چیرۆکی زەماوەندی پیرشالیار

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

 زەماوەندی پیرشالیار، یەکێکە لە کۆنترین جەژنەکانی کوردستان، کە بۆ شالیاری کوڕی جاماسپی زەردەشتیی دەگێڕدرێت. پیرشالیار یەکێک بووە لە پیاوە ئایینییەکانی زەردەشتیی، لە سەردەمی ساسانییەکان.

 سەدان ساڵە چیرۆكیک لەسەر زاری خەڵکی هەورامانە، لەبارەی بەڕێوەچوونی ئەم زەماوەندە، کە گوایە؛ کچی شای بوخارا، کە ناوی (شابەهارخاتوون) بووە، نەخۆش دەکەوێت و ناتوانێ قسە بکا و هیچیش نابیستێ. هیچ دکتۆرێک لە سەرانسەری وڵات ناتوانێ چارەسەری بکات. شای بوخارا رایدەگەیەنێت، هەر کەس لە هەر شوێنێک بتوانێ کچەکەم چارەسەر بکات؛ لێی مارە دەکەم و خۆم زەماوەندی بۆ دەگێڕم.

 ناوبانگی کەرامەت و مەزنیی پیرشالیار دەگاتە گوێی پاشا، بۆیە کچ و براکەی بۆ چارەسەر رەوانەی هەورامان دەکات. لەگەڵ نزیکبوونەوەیان بە هەورامان، گوێچکەکانی شابەهارخاتوون دەبیستن و کاتێک دەگەنە بەردەم ماڵەکەی پیرشالیار زمانیشی دەکەوێتەگۆ و دەنگی دێوێک لەناو تەنوورێکەوە دەبیستێ، کە تائێستا بە تەنووری دێوەکان بەناوبانگە. دێوەکە بە دیتنی شابەهار خاتوون، بە هاوارێکەوە دەکەوێتە سەر زەوی و دەمرێ و شابەهارخاتوون دەکەوێتە قسەکردن.

 پادشا بەڵێنەکەی دەباتە سەر و کچەکەی لە پیرشالیار مارە دەکات. زەماوەندێکی گەورە لە هەورامان بەڕێوە دەچێت، کە تائێستا هەموو ساڵێک لە نیوەی مانگی رێبەندان، بۆ ماوەی سێ رۆژ بەڕێوەی دەبەن.

 نەریتی زەماوەندی پیرشالیار، هەفتەیەک بەر لە دەستپێکی زەماوەندەکە؛ بە دابەشکردنی گوێزی باخەکەی پیرشالیار لە هەورامانی تەخت و گوندەکانی دەوروبەری دەست پێدەکات.

 رۆژانی چوارشەممە، پێنجشەممە و هەینی، ئەو رۆژانەن زەماوەندەکەی تێیدا بەڕێوە دەچێت.

 نەریتی کڵاوڕۆژنە یەکێکی دیکەیە لە نەریتەکانی زەماوەندەکە، کە لە گەڕەکی سەرپیرەوە دەست پێدەکات و منداڵان ماڵ بە ماڵ دەگەڕێن و خاوەن ماڵەکانیش بە بەخشینی دیارییەک بەڕێیان دەکەن.

 قوربانیکردنیش نەریتێکی دیکەیە، کە بەیانیی زوو لەسەر بانی ماڵەکەی پیرشالیارەوە دەست پێدەکات. گۆشتی قوربانییەکان تێکەڵی حەوت جۆر دانەوێڵە دەکەن و شلەیەکی تایبەتی بەناو (وڵەوشین) پێ دروست دەکەن و بەسەر ئامادەبوواندا دابەشی دەكەن. لەگەڵ دروستبوونی شلەکە، نەریتی دەفژەنین و حەیکردن دەست پێدەکات. حەیکردن و دەفژەنین لە بەرەبەیانی پێنجشەممە تا ئێوارەی ئەو رۆژە بەردەوام دەبێ. پاش دەفژەنین، ئامادەبووان دەچنە ماڵی پیرشالیار و شەو لەناو ماڵەکەی بە شیعرخوێندنەوە و تالیلە و زیکر رۆژ دەکەنەوە. رۆژی هەینی، ژنانی گوند، کولێرەیەک لە ئارد و گوێز و بەهارات بەناوی (کولێرە مەژگە) یان (گەتەمەژگە) دروست دەکەن و لەگەڵ ماست بە بەشداریی خەڵک و سەرجەم ئامادەبوانی زەماوەندەکە، بەرەو مەزارگەی پیرشالیار دەکەونە رێ.

 لەسەر مەزارگەکە خواردنی گەتەمەژگە و ماست لەگەڵ حەیکردن دەست پێدەکات. زەماوەندی پیرشالیار جیا لە زستان، لە بەهاریش بەڕێوە دەچێت، کە کۆمسای پێدەڵێن و تێیدا خەڵکی هەورامانی تەخت بە دروستکردنی یاپراخ دەچنە سەر مەزاری پیرشالیار و ئەو رۆژە دەکەنە جەژن و شایی.