زستان.. خواردنە کۆنەکانی كوردەواری نوێ دەکاتەوە

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

زستان.. خواردنە کۆنەکانی كوردەواری نوێ دەکاتەوە

لەگەڵ هاتنی سەرما و سۆڵە و دەستپێکی وەرزی زستان، جۆری خواردنەکان لە ناوچە شاخاوییەکانی کوردستان، بەتایبەت لای گوندنشینەکان دەگۆڕێ و زیاترین خواردنە کۆن و مێژووییەکان نوێ دەبنەوە.
هۆکاری دروستکردنی ئەو خواردنانە؛ بۆ ئەو باوەڕە لە پزیشکیی خۆماڵی و گیادەرمانی دەگەڕێتەوە، کە لە کۆنەوە باوەڕیان وابووە؛ هەر خواردنێک سروشتێکی تایبەتی گەرم یان ساردی هەیە. خواردنە گەرمەکان بۆ وەرزی زستان و خواردنە ساردەکان بۆ وەرزی هاوین، شیاون.
لەگەڵ هاتنی سەرما و وەرزی زستان، خواردنە فۆلکلۆری و کۆنەکان سەرلەنوێ چێشتخانەی ماڵەکان قۆرخ دەکەن و ژنە بەتەمەنەکان، ئەم خواردنانە فێری نەوەی نوێ دەکەن، کە زیاتر لەگەڵ خواردنە خێرا و فەستفوودییەکان ئاشنان.
لە رۆژهەڵاتی کوردستان، خواردنەکان لە شارێکەوە بۆ شارێکی دیکە دەگۆڕدرێن، بەڵام زیاترین خواردنەکان لە دانەوێڵە و رووەکی سروشتیی دروست دەبن و گرنگترینیان بریتین لە:
- دۆخەوا: شلەی ماستاوە لەگەڵ چەندجۆر رووەکی وەک پوونگە، پسل و بڕوێش.
- فڕنی: خواردنێکی گەرمە، تایبەت بە وەرزی زستان، بەڵام هەندێجار لە وەرزەکانی دیکە بۆ منداڵی ساوا دروست دەکرێت. لە ئاردی برنج و شیر و شەکر، یان هەنگوین دروستی دەکەن.
- گردۆڵ: برنج و دۆ لەگەڵ گوێز و رووەکی بەهاریی پێکەوە دەکوڵێنن.
- شلەگەنم: گۆشت و گەنمە لەگەڵ کەرێی خۆماڵی.
- هەتیمچە: گۆشتی مەڕ تێکەڵی دانەوێڵە و سەوزەوات دەکەن.
- کفتەشۆروا: پێکهاتەکانی بریتین لە؛ برنج، گۆشت، هێلکە، مێوژ، دووگی مەڕ، مەژگەگوێز، خورما لەگەڵ ئاوی تەماتە و بەهارات.
- بڕوێشەترش: لە بروێش، قەیسی، گوێز، نۆک، ئاولیمۆ، پیواز، رۆنی خۆماڵی و خوێ دروست دەبێت.
- دۆینە: دۆینە، پوونگە، پیواز، سیر، رۆن و زەردەچێوە پێکهاتی سەرەکیی ئەم خواردنەیە.
- شلکێنە: بریتییە لە ئارد، هێلکە، شیر، خوێ، کەرێ و شەکر.
- لق لق: لە گەنم و کونجی دروست دەبێت.
- هاڵاو: بریتییە لە گوشت بە ئێسکەوە، برنج، نۆک، بیبەری رەش، گەڵا چەوەندەر، تەڕەپیواز، هاڵە و رووەک و سەوزەوات.
- قلیە: بۆ چێشتی قلیە لە شاری سنە، قەیسی و گوشتی مەڕ و نۆک و گوێز و ئاوی هەنار و مێوژ لەگەڵ زەردچێوە و رووەکە بەهاری و بەهاراتەکان دەکوڵێنن.
- پڕپۆڵە: لە نیسک و رووەکە بۆنخۆشەکان دروست دەکرێت.
- سەنگەسیر: گۆشتی قەل، نیسک، کەشک و سینگی مریشک پێکهاتی سەرەکیی ئەم خواردنەیە، کە لە چەشنی کفتەی بچووک دروستی دەکەن و دەیکەنە ناو شلەیەک لە گیا و رووەک.
- شلەی عەباسعەلی: ناوی یەکێک لە ناسراوترین خواردنەکانی شاری کرماشانە لە رۆژهەڵاتی کوردستا،ن کە بە هاتنی سەرما و سۆڵە خواست لەسەری زیاتر دەبێ و وەک خواردنێکی کوردی لەسەرانسەری ئێران ناوی دەرکردووە. جۆ، برنج، ساوار، فاسۆلیا، نیسک، نۆک، گۆشتی رانی بەرخ، یان پەراسوو، سیر، دارچین، پیواز و خوێ سەرەکیترین مادەکانی ناو ئەم خواردنەن.