٦ی ئاداری ٢٠٢٣، ٤٨ ساڵ بەسەر ڕێككه‌وتننامه‌ى جه‌زائیردا تێدەپەڕێت، ئه‌و پیلانه گه‌وره نێوده‌وڵه‌تییه‌ى له 6ی3ی1975دا گه‌لى كورد له باشوور و شۆڕشى ئه‌یلوولى تێدا كرایه قوربانى، له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌یه‌كى سنووریى (وشكانى و ئاوى و ئه‌منى) كه لەنێوان عێراق و ئێران‌دا هەبوو، له‌سه‌ر حسابى كورد. ره‌نگه بۆ ماوه‌یه‌كى كاتى و ته‌نیا چوار ساڵ پێى چاره‌سه‌ر كرا، تا له‌و رێگه‌یه‌وه كورد و شۆڕشه‌كه‌ى ببێته قوربانى و له‌ناوى ببه‌ن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى له ناوه‌ڕۆكدا ڕێككه‌وتنه‌كه بۆ به‌لاداخستنى ناكۆكییه‌كانى نێوان ئه‌و دوو وڵاته بوو، به‌ڵام زه‌ره‌رمه‌ندترین لایه‌ن، كورد و جووڵانه‌وه‌كه‌ى بوو له باشوورى كوردستان. دواتریش شه‌ڕى هه‌شت ساڵه‌ى عێراق - ئێرانى به‌دواى خۆیدا هێنا و هەریەكە لە عێراق و ئێران، تووشی زیانێكی زۆری ماڵی و مرۆیی بوون.
د.حوسێن شه‌هید زاده، باڵوێزى پێشووى ئێران له عێراق له ساڵى 1975، به‌و پێیه‌ى دیپلۆماتكار بووه و ئاگادارى رووداوه گرنگه‌كان بووه، یا ره‌نگه هه‌ندێ جار كاره‌كته‌ریش بووبێ. له یاده‌وه‌رییه‌كانیدا سه‌باره‌ت به یه‌كێك له رووداوه گرنگ و مێژووییه‌كان دواوه، كه ڕێككه‌وتننامه‌كه‌ى جه‌زائیرە و لاى كورد به (پیلانى شوومى جه‌زائیر) به‌ناوبانگه، لاى نه‌یارانى كوردیش ناسراو به (په‌یماننامه‌ى به‌غداد). ئەو باڵوێزە بابه‌تێكى به زمانى فارسى بڵاو كردووه‌ته‌وه، ڕۆژنامه‌نووسى كورد (محه‌مه‌د عه‌بدوڵا) وه‌ریگێڕاوه‌ته سه‌ر زمانى كوردى و له ژماره (374)ى 13ی3ی2018ى هه‌فته‌نامه‌ى (باس) بڵاوى كردووه‌ته‌وه. له‌به‌ر گرنگیى بابه‌ته‌كه، پێم باش بوو ڕا‌وبۆچوونى خۆمى له‌سه‌ر بده‌م و پاشان له دووتوێى كتێبێكدا وه‌ك خۆى بڵاوی بكه‌ینه‌وه.
د.حوسێن شه‌هیدزاده، له‌م نووسینه‌یدا سه‌باره‌ت به ڕێككه‌وتننامه‌ى جه‌زائیر، كۆمه‌ڵێك نهێنی و ڕاستی ده‌خاتە ڕوو. له هه‌مان كاتیش‌دا گه‌واهى بۆ قوربانیدان و ئازایه‌تى و له‌خۆبردوویى و گیانبه‌خشینى پێشمه‌رگه ده‌دات كه به به‌راورد له‌گه‌ڵ سه‌ربازانى عێراقیدا زۆر جیاوازن، پێشمه‌رگه بڕوا و متمانه‌یان به كێشه‌ى ڕه‌واى خۆیان هه‌یه و به ئیراده‌یه‌كى تۆكمه‌وه، تا ڕاده‌ى گیانبه‌خشین خه‌باتى بۆ ده‌كه‌ن. له هه‌مان كاتدا، رۆڵى سەركردەی مێژوویی كوردستان مسته‌فا بارزانییش له‌به‌رچاو ده‌گرێت و خه‌باته‌كه‌ى به‌رز ده‌نرخێنێ و به (هه‌ڵۆى چیاكان) و (نه‌به‌رد)ى ده‌نرخێنێ و هه‌ڵسه‌نگاندنى به‌رزى بۆ ده‌كات.
هه‌رچه‌نده د. حوسێن دان به كۆمه‌ڵێك ڕاستیدا ده‌نێت و تا راده‌یه‌كى كه‌م به‌ویژدانه‌وه له كێشه‌كان ده‌ڕوانێت و خوێندنه‌وه‌یه‌كى دروستى بۆ زۆربه‌یان هه‌یه، به‌ڵام تاوانباركردن، یا ته‌نانه‌ت گله‌یى و گازنده به‌رامبه‌ر به رژێمى شاى ئێران و پشتكردنه كورد و بارزانى و شۆڕشه‌كه‌ى، به ڕاست نازانێ و به نهنگیى ده‌زانێت.
له‌م ڕووه‌وه د. حوسێن ده‌رفه‌ت نادات و ناتوانێت بۆ تۆماركردنى مێژوو بێلایه‌نانه ڕه‌فتار بكات، یه‌كسه‌ر پاساوى بێبنه‌ماى، خۆیان گوته‌نى بێ ئه‌رزش، بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانى ئه‌و سه‌رده‌مه‌ى ئێران دێنێته‌وه و هه‌وڵى دهربازكردنیان ده‌دات، له‌و گه‌له‌كۆمه‌كی و ئه‌و پیلانه گه‌وره نێودهوڵتییهى ده‌رهه‌ق به گه‌لى كورد، كه ئه‌و بهناچاریى ده‌زانێت كه ئێران وه‌ها كارێكى كردووه، به‌رگرییان لێ ده‌كا و وا پیشانى ده‌دا، ئێران زۆر خاترى كورد و شۆڕشهكهیى گرتووه و ته‌نانه‌ت هاوكارییشى كردوون، به چه‌ند نموونه‌یه‌كى بچووك باسى ده‌كات.
ده‌ڵێت: ”له‌گه‌ڵ ئیمزاكردنى رێككه‌وتنه‌كه، هێشتا ئێران هاوكارى شۆڕشى كورد بوو، به‌وه‌ى (140) هه‌زار ئاواره و په‌نابه‌ریان گرتە خۆ و به‌ڵێنیان له عێراق وه‌رگرت كه ئه‌و پهنابارانهى ده‌گه‌ڕێنه‌وه ئازار نه‌درێن و راوه‌دوو نه‌نرێن، ئێران له‌وه زیاتر هیچى پێ نه‌كرا.“
به‌ڵام له ڕاستیدا ئه‌و پاساوه به لاى كورده‌وه هیچ ئه‌رزشى نییه. وه‌ك له دیدارێكى تهلەڤزیۆنیى كه‌ناڵى (m.b.c)ی عه‌ره‌بیدا، سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، ئاماژه به‌وه ده‌كات: "كه شاى ئێران له‌و سه‌رده‌مه‌دا خه‌نجه‌رى له‌پشته‌وه له ئێمه دا و خیانه‌تى له ئێمه كرد. له‌به‌ر ئه‌وه‌ش من جدى بووم، هاوكاریى هه‌ر كه‌سێ بكه‌م، كه كارێك دژى شاى ئێران بكات."
هه‌روه‌ها ئه‌م ڕێككه‌وتنه سهودایهكى ئێرانى - عێراقى بوو له‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌یى كورد. هاوكات له‌گه‌ڵ مۆركردنى ڕێككه‌وتنه‌كه‌دا، حكوومه‌تى ئێران هه‌موو یارمه‌تییه‌كانى له كورد بڕى و له‌ژێر ڕه‌حمه‌تى سوپاى عێراقیدا به‌جێى هێشت، هه‌ر ڕۆژێك دواتر (7ی3ی1975) ئێران چه‌كه قورسه‌كانى وه‌ك تۆپ و دژەفڕۆكە و تفاقه سه‌ربازییه‌كانى سوپاى خۆى كێشایه‌وه به‌ره‌و ئێران و هه‌موویان به به‌رده‌م باره‌گاى بارزانیدا تێپه‌ڕین.
نووسه‌ر و لێكۆڵه‌ر حامید گه‌وهه‌رى، سه‌باره‌ت به‌و رێككه‌وتنه ده‌نووسێت: "سه‌رۆكى هه‌موو ئه‌و وڵاتانه له‌سه‌ر ئه‌وه هاوده‌نگ بوون كه سه‌ددام و شاى ئێران، له جه‌زائیر به یه‌ك بگه‌ن و له‌سه‌ر حیسابى نه‌ته‌وه‌ى كورد رێك بكه‌ون. شاى ئێران هاوكات له‌گه‌ڵ ناردنى تۆپى قورس و مووشه‌كى دژه‌فڕۆكه بۆ كوردستان و له دژیان، چه‌ندان كهمپیشى بۆ خێزانى پێشمه‌رگه‌كان و خه‌ڵكى ئاواره‌ى باشوورى كوردستان، له قه‌سرى شیرینه‌وه تا ورمێ كرده‌وه كه كورده ئاواره‌كانى وه‌ك بارمته له‌ده‌ستدا بن، كه كۆسپ نه‌خه‌نه به‌ر رێككهوتنەكەى له‌گه‌ڵ سه‌ددام.
ڕۆژی 26ی 2ی 1975، بارزانی له‌گه‌ڵ د. مه‌حموود عوسمان و موحسین دزه‌یی به‌ره‌و تاران به‌ڕێ كه‌وت، به‌ڵام نه‌یتوانی چاوی به شا بكه‌وێ و ناچار بوو بۆ بینینی (محه‌مه‌د ره‌زا شا) ماوه‌یه‌ك له تاران بمێنێته‌وه. بارزانی له تاران بوو كه شا ڕۆژی 4ی 3ی 1975 چوو بۆ جه‌زائیر، تا به نێوبژیوانیی (هه‌واری بۆمیدیەن) سه‌رۆكی جه‌زائیر، له‌گه‌ڵ سه‌دام حوسێن په‌یمانی بهیهكگهیشتنهكهی واژۆ بكات. دوای واژۆكردنی كه خه‌نجه‌رێك بوو به هاوكاریی ئه‌مه‌ریكا له‌پشته‌وه له پشتی كوردیان دا، ڕۆژی 6ی 3ی 1975، شا گه‌ڕایه‌وه بۆ ئێران و ڕێككه‌وتنه‌كه‌یان بڵاو كرده‌وه."
هاوكات له‌گه‌ڵ بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕێككه‌وتنی جه‌زائیر، سه‌ركردایه‌تیی سوپای ئێران، فه‌رمانی دا به هێزه‌كانی تۆپخانه و مووشه‌ك كه له سنووری ده‌ستكردی عێراق بكشێنه‌وه. له‌مباره‌یه‌وه كاك ئیدریس بارزانی، له نامه‌یه‌كیدا به مێژووی 7ی3ی1975 بۆ سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی ده‌نووسێت: ”برای ئازیز مه‌سعود بارزانیی هێژا.. دوابه‌دوای ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ی له‌نێوان شای ئێران و سه‌دام ڕووی دا، سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ هه‌ستاین، دیتمان هه‌موو تۆپه دژه ئاسمانییه‌كان ده‌كشێنرێنه‌وه بۆ خانێ، لێم پرسین، گوتیان ئه‌وان هیچ نازانن، ڕه‌نگه بیانگۆڕن، به‌ڵام ئه‌مه درۆیه. له محێدینیشم پرسی، ئه‌ویش هیچ زانیارییه‌كی نه‌بوو. ده‌بینین هه‌موو تۆپه‌كان ده‌كشێنرێنه‌وه و دهبرێنەوە خانێ. له ڕێگه‌ی محێدینه‌وه بروسكهنامهم بۆ باوكم و بۆ ناوهندكهیان ناردووه، داوامان لێ كردوون هۆی ئه‌و گۆڕانه له‌پڕه ڕوون بكه‌نه‌وه.“
له درێژه‌ى نامه‌كه‌یدا، كاك ئیدریس بارزانى، ده‌نووسێت: ”(مهام) پێی گوتم كه سه‌یادییان پێی ڕاگه‌یاندووه، ئه‌وه‌م بۆ دووپات بكاته‌وه كه ئه‌وان ئێمه له مه‌یدانه‌كه‌دا به‌ته‌نیا جێ ناهێڵن، گوتم كشانه‌وه به‌م شێوه‌یه پێچه‌وانه‌ی بنه‌مای جێ نههێشتنمانه به‌ته‌نیا له مه‌یدانه‌كه‌دا و داخی زۆری خۆمم بۆ ده‌ربڕی و پێم گوتن، ئه‌گه‌ر ژیانێكی كهرامهتمهندمان وه‌گیر نه‌كه‌وت، ده‌كرێ مه‌رگ به شه‌رافه‌تمه‌ندانه قبووڵ بكه‌ین.“
هه‌روه‌ها گه‌وهه‌رى ده‌ڵێت: "له 9ی 3ی 1975، موحسین دزه‌یی، كه له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانی چووبوو بۆ تاران، به نامه‌یه‌كی د. مه‌حموود عوسمان بۆ سه‌ركردایه‌تیی پارتی و باره‌گای بارزانی گه‌ڕایه‌وه بۆ كوردستان، كه سه‌ركردایه‌تیی پارتی دیمو‌كراتى كوردستان و شۆڕشی كوردستان له پیلانه‌كانی دوژمن ئاگادار بكاته‌وه و ڕێوشوێنی پێویستیان بۆبگرنه به‌ر.“
وه‌ك گه‌وهه‌رى ئاماژه‌ى پێ ده‌كات: "سه‌ره‌نجام (محه‌مه‌د ره‌زا شا) ڕۆژی 11ی 3ی 1975، له پێنجه‌مین ساڵڕۆژی ڕێككه‌وتنی ئاداری 1970ی نێوان حكوومه‌تی به‌عس و سه‌ركردایه‌تیی شۆڕشی كوردستان، چاوی به بارزانی كه‌وت."
(ئه‌سه‌دوڵا عه‌له‌م) سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌وكاتی ئێران، له یادداشته‌كانیدا ئاماژه بۆ ئه‌و دیداره‌ی شا له‌گه‌ڵ بارزانی ده‌كات و ده‌ڵێت: ”ئه‌و چاوپێككهوتنه له‌و ڕۆژه‌دا دیاری كرا، كه شا تۆڵه‌ی خۆی به‌رامبه‌ر ڕێككه‌وتنی 11ی3ی1970ی نێوان بارزانی و ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن ئه‌لبه‌كر سه‌ركۆماری عێراق، بكاته‌وه."
ئه‌وه‌ى جێى سه‌رنجه، شێوه‌ى لهخۆباییانهى شاى ئێران له كاتى پێڕاگه‌یاندنى بڕیاره‌كه، وه‌ك تۆڵه‌ى ئه‌و زه‌بره بێت كه به ڕێككه‌وتنى 11ى ئازارى 1970 به ئێران كه‌وت، چونكه وه‌ك به بارزانیى گوتبوو، چۆن ئێوه به‌رژه‌وه‌ندیتان واى خواست له ڕێككه‌وتننامه‌ى 11ى ئازارى 1970 له‌گه‌ڵ عێراق ڕێك بكه‌ون، ئه‌وا ئیمڕۆش له به‌رژه‌وه‌ندیى گه‌لى ئێراندایه، كه له‌گه‌ڵیان ڕێك بكه‌وین. هه‌روه‌ك نیگه‌رانییش باڵى به‌سه‌ر شۆڕش كێشا، چونكه له لایه‌ك نه‌ده‌زانرا داهاتووى شۆڕش چى ده‌بێ و له‌لایه‌كیش ئه‌و كاته بارزانى له ئێران بوو و ترسى ئه‌وه هه‌بوو ئێران ڕێگه‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى نه‌دا بۆ كوردستان.
هه‌ر بۆیه به‌لاى كورده‌وه، ئه‌وانه‌ى هاوبه‌ش و هاوكار و به‌شدار بوون له‌و پیلانه شوومه‌دا، تاوانبارى به‌رده‌م مێژووى نه‌ته‌وه‌ى كوردن، لاى هه‌موو تاكێكى كورد به خیانه‌تكارى پله یه‌ك داده‌نرێن. له ده‌ره‌نجامى ئه‌و سته‌مه گه‌وره‌یه‌ى ده‌رهه‌ق به كورد كرا، به‌شدارانى ئه‌و پیلانه (سه‌دام حوسین و هوارى بۆمیدیه‌ن و محه‌مه‌د ڕه‌زا شا) به‌و ده‌رده چوون كه هه‌موان بینیمان.