شێرداڵ یان گریفین، بوونەوەرێکی ئەفسانەییە، کە جەستەی شێرە و سەری داڵە و گوێچکەی ئەسپە. ئەم شێرداڵانە لەناو کولتوور و بیناسازیی کوردستانی کەونارا بەزۆری دەبینرێن.
شێرداڵ بەشێک بووە لە هونەر و هزری کورد لە سەردەمی مادەکان و گەلانی دیکەی جیهان، هاوکات خاوەن هێز و توانای سێ بوونەوەری وەکوو شێر و هەڵۆ و ئەسپە، بۆیە رێزی لێ گیراوە و بووە بە هێما و سمبول.
خەڵکی ئەو سەردەمە شێرداڵەکانیان بە پاسەوانی خەزێنەی خواوەندەکان دەزانی، بۆیە لە زیاترین شوێنەوارەکانی سەردەمی مادەکان و ئیلامییەکاندا دەبینرێ. لە ناوچەی شووشی نزیک لە ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان، شوێنەواری ئەم شێرداڵە هەڵکەنراوە، کە (ئۆنتاش گاڵ) وەکوو دیاریی بەخشیویەتییە (ئینشووشیناک)، یەزدانی ئیلام، یان عیلامییەکان. کوردی ئەو سەردەمە پێی وابووە؛ شێرداڵەکان لەبەرانبەر درۆ و سیحری ئەهریمەنەکان دەیانپارێزێ. شێرداڵەکان لە میسڕ و یۆنانیش رێزیان لێ گیراوە و ئەورووپییەکان پێیان وابووە؛ پەنجەی شێرداڵەکان دەتوانێ رووناکی بە چاوی نابیناکان ببەخشێ.