شارەزوور.. شوێنی پیرۆزی یارسانەکانە

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

شارەزوور.. شوێنی پیرۆزی یارسانەکانە

 شارەزوور لەناو دەقەکانی ئایینی یارساندا، شوێنێکی پیرۆزە و بەشێکی گرنگە لە بیروباوەڕی یارسانەکان. کتێبی پیرۆزی یارسانەکان بە (دەفتەر) ناسراوە و بە زمانی کوردییە. دەفتەری پیرۆزی سەردەمی سوڵتانی ساق بە (دیوانە گەورە) ناسراوە.

 لە دیوانە گەورەدا، شارەزوور وەکوو شوێنی هەستانەوە و گەیشتن بە حەق باسی لێوەکراوە. بەگوێرەی دەقەکانی ناو دیوانە گەورە؛ ئەو کەسانەی خاوەن زات و کەرامەتن و باوەڕیان بە ئایینی یارسان هەیە، پاش هەزار و یەک دوونادوون، دەگەنە حەق و جاویدان دەبن. (دوونادوون بەشێکە لە فەلسەفەی ئایینی یارسان، کە لە نووسینەکانی داهاتوودا باسی لێوەدەکرێت.) بەگوێرەی بیروباوەڕی یارسانی، مرۆڤ دوای گوزەر لە پردی (پردیوەر) دەگاتە شارەزوور و لەوێ فریشتەکان پێشوازیی لێ دەکەن و ئاهەنگی بۆ دەگێڕن.

پردیوەر کەوتووەتە گوندی شێخانی سەر بە قەزای پاوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، کە بۆ پەیڕەوکارانی یارسانی شوێنێکی پیرۆزە و زیارتگەی سوڵتانی ساقی لێیە و لەسەر رووباری سیروانە. لە دیوانە گەورەدا، ئاماژە بە مێژووی شارەزووریش کراوە، کە لە ساڵی 613 کۆچی- مانگی بەهۆی بوومەلەزە لەنێو چووە و بەشێکی کەمی ماوەتەوە، کە ساڵی 803 لە لایەن سوپای مەغۆلەکانەوە وێران کراوە. شارەزوور لە سەردەمی یاقووتی حەمەوی، وەکوو گوندەوارێک لەسەر رێگەی هەولێر و هەمەدان باسی لێوە کراوە، کە دانیشتوانەکەی کورد بوون؛ هەروەها وەکوو شاری زووری کوڕی زەحاک ناسراوە. مێژووی بنیاتنانی بۆ سەردەمی قوبادی یەکەمی ساسانی دەگەڕێننەوە.

 مامۆستا مەردووخ، لەبارەی شارەزوورەوە دەنووسێ: "ئەمیر حوسێنی بەرزیکانی، سەرۆکی عەشیرەی بەرزیکانی، کەسایەتییەکی گەورە بوو، کە خەڵکێکی زۆر لەدەوری خڕ بوونەوە و لە ساڵی 330ی کۆچی- مانگی لە شارەزوور حکوومەتی دامەزراند و (غانم) و (ونداد)ی برای توانییان دینەوەر و هەمەدان و نەهاوەند بگرن و ئەو شوێنانەش بکەنە بەشێک لە حکوومەتەکەیان."