بەپێی سەرچاوە مێژووییەكان، شەڕەفخان كوڕی شەمسەدینی میری بەدلیس بووە، لە ساڵی 1543 لەدایك بووە، لە تەمەنی 12 ساڵیدا بووە بە میر. شەڕەفخان یەكێك بووە لە زانا گەورە و ناودارەكانی سەردەمی خۆی، لە ساڵی 1597 كتێبی بەناوبانگی (شەڕەفنامە)ی بە زمانی فارسی نووسیوە. كتێبەكە لەبارەی مێژووی كوردە و بە شێوەزارەكانی كوردی كرمانجی ژووروو و كرمانجی خواروو و زمانەكانی (فارسی، عەرەبی، فەڕەنسی و ڕووسی) چاپ كراوە. بە نووسینی شەرەفنامە، زانیاریی لەمەڕ جوگرافیا و ژیانی ڕامیاری و دەسەڵاتی كورد و زمان و ڕووە هەمەجۆرەكانی كۆمەڵگای كوردیی ئەودەمە تۆمار كردووە.
لە كتێبی شەڕەفنامەدا، زۆر نەخشە و تابلۆی ڕەنگاوڕەنگ هەن، كە بەدەست كێشراون و هەندێكیان لە مۆزەخانەكانی ئەوڕوپادا پارێزراون. شەڕەفخان لە ساڵی 1604دا كۆچی دوایی كردووە و گۆڕەكەی لە بەدلیسە، دوای سەدان ساڵ لە كۆچی دوایی كردنی، تائێستا ناوەكەی بەزیندوویی ماوەتەوە.
شەڕفخانی بەدلیسی (1005ك - 1596ز) وای ڕاگەیاندووە، كە كورد لە باری كۆمەڵایەتی و زاراوە دەبێتە چوار بەش، واتە (كرمانج، لۆڕ، كەلهوڕ، گۆران). سنووری كوردستان، بە خەتی ڕاست لەسەر كەنداوی فارسەوە تا بڕانەوەی مەلاتیا و مەرعەش دەچێ، ئالی باكووری ئەم خەتە وڵاتانی فارس و عێڕاقی عەجەم و ئازرباینجان، ئەرمنستانی گچكە و ئەرمەنستانی گەورە، لە باشووری عێراقی عەڕەب و ناوچەكانی مووسڵ و دیاربەكرە.
پاشایان و میرانی ئازای كوردستان بە ناوی هۆزیان ناسراون، وەك (هەكاری، سۆری، بابانی، ئەردەلانی). هەندێكیشیان ناویان وێڕای شار و قەڵاكانیان هاتووە، وەك: (میرانی حەسەن كێف، بەدلیس، جزیرە، حەزۆ، ئەكیل) و هیتریش...
فەرمانڕەواكانی كوردان، لەلای بەدلیس چوار دەستەن:
یەكەم سەربەخۆكان، كە مێژوونووس ناویان بە پاشا نووسیوە.
دووەم، ئەوەی تەواو سەربەست نەبووە، بەڵام دراویان لە سكە داوە و لە وتاری هەینی ناویان هێنراوە.
سێیەم، فەرمانڕەواكانی كوردستان.
چوارەم، فەرمانڕەوای بەدلیسی.
سەرچاوە: - نەخشەی كوردستان لە سەردەمی شەڕەفخاندا، شەڕەفنامە، مێژووی ماڵەمیرانی كوردستان، میر شەڕەفخانی بەدلیسی. وەرگێڕانی مامۆستا هەژار، چاپی سێیەم 2006 دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی ئاراس.