شاخی بەمۆ.. سروشتێکی ناوازەی پڕ لە شوێنەواری مێژوویی

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

شاخی بەمۆ.. سروشتێکی ناوازەی پڕ لە شوێنەواری مێژوویی

 شاخی بەمۆ بەشێکە لە زنجیرە کێوی زاگرۆس و کەوتووەتە سەر سنووری باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان. بەرزترین شوێنی ئەم شاخە 1842مەتر بەرزە و خاوەن ژینگە و سروشتێکی ناوازەی پڕ لە شوێنەواری مێژووییە، کە بە گوتەی ژینگەپارێزان؛ زیاترین ئاژەڵی وەکوو کەڵ، پڵنگ، ئاسک، پشیلەی کێوی و ورچی قاوەیی لەخۆ گرتووە.

 لە هەزارەی سێیەم و دووەمی بەر لە زایین، لۆلۆییەکان لە داوێنی شاخی بەمۆ ژیاون. بەمۆ زۆرجار وەکوو سنوورێک بووە لەنێوان لۆلۆیی و هۆزەکانی دیکەی دەوروبەری بەمۆ، کە ئێستا، باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستانی پێکەوە گرێ داوە و لە هیچ لایەکییەوە وەکوو پێویست توێژینەوەی مێژوویی و زانستیی لەسەر شوێنەوارەکانی نەکراوە، بەڵام بۆ یەکەمجار ماڵپەڕێکی ئەمریکی بەناوی (لایۆساینس) لە ساڵی 2019 بڵاوی کردەوە؛ یەکێک لە 10 دۆزینەوە گەورە و سەمەرەکانی جیهانی لەسەر شاخی بەمۆ دۆزیوەتەوە، کە بریتییە لە دیوارێکی بەردین، بەدرێژایی 115 کیلۆمەتر لەسەر کێوی بەمۆ و دیوارەکە دەکەوێتە سەر سنووری باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان. شوێنەوارناسەکان هێشتا نازانن ئەو دیوارە بەم درێژییە، چۆن و بە چ مەبەستێک دروست کراوە، دیوارەکە چوارمەتر پانە و سێ مەتریش بەرزە.

 بەشی زۆری چیای بەمۆ دەکەوێتە قەزای سەلاسی باوەجانی، کە هاوسنوورە لەگەڵ باشووری کوردستان. خەڵکی ناوچەی باوەجانی بەم دیوارە، دیواری گاورەکان یان دیواری گاوری دەڵێن.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئیدارەی میرات و کولتووری پارێزگای کرماشان، هەر لەنزیک ئەم دیوارە لە سەلاسی باوەجانی، دوو پەیکەرەبەردی چوار هەزار ساڵە دۆزراونەتەوە، کە یەکێکە لە کۆنترین بەڵگەکان بۆ سنووری سیاسی لە جیهانی بەر لە زایین، کە مێژوویی بۆ هەزارەی دووەمی بەر لە زایین دەگەڕێتەوە. لە یەکێک لە بەردەنووسەکاندا، پادشایەک پێی خۆی خستووەتە سەر سینگی دیلێک و لەبەرامبەریەوە کەسێکی دیکە وەستاوە. لەسەر بەردەنووسی دووەمیش پادشایەک بە پۆشاکێکی درێژ هەڵکەنراوە، کە پشتوێنێکی لەپشتە و دوو رمیشی بەدەستەوە گرتووە. پێشتر بەدرێژایی سنووری نێوان سەلاسی باوەجانی تا سلێمانی، بەردەنووسی دیکەی لەمجۆرە دۆزراونەتەوە، کە پێدەچێت هی ئەو پاشایە بێت. ئەم پاشایە ناوی ئایدین سین بووە، کە پاشای سیمووروم یان ئانزابازونایە، کە لەکۆتایی هەزارەی دووەمی بەر لە زایین لە ناوچەی دیالە حکوومەتی کردووە و چەندین جار هێرشی کردووەتەسەر دانیشتوانی ناوچەکە و نەخشی خۆی لە یەکێک لە سەرکەوتنەکانی لەو شەڕانەدا بۆ یادەوەری هەڵکەندووە.

 ئەو دیوارەی ساڵی 2019 ئەمریکییەکان لە رێی وێنەی ئاسمانییەوە لەسەر سنووری باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان دۆزییانەوە، لە باکووری بەمۆ لە قەزای باوەجانییەوە دەست پێدەکات و تا گوندی ژاوەمەرگی باژێری گەیلانی رۆژاوا درێژ دەبێتەوە، بەڵام بەشێکیشی دەکەوێتە ئەو لای کێوی بەمۆ لە باشووری کوردستان. بەدرێژایی ئەم دیوارە چەندین قەڵا و بینا دروست کراون، کە پێدەچێت مەبەستی سەربازییان لەپشتەوە بێ و مێژووی دروستکردنیان بۆ سەردەمی ئەشکانی و ساسانییەکان دەگەڕێتەوە. دیوارەکە لە بەڵگە مێژووییەکانی سەدەمی عوسمانییەکان لە سەردەمی سەفەوییەکان بە دیواری کۆن ناوی هاتووە. هەروەها لە ساڵی 1850 سەربازێکی رووسی بەناو سەرهەنگ چریکۆف، کە سنووری نێوان ئێران و عوسمانییەکانی دیاری کردووە، بەمجۆرە باسی دەکات: "لەسەر رێگای سەرپێڵی زەهاو بۆ بەغدا، پاشماوەی دیوارێکی درێژ ماوە، کە لە چەپەری سەربازیی دەچێت."

 دروستکردنی دیوارێک بەم درێژییە، کە بۆ دروستکردنی یەك ملیۆن مەتری چوارگۆشە بەردی بۆ تەرخان کراوە، لە توانای خەڵکی گوندێک یان شارێک بەدەر بووە، بۆیە دوور نییە پلانێکی تۆکمەی حکوومەتێکی گەورەی ئەو سەردەمەی لەپشتەوە بووبێ.