بە پێی سەرچاوە مێژووییەكان لە ساڵانی ١٨٣٦ – ١٨٣٧ی زایینی، لە سەردەمی میرنیشینی سۆران، بەتایبەتی سەردەمی حوكمڕانی (میر محەمەد) ، دانیشتووانی ڕواندز بە هەموو پێكهاتە و ئایین و مەزهەبەكانی، ژمارەیان (٥٨٦) ماڵ بووە، ژمارەی ماڵە جووەكانیش لەوكاتدا ٣٨ ماڵ بووە. لە ساڵی ١٩٢١ ژمارەی ئەو خێزانە جووانە بە هۆی كوچكردنیان كەم بووەتەوە و بووەتە ٢١ خێزان. دەرئەنجام حكوومەتی عێراق لە ساڵی ١٩٥٠ – ١٩٥١ی زایینی بە زۆرەملێ لەسەر ماڵ و موڵكی خۆیان شاربەدەری كردن و نێردران بۆ وڵاتی ئیسڕائیل.
دەوترێت كوردە جووەكانی ڕواندز، هەرچەندە خانوویان ناڕێك و نەوی و دیوارەكانیان لە ناوەوە بە داری قیسپ و تانۆك لە قوڕ دروست دەكرد، تەنها ڕووی دەرەوەیان بە بەرد و خشت دروست دەكرد، كەچی زۆریش ڕازی بووینە بەو ژیانەیان، هیچ كەسیشیان لە ماڵە جووەكان نەیانویستووە لە خەڵكی شاری ڕواندز جیاببنەوە و وەك بەشێكی دانەبڕاو لە كۆمەڵگەی كوردەواری لە كوردستاندا ژیاون.
زەماوەند و بووك گواستنەوەی كوردە جووەكانی ڕواندز
وەك باسی لێوەدەكرێت لە هەندێك دابونەریت پێچەوانەی زەماوەندی كوردە موسڵمانەكان بووە، شایی و هەڵپەڕكێكانیان وەك موسڵمانان نەبووە، بە دەستووری خۆیان شایی و هەڵپەڕكێیان كردووە، هەروەها شاییەكەیان بە شێوەی بازنەیی بووە، كچ و كور پێكەوە دەستی یەكتریان دەگرت، لەگەڵ شاییەكەش دەهۆڵ و زوڕنا و دووزەلەو دەف و دمبك لێدەدرا، هەروەها گەنجەكانیان گۆرانییان دەوت، چەند كچێكیشان سەمایان لە ناوەندی شایی و هەڵپەڕكێكان دەكرد، بەڵام وەك موسڵمانان بەڕۆژ بووكیان نەدەگواستەوە، بەڵكو بە شەو بووكیان دەگواستەوە.
جووەكان سفەتێكی تریان هەبووە، ئەگەر یەكێك لە ماڵە جووەكان كچێكی خۆیان بەشوو بدابایە هەركەسێك لە گەنجەكانی خۆیان، ئەوا دەبوایە ماڵی كچەكە هەموو، ئەرك و جل و پۆشاكێكیان بۆ كچەكەیان بكردبایە، لەگەڵ ماڵ دانان و هەموو كەرستە و شتومەك كڕین بۆ كچەكەیان لە ئەستۆی خۆیان دەگرت، كە پێیان دەوت (بارگەی بووك)، ئەم بارگەیە لە هەموو كەلەوپەلەكانی ناوماڵ پێكهاتبوو، ئەوجا لە دەرزی و داو تا دەگاتە كەرستەكانی وەك قاپوقاچاخ و سندووق و نوێن و ڕایەخ، بەڵام ماڵی زاوا تەنها یەك دەستە جلوبەرگ و زێڕ و زیو، ئەڵقەی دەستی خۆی و بووكی لە ئەستۆ دەبوو، هەروەها ماڵە جووەكانی شاری ڕواندز، ژن و ژنخوازیشیان هەر لەنێوان خۆیاندا دەكرد، بەتایبەتی لەنێو خزمانی خۆیان.
شێوازی پرسە و ناشتنی تەرمەكانیان
جووەكانی ڕواندز هەر كەسێكیان كە لێ دەمرد، ئەگەر لە كاتی شەو بوایە، ئەوا خزم و كەس و ماڵی مردووەكە هەموویان بە ژن و پیاو و منداڵەوە، تا بەیانی لە بەرامبەر لاشەی مردووەكە هەڵدەپەڕین، لە خۆیان دەدا و شینیان دەگێڕا، هەروەها هیچ كەس لە خزم و دۆست و كەسوكاری مردووەكە نەدەنووستن، هەموو سەر و پرچ و سیمای خۆیان لە خم و قوڕ دەنا، بەتایبەتی ژنەكانیان، ئەگەر بە ڕۆژیش كەسێكیان بمردبایە، بۆ ماوەی شەش كاتژمێر مردووەكەیان دەهێشتەوە، دەستوورەكەشیان وەك كوردە موسڵمانەكان نەبوو، كە مردووەكە بە خێراتی بە خاك بسپێرن، دیاریش بووە، وایان پێ باش بووە، دوای شەش كاتژمێر كە تەواو دەبوو، ئەوجا مردووەكەیان لە پەڕۆیەك لوول دەدا، جوان جوان دەیانپێچاو بەرەو گۆڕستانەكەی خۆیان بەڕێ دەكەوتن، هەر لەوێش بەخاكیان دەسپارد و دەیانناشت. قەبری مردووەكانیشیان لە قەبری موسڵمانان قووڵتر و بەرینتریش بووە، هەروەها قەبرستانی جووەكان جیا بووە لەگەڵ گوڕستانی موسڵمانەكان، دیارە زۆریش لێك دووربووینە. موسڵمانان سێ قەبرستانیان هەبووە، گوڕستانی جووەكان لەسەر گردێك بووە لە تەنیشت قونگرێ شەمامێ لەسەر شاخی خەرەندی ڕواندز، ئێستاكەش شوێنەواری گوڕستانەكەیان هەر ماوە و بە قەبرستانی جووەكان ناوی دەهێنن، هەروەها بە هیچ شێوەیەك ماڵی مردووەكە خەرجی و خواردەمەنی لە ئەستۆ نەبووە، تا حەوت ڕۆژەكە تەواو دەبوو، هەموو كار و خەرجییەكانی تازییەكە لە ئەستۆی خزم و كەسوكاری مردووەكە دەبوو، ئەگەر ماڵی مردووەكەش هەژار و كەم دەرامەت بان و منداڵیان زۆر بچووك بوایە، تا منداڵەکانی مردووەكە گەورە دەبوون، یارمەتیان دەدان.
ڕێوڕەسمی جەژنی جووەكان
لە جەژن و بۆنەكانیان هەموو جووەكان منداڵ و كور و كچ و ژن و پیاوەكانیان بە دەستووری جلوبەرگی ڕەسەنی كوردەواری جوان خۆیان دەڕازاندەوە، ئافرەتەکانیان بە كراس و كەوێ و زێڕ و زیو، هەروا دەست و پێیان لە خەنە دەنا، جلی كەسك و سۆر و ڕەنگاوڕەنگ و قاپقاپی جوانیان لەپێ دەكرد، هەروەها خەناوكەی موورووی ڕەنگاوڕەنگ و زەنگیانە و بسكۆكە و كڵاوپۆشی زێڕ و زیوی بە گوفكۆكەی كەسك و سۆری بە زەنگوڵۆكەی ئەو زەمانیان لەبەرخۆیان دەكرد، خۆیان لە بەرامبەر گەنجەكانیان بە جوانی نیشان دەدا. لە ڕۆژی جەژنەكەیاندا هێلكەیان ڕەنگ دەكرد و پێش ماڵیان بە پەڕۆی جوان و ڕەنگاوڕەنگ دەڕازاندەوە، بۆنی خۆشیان لە خۆیان و ماڵەكانیان دەدا، برمە و كولیچە و پاقلاوەیان دروست دەكرد، لەگەڵ چەرەزات و چوكلێت و شەربەتیان دەكڕی و لەپێش میوانیان دادەنا.. كوردە موسڵمانەكانیش دەچوونە جەژنانەیان و پیرۆزباییان لێ دەكردن، گەلێ جاریش ژنە موسڵمانەكانیش لە دروستكردنی شیرنەمەنی یارمەتی ژنە جووەكانیان دەدا. لە ڕۆژانی جەژن نانی بێ خوێیان دروست دەكرد، چونكە لە ڕۆژانی جەژن دەبوایە نانەكەیان بێ خوێ بایە.
سەرچاوەكان:
رواندز مێژوو بیرەوەرییەكان
نووسینی: صاڵح محەمەد صاڵح
بەڕێوەبەرایەتی گشتی كتێبخانە گشتییەكان ژمارەی سپاردنی (438) ساڵی 2018
چاپ و دابەشكردنی كۆمەڵگای فەرهەنگی ئەحمەدی خانی
بابەتی (رواندز لەسەردەمی جولەكەكان) لە لاپەرە (59 تا لاپەڕە 78)