بەڕوو هێمای بەرخۆدانە زاگرۆس ناوی زنجیرە کێوێکە لەنزیک دەریاچەی وان، لە باکووری کوردستانەوە بەرەو رۆژهەڵاتی کوردستان شۆڕ دەبێتەوە و بەشێکی دەکەوێتە باشووری کوردستان. ئەم زنجیرە چیایە زیاترین خاکی رۆژهەڵاتی کوردستانی لەخۆ گرتووە و تا نزیک ئاوی کەنداو درێژ دەبێتەوە. بەدرێژایی زنجیرە چیای زاگرۆس، گەورەترین و چڕترین دارستانی بەڕووی رۆژهەڵاتی ناوین و کوردستان، هەزاران ساڵە بەهەشتێکی بەناو کوردستان بە سروشتێکی ناوازە خولقاندووە، سروشتێک لە شاخ و دار و ئاو.
داربەڕوو، پاڵەوانی ئەم سروشتەیە، هەزاران ساڵە دەیبڕنەوە و ئاگری تێبەردەدەن، بەڵام هەر پیت و بەرەکەتی لێدەبارێ و بۆ بەفر و باران نەبێ سەری ناچەمێنێتەوە و بە سەربەرزی لەسەر شاخ و داخی ئەم وڵاتە، هەر وەرزەو بە رەنگێک جوانیی دەبەخشێتە سروشتی نیشتمان.
سنووری نێوان رۆژهەڵات و باکوور و باشووری کوردستان نیشتمانێکە لە داربەڕوو. لێرە داربەڕووەکان رەگیان تێکەڵی یەک بووە و یەکیان گرتووەتە باوەش و هەزاران ساڵە وەک عاشقە و ماشقە، هیچ پارچەیەک لە پارچەکی دیکەی تێر نابێ. لێرە تاڤگە و کانیاوەکان بە خوڕەی ئاوەکانیان مزگێنی هاتنی بەهار بە گوێی ئەو داربەڕوانەدا دەچرپێنن، کە رەگیان شاخەکانی کون کردووە. بەفری سەر شاخەکانیش خۆیان پێناگیرێ و بەرەو داربەڕووەکان شۆڕ دەبنەوە، تا پەلوپۆی سەوزی داربەڕووەکان نیشتمان داپۆشێ لە جریوەی چۆلەکە و قاسپەی کەوەکان.
بەڕوو هێمای بەرخۆدانە و تا دوو هەزار ساڵیش دەتوانێ بژی، بەڵام زۆرجار بەهۆی بڕینەوەی بۆ خەڵووز، نەخۆشی، ئاگرکەوتنەوە، وشکەساڵی و خۆڵبارین ژیانیان دەکەوێتە مەترسی. داربەڕووەکان لە تەمەنی 20 بۆ 50 ساڵی بەڕوو بەخۆیانەوە دەگرن، بەڵام لە هەر 10هەزار بەڕوو، دانەیەکی دەتوانێ گەشە بکات و ببێتە داربەڕوو.
لە چەند دەیەی رابردوودا، لە کوردستان بەڕوویان لەناو ئاشەکان ورد دەکرد و لە ئاردی بەڕوو نانیان دروست دەکرد، بەڵام لە وڵاتانی دیکە ئاردی بەڕوویان بۆ قاوە بەکار دەهێنا و تائێستاش قاوەی بەڕوو خواستی زۆری لەسەرە، چونکە پڕە لە نیشاستە، پرۆتین، کویرسیت و تانون، کە چارەسەرن بۆ چەندین نەخۆشیی وەک هەوکردنی گەدە، زامی ریخۆڵە و نەهێشتنی شەکرەی خوێن. قاوەی بەڕوو بۆ کوردستان نامۆیە، وەکچۆن (شەوکە)، بۆ جیهان و تەنانەت کوردستانیش نامۆیە. (شەوکە) هەنگوێنی داربەڕووە، کە دانیشتوانی بناری شاهۆ لە رۆژهەڵات و بەمۆ لە باشوور، سەدان ساڵە بە هاتنی پاییز، لە شەکرۆکەی سەر کڵاوەی بەڕوو دروستی دەکەن.
نانی بەڕوو بەر لە 70 ساڵ پێش ئێستا، قاتەساڵی سەرانسەری ئێرانی گرتەوە و زیاترین خەڵکی ئێران لە برسا مردن، بەڵام خەڵکی لوڕستان و رۆژهەڵاتی کوردستان، چونکە خاوەن دارستانی بەڕوو بوون، کەوتنە دروستکردنی نان لە ئاردی بەڕوو، کە تائێستاش دروستکردنی ئەو جۆرە نانە لە لوڕستان باوە، هەر ئەو نانەبەڕووە زیاترین خەڵکی لوڕستان و رۆژهەڵاتی لە مردن رزگار کرد، واتا ئەو دارەبەڕوانەی ئێستا هەندێ بەرژەوەندیخواز بۆ خەڵووز دەیسووتێنن، لە رۆژی تەنگانەدا ژیانمانی رزگار کردووە.
- باوکی بەڕووی ئێران لە لوڕستانە
ناسناوی (باوکی بەڕووی ئێران) ناوێکی ئاشنایە بۆ ژینگەپارێزانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران. 45 ساڵ بەر لە ئێستا، لە لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئاگرێکی گەورە دەکەوێتەوە و بەشێکی زۆر لە داربەڕووەکانی لوڕستان دەسووتێن، لەوە بەدواوە خەمی پاراستنی داربەڕوو و ژینگەی رۆژهەڵات دەبێتە خەمی سەرەکیی (موزەفەر ئەفشار)، کە لە ساڵانی رابردوودا بە فەرمی لەلایەن حکوومەتی ئێرانەوە ناسناوی (باوکی بەڕووی ئێران)ی پێ بەخشراوە و چەندینجار خەڵات کراوە.
موزەفەر ئەفشار، هەموو ساڵێک سێ هەزار نەمامی بەڕوو لەسەر شاخ و بناری کێوەکان دەچێنێت و 40 هەزار بەڕووش لەناو ئەو کەلوپەلانەی رۆژانە لەلایەن هاووڵاتییانەوە فڕێ دەدرێن، وەک بۆتڵی ئاو، پێڵاوی شڕ و تەنەکەی زەیت دەچێنێت، بۆ ئەوەی هەر کەسێک بیەوێ لەگەڵ خۆی بیبا و لە شوێنێکی دیکەدا بیچێنێت.
ئەم پیاوە ژینگەپارێزە، لە گەڕەکەکەی خۆیەوە دەستی پێکردووە و گەڕەکەکەی کردووە بە باخچەیەکی نموونەیی. موزەفەر، بەشێک لە ماڵەکەی کردووە بە باخچەیەک بۆ چاندن و توێژینەوەی زانستی لەسەر بەڕووی کوردستان. لەو باخچەیەدا، ئەوەی زیاتر سەرنجڕاکێشە، چاندنی بەڕووە لەناو ئەو پاشماوانەی گەشتیاران، كە لەدوای خۆیان فڕێی دەدەن، یان قەواخی فیشەکی ئەو راوچییانەی خەریکی تێکدانی ژینگەی کوردستانن.
ئەم ژینگەپارێزە، بۆ ئەوەی کولتووری چاندنی بەڕوو بکاتە بەشێک لە ژیانی خەڵک، نەمامی بەڕوو بەسەر تازەبووک و تازەزاواکاندا دابەش دەکات، بۆ ئەوەی بە سەوزکردنی ژینگەوە بچنە ناو قەفەزی زێڕینەوە.