پیاوێک بە خەنجەرەوە: شوێنەوارێکی سەردەمی مادەکانە، کە پیاوێکی کوردی ئەو سەردەمە پیشان دەدا. ئەم شوێنەوارە، کە هەندێ کەس مێژووی بۆ سەردەمی هەخامەنشینەکان دەگەڕێننەوە، لە زێڕ و زیو دروست کراوە و لە ناوچەی کواد، یان تەختی قوبادی وڵاتی تاجیکستان دۆزراوەتەوە. ئێستا لەناو مۆزەخانەی ڤیکتۆریا و ئاڵبێرت و مۆزەخانەی بەریتانیا نمایش دەکرێت و دەپارێزرێت.
پۆشاکی ئەم پیاوە لە پۆشاکی پیاوانی سەردەمی مادەکان دەچێت، چۆخەیەکی شۆڕ لەسەر پانتۆڵەکەیە، کە خەنجەرێکی درێژی پێدا شۆڕ کردووەتەوە. ئەم پیاوە، پەلکە بەرسەمێکی بەدەستی راستی هەڵگرتووە، کە جۆرە رووەکێکی پیرۆزی زەردەشتییەکانە لە کاتی رێوڕەسمەکان کەسانی ئایینی بەدەستییانەوە دەگرت، بۆیە شوێنەوارناسان پێیان وایە ئەم پیاوە کەسێکی میریی، یان ئایینییە، کە لە بۆنەیەکی زەردەشتیدا بەشداریی کردووە. ئەم شوێنەوارە، کە 15 سەنتیمەتر درێژە و قورساییەکەی 75.5 گرامە، یەکەمجار لە ساڵی 1900 لەناو مۆزەخانەی بەریتانیا لەناو هۆڵی تایبەت بە خشڵە زێڕینەکانی ئەو مۆزەخانەیە نمایش کرا.

