پوران دوێت.. یەكێك لە كۆنترین شاژنەكانی مێژوو

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

پوران دوێت.. یەكێك لە كۆنترین شاژنەكانی مێژوو

پوران دوخت، یان پوران دوێت، کچی خەسرەوپەروێز پاشای ساسانییەکان؛ لە کۆنترین پاشاکای ژنە لە جیهاندا. (دوێت) وشەیەکی رەسەنی کوردییە، بە مانای کچ. پوران دوێت لە ساڵی 629ی زایینی، بە ئامادەبوونی سەرجەم کەسایەتییە حکوومی و ناحکوومییەکانی وڵات، تاجی پاشایەتیی ساسانییەکانی لەسەر نا و کاروباری حکوومەتی ساسانییەکانی گرتە ئەستۆ. ئەگەرچی حکوومەتەکەی ساڵێکی خایاند، بەڵام ئەم ژنە کوردە؛ یەکەم ژنە لە مێژوودا، تاجی پاشایی لەسەر نابێ و بە فەرمی دەسەڵاتی وڵاتێکی گرتبێتە دەست.

 هەڵبەت هەندێ لە مێژوونووسانی وەکوو سبئووس پێیان وایە؛ پوران دوێت، دوو ساڵ پادشایی کردووە. کەسانی وەکوو بەلعەمی دەڵێن؛ ساڵێک و چوار مانگ پاشایی کردووە و دواتر لەلایەن دەسەڵاتدارانی وڵاتەوە کوژراوە، بەڵام فیردەوسی شاعیری ناسراوی فارس دەڵێت: پوران دوێت دوای شەش مانگ لە حوکمکردنی، لە هەفتەیەکدا بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کردووە و ناوێکی باشی دوای خۆی بەجێ هێشتووە.

چو شش ماە بگزشت بر کار اوی

 ببند ناگهان کژ پرگار اوی

 بە یک هفتە بیمار گشت و بمرد

 ابا خویشتن نام نیکی ببرد

ئەم ژنە کوردە لە رێوڕەسمی وەرگرتنی تاجی (شا)ییدا رایگەیاند، كە هەموو تواناکانی بۆ نەهێشتنی هەژاری دەخاتە گەڕ و ناهێڵێ هیچ هەژارێک لە وڵات بمێنێ و دەسەڵات و شکۆ و سەقامگیری بۆ ساسانییەکان دەگەڕێنێتەوە.

 وێنەی ئەم ژنە کوردە وەکوو یەکەم ژنەپاشای جیهان، لەسەر پوولەکانی ئەو سەردەمە هەڵکەنراوە. دایکی پوران ناوی ماریا (مریەم) کچی قەیسەری رۆما بوو؛ بۆیە پوران دوێت، لەسەری باوکەوە کورد و لەسەری دایکەوە ئەورووپی بووە. یەکێک لە کارەکانی پوران دوێت بۆ گێڕانەوەی ئاشتی و سەقامگیری، ناردنی شاندێک بووە بۆ ئیمپراتۆریای رۆما، تا ناکۆکییەکانیان بخەنە لا و ئاشت ببنەوە.

 بەگوێرەی ئەو وێنەیەی لەسەر پوولەکانی ئەو سەردەمە هەڵکەنراوە؛ پوران دوێت، قژی لوول بووە و پەلکی بەستووە و پەلکەکانی بەلاشانیدا شۆڕ کردوونەتەوە. خشڵی لە زێڕ و زیو بە پەلکەکانیدا بەستووە و تاجی شاهانەی لەسەر ناوە. نەخشی خۆر و مانگ و ئەستێرە لەسەر تاجەکەی هەڵکەنراوە و وشەی پوران یان بورانۆ، لەسەر پوولەکان هەڵکەنراوە.