شوێنەوارەکانی کوردستان لەناو مۆزەخانەی میترۆپۆلیتین

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

شوێنەوارەکانی کوردستان لەناو مۆزەخانەی میترۆپۆلیتین

 مۆزەخانەی میترۆپۆلیتن بۆ هونەر (metropolitan museum of art)، یەکێکە لە ناسراوترین مۆزەخانەکانی جیهان، کە دەگمەنترین شوێنەوارەکانی دنیای لەخۆ گرتووە. ئەم مۆزەخانەیە کەوتووەتە شاری نیۆیۆرک لە ئەمریکا و ساڵی 1872 بە فەرمی کراوەتەوە.

ژمارەیەک لە شوێنەوارە ناسراوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەناو ئەم مۆزەخانە دەپارێزرێن، کە گرنگترینیان بریتین لە: - گای دانیشتوو؛ یەکێکە لە شوێنەوارە ناسراوەکانی ناو ئەم مۆزەخانەیە، کە مێژووی بۆ پێنج هەزار ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە و لە لوڕستان، یان ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان دۆزراوەتەوە. شکڵی دانیشتنی گایەکە لە دانیشتنی مرۆڤ دەچێت و یەکێکە لەو شوێنەوارانەی، کە پێکهاتێکە لە وێنەی مرۆڤ و ئاژەڵ و دروستکردنی ئەم چەشنە پەیکەرە لەو سەردەمەدا لە کوردستان باو بووە. ئەم گامرۆڤە، پۆشاکی مرۆڤی لەبەردایە و جامێکی بەدەستەوەیە.

 - مرۆڤی شاخدار، کە مێژووی بۆ پێنج هەزار ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە و لە کانزای مس دروست کراوە. ئەم پەیکەرە، کە مێژووی دروستکردنی بۆ سەردەمی ئیلامییەکان دەگەڕێتەوە، پێڵاو و شاخەکانی سەرنجڕاکێشن. - کڵاوی نەخشدار، کە مێژووی دروستکردنی بۆ نزیکەی 3500 ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە و مێژووی بۆ سەردەمی ئیلامییەکان دەگەڕێتەوە. لەسەر ئەم کڵاوە نەخشی پیاوێک و دوو ژن هەکەنراوە، کە پیاوەکە لە ناوەند راوستاوە و دوو ژنەکە ئەم لاو و ئەولایان گرتووە. نەخشی باڵندەیەکیش لەسەر کڵاوەکە هەڵکەنراوە، کە باڵی بەسەر دوو ژن و پیاوەکەدا راکێشاوە. ئەم کڵاوە لە بۆنە و رێوڕەسمەکاندا بەکار هاتووە و لە لوڕستان دۆزراوەتەوە.

 – جامی بەراز، مێژووی بۆ پێنج هەزار ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە و لە رۆژهەڵاتی کوردستان دۆزراوەتەوە. ئەم جامە بۆ خواردنەوە بەکار هاتووە و گڵێنەیەکی نەخشدارە.

 - تاوە، یان مەنجەڵی سێ پێ، ئەم شوێنەوارە یەکێکە لەو سەدان شوێنەوارەی، لە تەپۆڵکەی حەسەنلووی شاری نەغەدەی رۆژهەڵاتی کوردستان دۆزراوەتەوە و مێژووی بۆ سەدەی نۆیەمی بەر لە زایین دەگەڕێتەوە. ئەم شوێنەوارە لەناو گۆڕێکدا دۆزراوەتەوە و گڵینەیە.