نەریتی ئایینی مەسیحییەكانی دیانا بۆ جەژنی قیامە (جەژنی ئیستەر- Easter )

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

نەریتی ئایینی مەسیحییەكانی دیانا بۆ جەژنی قیامە (جەژنی ئیستەر- Easter )

رۆژی یەكشەممە 9ی 4ی 2023، هاوكاتە لەگەڵ جەژنی قیامەی مەسیحی و كرستیانەكان. كچە چالاكوانێكی مەسیحییەكانی دیاناش دەڵێت، لە هەرێمی كوردستان بابەتی پێكەوەژیانی نەتەوە و ئایینەكان زۆر گرنگیی پێ دراوە، رێز لە گشت پێكهاتە و ئایین و نەتەوەكان وەك یەك دەگرن و رێگەیان داوە هەمووان بە ئازادانە یادی جەژن و بۆنەكانیان بكەنەوە.

 ئاشوورینا ئەدوارد ریحانە، چالاكوانی مەسیحیی دیانا، لە سنووری قەزای سۆران، بە (باسكورد)ی ڕاگەیاند: ”لەناو ئێمەی مەسیحییەكان، هاوشێوەی هەموو ئایینەكان، چەند جەژنێكی تایبەتمان هەیە و ساڵانە لە رێگەی مەراسیمی جیاواز و رێكخراو یادی دەكەینەوە، جەژنی قیامەی مەسیح، یاخود جەژنی ئیستەر، بە گەورەترین جەژنی ئێمەی كریستیانەكان دادەنرێ، لەم جەژنەدا هێلكە وەك رەمزی ژیان و نوێبوونەوە رەنگ دەكەین و هێمای جەژنی ئێمەیە، هێلكە وەك دەستپێكێكی نوێی ژیان و دووبارە لەدایكبوونەوەی هەموو بوونەوەرێك، كە سەرەتا لە هێلكەیەكەوە دەست پێ دەكات، هێلكەكان بە بۆیەی رەنگاوڕەنگ دەنەخشێنین، ئەمە پەیوەندیی بە سروشتیشەوە هەیە، كە لە وەرزی نوێبوونەوەی رەنگەكانی سروشت، لە بەهاردا، ئەم رەنگانە لە رێگەی گوڵ و گوڵزار و دار و درەخت و گیاكان دەنەخشێنێ، تاكوو سێ رۆژ ئێمە ئەو جەژنە یاد دەكەینەوە و كوڕ و كچ و گەنج و پیر و منداڵەكان گشتیان بەتامەزرۆیی یادی ئەو جەژنە دەكەینەوە."

 ئەو كچە چالاكوانەی مەسیحییەكانی دیانا، دەشڵێت: ”لە كوردستان بابەتی پێكەوەژیانی نەتەوە و ئایینەكان زۆر گرنگیی پێ دراوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەقڵیەتی حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان، وەك یەك رێز لە گشت پێكهاتە و ئایین و نەتەوەكان دەگرن و رێگەیان داوە هەمووان بە ئازادی و سەربەستیی خۆیان یادی جەژن و بۆنەكانیان بكەنەوە، ئێمەی مەسیحی بۆ هەزاران ساڵە لەگەڵ موسڵمانان و ئایین و پێكهاتەكانی دیكە لە دەڤەری سۆران پێكەوە ژیاوین، خۆشبەختانە هیچ كات كێشە و گیروگرفت لەسەر ئاستی نەتەوە و ئایین ڕووبەڕوومان نەبووەتەوە، ڕەنگە لەسەر ئاستی كەسی شتگەلێك كرابێت، بەڵام خۆشبەختانە وەك نەتەوە و ئایین هیچ كێشەیەكمان نەبووە، بۆیە باوەڕی تەواومان بە پێكەوەژیانی ئاشتییانە هەیە و رێز لە بیروڕای هەموو ئەوانەی دەوروبەرمان دەگرین."

 ئاشوورینا گوتیشی: ”مەسیحییەكان شان بە شانی كوردەكان بوونە لە شۆڕش و خەبات دژی ستەم و زۆرداری، كە چەندین كەسایەتیی دیاری مەسیحی لە ڕیزی پێشەوەی شۆڕەشدا بوونە، هەروەها ئەوە دووپات دەكەینەوە، كە ئێمە خۆمان بە بەشێك لە خەم و ئازاری گشت نەتەوەكان دەزانین، پێشمان وایە تەنیا ئاشتی دەتوانێ ژیانێكی خۆش بۆ نەوەكانمان دابین بكات."

 لەكۆتاییدا، گوتیشی: ”بە بۆنەی جەژنی قیامە پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی هەموو گەلانی جیهان و مەسیحییەكانی جیهان بە گشت پێكهاتە و جیاوازییەكان دەكەم، هەروەها پیرۆزبایی لە گشت گەلانی عێراق و هەرێمی كوردستان دەكەم.“