بارەگای شۆڕشی ئەیلوول و مۆزەخانەی یادەوەرییەکان لە پردی بنکێلان لە باڵەکایەتی دەکرێنەوە

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

بارەگای شۆڕشی ئەیلوول و مۆزەخانەی یادەوەرییەکان لە پردی بنکێلان لە باڵەکایەتی دەکرێنەوە

بەرپرسی ڕێکخراوی نەوەکانی ئەیلوول لە باڵەکایەتی دەڵێت، مۆنۆمێنتی وەفایەک بۆ ئەیلوول لە پردی بنکێلان، ڕێگای ھامڵتۆن، لەگەڵ نۆژەنکردنەوەی بارەگاکە، مۆزەخانەیەکی تایبەت بە کۆکردنەوەی کەلوپەلەکانی پێشمەرگە و شۆڕشی ئەیلوول لە شوێنەکە دروست دەکرێت.

  لەم بارەیەوە، ھونەر کاکە ئەحمەد، بەرپرسی ڕێکخراوی نەوەکانی ئەیلوول لە دەڤەری باڵەکایەتی، بە (باسنیوز)ی ڕایگەیاند: "لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا بە ھاوکاریی بارەگای بارزانی و لقی ٢٦ی گوڵان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی سنوورەکەمان و کوردستان، وەک وەفایەک، چەندین شوینی مێژووییمان لە دەڤەری باڵەکایەتیی سنووری قەزای چۆمان نۆژەن کردووەتەوە، کە سەردەمانێک لانکە و بارەگای پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول بوون، یەکێک لەم شوێنانەش نۆژەنکردنەوەی بارەگایەکی شۆڕشی ئەیلوول (مۆنۆمێنتی وەفایەک بۆ ئەیلوول) لە پردی بنکێلان، ڕێگای ھامڵتۆن لە دەڤەری باڵەکایەتییە، لەگەڵ نۆژەنکردنەوەی شوێنەکە، مۆزەخانەیەکی تایبەت بە کۆکردنەوەی کەلوپەلەکانی پێشمەرگە و شۆڕشی ئەیلوول لە شوێنەکە دروست دەکەین و لە قۆناغی جێبەجێکردندایە ".

 گوتیشی: "کارەکانی ئۆفیسی بارەگای سەرەکیی شۆڕشی ئەیلوول لە پردی بنکێلان لە دەڤەری باڵەکایەتی تەواو کراوە و لە نزیکترین کاتدا بە شێوەی فەرمی دەکرێتەوە، کارکردنیش لە مۆەخانەکە لەژێر ئۆفیسەکە بەردەوامە، واتە کردنەوەی ئۆفیسەکە دەستپێکێک دەبێت بۆ بنیادنانی مۆزەخانەکە، لە ماوەی داھاتوودا ئەویش دەکرێتەوە، ئێستاش دەستمان کردووە بە کۆکردنەوەی یادەوەری و کەلوپەل و کەرستەکانی سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول وەک ئامادەکارییەک، بۆ ئەوەی لە داھاتوودا لە مۆزەخانەکە دابنرێن، ھەروەک پێشمەرگەیەکی شۆڕشی ئەیلوول، بە ناوی حەمید خوستی ئیسماعیل، وەک یەکەمین کەس بڕنۆی شانی خۆی لە ڕێگەی ڕێکەوت ڕزگار، ئەندامی دەستەی ڕێکخراوی نەوەکانی ئەیلوول، پێشکەش بە مۆزەخانەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول کرد لە پردی بنکێلان لە دەڤەری باڵەکایەتی، دڵسۆزی و وەفاداریی ئەو پێشمەرگەیەی شۆڕشی ئەیلوول، بە پێشکەشکردنی نزیکترین ھاوڕێی خەباتی چەکداریی خۆی کە چەکی شانیەتی، جوانترین و شیرینترین یادگاریی پڕ سەروەریی مێژوویی ژیانی خۆی بە مۆزەخانەکەمان بەخشی.''

 ئاماژەی بەوەش دا: "شوێنی بارەگایەکی شۆڕشی ئەیلوول لە پردی بنکێلان لە دەڤەری باڵەکایەتی بەھۆی سەرنجڕاکێشیی شوێنەکە و بوونی مۆنۆمێنت و وێنە و یادەوەرییەکانی پێشمەرگە و شۆڕش، زۆربەی ئەو ھاووڵاتییانەی بە ڕێگاکەدا تێپەڕ دەبن، لەم شوێنە پشوویەک دەدەن و چاوێک بە یادەوەرییەکاندا دەخشێنن، بەتایبەتیش گەشتیارانی بیانی و ناوخۆیی سەردانی دەکەن و لەلایەن ئەندامانمان، بە شوێنەکە و یادەوەرییەکانی شۆڕشی ئەیلوول ئاشنا دەکرێن، بەتایبەتیش ئەگەر کارەکانی مۆزەخانەکە تەواو بکرێن و کەلوپەلەکانی سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول تێیدا کۆ بکەینەوە و بایەخی زیاتر بە ناوچەکە بدەین، خەڵکیکی زیاتر ڕوو لە بارەگا و مۆزخانەکە دەکەن، ئومێدەوارین لەو ئاستەدا بین و بتوانین ڕۆڵی قارەمانانەی  پێشمەرگەکانی ئەیلوول و ڕابەری ئەم شۆڕشە مەزنە پێشانی نەوەکانی ئێستا و داھاتوو بدەین، ئەوەش بە گەورەترین شانازی دەزانین.''