بە ئامادەبوونی هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ڕێباز حەملان، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان فیلمی سینەمایی (بێنیشتمان) لە دەرهێنانی توورەج ئەسڵانی لە هەولێر نمایش کرا.
فیلمی سینەمایی "بێنیشتمان" (Landless) لە نووسین، دەرهێنان و بەرهەمهێنانی سینەماکاری کورد، توورەج ئەسڵانی و بەرهەمی کۆمپانیای سینەمایی "ماد مووڤی" (MAAD Movie) و "ڕەز هەڵکەوت ڕەشید" لە هەرێمی کوردستانە.
بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنی گشتیی فیلمی سینەمایی (بێنیشتمان) ڕایگەیاند: ئەم فیلمە بە ئامادەبوونی هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ڕێباز حەملان، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە ستافی سەرەکیی فیلمەکە، لەوانە توورەج ئەسڵانی، ڕەز هەڵکەوت ڕەشید و شوان عەتووف، هەروەها شاخەوان ئیدریس، بەڕێوەبەری گشتیی سینەمای هەولێر و حەسەن عەلی، سیناریۆنووس و دەرهێنەری سینەما و ئەرسەلان دەروێش، شانۆنامەنووس و دەرهێنەری شانۆ و تەلەڤزیۆن و هەڵکەوت زاهیر، ئاوازدانەر و دابەشکاری مۆسیقا، دکتۆر شوکریە ڕەسووڵ، مامۆستای زانکۆی سەڵاحەددین و دهشنێ موراد، گۆرانیبێژ و چالاکوانی کۆمهڵایهتی و ژینگهپارێز و بیلال شاکر، دەرهێنەری سینەما و تەلەڤزیۆن و تۆفان ئهبووبهکر، دهرهێنهری سینهما لە سینەما ئێمپایری فامیلی مۆڵ لە شاری هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستان نمایش کرا.
نمایشی گشتیی فیلمی سینەمایی (بێنیشتمان) بە بۆنەی جەژنی پیرۆزی قوربانەوە لە سینەمای شارەکانی هەرێمی کوردستان لە سیتی سینەمای شاری سلێمانی دەستی پێ کرد و دوای نمایشی فیلمەکە لە سینەما ئێمپایری فامیلی مۆڵی هەولێر، لە سینەما "شین" لە شاری سۆران و لە سینەما "دهۆک مۆڵ" لە شاری دهۆک و لە هۆڵی "هونەر" لە شاری کەلار و لە سینەما "تایم سەنتەر" لە شاری کەرکووک چووە سەر پەردەی سینەماکان و لە داهاتوویەکی نزیکیشدا لە گرینگترین شارە عەرەبییەکانی عێراق نمایش دەکرێت.
لە فیلمی (بێنیشتمان)، سێیەمین بەرهەمی سینەمایی "توورەج ئەسڵانی"دا، کۆمەڵێک لە ئەکتەرە ناودارەکانی وڵاتانی تورکیا، سووریا، عێراق و هەرێمی کوردستان، بە چوار زمانی کوردی، تورکی، عەرەبی و فارسی لەگەڵ هانی موجتەهید" ڕۆڵیان بینیوە، لەوانە: شوان عەتووف، جاهیت شاهین یاڵچین، بوڵەنت کاسێر، ڕێکێش شەهباز، بەنگین عەلی، بەڕۆژ ئاکرەیی، نارین محەمەدی، فرمێسک ڕەحیمزادە، ڕەوانشاد هاکار عەبدولقادر محەمەد، تەها عەبدولکەرەم ئەبووبەکر، ڕواڵ ناڤگوندی، ئاسۆ ڕەفیق، هەورامان و چەندین ئەکتەری دیکە.
ئەم بەرهەمە سینەماییە تا ئێستا لە بەشی "ئاسۆی سینەمای جیهان" لە سی و سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سینەکۆئێست Cinequest لە وڵاتی ئەمەریکا کە یەکێکە لە گرینگترین فێستیڤاڵە سەربەخۆکانی فیلم لە جیهاندا، هەروەها فێستیڤاڵی باوەڕپێکراوی ئاکادیمیای ئۆسکار، لە بەشی پێشبڕکێی "سینەمای کوردی" لە هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک Duhok لە هەرێمی کوردستان و لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڕێگای هاورێشم Silk Road لە شاری فوژە لە وڵاتی چین نمایش کراوە و لەلایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم ڕووداوە سینەماییەوە خەڵاتی دەرهێنەری نوێخواز و پەیکەری زێڕینی "ڕێگای هاورێشم" بە توورەج ئەسڵانی، دەرهێنەری ئەم بەرهەمە کوردییە بەخشرا.