یه‌كێك له‌و پیاوه به‌خشنده و به‌هه‌ڵوێست و به‌سۆز و ڕاژه‌گوزار و خه‌مخۆرانه‌ى شارى سلێمانى، كه ساڵانێك هاوكار و یارمه‌تیده‌رى خه‌ڵكى لێقه‌وماو و هه‌ژارانى ئه‌م شاره بووه و ده‌ستگرۆیى كردوون و هیچ كات كه‌متە‌رخه‌میى نه‌نواندووه و بەرده‌وام ده‌رگاى ماڵ و خه‌زێنه‌كه‌ى له هه‌مبه‌ر خه‌ڵكیدا ئاوه‌ڵا كردووه، ئه‌ویش (كه‌ریمى عه‌له‌كه، یان ئەلەكە)ى بە ئایین كریستیانه.
ئه‌م كه‌سایه‌تییه كریستیانەی شارى سلێمانى، له‌دایكبووى ساڵى (1845)ى ئه‌م شاره‌یه، به‌ڵام له بنه‌ڕه‌تدا له بنه‌ماڵه دیار و ده‌ستڕۆیشتووه‌كانى گوندى (هەرمۆتە)ى شاری كۆیه بوون و دواتر به‌هۆى كارى بازرگانییه‌وه له نێوان سلێمانى و هه‌مه‌دان، باو و باپیرانى ڕوویان له سلێمانیی كردووه و دواجار لەم شارە نیشتە‌جێ بوون، به‌ڵام كه‌ریمى عه‌له‌كه له‌دایكبووى ئه‌م شاره‌یه و وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كى گه‌وره‌ى سلێمانی ناسراوه.
هه‌ر له‌و سه‌روبه‌ندى چاكه‌خوازییه‌شدا بووه كه شێخ مه‌حموود، مه‌لیكى باشوورى كوردستان، له كاتى پێكهێنانى كابینه‌ى حكوومه‌تە‌كه‌یدا، وه‌ك ئه‌مه‌كداری و وەفایەك، وه‌ك كه‌سێكى ئه‌مین و ده‌ستپاك و ڕاستگۆ و به‌ڵێن ڕاست و پسپۆڕ له‌و بواره‌دا، پۆستى وەزیرى دارایى پێ به‌خشیوه. به‌و كار و كرده‌وانه‌یشى له مێژووى مرۆڤایه‌تیدا لاپه‌ڕه‌یه‌كى گه‌شى بۆ خۆى و بنه‌ماڵه‌كه‌ى نه‌خشاندووه و خه‌ڵك شانازیى پێوه ده‌كه‌ن.
كه‌ریمی عه‌له‌كه‌ى پیاوچاك و چاكه‌خواز و به‌خشنده و وەزیری دارایی حكوومهتەكهى مه‌لیك مه‌حموود بوو، ڕۆژى 25ی 1ی 1948 له شارى به‌غدا كۆچی دوایی كردووە.
وه‌ك ڕێزلێنانێك له‌م كه‌سایه‌تییه گه‌وره و به‌خشنده‌یه و بۆ ئه‌وه‌ى ناوى به گه‌شى بمێنێتە‌وه و به نه‌وه‌ى نوێ ئاشنا بێت و كاره چاكه‌خوازییه‌كانى هه‌میشه له‌به‌رچاو بن، له شارى سلێماندا قوتابخانه‌یه‌ك به ناوى ''قوتابخانه كه‌ریمى عه‌له‌كه''وە كراوه. جگه له‌وه‌یش، چه‌ند باڵه‌خانه و تە‌لار و فڕن و بازاڕێكى دیكەیش به ناوییه‌وه كراوه‌كه تا هه‌نووكه ناوێكى گه‌وره و چاكه‌خواز و خۆشه‌ویستە له‌م شاره‌دا و خه‌ڵك به چاوى ڕێز و ئه‌مه‌كدارییه‌وه لێى ده‌ڕوانن و ده‌یانه‌وێ ناوى ئه‌و پیاوه گه‌وره‌یه بۆ تاهه‌تایه به زیندوویى و گه‌شى بدره‌وشێتە‌وه.
بۆ ئه‌م مه‌به‌ستە، پێویست بوو چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی شاره‌زا به ژیانی ئه‌و پیاوه دڵگه‌وره‌یه بدوێنین، وه‌ك: د. كه‌یوان ئازاد ئه‌نوه‌ر، مامۆستا كه‌ریم زه‌ند، مامۆستا جه‌مال بابان و عه‌باس قادر سه‌عید.
د. كه‌یوان ئازاد ئه‌نوه‌ر، مامۆستاى مێژوو له زانكۆى سلێمانى، سەبارەت بەم كەسایەتییە دەڵێ: ''كه‌ریمی عه‌له‌كه یه‌كێك بوو له كه‌سایه‌تییه ناسراوه‌كانی مێژووی هاوچه‌رخی كورد به‌گشتی و شارى سلێمانی به‌تایبه‌تی. ده‌ركه‌وتن و ناسرانیشی، به‌تە‌واوى بۆ ئه‌و كاتە ده‌گه‌ڕێتە‌وه كه ڕۆڵێكی كوردانه و مرۆڤدۆستانەى گه‌وره‌ى له حكوومهتەكهى باشووری كوردستان به سه‌رۆكایه‌تیی شێخ مه‌حموودى نه‌مر بینی. ئه‌ویش دواى ئه‌وه‌ى له ڕێكەوتى 10ی تشرینی یه‌كەمی 1922 كرایه وەزیری مالیه، له دووه‌مین حكوومه‌تی شێخ مه‌حمووددا. به واتا سیاسییه‌كه‌ى ئه‌مڕۆیش پۆستی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوورىی پێ سپێردرا. ئەوەیش یه‌كێك بوو له هه‌ستیارترین وه‌زارەت و پێكهاتە‌كانی ئه‌و حكوومه‌تە، له‌و قۆناغه و تە‌نانه‌ت له ڕۆژگارى ئه‌مڕۆیشدا.''
د. كەیوان هەروەها دەڵێت: ”هه‌ر لێره‌وه ده‌بێ (كه‌ریمی عه‌له‌كه) به یه‌كێك له دیارترین و دڵسۆزترین كه‌سایه‌تییه‌كانی نیوه‌ى یه‌كه‌می سه‌ده‌ى بیستە‌م و ساڵانی دواى یەكەم جه‌نگی جیهانی پێناسه بكه‌ین، چونكه له لایه‌ك وه‌ك پاره‌دار و بازرگانێكی دیارى شارى سلێمانی ڕۆڵی خۆی بینی له ڕزگاركردنی چه‌ندین خێزانی شارى سلێمانی و ده‌وروبه‌رى، له مه‌رگه‌ساتی هه‌ژارى و نه‌بوونی. ئەوەیش له سه‌رده‌مێكدا بوو كه كاریگه‌رییه‌كانی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی شوێنەواریان له‌سه‌ر زۆربه‌ى هه‌ره‌زۆرى ناوچه‌كانی جیهان به كوردستانیشه‌وه، به‌جێ هێشتبوو. به‌و پێیه‌ش، به‌ر له چه‌ندین ساڵی ئه‌و جه‌نگه جیهانییه، كوردستانی باشوور ژێرده‌ستە‌ى ده‌وڵه‌تی عوسمانی بوو، بۆیه شوێنه‌وارى ئه‌و جه‌نگه و داڕمانی بارى دارایی زیاتر به ناوچه‌كانی كوردستانه‌وه دیار بوو. لێره‌شه‌وه پێگه‌ى ئه‌و كه‌سایه‌تییه ده‌ركه‌وت كه له‌و سه‌رده‌مه هه‌ستیاره‌دا، به‌تە‌نگ چه‌ندین هاونیشتمانییەوە هات. ئه‌مه‌و له لایه‌كی دیكه‌وه، وه‌ك كه‌سێكی مه‌سیحی، هاوكار و پشتیوان و به‌هاناوه‌چووی هاوشارى و هاونیشتمانییه‌كانییه‌وه بوو، بێ ئه‌وه‌ى ئایین و باوه‌ڕ بكاتە پێوه‌ر بۆ به‌هاناوه‌چوونی ئه‌و كه‌مده‌رامه‌ت و لێقه‌وماوانه. لەمەیشه‌وه ده‌كرێت له دوو خاڵدا گه‌وره‌یی ئه‌و كه‌سایه‌تییه لێك بده‌ینه‌وه: یه‌كه‌م، بۆ شێخ مه‌حموود مایه‌ى گه‌وره‌یی بوو، كه كه‌سێكی مه‌سیحی بكاتە یه‌كێك له وەزیره‌كانی حكوومهتەكهى. دیاره ئه‌گه‌ر هه‌ندێكیش بۆ ئه‌وه‌ى بگێڕنه‌وه كه به‌هۆی ده‌وڵه‌مه‌ندی و باشیی بارى داراییه‌كەیەوه بووه، ئه‌وا هه‌ر جێگاى بایه‌خ بوو، چونكه له‌و سه‌رده‌مه‌دا هه‌ستی ئایینی زۆر له هه‌ستە‌كانی دیكە پیرۆزتر و گه‌وره‌تر بوو. ئەوەیش به‌وه‌ى هه‌ر باوه‌ڕدارێكی موسڵمان ئاماده بوو مردن به برسیه‌تی قبووڵ بكات، به مه‌رجێك بچووكترین شت له كه‌سێكی مه‌سیحی و جوو دژه پەیڕەوه‌كانی وه‌رنه‌گرێت، بۆیه بۆ شێخ مه‌حموودى حه‌فیدزاده گرنگ بوو وه‌ك ڕابه‌رێكی تە‌ریقه‌تی قادرى و كه‌سایه‌تییه‌كی موسڵمان، ڕێز له‌و كه‌سه بنێت و پۆستێكی وا هه‌ستیارى بخاتە ده‌ستە‌وه. دووه‌م، بۆ خودی كه‌ریمی عه‌له‌كه‌ش جێگاى بایه‌خ بوو ئه‌و پۆستە له حكوومه‌تێكدا وه‌ربگرێت كه له په‌یڕه‌وانی خۆی نەبێت. هه‌روه‌ها داراییه باشه‌كه‌یشی بخاتە خزمه‌ت حكوومه‌تێك كه له لایه‌ك بە دەسه‌ڵاتێكی هۆزایه‌تی و نه‌تە‌وه‌یی و له لایه‌كی دیكه‌وه به ئیسلامی ناوبانگی دەركردبوو، بۆیه له هه‌ردوو باره‌كه‌دا و بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه زۆر گرنگ بوو، كەسێكی وه‌ها به به‌خشنده‌یی و دڵسۆزی بگاتە ئه‌و پۆستە و ئه‌و هه‌ستە نیشتمانپەروه‌ری و مرۆڤدۆستانه‌ى هه‌بێت.''
مامۆستا كه‌ریم زه‌ند، گه‌ڕیده و جوگرافیناس، دەربارەی كەسایەتیی كەریمی عەلەكە دەڵێ: ”عه‌بدولكه‌ریم ئه‌لیاس پۆلس ئیبراهیم، ناسراو به كه‌ریمی عه‌له‌كه، یان ئه‌له‌كه، واتە ئه‌لیاس له شارى سلێمانی له‌دایك بووه و چاوى به ژیان هەڵهێناوه، له‌م شاره‌دا هه‌وارى خستووه و به خوێندنی ئایینیی تایبه‌تی په‌روه‌رده كراوه، ڕووناكبیر و ڕۆشنبیرێكی به‌رز و ناودار بووه، دڵسۆز و مرۆڤدۆست و خێرخواز و كۆمه‌ككار و یارمه‌تیده‌رى هه‌ژاران بووه، له سه‌رده‌می گرانیدا لە 1918 له‌م شاره‌دا، هه‌موو ئێواره‌یه‌ك، نان و شۆربای پێشكه‌شی خه‌ڵكی نه‌دار و لێقه‌وماو كردووه، به هه‌موو ڕه‌وشی به‌خشنده‌ییه‌وه. جگه له‌وه‌یش وەزیر و شالیارى دارایی حكوومهتەكهى مه‌لیك مه‌حموودی حه‌فید بووه، له ساڵی 1922دا.“
كەریم زەند هەروەها گوتی: ”خواجە كه‌ریم به ڕه‌چه‌ڵه‌ك ده‌چێتە سه‌ر ئه‌و خێزانه كریستانیانه‌ى، كه له گوندی هه‌رمۆتە‌ى شارى كۆیه‌وه هاتوون، هه‌رمۆتە واتە ئەرزی مردن، هەردی مردن، خاكی مردن. خواجە كه‌ریم زمانی كوردی و عه‌ره‌بی و فارسی و كلدانیی به‌چاكی زانیوه، بازرگانێكی ناودار بووه، شوێنكار و جێگاى هەبووه، له خانه سووتاوى سلێمانیدا له‌تە‌ك شارى سنه و هه‌مه‌دان مامه‌ڵه‌ى بازرگانیی هه‌بووه.“
لە دریژەدا زەند ڕوونی كردەوە: ”فه‌ریده خانمی خێزانی، كچی سمایل یه‌ڵده‌ى سەرده‌ستە‌ى بازرگانانی شارى سنه بووه، به‌و هۆكارەوە په‌یوه‌ندیی پتە‌وی بازرگانی و سه‌ودا و مامه‌ڵه‌ى له تە‌ك شارى سنه و هه‌مه‌دان هه‌بووه، وێڕای پەیوه‌ندی و په‌یوه‌ستیی كەنیسەی شارى سلێمانی له‌و سه‌رده‌مه‌دا به شارى سنەوه 1923 بۆ 1924. به‌هۆی بۆردومانی شارى سلێمانییه‌وه له لایه‌ن فڕۆكه جەنگییه‌كانی به‌ریتانیاوه، كریستانه‌كانی شارى سلێمانی ئه‌م شاره به‌جێ ده‌هێڵن و ڕوو ده‌كه‌نه شارى کەرکووک، له‌وێش ده‌كه‌ونه به‌ر شاڵاوی ڕه‌شه‌كوژی، ئه‌گەرچی ئه‌و كاره‌ساتە له فه‌رهه‌نگی كورده‌واریدا باس ناكرێ.“
روونیشی كردەوە: ”كه‌ریمی عه‌له‌كه، كه به (خواجە كه‌ریم) ده‌ناسرا، له چاكه‌خوازیدا ناوبانگی هه‌بووه، جگه له‌وه‌یش ئه‌مه‌كدارى نیشتمان بووه و به‌رامبه‌ر هەژار و نه‌دارى كورد خاوه‌ن هه‌ڵوێست بووه، به‌هۆی ئه‌و كارانه‌شیه‌وه، وه‌ك ئەستێره‌یه‌كی دره‌وشاوه‌یه و هه‌میشه له‌سه‌ر زارى خه‌ڵكی ئه‌م شاره‌یه. ئه‌م شامێره له ساڵی 1923 به ده‌ستبه‌سه‌رى براوه بۆ شارى کەرکووک، له‌به‌ر ئەوه‌ى هاوكاریى شێخ مه‌حموودی كردووه.''
كەریم زەند زیاتر قسەی كرد و گوتی: ”له‌م شاره‌دا گه‌ڕه‌كێك هه‌یه به ناوى گاوران، كه له وشه‌ى گه‌بر، یا ئاگردۆست و ئاورخۆشه‌ویستە‌وه هاتووه و جێماوى ڕه‌وشی زه‌رده‌شتیی ئایینی دێرینی كورده، ئه‌م گەڕه‌كه‌یش كه‌وتووەتە به‌ر پریشكی ئه‌و بۆردومانه و به‌ناچارى ئه‌مانیش ڕوو ده‌كه‌نه شارى کەرکووک و له گه‌ڕه‌كی قه‌ڵا و قۆریه نیشتە‌جێ ده‌بن، له‌و كۆچ و ڕه‌وه‌دا، خێزان و كوڕه گەورەكەى كه‌ریمی عه‌له‌كه، شاكیر، ده‌ڕۆن. كه‌ریمی عه‌له‌كه ده‌یانبینێ و به‌تووڕەییه‌وه ڕوو ده‌كاتە كوڕه‌كه‌ى و ده‌ڵێ: "بۆ شاره‌كه‌ت به‌جێ هێشتووه و سلێمانیت چۆڵ كردووه؟ ئه‌وا من به ده‌ستبه‌سه‌رى هاتووم، تۆ بۆچی هاتووی؟" كوڕه‌كه‌ى ده‌ڵێ "له ترسى بۆردوومان هاتووین.'' ئه‌ویش ده‌ڵێ: "گیانی تۆ له گیانی خه‌ڵكی شاره‌كه‌ت زیاتره؟"
گوتیشی: ”مه‌تڕانی کەرکووک ئیستیخان جیری له‌و كاتە‌دا پێشوازیی له مەسیحییە‌كان ده‌كات و زۆربه‌یان له گه‌ڕه‌كی قه‌ڵای کەرکووک ده‌گیرسێنه‌وه، هەندێكیشیان له گه‌ڕه‌كی قۆریه ده‌بن، ئه‌سكه‌نده‌ر عه‌له‌كه له قۆریه نیشتە‌جێ دەبێت. له‌و سه‌رده‌مه‌دا كامپی ئاشووریى لیڤی سه‌ر به سوپای ئینگلیز له کەرکووک بووه، ئینگلیز بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی ئاشوورییه‌كانی خستووەتە ژێر ڕكێڤی خۆیه‌وه، ئاشوورییه‌كانیش له کەرکووکدا كه‌وتنه به‌ر شاڵاوی ڕه‌شه‌كوژی و موفتیی کەرکووک له‌و سه‌رده‌مه‌دا به ده‌مارگیریی ئایینی فتواى كوشتنی مەسیحییە‌كانی ده‌دا. ئینگلیزه‌كان له‌م بارودۆخه بێده‌نگ بوون، له‌و كاره‌ساتە‌دا تاڵان و بڕۆ و شڕه‌خۆریى زۆر كراوه و بازاڕ سووتاوه. توركمانه‌كان هێرشیان بردووەتە سه‌ر مەسیحییە‌كان، خێزانی عه‌له‌كه‌ش كه‌وتووەتە به‌ر ئه‌و شاڵاوه، ئینجا ئینگلیزه‌كان مەسیحییە‌كان ده‌گوازنه‌وه بۆ قه‌ڵا، كه ده كه‌سی مه‌سیحیی كوردی سلێمانی به‌ری ده‌كه‌ون و كه‌ریمی عه‌له‌كه له‌و كاتە‌دا ده‌گری، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌م مەینه‌تە ناڕه‌وا و دزێوه ده‌بینێ.“
ڕوونیش كردەوە: ”خواجە كه‌ریم واتە كه‌ریمی عه‌له‌كه له گه‌ڕه‌كی گاوران ئاشی ئاوى هه‌بووه و ئێستاكه‌یش ماوه، هه‌روه‌ها كارێز و كانیاوى هه‌بووه و به‌خشیویەتی به مزگه‌وتە‌كانی سلێمانى.
خواجە كه‌ریم بازرگانیی جا‌و و خام و قوماش و شمه‌ك و كاڵای له سنه و هەمەدانه‌وه هێناوه، كلۆ‌شه‌كر و شتی دیكەى له به‌غداوه ده‌هێنا بۆ سلێمانی و بازرگانی كه‌تیره و مازوو بووه. له كاتی بۆردوومانی شارى سلێمانیدا له‌تە‌ك ئەحمه‌د حه‌مدیی ساحێبقڕان و حاجی مستە‌فا پاشای یاموڵكی و عه‌بدولكه‌ریم قادر كه‌ره‌مدا ده‌چێتە لاى مه‌ندووبی سامی، نماینده‌ى باڵای به‌ریتانیا. خواجە كه‌ریم پێی ده‌ڵێ: "بۆچی سلێمانی گچكه ده‌كه‌نه‌وه؟''
لە كۆتاییدا كەریم زەند گوتی: ”هاتنی مه‌سیحی و مێژوویان بۆ شارى سلێمانی و دروستكردنی كەنیسەكەیان له ساڵی 1862 بووە. هه‌ندێكیان له قه‌ره‌داخه‌وه هاتوون. ئیدیۆمی گاوركرد، ئاشكرا و ڕوونه له‌سه‌ر زارى مرۆڤی كورد، مەسیحییە‌كانی سلێمانی به‌شێكی گرنگن له فه‌رهه‌نگی كورده‌وارى، ناسراوه‌كانیان: د. نوورى فه‌تووحی عه‌له‌كه، د. یوسف په‌رى، سدیق عه‌له‌كه، نه‌وال عه‌له‌كه، مه‌سیح ئه‌سكه‌نده‌ر، ئیسحاق په‌رى، له‌تیف پۆڵس و شه‌وكه‌ت عه‌زیزی گیانبه‌خش گه‌واهین بۆ ئه‌م ڕاستییه.
ڕه‌وایه بڵێین، مرۆڤ سه‌رجه‌می كردوكۆی زه‌مه‌ن و چه‌رخ و سه‌رده‌مه، به كەڵەپیاوان و كاره‌ساتە‌كانییانه‌وه، كه ئێستاكه‌یش پاڵپشت و پشتیوانیه‌تی.“
لای خۆیەوە، نووسه‌ر و پارێزه‌ر، جه‌مال بابان، دەربارەی كەسایەتیی كەریمی عەلەكە دەڵێت: ”كۆنسوڵی ڕووس لە ساڵی 1913 دێتە سلێمانی و ده‌یه‌وێت سەبارەت بە هه‌ندێ كاروبارى ڕامیاری و ئایینی په‌یوه‌ندی به خواجە عه‌بدولكه‌ریم عه‌له‌كه‌وه بكات و زۆریشى له‌سه‌ر ده‌ڕوات، به‌ڵام ئه‌م پیاوه، خۆى دوور گرت و ڕێگاى به كونسوڵ نه‌دا بیبینێ، وه‌ڵامه‌كه‌ى هه‌ر ئه‌وه بوو ''پاشه‌ڕۆژى من به‌نده به پاشه‌ڕۆژى هاووڵاتییه‌كانمه‌وه.“
گوتیشی: ”عه‌بدولكه‌ریم عه‌له‌كه، له‌دایكبووى ساڵى (1845)ه و له ساڵى 1948 له شارى به‌غدا كۆچى دوایی كردووه، كه حكوومهتەكهى شێخ مه‌حموود له بیستەكانى سه‌ده‌ى پێشوودا تێك درا و شێخ گیرا و به دیلى برا بۆ دوورگه‌یه‌ك له هیندستان، خواجە كه‌ریم جگه له هاوكارى و یارمه‌تیى خه‌ڵكى لێقه‌وماو و هه‌ژاران، بۆ یارمه‌تیى كه‌سوكارى شێخ مه‌حموودى حه‌فیدیش هه‌میشه وه‌ك هاونیشتمانییەكى دڵسۆز ئاماده بوو، بۆیه كه شێخ مه‌حموود گه‌ڕایه‌وه و حكوومەتى پێك هێنا، خواجە كه‌ریمى كرد به وەزیرى دارایى، بۆیه ئه‌و شوێنه‌ى درایه، چونكه خۆى خاوه‌ن دارایى و بازرگانێكى سەنگین بوو، بگره له‌م ڕووه‌وه له ڕیزى پێشه‌وه‌ى دانیشتوانى سلێمانیدا بوو.“
جەمال بابان ڕوونی كردەوە: ”ئه‌و ڕێزلێگرتنه‌ى شێخ به‌رامبه‌ر به‌م پیاوه، دڵسۆزى و ڕاستى و پیاوه‌تیى هه‌ردوولا ده‌گه‌یه‌نێ به‌رامبه‌ر به یه‌ك. خۆ وه‌نه‌بێ خواجە كەریم له ئه‌نجامى ئه‌و پیاوه‌تییانە و ئه‌و هه‌ڵوێستە‌ى به‌رامبه‌ر به دانیشتوانى سلێمانى و به‌رامبه‌ر به شێخ به‌ئاسانى له‌ده‌ست ئینگلیزه‌كان ڕزگارى بووبێت، بەڵكوو له ئه‌نجامى بۆمبابارانى ئینگلیز، ناچار خواجە كه‌ریم به خۆی و ماڵ و منداڵییه‌وه سلێمانیی به‌جێ هێشت و ناچار ڕوویان كرده کەرکووک و پاشان شارى به‌غدا و له‌وێ جێ‌نشین بوو و مایه‌وه، هه‌تا جیهانی به‌جێ هێشت و كۆچی دوایی كرد.“
زیاتر لەبارەی كەریمەی ئەلەكەوە قسەی كرد و گوتی: ”ئه‌م پیاوه پیاوێكی ڕاستگۆ و بەبه‌ڵێن بوو، بـه به‌زه‌یی و مرۆڤدۆست بوو، خودا ده‌رووی ڕه‌حمه‌تی لێ كردبووه‌وه، به بازرگانی له‌گه‌ڵ به‌غدا و مووسڵ و توركیا و ئێران و شوێنی دیكەوه خه‌ریك بوو، ده‌وڵه‌تێكی له پاره و پوول پێكه‌وه نا، به‌ڵام وه‌كوو هه‌ندێك كه‌س له پاره پیسه‌كان و ده‌ستە قووچاوه‌كانى ئه‌و سه‌رده‌مه و بگره ئێستایش، نەیخستە ژێر دۆشه‌كه‌كه‌یه‌وه و له‌سه‌رى بخه‌وێ، به‌ڵكوو له‌ڕێی خودا و مرۆڤایەتیدا، به سه‌خاوه‌تەوە خه‌رجی ده‌كرد. له گرانییه گه‌وره‌كه‌دا، كه له ئه‌نجامی شه‌ڕی گه‌وره‌ى یه‌كه‌م له ساڵی 1914 – 1918 دروست بوو، پیاو له‌برسا پیاوى ده‌خوارد، ده‌یانگوت شاره‌وانى هه‌ندێ جار لاشه‌ى ئه‌وانه‌ى كه له برساندا مردووبوون، ده‌شارده‌وه. تە‌نانه‌ت هه‌ندێ جار سه‌گ و پشیله ده‌یخواردن و شارەوانى نه‌یده‌توانى بیانشارێتە‌وه. له‌و كاتە‌دا ناوچه‌كه له‌ژێر ده‌ستی عوسمانییەكاندا بوو، پیاوه‌كانی سوڵتان و كاربه‌ده‌ستان و زه‌بتییه كه به كوردى (زه‌فتییه)یان پێ ده‌گوت، ئه‌مانه وه‌ك پۆلیسى ئێستا وابوون و كارمه‌ندى عوسمانییه‌كان بوون، ده‌هاتن ماڵ به ماڵ ده‌گه‌ڕان و له‌و سه‌رده‌مه‌دا هەر زه‌خیره و خوارده‌مه‌نییەك هه‌بوایه، به ناوى كۆمه‌ك بۆ سوپاى عوسمانى ده‌یانبرد و كەسیش نه‌بوو ڕێگایان لێ بگرێ. ئه‌و شه‌ڕه‌ى عوسمانییه‌كان، حكوومه‌تى ئه‌ڵمانیا دژى هاوپەیمانەكان تێوه‌ى گلان، دواتریش ئه‌ڵمانیا شكستى هێنا. ده‌غڵ و دان و خۆراك و پێداویستى و زه‌خیره به‌هۆی جه‌نگه‌وه نه‌ما، پیاو نه‌ما زه‌ویی كشتوكاڵی بكێڵێ و بچێنێ، ڕۆژ نه‌بوو له سلێمانیدا خه‌ڵك له‌برسان نه‌مرێ، تە‌نانه‌ت كه‌س فریای شاردنه‌وه‌ى لاشه‌كان نه‌ده‌كه‌وت، مه‌گه‌ر هه‌ر مه‌لا حه‌مدوون، كه شاعیرێكی گه‌وره‌ى نابینای ئه‌و سه‌رده‌مه‌ى شارى سلێمانى بوو، توانیویه‌تی وه‌سفی ئه‌و ڕۆژگاره بكات، كه ده‌ڵێ:
ئـه‌م ڕۆژه چ ڕۆژێكـه، كـه دنیـا شـڵـه‌ژاوه
هه‌ر كه‌س به جه‌خارێ جگه‌رى قیمه كراوه
ڕوونیشی كردەوە: ”هه‌روه‌ها خوالێخۆشبوو مامۆستا ڕه‌فیق حیلمی له یاداشتەكەیدا، به‌وردی باسی ئه‌و نه‌هامه‌تییه‌ی ئه‌و ڕۆژگاره ده‌كات، ئا له‌م تەنگانەیه‌دا و له‌م ڕۆژگاره ڕه‌شه‌دا، خواجە كه‌ریم مه‌نجه‌ڵی له چێشتخانه‌دا بۆ هەژار و برسی و نه‌دارانى شار ڕیز ده‌كرد، به خواردن، به پاره، به جلوبه‌رگ و... هتد، توانیی كه‌لێنێكی باش له شارى برسی و بێده‌ره‌تانی سلێمانیدا بگرێ و خه‌ڵك له مردن ڕزگار بكات، ئه‌مه له كاتێكدا، كه ده‌وڵه‌مه‌ندی دیكەى وه‌ك خواجە كه‌ریم له شاره‌كه‌دا هه‌بوون و دەرگایان بە ڕووی ئەو هه‌ژارانه دادەخست، كە ڕوویان تێ ده‌كردن.
لێره‌دا پرسیارێك دێتە ئاراوه، ئایا ئه‌م پیاوه هه‌قی ئه‌وه‌ى نییه په‌یكه‌رێكی گه‌وره‌ى له گه‌ڕه‌كی (دیان)ه‌كان له شارى سلێمانیدا بۆ دروست بكرێ؟ سه‌د هه‌زار ڕه‌حمه‌ت و ئه‌وه‌نده‌ش گوڵ و گوڵزار بۆ سه‌ر گۆڕی خواجە كه‌ریمی عه‌له‌كه ده‌نێرم.“
هەروەها عه‌باس قادر سه‌عید، نووسه‌ر، بەم شێوەیە لەسەر كەریمی عەلەكە دەدوێ و دەڵێ: ”شارێك به بازووى ڕۆڵه‌كانى دروست و ئاوه‌دان كرابێت، هه‌میشه بنكه‌ى خێرخواز و پیاوچاكانه. ئه‌م شاره ڕه‌نگینه (سلێمانى) له‌وه‌تە‌ى دروست بووه تا ئه‌مڕۆ، خۆشى و ناخۆشى و ناسۆرى زۆرى چه‌شتووه، دانیشتوانه‌كه‌یشى بەرگه‌یان گرتووه. له یەكەم جه‌نگى جیهاندا كه به (سه‌فه‌ربه‌لك) ناو ئه‌برا، له جیهاندا گرانییه‌كى ئه‌وتۆ بڵاو بووه‌وه، باوك نه‌ده‌په‌رژایە سه‌ر مناڵەكانى. وڵاتە‌كه‌ى ئێمه و شاره‌كه‌یشمان به‌ده‌ر نه‌بوو له‌و گرانى و قاتوقڕی و برسێتییه، له‌گه‌ڵ ئەوەیشدا، له‌م شاره‌دا پیاوانى خێرخواز و ده‌ستڕۆیشتوو توانییان یارمه‌تیى هەژاران بده‌ن و به سه‌ر و ماڵ خزمه‌تیان بكه‌ن. كه‌سانى زۆر له‌م شاره‌دا هه‌بوون كه له قۆناغه سه‌ختە‌كاندا ده‌ستى یارمه‌تییان بۆ هه‌ژار و لێقه‌وماو و برسییه‌كانى شار و ده‌ره‌وه درێژ كردووه، بۆ نموونه، باس له یه‌كێك له‌و پیاوانه ده‌كه‌م، كه ڕۆڵێكى گه‌وره‌ى له‌و پێناوه‌دا گێڕاوه، ئه‌ویش كه‌ریمى عه‌له‌كه‌یه.“
عەباس قادر سەعید گوتیشی: ”خوالێخۆشبوو كه‌ریمى عه‌له‌كه، كه كه‌سێكى كریستیان بووه، له‌م شاره‌دا مه‌ردانه ڕۆژانه شۆرباى به‌سه‌ر هه‌ژاراندا دابه‌ش كردووه، ئه‌م پیاوه كه ده‌وڵه‌مه‌ند بووە، خاوه‌نى عه‌مبارى گه‌وره‌ى گه‌نم و جۆ بووە، هه‌میشه یارمه‌تیى هه‌ژارانى داوه و گه‌نمى به‌سه‌ریاندا دابه‌ش كردووه، بۆیه له لاى خه‌ڵكى ئه‌م شاره و تا ئێستا كه‌سانێكى زۆر ماون، كه خێرخوازى و مەردایه‌تیى ئه‌م پیاوه گه‌وره و خێره‌ومه‌نده ده‌ماوده‌م ده‌گێڕنه‌وه.“
نووسەر و هونەرمەند یاسین قادر به‌رزنجى، سەبارەت بە كەسایەتیی كەریمی عەلەكە دەڵێت: ”كاتێك ئاگرى یه‌كه‌م جه‌نگى جیهانى هه‌ڵگیرسا، گرانى و برسێتییەكى تۆقێنه‌ر ڕووى كرده نیشتمانه‌كه‌مان. به‌هۆى ئه‌وه‌شه‌وه، مردن هەڕەشه‌ى له هه‌زاران كه‌س كردووه. ئا له‌و ده‌مه‌دا، پیاوى مه‌ردى ئه‌وتۆ هه‌بووه، كه دانیشتوانى شاره‌كه‌ى له‌ژێر چنگى مه‌رگ ڕزگار كردووه و به‌هۆى ده‌وڵه‌مه‌ندى و سامانەكەیانه‌وه، یارمه‌تیى گه‌لێك خه‌ڵكى ئه‌م شارى سلێمانییه‌یان داوه. دیارترینى ئه‌و به‌خشندانەش كه‌ریمى عه‌له‌كه بووه. ئه‌م پیاوه، كه خۆى (دیان) بووه، له بنه‌ماڵه‌یه‌كى سه‌ربه‌رز و ناسراوى كوردستانه. دیاره (دیان)ەكانی دوێنێ و ئه‌مڕۆش له‌گه‌ڵ هه‌موو خۆشى و ناخۆشییه‌كى كوردستاندا ژیاون.“
بەرزنجی گوتیشی: ”كه‌ریمى عه‌له‌كه پیاوێكى زیره‌ك و نیشتمانپه‌روه‌ر و لەخۆبردوو بووه، له یەكەم جه‌نگى جیهانیدا، كه برسێتى بڵاو بووەتە‌وه، ئه‌م كەسایه‌تییه ده‌غڵودانى بێ شومارى نێو عه‌مباره‌كانى خۆى به‌سه‌ر برسى و هەژارانى شاردا دابه‌ش كردووه، هه‌روه‌ها له ماڵه‌كه‌یدا ئێواران چێشتى زۆر لێنراوه و هەژار و برسییه‌كانى شار لێیان خواردووه، ئینجا ئاوى (كارێزى حاجى عەباس)یش، كه موڵكى خۆى بووه، به بڕیارى خۆى به‌سه‌ر چه‌ند مزگه‌وتێكدا دابەش كراوه.
ئه‌م پیاوه مه‌زنه، هێنده شاره‌كه‌ى خۆشویستووه، ئازایانه گوتوویه‌تى ''من نه‌وه‌ى ئه‌م خاكه‌م و جێى ناهێڵم.''
شایانى باسە ئه‌مڕۆ یه‌كێ له شه‌قامه‌كانى سلێمانى له گه‌ڕه‌كى گۆیژه به ناوى كەریمى عه‌له‌كه‌وه ناو نراوه، ناو و یادى ئه‌م پیاوه ناسراوه هه‌میشه لاى كوردان نه‌مره و بنه‌ماڵه و نه‌وه‌كانیشى هه‌میشه به چاوى ڕێزه‌وه سه‌یر ده‌كه‌ین.
خواجە: زاراوه‌یه‌كی كۆنی ئه‌و سه‌رده‌مه‌یه كه بۆ ڕێزلێگرتنی غه‌یرەئیسلام به‌كار ده‌هێنرا.