بۆ یەكەمین جار، نەخشەیەكی ساڵی 1892ی كوردستانی مەزن بڵاو دەبێتەوە

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

بۆ یەكەمین جار، نەخشەیەكی ساڵی 1892ی كوردستانی مەزن بڵاو دەبێتەوە

نەخشەیەكی كوردستانی مەزن، كە ساڵی 1892 واتە (130 ساڵ لەمەوبەر) لەلایەن نەخشەزان و دیبلۆماتكارێكی بەریتانی دروست كراوە و لە ساڵی 1894 لە گۆڤارێكدا بڵاوی كردووەتەوە، (باسنیوز) بۆ یەكەمین جار لە میدیای دامەزراوەیی كوردیدا بڵاوی دەكاتەوە.

جێی باسە ئەم نەخشەیە بە (کۆنترین نەخشەی چاپکراوی کوردستانی مەزن) ناودێر دەكرێت، نەخشەکە لەسەر بنچینەی گەشت و گەڕان و كاری سیخووڕیی یەکەم سەردانی کاپتن فرانسس ریچارد ماونسێڵ، دیپلۆماتکار و نەخشەزانی بەریتانی دروست کراوە، کە لە هاوینی 1892 وەک سیخووڕێکی وڵاتەکەی، سەردانی زۆربەی ناوچەكان کوردستانی مەزنی کردووە.

نەخشەکەی كوردستانی مەزن، كە ماونسێڵ لە 1892دا دروستی كردووە، تا رادەیەك فراوانترە لەو نەخشەیەی توێژەرانی كورد تا ئێستا پشتیان پێ بەستووە و لە كتێب و بەڵگەنامەكانی تردا بڵاو كراونەتەوە، لەم نەخشەیەشدا كوردستانی مەزن ناوچەیەکی شاخاویی سەختە و بەشەکانی ڕۆژهەڵاتی تورکیای ئێستا و ئەرمەنستانی ئێستا و بەشێكی زۆری عێراقی ئێستا، باکوری ڕۆژهەڵاتی سووریای ئێستا و باکوری ڕۆژئاوای ئێرانی ئێستا لەخۆ دەگرێت.

ئەو نەخشەیە بەشێکە لە نەخشە گەورەکەی کاپتن ماونسڵ، کە لە هەمان ئەو ساڵەی گەشتەکەی تێدا ئەنجام دابوو، دروستی کردبوو بۆ ئەوەی بۆ کار و پلانی حکوومیی بەریتانیا ئەوکاتە بەکار بهێنرێت. نەخشەکە لە ساڵی 1894 لە گۆڤاری (Geographical) بڵاو کراوەتەوە.

فرانسس ریچارد ماونسێڵ، لە شوباتی 1861 لە شاری لیمێرک-ی ئێرلەندا لەدایک بووە و لە کۆلێژی چێلتنهام خوێندوویەتی و لە ئەکادیمیای سەربازیی شاهانە بەشداریی کردووە.
دیپلۆماتکاری حکوومەتی ئەو کاتەی بەریتانیا بووە، هەروەها لە ریزەکانی سوپای ئەو وڵاتەشدا کاری کردووە.
ئەم دیپلۆماتكارە، خولیای شوێنەوارناسی و جوگرافیاناسییش بووە و لە دروستكردنی نەخشەشدا زۆر کارامە بووە.
لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەیەم و سەرەتاکانی سەدەی بیستەم، ئەفسەرێکی هەواڵگریی چالاک بووە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ساڵی 1936 کۆچی دوایی کردووە.
شایانی باسە، (باسنیوز) ئەم نەخشەیە و زانیارییەكانی، لە ماڵپەڕی (جیوگرافیكوس) وەرگرتووە.