تیمێكی زانكۆیەكی بەریتانی لە سنووری ئیدارەی گەرمیان و لە شاخی كوورە، سەرقاڵی كنە و پشكنیننی شوێنەوارێكی مێژوویین و بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپووری گەرمیان زانیاریی دەخاتە ڕوو.
لەم بارەیەوە، ئەمڕۆ شەممە 6ی 5ی 2023، ساڵح محەمەد، بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپوری گەرمیان، بە (باسکورد)ی ڕاگەیاند: كنە و پشكنین لە شاخی كوورەی گوندی بانئاسیاو، سەر بە ناحیەی كوڵەجۆ، لە سنووری ئیدارەی گەرمیان دەستی پێ كردەوە، لەلایەن تیمێكی زانكۆی گلاسكۆی بەریتانی بە هاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و كەلەپووری گەرمیان و ئەمە وەرزی سێیەمە كە كاری تێدا دەكەین.
گوتیشی: شوێنەوارەكە شوێنەوارێكی مێژووییە و ئەو تیمەی زانكۆی بەریتانیا ئەو شوێنەیان هەڵبژاردووە كە كاری تێدا بكرێت.
گوتیشی: ئەو شوێنەوارە بۆ 2800 ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە و خەڵك لەو شوێنە ژیاوە و لە وەرزەكانی تری كنە و پشكنین شتمان دۆزیوەتەوە لەو شوێنە و بۆ ئەم وەرزەش بەدوای شتی تری ئاسەواردا دەگەڕێین.