ئایینی یارسان لەناو جوگرافیا و کولتوور و نەریتی کوردییەوە سەرچاوەی گرتووە، بۆیە لە کۆنەوە تا ئێستا ئەفسانە و داب و نەریت و باوەڕی کۆنی کوردستانی پاراستووە.
جەژنی قەوڵتاس، یەکێکە لە جەژنەکانی ئایینی یارسان، کە گێڕانەوەی جۆراوجۆری بۆ دەکرێ، بۆ نموونە، هەندێ کەس پێیان وایە؛ ئەو کەسانەی ویستوویانە بچن بۆ لای سوڵتانی ساق، ئازەری بوون و لە ئازەرباینجانەوە بەڕێ کەوتوو،ن یان هەندێ کەس دەڵێن لە قەوڵتاسەوە هاتوون، بەڵام زیاترین پەیڕەوکارانی ئەم ئایینە لەبارەی چیرۆکی قەوڵتاسەوە دەڵێن: حەوت کەس لە یارانی سوڵتانی ساق، کە بە سوڵتانی هەورامان و سوڵتان سەهاکیش ناسراوە، لە وەرزی زستان رێگەیەکی سەخت دەبڕن، تا بە دیداری سوڵتانی ساق؛ رێبەر و دامەزرێنەری ئایینەکەیان شاد ببنەوە. (قولی، شەهابەدین، شاکە، شانەزەر، عیسا، شامراد و پیر دلاوەر) ناوی ئەو حەوت کەسەیە. ئەم حەوت کەسە لە کاتی رۆیشتن لەناو ئەشکەوتێکی چیای شاهۆ، بەهۆی بەفربارین گیر دەخۆن و رێگەی رۆیشتنیان لێدەگیرێ. یەکێکیان بەناوی قولی بە هاوڕێکانی دەڵێت، سوڵتان فەرموویە؛ هەرکەس هەنگاوێک بەرەو حەق هەڵگرێ، حەق هەزاران هەنگاو بەرەو ئەو کەسە هەڵدەگرێ؛ کەواتە با لێرە بمێنینەوە و خەریکی راز و نیاز بین، با حەق (سوڵتانی ساق) بەرەو لامان بێت. لەناو ئەشکەتەکەدا ئەو حەوت کەسە حەڵقەی جەم پێک دێنن. تەمبوور دەژەنن و کەلام دەچڕن. سوڵتانی ساق لە نیەتیان ئاگادار دەبێ، بۆیە یەکێک لە پیرەکانی ئایینی یارسان بەناوی مستەفای داوان بۆ لایان دەنێرێ. بەم حەوت کەسە دەڵێن یارانی قەوڵتاسی.
لەگەڵ گەیشتنی مستەفای داوان، ئەو حەوت کەسە لە مردن رزگاریان دەبێ. لە هەندێ گێڕانەوەدا هاتووە، کە مردوون و سوڵتان زیندوویان دەکاتەوە. بۆ زیندووڕاگرتنی یادی رزگاربوونی ئەم حەوت کەسە لە شەختە و سەرمای چلەی زستان و گەیشتنیان بە دیداری سوڵتانی ساق؛ پەیڕەوکارانی یارسان لە رۆژی چواردەی چلە گەورە تا حەڤدەی چلە گەورە بە رۆژوو دەبن، کە بە جەژنی قەوڵتاسی ناسراوە. قەوڵ بە مانای پەیمان و بەڵێنە و تاسی بە واتای شەختە و سەرما و سۆڵەیە. لەبارەی ئەم جەژنەیە، سوڵتانی ساق فەرموویەتی: "داوود رۆچەشان نی چلە و زمسان، نیەتشان نە چواردە و مانگی بۆ ئیحسان، جە هەفدە و مانگی بگیرا چەپ دەسان. عەیدشان پەی تۆ بوونی سەرمەسان، نیەت و رۆچەشان پەی قەوڵتاسان." یانی: "ئەی داوود، رۆژووی یاران لە چلەی زستانە. لە رۆژی چواردە نیەت دەکەن و رۆژی حەڤدە دەکەنە جەژن و چەپڵەڕێزان. جەژنەکەیان بۆ خۆشحاڵکردنی تۆیە. بەناوی یارانی قەوڵتاسان رۆژوو بگرن."
هەندێ کەس پێیان وایە؛ پێویستە هەموو ساڵێک سێ رۆژی قەوڵتاسی وەکوو جەژن و بۆنەیەکی رەسەن بە تەمبوورژەنین و مەقامچڕین و سەردانی جەمخانەکان پیرۆز بکەن، تا ببێتە رۆژێکی نیشتمانی بۆ یەکگرتن و ئاشتەوایی لە کوردستان و گرنگ نییە بە رۆژوویش نەبن، چونکە تەنیا رۆژووی یارسانەکان رۆژووی پاشای حەقیقەت، یان رۆژووی (مەرنەو)ە، کە لە نووسینەکانی داهاتوودا تیشکی دەخەینە سەر.