کرماشان.. شاری شوێنەوارە دێرینەکانی کورد

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

کرماشان، یەکێکە لە کۆنترین شارەکانی کوردستان، کە مێژووی دروستبوونی بۆ سەدەی چوارەمی زایینی دەگەڕێتەوە و پایتەختی ساسانییەکان بووە. ئەم شارە، گەورەترین شاری کوردنشینی رۆژهەڵاتی کوردستانە و پاڵی داوە بە کێوی تاقۆسانەوە.

 تاقۆسان گەورەترین شوێنەواری سەردەمی ساسانییەکانە، کە لە کۆمەڵێک نەخشەبەرد و بەردەنووس پێکهاتووە. یەکێکە لە ناسراوترین شوێنەوارەکانی جیهان بۆ هونەر و مێژوو. مێژووی دروستکردنی بۆ سەدەی سێیەمی زایینی دەگەڕێتەوە، کە تێیدا رێوڕەسمی پاشایەتی خەسرەوپەروێز، ئەردەشیری دووەم، شاپووری دووەم و سێیەم هەڵکەنراوە. لە بەشێکی دیکەی ئەم شاکارە مێژووییەدا، راوکردنی بەراز و ژەنینی ئامێری چەنگ لەلایەن ژەنیاران و هونەرمەندان هەڵکەنراوە و ئەو راستییە دەسەلمێنێ؛ تاقۆسان هاوینەهەواری پاشاساسانییەکان بووە و ئەم کێو و ئاو و باخە، شوێنی نمایشکردنی شانۆ، مۆسیقا، بۆنە ئایینی و نەتەوەییەکان بووە.

 شکارگەی پاشایەتیی تاقۆسان بە یەکەمین تابلۆی بەردینی جیهان بۆ نیگارکێشی ناسراوە، کە تێیدا رێسا و یاساکانی نیگارکێشی رەچاو کراون. لەناو ئەم تاقە، کە نزیکەی ١٢مەتر بەرزە و ٨مەتر پانە، پاشای کوردستان لە سەردەمی ساسانییەکان لەلایەن فریشتەی فروهەر، یان فرەوەر، بازنەی پاشایەتی پێ دەبەخشرێت و لای چەپی پاشا، ئاناهیتا، خواوەندی ئاو و کانیاوەکان راوەستاوە، تا کوردستان بە سەرسەوزی و پڕ پیت و خۆشی بهێڵێتەوە. ئەم شوێنەوارە جیهانییە لە سەدەی ١٩ لەلایەن محەمەد عەلی میرزا، لە سەردەمی قاجارەکان دەستی لێدراوە و زیانی زۆری بەر کەوتووە و نەخشی محەمەد عەلی میرزای کوڕی فەتعەلی شای قاجاریان لەسەر ئەم شوێنەوارە هەڵکەندووە.

لە بەشێکی دیکەی ناو ئەو تاقە، نەخشی خەسرەوپەروێز لەسەر ئەسپە ناسراوەکەی بە ناوی (شەودێز) هەڵکەنراوە. دیمەنی فریشتەی باڵدار، درەختی ژیان، باڵندە، ماسی، فیل، گاکێوی، بەراز و ژەنینی ئامێری چەنگ لە لایەن ژنانەوە، نمایشی ئەو خۆشی و جەژنەیە، کە لە سەردەمی دەسەڵاتی پاشا کوردەکان، باڵی بەسەر وڵاتی کوردەواریدا کێشاوە.

 لەناو تاقی بچووک، نەخشی شاپووری دووەم و سێیەم هەڵکەنراوە و دوو بەردەنووسی بچووک بە خەتی پاڵەوی ئەملاولایان گرتووە.

 تۆزێ ئەولاتر، لەپاڵ تاقی بچووک، رێوڕەسمی پاشایەتیی ئەردەشیری دووەم، نۆیەمین پاشای ساسانییەکان هەڵکەنراوە، کە بەپێوە راوەستاوە و دەستی چەپی لەسەر شمشێرە و بە دەستی راستی خەریکە بازنەی پاشایەتی لە ئەهورەمەزدا وەردەگرێ، لەپشت سەریەوە زەردەشت، پێغەمبەری ئاشتیخوازی کوردان راوەستاوە، کە لەدەوری سەری خەرمانەی خۆر پرشەی دێ. لەژێر پێی ئەردەشیری دووەم نەخشی ژولیان، ئیمپراتۆریای رۆما هەڵکەنراوە، کە لە جەنگدا بە دیل گیراوە.

 یەکێکی دیکە لە شوێنەوارە ناسراوەکانی کرماشان، کێوی بێستوونە. لەسەر ئەم کێوە، یەکێک لە ناسراوترین شوێنەوارەکانی جیهان هەڵکەنراوە. گەورەترین بەردەنووسی جیهان لەسەر کێوی بێستوونە، کە لە ریزبەندی شوێنەوارە ناوازەکانی جیهان لە یۆنسکۆ، وەک میراتێکی جیهانی ناوی تۆمار کراوە. بێستوون بە مانای وڵاتی خواوەندەکانە و یەکێکە لە شوێنە پیرۆزەکان بۆ پەیڕەوکارانی زەردەشتی. ئەم شوێنەوارە مەزنە، یەکەمجار لە کتێبی (دیودوروس)ی سیکولوسی یۆنانی باسی لێوە کراوە، کە بەردەنووسی بێستوون بە دەستی (سەمیرئەمیس) شاژنی ئەفسانەیی ئاشوور هەڵکەنراوە و کێوی بێستوون پێشکەش بە ئەهورەمەزدا کراوە. ئەم بەردەنووسە باس لە چیرۆکی سەرکەوتنی (داریوش) بەسەر (بەردیا) دەکات. بەردەنووسەکە سێ مەتر بەرزە و پێنج مەتر و نیویش درێژە. نەخشی داریوش، بەرزتر لە دیلەکان هەڵکەنراوە و پێی چەپی خستووەتە سەر دوژمنەکەی، کە ناوی (گئومات مووغ)ە. لەپشتی سەری گئومات نەخشی ٨ دیل هەڵکەنراوە، کە مل و دەستیان بە پەت بەستراون.

 نەخشی پیرۆزی زەردەشتییەکان لەسەر ئەم بەردەنووسە، لەبەرامبەر داریوش هەڵکەنراوە و داریوش دەستی راستی خۆی بە هێمای پاڕانەوە لە ئەهورەمەزدا بەرز کردووەتەوە.

لەپاڵ بەردەنووسی بێستوون، پەیکەری هیرکوڵ هەڵکەنراوە، دەستی چەپی لەسەر پێی راستی داناوە و بە دەستی راستی جامێک شەڕابی گرتووە. لەخوار ئەم بەردەنووسە، کانیاوێک بەناوی سەراوی بێستوون هەڵدەقوڵێ، کە لەکۆنەوە تائێستا، دانیشتوانی ناوچەکە ئاوەکەی بە پیرۆز دەزانن.