له ساڵانى رابردوودا، (عومه‌ر عه‌لى ئه‌مین) یه‌كێك بووه له ڕۆشنبیر و هونه‌مه‌رنده دیار و ناودار و ده‌ستڕه‌نگین و به‌ئه‌زموون و داهێنه‌ره‌كانى نێو هونه‌رمه‌ندان و نووسه‌رانى كورد له شارى سلێمانی و كوردستاندا، كه پتر له نیو سه‌ده له مه‌یدانى هونه‌ردا كارى گرنگى پێشكه‌ش به نه‌وه‌كانمان كردووه و خزمه‌تێكى باشى بوارى ڕ‌ۆشنبیرى و هونەر و كه‌له‌پوورى كوردیى كردووه، به‌تایبه‌تى له بوارى په‌روه‌رده‌یی و (شانۆ، نووسین، ده‌رهێنان، نواندن، نیگه‌ركێشان) و.. هتد.
له ژیانى هونه‌ریى خۆیدا، وه‌ك مامۆستا و هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ر، چه‌ندین كارى به‌نرخ و داهێنه‌رانه‌ى تازه‌ى له‌و سه‌رده‌مانه‌ى پێشوودا پێشكه‌ش به ڕۆڵه‌كانى گه‌له‌كه‌ى كردووه.
به‌شدارییه‌كى بێوێنه‌ى هه‌بووه و ڕۆڵى له بنیاتنانى كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى شارستانیى پێشكه‌وتوودا گێڕاوه و جێده‌ستى له‌و ڕه‌وته‌دا دیاره. جگه له‌وه‌ش، وه‌ك قه‌ڵه‌مێكى به‌بڕشتى بوارى نووسین، زۆر ده‌قى شانۆیى و كه‌له‌پوورى و هونه‌ری، به‌تایبه‌ت له بوارى منداڵاندا نووسیوه.
هه‌ر له ته‌مه‌نى مێردمنداڵییه‌وه، وه‌ك عاشقێكى ڕه‌سه‌نى شانۆى كوردى هاتووه‌ته گۆڕه‌پانه‌كه و له بواره جیاجیاكاندا و له مێژووشدا لاپه‌ڕه‌یه‌كى گه‌ش و زێڕ‌ینى بۆ خۆى تۆمار كردووه و وه‌ك ئه‌ستێره‌یه‌كى دره‌وشاوه‌ى بوارى هونه‌ره‌كه هه‌رگیز ئاوا نابێت. هه‌میشه خه‌ڵكى بۆ خزمه‌تكردن به هونه‌ر و ڕ‌ۆشنبیرى هان داوه و خۆیشى پشتگیریى كه‌سانى به‌توانا و لێهاتووى كردووه، هانده‌رى ژماره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵكى بووه و كه‌سانى وه‌ك خاتوو (گه‌زیزه)ی بۆ به‌ره‌وپێشبردنى بوارى هونه‌رى كوردى پێگه‌یاندووه.
خاتوو (گه‌زیزه)، له نووسینێكیدا سه‌باره‌ت به باوكى خوالێخۆشبوو‌ى ده‌ڵێت: "مامۆستا گه‌وره‌كه‌م، له ڕۆحى نیشتمانپه‌روه‌ریدا هه‌موو ته‌مه‌نت به‌خشنده بوویت، له دنیاى هونه‌رى شێوه‌كاریدا هورنه‌مه‌ندێكى فڵچه به‌ده‌ستى عاشق به سروشتى كوردستان بوویت، له په‌روه‌رده و خوێندندا نموونه‌ى مامۆستای لێهاتوو و به‌ئه‌مه‌ك بوویت، له پانتایى شانۆدا نووسه‌رێكى به‌رده‌وام و خاوه‌ن تیۆرێكى به‌پێز و ئه‌كته‌رێكى لێهاتوو بوویت، له هاوڕێیه‌تیشدا مرۆڤێكى به‌رزى ناو كۆمه‌ڵ بوویت."
مامۆستا عومه‌رى عه‌لى ئه‌مین، ساڵى 1926 له شارى سلێمانى له‌دایك بووه و قۆناغه‌كانى خوێندنى سه‌ره‌تایى و ناوه‌ندى و ئاماده‌ییشى هه‌ر له‌وێ ته‌واو كردووه، ساڵى 1946 خانه‌ى مامۆستایانى له به‌غدا ته‌واو كردووه و بڕوانامه‌ى مامۆستایى وه‌رگرتووه. دوای ماوه‌یه‌كى كه‌م له دامه‌زرانى، به‌هۆى چالاكیى سیاسییه‌وه لە كارەكەی دەركراوە، بۆیه چووه‌ته به‌غدا و له قوتابخانه‌ى ئه‌هلیى فه‌یزییه، وه‌كوو وانەبێژ وانه‌ى گوتووەته‌وه. به‌هۆى چالاكیى سیاسییه‌وه، زیندانى كراوه و پاشانیش بۆ ناوچه‌ى (سوق ئه‌لشیوخ)ى شارى ناسڕییه دوور خراوەتەوە و ماوه‌یه‌كى زۆر له باشوورى عێراق مامۆستا بووە، له قۆناغه‌كانى دیكه‌ى ژیانیدا و له‌سه‌ر هه‌ڵوێستى نیشتمانی، بۆ شار و شارۆچكه‌كانى دیكه‌ى عێراق دوور خراوه‌ته‌وه.
له سه‌ره‌تای په‌نجاكانى سه‌ده‌ى ڕابردووه‌وه، وه‌كوو هونه‌رمه‌ندێكى شێوه‌كار ده‌ستى به وێنه‌كێشان كردووه و هه‌ر زووش به‌هۆى ده‌ستڕه‌نگینى و رێچكەى تایبه‌ت و ته‌كنیكى كاره‌كانیه‌وه، خۆى ناساندووه.
له كایه‌ى هونه‌رى شێوه‌كاریدا یه‌كێكه له‌و ناوه دیارانه‌ى كه دڵسۆزانه له‌گه‌ڵ چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكى دیكه، نەخش و جێده‌ستیان به سه‌ره‌تاكانى بزووتنه‌وه‌ى هونه‌رى شێوه‌كارییه‌وه به‌جێ هێشتووه و ساده و ساكاریى هونه‌رى وێنه‌كێشانیان له ئاستى میللییه‌وه گواستووه‌ته‌وه بۆ ناو نمایشگا و پێشانگا هونه‌رییه‌كان و پاشانیش هه‌وڵه‌كانیان بووه‌ته هۆى ئه‌وه‌ى كه هونه‌رى شێوه‌كاریى كوردى بگاته ئه‌و ئاسته‌ى، كه ئێستا پێى گه‌یشتووه.
وه‌ك خاتوو گه‌زیزه‌ی كچی مامۆستا عومه‌ر، ده‌ڵێت: "جگه له چه‌ند هه‌وڵێكى تایبه‌ت، له بوارى له چاپدانی وێنه و بڵاوكردنه‌وه‌ى به‌رفراوانى ئه‌م هونه‌ره، جگه له چه‌ند لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كى گرنگ، سه‌باره‌ت به كولتوورى نه‌خشاندن و نیگاركێشان و به‌دواداچوون و ساغكردنه‌وه‌ى چه‌ندین نموونه له فۆلكلۆرى كوردیدا، به فڵچه‌ى خۆى، چه‌ند تابلۆیه‌كى زه‌یتى و ئاویی ناوازه‌ى به‌جێ هێشتووه و هێندێك له‌و تابلۆیانه‌ش به‌رهه‌مى شه‌سته‌كانى سه‌ده‌ى ڕابردوون و تا ئێستا وه‌كوو شاكارێكى هونه‌رى پارێزراون."
سه‌وداى مامۆستا عومه‌ر له‌گه‌ڵ هونه‌رى نواندن و شانۆدا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵى 1938، به‌ڵام یه‌كه‌م به‌رهه‌مى شانۆیى، كه به سه‌ره‌تاى چالاكییه‌كانى خۆى دایده‌نێت، شانۆیى (خه‌لیلى كافر)ه، كه له ساڵى 1946دا پێشكه‌شى كردووه و هه‌ر خۆیشى ئه‌ركى ئاماده‌كردن و ده‌رهێنان و نواندنى له‌ئه‌ستۆ گرتووه.
له كۆتایى ساڵانى شه‌سته‌كانه‌وه، له بوارى هونه‌رى شێوه‌كارییه‌وه گواستوویه‌تییه‌وه بۆ شانۆ و نواندن و له ساڵى 1969دا یه‌كێك بووه له دامه‌زرێنه‌ره سه‌رەكییه‌كانى تیپى مۆسیقا و نواندنى سلێمانى و له یه‌كه‌مین خول و ده‌سپێكى كاره‌كانى ئه‌و تیپه‌شدا، كه پاشان بووه‌ته یه‌كێك له كۆڵه‌كه‌كانى هونه‌رى كوردى، به سه‌رۆكى تیپى مۆسیقا و نواندنى سلێمانى هه‌ڵبژێردراوه.
له ساڵى 1971دا (تیپى شانۆی هاوڕێیانى گه‌زیزه)ى دامه‌زراندووه. تیپى شانۆى گه‌زیزه، كه زۆربه‌ى كاره‌كانى به‌رهه‌مى قه‌ڵه‌مى مامۆستا عومه‌ر بوون، ئه‌زموونێكى ده‌وڵه‌مه‌ند و سه‌ره‌تایه‌كى نوێیه، به‌تایبه‌ت له بوارى نواندن و دراماى ته‌له‌ڤزیۆنیدا، ناساندنى ئه‌و هونه‌ره و په‌یوه‌ستكردنى جه‌ماوه‌ر به ته‌لەڤزیۆنه‌وه. له‌و سه‌رده‌مه‌شدا ئه‌و تیپه له كوردستان و وڵاتانى ئه‌ورووپاشدا به شێوه‌ی ئه‌كادیمییانه، نموونه‌ى ده‌وڵه‌مه‌ندى لە ئه‌زموونى شانۆیى پێشكه‌ش كردووه.
ساڵى 1974، له‌گه‌ڵ هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ى شۆڕشى ئه‌یلوولدا، چووه‌ته ڕیزى شۆڕش و هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستانه‌وه و ڕۆڵى كاریگه‌ر و به‌رچاوى هه‌بووه، بۆ ماوه‌یه‌كى زۆریش نووسه‌ر و ئاماده‌كارى به‌رنامه‌ى (ده‌مه‌ته‌قێى پێشمه‌رگه له‌گه‌ڵ گه‌زیزه‌دا) بووه كه له (ڕادیۆى ده‌نگى كوردستان)ه‌وه په‌خش كراوه.
ئه‌زموونى نواندن و شانۆى عومه‌رى عه‌لى ئه‌مین، خه‌رمانێكى به‌پیت و ده‌وڵه‌مه‌نده، بۆ نموونه، هه‌وڵ و ماندووبوونه زۆره‌كانى به‌سه‌ر سێ كایه‌ى تایبه‌تدا، دابه‌ش ده‌بن:
1- نووسینى ده‌قى شانۆیى و ئاماده‌كردن و به‌رهه‌مهێنانى كارى هونه‌رى بۆ شانۆ و ته‌له‌ڤزیۆن، به ته‌نیا ئه‌و ده‌قه شانۆییانه‌ى كه تا ئێستا پێشكه‌ش كراون، یان بڵاو كراونه‌ته‌وه، ژماره‌یان 15 ده‌قى شانۆییه به قه‌ڵه‌مى خۆى، له‌وانه (هه‌نگوین، موشاغه‌به، بلیمه‌ت، قاره‌مانى ئافره‌تان، زڕه‌ى زه‌نگۆڵكان، چریكه‌ى زێڕى، پژمین، ئاهه‌نگى مامۆستاى مه‌زن، گه‌وره به گه‌وره و،... چه‌ندانى تر)، جگه له‌و ده‌قه شانۆییانه‌ى، كه بۆ منداڵانى نووسیون.
وه‌ك هونه‌رمه‌ندى ناسراو خاتوو گه‌زیزه ئاماژه‌ى پێده‌كات و ده‌نووسێت: "له‌ناو ده‌ستنووسه‌كانیشدا چه‌ند ده‌قێكى شانۆیى دیكه‌ى له‌دوای خۆى به‌جێ ماون، كه تا ئێستا بڵاو نه‌كراونه‌ته‌وه، یان هێندێكى دیكه كه ئاماده‌ى كردوون و به‌رى ئه‌و ساڵانه‌ى دوایى قه‌ڵه‌مه به‌بڕشته‌كه‌یه‌تى كه تا به‌ر له چه‌ند كاتژمێرێك له كۆچى دوایى و ماڵئاوایىكردنیشى، به‌ده‌ستیه‌وه بووه و سه‌رقاڵى نووسین بووه. له‌و ده‌قه شانۆییانه، كه بڵاو نه‌كراونه‌ته‌وه (میرات و میراتكارى، شێر و ڕێوى، یان ڕاوه‌كه‌ى پادشا، تۆشیان له‌گه‌ڵدا بوویت و چه‌ندینى دیكه).
له بوارى وه‌رگێڕانیشدا بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنى شانۆى كوردى، زیاتر له 10 ده‌قى شانۆیى له ئه‌ده‌بى جیهانییه‌وه وه‌رگێڕاوه‌ته سه‌ر زمانى كوردى، له ناویاندا (دووڕه‌گ، ڤیت ڕۆك، شاژن و یاخییه‌كان، مارى و كۆشكه‌كه و چه‌ندانى دیكه).
2- جگه له‌و شانۆییانه‌ى، كه خۆى نووسه‌ر یان ئاماده‌كار یان وه‌رگێڕیان بووه، وه‌كوو ئه‌كته‌ر به‌شداریى له ده‌یان شانۆدا كردووه، له‌وانه (بازرگانى ڤینیسیا، كاوه‌ى ئاسنگه‌ر، پردى ئارتا، په‌یكه‌ر، كووپه، به‌ره‌و خۆر و چه‌ندینى دیكه).
3- لەمەڕ ڕۆشنبیریى شانۆیى و هه‌وڵدان بۆ دامه‌زراندن و گه‌شه‌كردنى شانۆى كوردى،
به‌شێكى ژیانى، به هه‌وڵى تیۆره‌سازى و بۆ دامه‌زراندن و پێگه‌یشتنى شانۆى كوردى ته‌رخان كردووه، داكۆكیى له ڕوانیینه‌كانى كردووه و پێى وابووه، شانۆ وه‌كوو تێزێكى ئه‌ده‌بى و هونه‌رى په‌یوه‌ستى ده‌قى كوردییه، به‌ڵگه‌ى بۆ هێناوه‌ته‌وه و بانگى بۆ داوه، تا چه‌ند كاتژمێرێكیش به‌ر له كۆچى دوایى، له بوارى تیۆریدا به‌شێكى ژیانى بۆ دامه‌زراندن و پێگه‌یشتنى شانۆى كوردیى ته‌رخان كردووه و به سامانه ڕۆشنبیرییه ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌یشى، گفتوگۆى له‌سه‌ر كردووه، یه‌كێك له گرنگترین كتێبه چاپنه‌كراوه‌كانیشى بۆ بانگى دامه‌زراندن و پێگه‌یشتنى شانۆى كوردى ته‌رخان كردووه.
مامۆستا عومه‌ر، كه خوێنه‌ر و كتێبدۆست و ڕۆشنبیرێكى شاره‌زا و چاودێرێكى وردى بواره جیاجیاكان بووه، له بوارى نواندندا قوتابخانه‌ى ستانسلافسكیى په‌سه‌ند كردووه و خۆى به ده‌روێشى ڕێبازه‌كه‌ى داناوه.
له نووسینى دراما شانۆییه‌كانیشیدا و له زۆر نموونه‌ى نووسینیدا، ته‌كنیك و ڕۆحى شانۆى برێختى نووسه‌ر و شانۆكارى مه‌زنى ئه‌ڵمانیاى پێوه دیار بووه و به تیۆره و به‌رهه‌مه‌كانى سه‌رسام بووه، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش بووه، یه‌كێك له گه‌وره‌ترین شاكاره‌كانى برێختى وه‌رگێڕاوه‌ته سه‌ر زمانى كوردى، كه شانۆیى (جوغزه گه‌چینه‌ى قاوقاز)ه و له به‌رگى كتێبێكدا به چاپى گه‌یاندووه.
له سه‌رده‌مێكدا، كه نواندن و دراماى ته‌له‌ڤزیۆنى، ته‌نانه‌ت له وڵاتانى ده‌وروبه‌ریشدا نموونه‌یان كه‌م و ناباو بوون، له بارودۆخێكى ناهه‌مواردا كه حكوومه‌تى عێراق و رژێمى به‌عس، ته‌نیا چه‌ند كاتژمێرێكى بۆ په‌خشى كوردیى ته‌له‌ڤزیۆن دیارى كردبوو و ده‌یان كۆسپى بۆ هونه‌رمه‌ندان دروست ده‌كرد، مامۆستا عومه‌رى عه‌لى ئه‌مین، به سه‌لیقه‌ى هونه‌رمه‌ندێكى له‌خۆبردوو، به هه‌وڵ و ماندووبوونێكى زۆر، دراماى ته‌له‌ڤزیۆنیى گه‌یانده هه‌موو ماڵێكى كوردستان و به نووسین و نواندن و سه‌رپه‌رشتیكردن، ده‌یان نواندنى پێشكه‌ش كرد، له‌ناویاندا نموونه‌ى وه‌كوو (چه‌م بێ چه‌قه‌ڵ نابێت) كه یه‌كه‌مین نموونه‌ى زنجیره‌ى كوردییه، كه به شەش ئه‌ڵقه پێشكه‌ش كرابێ، جگه له چه‌ندین نواندنى دیكه، كه زۆربه‌یان هه‌ر خۆى نووسه‌ر و ئه‌كته‌ر و سه‌رپه‌رشتكاریان بوو. له‌وانه (خه‌وه‌كه‌ى مامه‌لى، فه‌زڵه‌ى ته‌ریق، گه‌زى چى و جاوى چى، بیرهه‌ڵكه‌ن، خانمى مه‌كرباز، شه‌مامه و خاڵ خاڵ و، چه‌ندینى دیكه). هه‌روه‌ها له ده‌یان نواندنى ته‌له‌ڤزیۆنیى دیكه‌یشدا، وه‌كوو ئه‌كته‌ر به‌شداریى كردووه، له‌وانه (لالۆ كه‌ریم، فیله‌كه‌ت ئه‌ى خاوه‌ن شكۆ، باڵنده كۆچه‌رییه‌كان و... هتد).
مامۆستا عومه‌ر به‌و كاره هونه‌رییانه‌ى، كه وه‌كو نووسه‌ر و ئاماده‌كار و ئه‌كته‌ر تیایاندا به‌شدار بووه، زیاتر له 30 نواندنى ته‌له‌ڤزیۆنیى تۆمار كردووه، جگه له‌و ئۆپه‌رێت و نواندنه ته‌له‌ڤزیۆنییانه‌ى، كه بۆ منداڵان تۆمارى كردوون.
له چالاكیى ڕادیۆییشدا نووسه‌ر و ئاماده‌كاریى زیاتر له 60 نواندن و به‌رهه‌مه، كه له زۆربه‌یاندا وه‌كوو ئه‌كته‌ر و ده‌رهێنه‌ر و سه‌رپه‌رشتیكار به‌شدار بووه، له‌وانه (میوانێكى به‌ڕێز، ئاشتبوونه‌وه، میراتى، بۆچى نایفرۆشیت؟..) له‌ناو ئه‌مانه‌شدا، شه‌شیان به زنجیره پێشكه‌ش كراون و ژماره‌ى ئه‌ڵقه‌كانیشى له 100 تێده‌په‌ڕێنن، له نموونه‌ی هه‌ڵبژارده‌ى شاكارى ئه‌ده‌بى بێگانه‌یه و هه‌مووشیان هه‌ر خۆى وه‌رى گێڕاون بۆ كوردى و به‌رگى نواندنى ڕادیۆیى له‌به‌ر كردوون.
له بوارى شانۆ و ئه‌ده‌بى منداڵانیشدا، ناوێكى دیار و قه‌ڵه‌مێكى به‌بڕشت بووه، ئه‌ده‌ب و شانۆى منداڵانى به بنه‌ماى فێركردن و پێگه‌یاندنى نه‌وه‌یه‌كى كوردیى ته‌ندروست له‌قه‌ڵه‌م داوه، له‌ناو كتێبه چاپكراوەكانیشی، چوار كتێبی بۆ شانۆ و ئه‌ده‌بى منداڵان، ته‌رخان كردووه.
زیاتر له 12 شانۆیى و ئۆپه‌رێتى بۆ منداڵان نووسیوه، له‌وانه (دار قه‌یسى، مامۆستا شێر، بێ خه‌مى ناو به‌رمیله‌كه، بازنى زێڕ، داوه‌ڵى بێستانه‌كه، ئه‌نۆڤیلس، بووكه به‌بارانێ، شمشاڵه‌كه‌ى وه‌یسه‌شوان). جگه له‌م شانۆییانه، چه‌ند ئۆپه‌رێت و نواندنێكى ته‌له‌ڤزیۆنیى بۆ منداڵان تۆمار كردووه، له‌وانه (بولبوله گۆرانیبێژه‌كه، خه‌پان و خرپن، گوڵه په‌لكه‌زێڕینه).
په‌رۆشیى بۆ فێركردن و پێگه‌یاندنى منداڵان هه‌ر به‌وه كۆتایى نه‌هاتووه، پێى وابووه كه زۆربه‌ى منداڵانى كورد له بارودۆخێكى خراپ‌دا ده‌ژین و زۆربه‌شیان، كه نیشته‌جێى گوند و لادێ دووره‌ده‌سته‌كانن، له ڕێگاى ته‌له‌ڤزیۆن و كتێبه‌وه، له ئه‌ده‌بى منداڵان به‌هره‌مه‌ند نابن، بۆ ئه‌وه‌ى كه به‌هره‌مه‌ند بن، جگه له‌و هه‌موو به‌خششه، مامۆستا عومه‌ر به‌درێژایى دوو ساڵ له ئێزگه‌ى به‌غداوه، به‌رنامه‌ى (چیرۆكى هه‌فته)ى پێشكه‌شى كردووه، به فێركردن و په‌روه‌رده و ئه‌ده‌به‌وه، هه‌فته‌ى جارێك چیرۆكى بۆ منداڵان ده‌گێڕایه‌وه.
له ماوه‌ى ته‌مه‌نى خۆیدا سه‌دان شانۆیى و وتار و نووسینى ئه‌ده‌بى و لێكۆڵینه‌وه‌ى بڵاو كردووه‌ته‌وه، له زۆربه‌ى كایه هونه‌رى و ئه‌ده‌بییەكاندا شاره‌زا بووه و به‌خششى هه‌بووه، به شانۆ و نواندن و وێنه‌كێشانه‌وه نه‌وه‌ستاوه، له چیرۆك و شیعر و ئه‌ده‌بى منداڵان و زیندووكردنه‌وه‌ى فۆلكلۆریشدا هه‌وڵێكى زۆرى داوه، سیناریۆ و دیالۆگى بۆ سینه‌ما و ته‌له‌ڤزیۆن داناوه، نووسینه‌كانى له گۆڤار و ڕۆژنامه‌كانى (به‌یان و ڕ‌ۆشنبیرى نوێ و كاروان و هاوكارى و نووسه‌رى كورد) و گۆڤار و ڕۆژنامه‌كانى دواى راپه‌ڕینى به‌هارى 1991 تا كۆچى دواییه‌كه‌ى بڵاو كردووه‌ته‌وه. جگه له‌و وتار و لێكۆڵینه‌وه و بابه‌تانه‌ى له‌و گۆڤار و ڕۆژنامانه‌دا بڵاوى كردوونه‌ته‌وه، له ژیانى خۆیدا 11 كتێبى داناوه و به چاپى گه‌یاندوون.
له‌ناو ده‌ستنووسه‌كانیشیدا پڕۆژه‌ى ده‌یان كتێب و ده‌قى ئه‌ده‌بى و شانۆیى و زنجیره ئه‌ڵقه و سیناریۆى دراماى ته‌له‌ڤزیۆنى و ڕادیۆیى به‌جێ هێشتووه، ڕه‌نگه ئه‌گه‌ر ڕووناكى ببینن و بڵاو بكرێنه‌وه، له ده‌یان به‌رگدا جێیان ببێته‌وه. كۆكردنه‌وه و له‌چاپدانیان له ژیانى خۆیدا و به زمانێكى ساده و ساكار و به به‌ڵگه‌ى به‌هێز و زانستییه‌وه، توانیویه‌تى پردێك، بۆ گه‌یاندنى په‌یامه‌كانى دروست بكات.
عومه‌رى عه‌لى ئه‌مین، به به‌رهه‌م و به‌خششى قه‌ڵه‌مه‌كه‌ى، به‌هه‌ق پێشه‌نگ و سه‌رقافڵه‌ى بزووتنه‌وه‌ى شانۆیى و نواندنى كوردییه. مامۆستایه‌كى ڕچكه‌شكێن و پێشه‌نگ بووه، له بارودۆخێكى كۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسیى ئاڵۆزدا، هونه‌رى شانۆ و نواندنى به جه‌ماوه‌رى كوردستان ناساندووه و گوێچكه‌ى زاخاو داون و چاوه‌كانیانى پڕ له جوانیى هونه‌ر كردوون، له به‌رامبه‌ریشدا ناوبانگى ده‌ركردووه و ڕێز و خۆشه‌ویستیى خه‌ڵكى كوردستان سه‌رمایه‌ى بووه.
له ماوه‌ى 38 ساڵ ته‌مه‌نى مامۆستایه‌تیدا، له شار و شارۆچكه‌كانى كوردستان وانه‌ى گوتووه‌ته‌وه و نه‌وه‌یه‌كى په‌روه‌رده كردووه و فێرى نیشتمانپه‌روه‌ریى كردوون و له‌سه‌ر هونه‌ر ڕاىهێناون، وه‌كى دیكه‌یش، له سه‌رده‌ستى ئه‌م مامۆستا هونه‌رمه‌نده، ده‌یان له قوتابییه‌كانى شه‌یداى ئه‌و هونه‌ره به‌رزه بوون و به‌دواى ئه‌ودا له خه‌مى شانۆ و هونه‌رى كوردیدا، ڕه‌وته‌كه‌یان درێژه پێ داوه.
وه‌كوو كه‌سایه‌تییه‌كى كۆمه‌ڵایه‌تى و مامۆستایه‌كى ڕۆشنبیر و خاكى، له سه‌نگه‌رى گه‌له‌كه‌یدا ڕاوه‌ستاوه و دووچارى گرتن و ده‌ركردن و ڕاوه‌دوونان و مه‌ینه‌تیى بووه و دڵسۆزانه له هه‌ر كوێیه‌ك بووبێت، ماڵه‌كه‌ى په‌ناگه‌ى تێكۆشه‌ر و نیشتمانپه‌روه‌ر و پێشمه‌رگه بووه، له‌گه‌ڵ شۆڕشى نوێشدا پێشمه‌رگه‌یه‌كى ڕۆشنبیر و تێكۆشه‌رێكى ئازا و بوێرى وه‌ك كاك (ئاوات)ى كوڕى به‌خشیوه‌ته قورسترین و سامناكترین قۆناغى شۆڕشى گه‌له‌كه‌ى و خۆیشى له شانۆى ڕووداوه‌كانى ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا، له‌پشت په‌رده‌وه، كاره‌كته‌رێكى سه‌ره‌كی بووه و ماڵ و توانا و ناوبانگ و په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه چڕوپڕِه‌كه‌ى خستووه‌ته پێناوى مه‌سه‌له‌ى گه‌له‌كه‌یه‌وه و له سه‌نگه‌ریاندا ڕاوه‌ستاوه، هه‌ر بۆیه‌ش (شه‌هید ئاوات)ى كوڕیشى پێشكه‌ش به كوردستانه‌كه‌ى كردووه.
سه‌رله‌به‌یانیى ڕۆژى 13ی1ی2008، دڵه گه‌وره‌كه‌ى له لێدان كه‌وت و به ئارامى وه‌كوو ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر شانۆ چراكان بكوژێنه‌وه، چاوه‌كانى لێك نان و به ئارامى چووه باوه‌شى نه‌مرییه‌وه و له گردى سه‌روه‌ران، له شارى سلێمانى بەخاك سپێردراوه.
تێبینى: بۆ ئاماده‌كردنى ئه‌م به‌رهه‌مه، سوودم له نامیلكه‌ى (ژیاننامه‌ى عومه‌رى عه‌لى ئه‌مین)ى خاتوو گه‌زیزه‌ى كچى خوالێخۆشبوو وه‌رگرتووه.