گۆڕدەخمەی روانسەر... شوێنەوارێکی مێژوویی لەبیرکراو

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

گۆڕدەخمەی روانسەر... شوێنەوارێکی مێژوویی لەبیرکراو

(بەردەگۆڕ) یان (گۆڕدەخمە) ژوورێکی هەڵکەنراوە لەسەر شاخ و تاشەبەردەکان بۆ ناشتنی مردووەکان، کە مێژوویان بۆ هەزاران ساڵ بەر لەئێستا دەگەڕێتەوە. لە کوردستان بە دەیان بەردەگۆڕمان هەیە، کە مێژووی زیاترینیان بۆ سەردەمی مادەکان و ئەوکاتە دەگەڕێتەوە، کە ئایینی زەردەشتی ئایینی فەرمیی وڵات بووە.

یەکێک لەو بەردەگۆڕانە پاڵی داوە بە شاری روانسەر، کە یەکێکە لە شارەکانی پارێزگای کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و بە دەروازەی هەورامان ناسراوە. ئەم بەردەگۆڕە کەوتووەتە بەرزایی 35 مەتری کێوی یەرەوڵ.

 ئەم بەردەگۆڕە ژوورێکی چوارگۆشەیە و بنمیچێکی گۆمەزی لەخۆ گرتووە، لەناویدا نەخشی مرۆڤێکی باڵدار هەیە، کە مێژوونووسان پێیان وایە؛ نەخشی ئەهورامەزدایە. مەسعود گوڵزاری، شوێنەوارناس و دیرۆکناسی ناسراوی ئێران، یەکەم کەس بوو ئەم بەردەگۆڕەی لە کتێبێکیدا بەناوی (کرماشانی دیرۆکی) بە جیهان ناساند، بەڵام ئێستا ئەم بەردەگۆڕە شوێنەوارێکی فەرامۆشکراوە و کەس ئاوڕی لێ ناداتەوە.

 شاری روانسەر لەدەوروبەری کانیاوێکی گەورە هەڵکەوتووە، کە ساڵانە هەزاران گەشتیار بەرەو لای خۆی رادەکێشێ. ئەم کانیاوە بە سەراوی روانسەر ناسراوە و ئاوەکەی لە بناری شاهۆوە سەرچاوە دەگرێ. روانسەر پاڵی داوە بە کێوی شاهۆ، کە یەکێکە لە درێژترین و بەرزترین کێوەکانی زنجیرە چیای زاگرۆس.