆ پاراستنی ڕێکخستن کە ئەو بڕیارە لە بڕگەی پێنجی ئاگربەستەکەدا دیاری ئەکرێت.
بەندی حەڤدەم- ڕادەستکردنی هەموو هەموو ئەفسەرە تورکانە لە لە تریپۆلیتانیا (تەرابلوس) و سێرینایکا (بەرقە) بە نزیکترین خاڵی فەرماندەیی ئیتاڵی. تورکیا گەرەنتی ئەوە ئەدات کە پێدوایستی و پەێوەندی لەگەڵ ئەو ئەفسەرانە ڕابگرێت، ئەگەر پابەندی فەرمانی ڕادەستبوون نەبن.
بەندی هەشتدەم- ڕادەستکردنی هەموو ئەو بەندەرانەی لە تریپۆلیتانیا (تەرابلوس) و سێرینایکا (بەرقە) داگیر کراو، لە ناویشیاندا میسوراتا (میسراتە)شە بۆ نزیکترین هێزی سەربازیی هاوپەیمانان.
بەندی نۆیەم- لە ماوەی مانگێکدا سەرجەم هێزی دەریایی و سەربازی و هاووڵاتیانی سیڤێڵی ئەڵمانییەکان و نەمساوییەکان، ئەو ناوچانە بەجێ بهێڵن کە لەژێر دەسەڵاتی تورکیادایە: ئەوانەی لە شارۆچکە (قەزا) دوورەکاندان، کە پێویستە بە زووترین کاتی گونجاو چۆڵی بکەن.
بەندی بیستەم- پابەند بۆ هەر فەرمانێک کە ئەتوانرێت بگەیەنرێن بۆ فڕێدانی ئامێر و چەک و تەمەمەنی، لەوانەش گواستنەوەی بەشێک لە سوپای تورکیا کە بەپێی بەندی پێنجەم داماڵدراوە.
بەندی بیست و یەکەم- هاوپەیمانان نوێنەرێک دائەنێن لە وەزارەتی پێداویستییەکانی تورکیا، بە مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هاوپەیمانان. ئەم نوێنەرە هەموو زانیارییەکی پێویستی بۆ ئەو مەبەستە پێ ئەدرێت.
بەندی بیست و دووەم- بەندکراوەکانی تورکیا لە بەردەستی زڵهێزەکانی هاوپەیماناندا ئەمێننەوە. ئازادکرانی بەندکراوە سڤیلییەکانی تورکیا لە سەرووی تەمەنی سەربازییەوە لەبەرچاو بگیرێت.
بەندی بیست و سێیەم- پابەندبوون لەلایەن تورکیاوە بە ڕاگرتنی هەموو پەیوەندییەکانی لەگەڵ زڵهێزەکانی دەوڵەتانی بەرەی تەوەرەی ناوەندی.
بەندی بیست و چوارەم- لە ئەگەری ڕوودانی حاڵەتێکی نائارام و نادروستدا لە هەر شەش ویلایەتەکەی ئەرمینیادا، هێزی هاوپەیمانان ماف ئەدات بە خۆی بۆ داگیرکردنی هەر بەشێک بۆ خۆیان.
بەندی بیست و پێنجەم- دوژمنایەتی لە نێوان تورکیا و هاوپەیماناندا لە نێوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە لە ڕێکەوتی (31- 10/ئۆکتۆبەر- 1919) بە کاتی ناوخۆیی ڕائەگیرێت.
پاش ئاگربەستی موردۆس چی ڕووی دا
لە پاش ئەوەی ئاگربەستی موردۆس بەسترا و واژوو کرا، لە نێوان هەردوو دەوڵەتی خەلافەتی عوسمانی و ئیمپراتۆریای بەریتانیا (شانشینی یەکگرتوو) لەجیاتی دەوڵەتانی هاوپەیمانانی سەرکەوتووی جەنگی یەکەمی جیهانی، ئەوە بوو لە ناوخۆی دەوڵەتی خەلافەتی عوسمانیدا ناڕەزایی و ڕەخنەیان لە ئاگربەستەکە لێ کەوتەوە و پێیان وا بوو فێڵیان لێ کراوە لەلایەن ئیمپراتۆریای بەریتانیاوە، کە ئەوە بوو لە ڕێکەوتی (19- 5/ئازار- 1919)دا بزووتنەوەی کەمالییەکان بە سەرکردایەتیی مستەفا کەمال (ئەتا تورک) (1938- 1923ز) یەکەم سەرۆک و دامەزرێنەری کۆماری تورکیا سەری هەڵدا و جیابوونەوەی خۆیان لە دەوڵەتی خەلافەتی عوسمانی ڕاگەیاند و دواتر هەردوو کۆنگرەی ئەرزەڕۆم و سێواسیان لەسەر خاکی باکووری کوردستان ئەنجام دا و بەپێی هەردوو کۆنگرەکە گرنگترین داواکارییەکانی بزووتنەوەی کەمالییەکان خرایە ڕوو کە برتیی بوو لە پاراستنی یەکێتی و سەربەخۆیی تەواوی خاکی وڵاتی تورکیا و ئەو سنووری کە لە کاتی بەستنی ئاگربەستی موردۆس لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی خەلافەتی عوسمانیدا مابوو، وەکوو وڵاتی تورکیا و بەشێکی وڵاتی بولگاریا و گریکستان (یۆنان) و تەواوی کوپروس (قوبرس) و هەرێمی باشووری کوردستان بێجگە لە ناوچە کوردنشینەکانی ویلایەتی بەغدادی پێشوو و ڕۆژئاوای کوردستان و بەشێکی وڵاتی سووریا ئەگرتەوە، کە دواتر بە میساقی میللیی تورک ناسرا، هەروەها ئەوە بوو هێزەکانی سوپای ئیمپراتۆریای بەریتانیا بە سەرکردایەتی ژەنەڕاڵ ویللیام مارشاڵ بەرەو خاکی ویلایەتی مووسڵ- هەرێمی باشووری کوردستان و ناوچە داگیرکراوەکان، واتا زۆرینەی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی باشووری کوردستان پێشڕەوییان کرد و لە ڕێکەوتی (18- 11/تشرینی دووەم- 1918)دا چوونە ناو شاری مووسڵی پایتەختی ویلایەتی مووسڵ- زۆرینە هەرێمی باشووری کوردستانی ئێستا و زۆرینە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی باشووری کوردستان و دواتر تەواوی ویلایەتەکە کەوتە دەست هێزەکانی سوپای ئیمپراتۆریای بەریتانیا، ئەو کارەش ناڕەزایی دەوڵەتی خەلافەتی عوسمانیی لێ کەوتووە، کە پێیان وا بوو لەگەڵ دەقی ئاگربەستی موردۆسدا ناگونجێت، هەروەها بەپێی ڕێکەوتننامەی سایکس- پێکۆ- سازانۆڤی ساڵی (1916ز)ی نێوان هەردوو وڵاتی هاوپەیمانانی سەرکەوتووی جەنگی یەکەمی جیهانی، کە ئەوانیش بریتی بوون لە دوو وڵاتی ئیمپراتۆریای بەریتانیا و کۆماری سێیەمی فەرەنسا، بەشی باکووری ویلایەتەکە بۆ کۆماری سێیەمی فەرەنسا دانرابوو، بەوەش کێشەی ویلایەتی مووسڵ سەری هەڵدا لە نێوان دەوڵەتی خەلافەتی عوسمانی و ئیمپراتۆریای بەریتانیا، تا سەرەنجام بەپێی بڕیارێکی کۆمەڵەی نەتەوەکان (عصبە آلامم) ویلایەتی مووسڵ- هەرێمی باشووری کوردستان و زۆرینەی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان خرایە سەر دەوڵەتی عێراق واتا شانشینی عێراق (کە لە هەردوو ویلایەتی بەغدادی زۆرینە کورد و ویلایەتی بەسڕای زۆرینە عەرەب) پێک هێنرا بوو، کە لەلایەن ئیمپراتۆریای بەریتانیاوە دروست کرا، واتا ئەتوانین بڵێن عێراقی ئێستا کوڕی ئیمپراتۆریای بەریتانیایە.
سەرچاوەکان:
1- نۆیل باربهر: فهرمانڕهواییانی قۆچ زێرین (له سوڵتان سلێمانی قانوونییهوه تا ئهتاتورک)-وه: رێبوار کهریم وهلی-ههولێر2001ز.
2- یاسین صابرصاڵح: ئینسایکلۆپیدیای گشتی -سلێمانی2005ز.
3- عهلی کهندی: فهرههنگی ڕووداوهکانی کوردستان و وڵاتانی جیهان-ههولێر2005ز.
- 4فهرید ئهسهسهرد: ئهتڵهسی سیاسی ههرێمی کوردستان1914-2005ز-ئا: سهردار مهحمهد عهبدولرهحمان و هۆشیار مهحمهدئهمین خۆشناو-هەولێر2010ز.
5- د . فهرهاد پیرباڵ: کرۆنۆلۆجیای کوردستان625پ.ز- 1932ز- ههولێر2011ز.
6- ن . لازایف: مێژووی کوردستان-وه: وشیار عهبدوڵڵا سهنگاوی-ههولێر2012ز.
-7 فهرید ئهسهسهرد: ئهتڵهسی سیاسی ههرێمی کوردستان1914-2005ز-ئا: سهردار مهحمهد عهبدولرهحمان و هۆشیار مهحمهدئهمین خۆشناو.
- 8ڕاپۆرتی کۆمەڵەی نەتەوەکان: ویلایەتی موسڵ-وە: محمەد ئەمین حسەین عەلی (مینە)-سلێمانی2012ز.
9- بێرنارد لویس: ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست-وه: عهبدوڵڵا ڕهسولی-ههولێر2014ز.
-10 پ . د . خەلیل عەلی موراد: پاسەروانانی کەمالیزم- وە: بەرزانی مەلا تەها و د.سەلام عەبدولکەریم-سلێمانی2015ز.
-11 پ . ی . د. یاسین سەردەشتی، بەرزانی مەلا تەها و د.سەلام عەبدولکەریم و ماجید جەلیل: مێژووی چەپ لە تورکیا-تاران2016ز.
-12 دیار غەریب: خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ مێژووی کوردستان-سلێمانی2016ز.
13- دەیڤد ماکدواڵ: مێژووی هاوچەرخی کورد-وە: د. ئەبو بەکر خۆشناو-هەولێر2019ز.
14- د. هیوا حەمید شەریف: کوردە عەلەوییەکانی باکووری کوردستان1938- 1908-هەولێر2020ز.