نووسەر و ڕۆژنامەنووس، زانیار سەردار قڕگەیی، سەبارەت بە دواپڕۆژەی خۆی بە (باسنیوز)ى ڕاگەیاند: لە سەرەتای هەفتەوە سەرقاڵی پەخش و بڵاوكردنەوەی كتێبی پرۆفیسۆر مستەفا زەڵمی (شەبەنگی یادگارییە زێڕینەكان- چرای زانست و گوڵدانی كەلام)ین لە ناوەندە زانستی و مەعریفییەكاندا، لە زانكۆكانی كوردستان بەتایبەت سلێمانی و هەڵەبجە و ههولێر و لهنێو كهسایهتییه ئایینییهكان و لقهكانی یهكێتیی زانایانی ئایینی و نووسهران و ڕۆشنبیران كه به دیاری پیشكهشمان كردوون، بهشێكی دیكهى به دیاری بهخشیمانه قوتابیانی زانكۆ و پهیمانگاكان. بهشێكی كهمیشی لهناو بازاڕ و كتێبخانهكاندا دابهش كراون.
ئهم كتیبه لەلایەن ڕووناكبیری ناسراو و بەئەزموون، مامۆستا عەبدولڕەحمان سدیق، پێشەكی بۆ نووسراوە و هەریەك لە د. عەبدوڵڵا سەعید وەیسی وەك كەسایەتیی ئایینی ناسراو و دادوەر ڕزگار محەممەد ئەمین وەك دادوەرێكی ناسراو و بەئەزموون هەڵسەنگاندنی بۆكراوە و لەدوای پێشەكیی كتێبەكە، نووسینەكەیان بڵاو كراوەتەوە.
نووسهر ئاماژەی بەوە كرد، كە بەپێویستم زانی ئەم بەرهەمە پێشكەش بە مێژوونووسی گەورەی كورد، د. كەمال مەزهەر بكەم. هەروەها سەبارەت بە ناوەرۆكی بەرهەمەكە گوتی: بەشی زۆری كتێبەكە پێك هاتووە لەو گفتوگۆ و دیدارانەی كە لە ڕابردوودا و لەو ساتەوەختەی د. زەڵمی لە ژیاندا بووە، لە شاری هەولێر لەگەڵیدا سازم داوە و بەشێكیانم لە ڕۆژنامەی (خەبات) بڵاو كردووەتەوە و دواتریش چەند بەشێكی دیكەم لە هەفتەنامەی (باس) بڵاو كردەوە، لەگەڵ سێ دیداری گرنگی دیكەی د. زەڵمی كە لە شوێنی دیكە بڵاو كراونەتەوە، بەپێویستم زانی كه وەری بگرم و ئاوێتەی ئەم كۆ بەرهەمەی بكەم، ئێستاش لە دووتوێی ئەم كتێبەدا دەیخەینە ڕوو.
گوتیشی: كۆی گشتیی ئەم بەرهەمە پەیوەستە بە ئایینی ئیسلام و شەرع و یاسا و هەندێ لە بیرەوەری و یادگارییە زێڕینەكانی ڕابردووی د. زەڵمی و چۆنیەتیی بەشداریكردنی زەڵمی وەك ئەفسەر لە شۆڕشی چواردەی تەمووز، هەروەها چەند لایەنێكی كۆمەڵایەتی و سیاسییش لەخۆ دەگرێت. لەگەڵ دیدارێكی تایبەت بە سەركردەی كورد جەنابی مستەفا بارزانیی نەمر، هەروەها بەشێك لە نامە و دیكیۆمێنت و وێنەی د. زەڵمی و كەسایەتییەكان لە ڕابردوودا و هەندێ وێنەی دیكە، كە خۆم بەشێكیانم چركاندوون، چەند بابەتێكی دیكەش پەیوەست بە ڕێزلێنان و خەڵات و بەسەركردنەوەكانی د. زەڵمی و چەند بابەتێكیش سەبارەت بە كۆچی دواییەكەی و وتار و ڕێوڕەسمی چلەكەی لێرەدا تۆمار كراون. لەنێو نامەكانیشدا، نامەی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی و جەنابی مام جەلال، بەپێچەوانەشەوە نامەی د. زەڵمی بۆ سەرۆك مەسعود بارزانی و كاك نێچیرڤان بارزانی و چەند كەسایەتییەكی دیكە دەبینرێن''.
نووسەری كتێبەكە زیاتر گوتی: لە بەشێكی ئەو دیدارانەدا، د. مستەفا زەڵمی بە بایەخ و گرنگیی زۆرەوە باس لەو گوتانەی بارزانی دەكات، كە لەو سەردانانەی بۆ لای لێی بیستووە و دەڵێت: كاتێك جەنابی بارزانیم بینی، هەستم كرد پیاوێكی زۆر هەڵكەوتووە، گوتەكانی بارزانی هەمووی حیكمەت بوون و لە عەقڵێكی قووڵەوە هەڵدەقوڵان. هەروەها دەشڵێت: مەلا مستەفا كەسایەتییەكی پلەبەرز بوو، سەخی بوو، لەو كاتەی ڕابەرایەتیی كوردی كردووە و كۆشش و خەباتی كردووە، نەبیستراوە و نەزانراوە كە ئەو پیاوە یەك دینار لەسەر حیسابی میلـلەت و شۆڕش بۆ خۆی بەكار بهێنێت، لە ئاست ماددەدا تەبیعەتی بەرزبوو''.
جێی ئاماژەیە ئەم كتێبە لە 424 لاپەڕەی ڕەنگاوڕەنگ پێك هاتووە و بە تیراژی 2000 دانە چاپ كراوە، لە سەرەتای هەفتەوە كەوتە بەردیدەی خوێنەران.
لە كۆتاییدا زانیار قڕگەیی دەڵێت: لێرەدا بەپێویستی دەزانم سوپاسی مامۆستا عەبدولڕەحمان سدیق بكەم كە ئەركی لەچاپدانی ئەم بەرهەمەی گرتە ئەستۆی خۆی.
شایانی باسە ئەم بەرهەمە 21مین كتێبی چاپكراوی زانیار سەردار قڕگەییه.