هـاوارێـک بـۆ کـورد

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

مێژووی مرۆڤایەتی نموونەی زۆری تێدایە کە کەسانێک بە ئاگایی و نائاگایی فرمانکەری گەلانی بێگانە بە خۆیان بوون، جا هەندێ جار ئەو نەتەوانە پێیانزانیوە و پاداشتیان کردوون و زۆر جارانیش دوای کارەکەیان، کۆتیان کردوون و کەماسییان پێیان کردووە.

نزیکەی سێزده‌ سه‌ده‌ له‌مه‌وبه‌ر، لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاستدا کوردێک لە تەمەنێکی لاویدا ڕووداوێکی ڕاسان، جیهانی ئیسلامی و دنیای ڕاژاند، ئەویش بەهزادیان پەروینداد هورمز (718 - 755 ز.) بوو، کە بە ئه‌بوو موسلیمی خۆراسانی ناسراو بووە. ئەم لاوە بە دۆستایەتی، فیت و هاندانی کەسێک لە نەوەی عەباسی مامی پەیامبەر، چووە ژێر باندووریان و هاوکاریان بوو لە سەرکەوتنی بزووتنەوە نهێنییەکەیان دژی دەسەڵاتداری ئەوکاتی جیهانی ئیسلام، کە خێڵی ئەمەوییە عاره‌بییە قوڕه‌یشییەکان بوو.

ئەبوو موسلیم لە خۆرهەڵاتی ئێرانەوە بە لەشکرێکی گەورەوە هات و لە سه‌ره‌تای ساڵی 750ز. دا له‌ شه‌ڕێکی گه‌وره و خوێناوی، که‌ به (‌شه‌ڕی زاب) ده‌ناسرێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ڕووباری زێی گه‌وره (زاب) له‌نێوان هه‌ولێر و موسڵدا ڕووی داوه‌، به‌سه‌ر له‌شکری خه‌لیفه‌ی ئەمه‌ویەکاندا سه‌ر که‌وت، ده‌وڵه‌ته‌که‌یانی ڕووخاند و کوشتارێکی زۆری لێیان کرد و له‌ جێی ئه‌وان عەبدوڵای کوڕی محەممەدی ناسراو بە خوێنڕێژ (سەفاح)ـی لە عه‌باسیەکان کرد بە خەلیفەی موسڵمانان و خۆیشی لە خزمەتیاندا مایەوە.

خوێنەری بەڕێز بڕوانە هەر لەو دەڤەرە (نەینەوا و دەوروبەری):
- ساڵی 612 پ.ز: لەشکری باوانی کورد (مادەکان) بە سەرۆکایەتیی کەیخەسرەوی دوو، دەوڵەتی دڕندەی ئاشووریی ڕووخاند و پاشاکەیان (شین شار و ئیشکون)ـی لەناو برد.
- ساڵی 331 پ.ز: لەشکری گریک بە سەرۆکایەتیی ئەسکەندەری مەکەدۆنی، لەشکری فارسەکانی شکاند و هەزارانی لێ کوشتن و داریۆشی سێی پاشایانی ڕاونا و دواتر کوژرا (شەڕی گاوگامێلا)
- ساڵی 2017 ز: لە نزیکی هەمان شوێن، له‌شکری پێشمەرگەی کوردان بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی، ڕۆڵێکی هەرە کاریگەری لە جەنگی ڕزگارکردنی نەینەوا لە ژێردەستی هێزێکی عاره‌بیی ئیسلامیی بینی. کەچی دوای تەنیا سێ مانگ و لە شازدەی ئۆکتۆبەری 2017دا (کە بە ئۆکتۆبەری ڕەش بە نێوبانگە)، ئێراقییەکان وەکوو پیشەی هەمیشەییان، سەکەماتی و سپڵەیی خۆیان سەلماندەوە، بە هاوکاریی دەوڵەتان پەلاماری کوردستانیان دایەوە و زۆر شوێنیان داگیر کردەوە. خۆ ئەگەر ئیرادەی بارزانی و لە پشتییەوە کۆمەڵێک گیانفیدای کوردستان نەبوایە، دەویسترا نەخشەی کوردستان بسڕدرێتەوە.

سەرچاوەی سەرەکیی هێزەکەی ئەم کاک بەهزادی بە ئەبوو موسلیم بووە، تاسەی تۆڵەکردنەوەیەی مه‌والێکان بوو، کە بە دەست عارەبە خۆ بەگەورەزانەکان، توندوتیژی، نادادپه‌روه‌ری و کەمایەسیی زۆریان پێ دەکرا و لە ئاژەڵ نزمتریان دادەنان.
هەر کە بارودۆخی عەباسیەکان هاتە بار، تۆوی خۆ بەپیرۆززانینیان تێدا بووژایەوە و چەکەرەی کرد، ویستیان ببنەوە خاوەن حوکمی ڕەها. یەکەمین کەسێکیش کە بیریان لە لەناوبردنی کردەوە، ئه‌بوو موسلیم بوو، چون ئەو لە هه‌ره‌ به‌هێزترینەکان بوو و هێزەکەیشی زۆر له‌وه‌ی خەلیفە گه‌وره‌تر بوو.

گێرهارد کۆنتسێلمانی ڕۆژنامەنووس، نووسه‌ر و خۆرهه‌ڵاتناسی ئه‌ڵمانی،‌ کە چەندان کتێبی لەسەر عارەب، ئیسلام و ناوچەی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست نووسیوە، لە کتێبێکیدا، کە نێوی (خه‌لیفه‌ گه‌وره‌کان، سه‌رده‌می‌ زێڕینی عاره‌بستان)ـە، پانۆرامایەکی مێژووی خەلافەتی ئیسلامیی نووسیوە و بەشێکی بۆ ئەبوو موسلیم تەرخان کردووە. له‌و کتێبه‌یدا باسی ئه‌وه‌ ده‌کات که‌ ئه‌بوو موسلیم له‌ به‌هاری ساڵی 754ز.دا نامه‌یه‌کی بۆ ئه‌بوجه‌عفه‌ر ناردووه‌، که‌ وه‌کوو جێگره‌وه‌ی (سه‌فاح) تازه‌ هاتۆته‌ سه‌ر ته‌ختی فه‌رمانڕه‌وایی و به‌ گومان و ناباوه‌ڕییه‌وه‌ هه‌ڵسوکه‌وتی دەگەڵ ئه‌مدا ده‌کرد، تیایدا ویست و ئاره‌زووی ئه‌وه‌ی ده‌ربڕیوه‌، که‌ ده‌یهه‌وێت له‌ خزمه‌تی فەرمانی خه‌لیفه‌دا بمێنێته‌وه‌، به‌ مه‌رجێک که‌ واز له‌ ئیره‌یی بهێنێت و ڕێی پێبدات که‌ دوور بکه‌وێته‌وه‌ لێی، دەنا لەبۆ پاراستنی خۆی لە دوور دەمێنێتەوە ... (نامەکە درێژ و پڕ مانایە).

کۆنتسێلمان هەروەها ده‌نووسێت: "خۆراسانی که‌ ناونیشانی وه‌زیری هه‌بوو، هه‌ستی کردبوو که‌ عه‌باسیەکان ئه‌و ته‌نیا وه‌کوو ئامێرێک سه‌یر ده‌که‌ن، بە بکوژێکی دەزانن که‌ فه‌رمانێکی پۆله‌تیکی پێ دراوه‌ و نابێت تیره‌یه‌ک تێکبدات که‌ مافی به‌رۆگری و ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه‌".
لە وەڵامی ئەمەدا خه‌لیفه‌ بە نامەیەک ویستوێتی دڵنیایی بدات بە ئەبوو موسلیم، بەڵام وەکوو کۆنتسێلمان دەڵێت:
''کاتێک ئه‌بوو موسلیم وەڵامەکەی خەلیفەی به‌ ده‌ست گه‌یشت، له‌ گه‌ڕانه‌وه‌دا بوو بۆ خۆراسانی نیشتیمانی‌ خۆی، کە لەوێ وه‌کوو والییه‌ک بژی و دوور بێت لە کۆشک و دەسەڵاتی خه‌لیفە. واش دیارە لەو کاتانەدا هه‌ستی به‌ په‌شیمانی کردبێت له‌و کوشتاره‌ دڕندانانه‌‌ی ساڵانی ڕابوردووی ... ئەبوو موسلیم له‌م باره‌ دڵته‌نگییه‌ ناخۆشه‌یدا دوا نامه‌ی بۆ خه‌لیفه‌ نارد. تێکستی نامەکە گه‌واهیی تێڕوانینی که‌سێک ده‌ده‌ن له‌ سووچ و گوناهه‌که‌یدا هه‌ستی ئه‌وه‌یه‌، که‌ قوربانیی هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی عه‌باسیەکانه.

دەقی نامەکەیشی ئاوایە:
”من باوه‌ڕم به‌ پیاوێکی خانه‌واده‌ی په‌یامبه‌ر بوو. ده‌بوایه‌ ڕابه‌رم بێت بۆ ڕێگای خودا. باوه‌ڕم وا بوو نێوه‌ندگیرم بێت و لە ڕێی ئه‌وه‌وه‌ بتوانم ڕاستێتی (هه‌قیقه‌ت) بدۆزمه‌وه‌. به‌ڵام ئه‌و به‌ره‌و ناڕاستیی بردم. ئه‌و قورئانی هه‌ڵگێڕاوه‌ته‌وه‌ و ڕاڤه‌ی هه‌ڵه‌ی بۆ کردووه‌. ئەوەشی به‌ ئاگایی و مەبەست کردووە. ویستوویەتی ده‌وڵه‌مه‌ند بێت و ده‌سه‌ڵاتی هه‌بێت. به‌ ناوی خوداوه‌ فه‌رمانی به‌ من کردووه‌ که‌ شمشێر ڕابکێشم. منیش ده‌بوایه‌ هه‌رچی هه‌ستی به‌زه‌یی هه‌یه‌ له‌ دڵ وه‌لای بنێم. نه‌ده‌بوایه‌ هیچ داوایلێبوردنێک له‌ دوژمن بسه‌لمێنم و هیچ لێخۆشبوونێک ڕێپێدراو نه‌بوو. من هه‌مووشتم کرد تا ڕێگا بکه‌مه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خانه‌واده‌که‌تان ده‌سه‌ڵات وه‌ربگرێت. له‌پڕێکدا خودا له‌و شاشییه‌ ڕزگاری کردم. ته‌نیا په‌ژیوانی و تۆبەکردنم ماوە له‌و ستەمە‌ی‌ کردوومه‌. ئه‌گه‌ر خودا به‌ به‌خشنده‌یی خۆیم له‌گه‌ڵدا بکات، ئه‌وا دووباره‌ بە میهرەبانی ده‌مپارێزێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر سزام ده‌دات، ده‌بێت گوێڕایه‌ڵی داده‌وەرییەکە‌ی بم."

کۆنتسێلمان ده‌نووسێت:
ئه‌بوجه‌عفه‌ر به‌رگه‌ی ئه‌م نامه‌یه‌ی نه‌گرت. بۆ فێڵێک ده‌گه‌ڕا که‌ ئه‌بوو موسلیمی پێ بگێڕێتەوە لای خۆی ... بە بەرتیلدان ویستی ئەو کەسە نزیکانەی لەتەکیدا بوون و ده‌یانویست له‌ عه‌باسیەکان دوور که‌ونه‌وه، فریو بدات، تا ئەوانیش وا بکەن بیگه‌ڕێننەوە لای خه‌لیفه. هه‌وڵەکان‌ سه‌ریانگرت و ئەبوو موسلیم به‌و به‌ڵێنه‌ شه‌ره‌فانه‌ی خه‌لیفه‌ باوه‌ڕی کرد و‌ بە لەشکرێکی چەند هەزار کەسییەوە گەڕایەوە لای و هیچ لە یاوەرانیشی لە مەترسی ئاگاداریان نەکردەوە.
باشتر وابوو ئەو سیاسەتمەدارە بیزانیبایە کە چەند بە خێرایی ژیانی کەسێک دەکوژێندرێتەوە، کەچی ئەو بۆ پاراستنی خۆی بڕوای بە کاریگەریی لەشکرێکی گەورە هەبوو. لەشکر بە ناو شاردا ڕۆیشتن و تا بەردەم کۆشکی خەلیفە هاتن و لە چواردەوری کۆشک دامەزران، بەڵام بە تەنیا خۆی ڕێگەی پێ درا بچێتە کۆشکەوە.
خه‌لیفه‌ بە وشەگەلێکی دۆستانە به‌خێرهاتنی بنیاتنەری ڕاستینەی دەوڵەتی عەبباسیی کرد. سوپاسی کرد بۆ ئەو خزمەتە دڵسۆزانانەی. لە کاتی ئاخاوتنیاندا خەلیفە ئاماژەیەکی دا و پێنج پیاو هاتنە ژوور و پەلاماری ئەبوو موسلیمیان دا و خستیان. خەلیفە قسەی پێگوت و بە بێباوەڕترین بێباوەڕەکانی دانا ... و ژوورەکەی جێ هێشت. پیاوەکانیش بە شمشێرەکانیان لەتوپەتیان کرد.
نووسینی کۆنتسێلمان تەواو.

دوای ئەو ڕووداوە شەرمهێنە، کەسایەتییە نزیکەکانی خەلیفە ‌نازناوی ناشیرینی وەکو ستەمکار و خاوه‌ن تاوان (ئه‌بوو موجریم)ـیان به‌ ئه‌بوو موسلیمەوە لکاند. تەنانەت شاعیری دەربار، ئه‌بوو دولامه‌، لە هۆنراوه‌یه‌کیدا هەر بە سووکایەتیکردن بە خۆیەوە ناوەستێت، بەڵکوو به‌رده‌بێته‌ باووباپیرانیشی و هه‌موو کوردان به‌ ناپاک و ستەمکار ناو ده‌بات و لەسەر ئەوە پاداشتیش وەردەگرێت.

هەموو مێژوونووسانی ئیسلام و عاره‌ب ئه‌و ڕاستییه‌ ده‌زانن، که ئەوە‌ سوپای گورزوه‌شێنی پیاوێکی کورد بوو، کە زۆر له‌ هێزی خەلیفە‌ بەهێزتر بوو، توانی ده‌وڵه‌تی دڕندەی ئه‌مه‌وی داڕووخێنێت. بەڵام دوای ئەو سه‌رکه‌وتنە، سەرداری کورد لەسەر سینییه‌کی زێڕ کلیل و جڵەوی فه‌رمانڕه‌وایەتیی پێشکه‌شی ئالی عه‌باس کرد و کردیانی به‌ سه‌رۆک و سه‌رگه‌وره‌‌ی خۆی، ئیدی بە ئەقڵی کێدا دەچێت چاوەڕوانی ئەو ناپاکییەی لێ بکات، وا بە ئاسانی له‌ناو ببردرێت؟ ئەوەشی که‌ دەگوترێت گوایه‌ ئه‌بوو موسلیم کاری وای کردووه‌ خەلیفەی له‌ خۆی ڕه‌نجاندووه‌ و له‌وه‌شەوە مافی ئەوەی پێ ده‌ده‌ن که‌ وای به‌سه‌ردا هێناوه‌، بە شەرعیکردنێکی ناڕەوایە، چون لە ڕاستیدا و وەکوو کۆنتسێلمانیش دەڵێت: ئه‌بوو موسلیم ئومێدی ئه‌وه‌ بووه‌ که‌ عه‌باسیەکان ڕێگای هه‌ق و خوداناسیی نیشان بده‌ن، بۆیه‌ وا چۆتە خزمه‌تییانه‌وه‌. بەڵام وادیاره‌ نەک ڕێگای ڕاستێتییان پیشان نەدا، بەڵکوو هه‌رئه‌وه‌نده‌ ڕێزیان گرت تا ده‌سه‌ڵاتیان وه‌رگرت و بارودۆخه‌که‌یان بۆ هاتە بار. ئیدی ئەویش له‌ کرده‌وه‌کانی عه‌باسیەکان بێزار ببوو و ئه‌و باوه‌ڕه‌شی پێیان نه‌ما که‌ ئه‌وانه‌ بتوانن له‌ خودای‌ نزیک بکه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ ناڕه‌زاییەکانی نەشاردۆتەوە و بە نامە بۆ خەلیفەی ناردووە. ‌‌لە کۆتاییدا ئەو خۆبەخزمزانانه‌ی په‌یامبه‌ری ئیسلام، لەبری پاداشت، بە پیلانێکی نامه‌ردانه‌، له‌ ماڵی خۆیاندا سه‌ریان لێ کردەوە و وه‌ک شانازییه‌ک لاشه‌که‌یان به‌ خه‌ڵکی نیشان ده‌دا.

ئەمە لە کورتترین مانایدا، بەڵگەی حاشاهەڵنەگری بڕوانەبوونی ئەوانە بە پەیامی پەیامبەری خودا. لەوەش ئابڕووبەرانەتر ئەوە بوو، ئەوان هه‌ر ته‌نیا به‌ کوشتنی ئه‌و دڵیان ئاو ناخواتەوە و پەلاماری هه‌موو کوردان دەدەن و به‌ ناپاکیان دادەنێن. ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدا‌ خۆیان ده‌ستدرێژکه‌ر و داگیرکه‌ری وڵاتی کوردان بوون. لای ئەوان، کوردان‌ جگه‌ له‌وه‌ی ئه‌وه‌ هه‌ر هیچ نابێت بیریش له‌وه‌ بکه‌نه‌وه‌ که‌‌ سه‌روه‌ر، یاخود له‌ پله‌وپایه‌ی ئه‌واندا بن، ته‌نیا مافی خزمه‌تکردنیان هه‌یه‌. زۆر جارانیش دوای ئه‌وه‌ش که‌ ملکه‌چی فه‌رمانه‌ ناماقووڵه‌کانیشیان ده‌بن، ده‌بێ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ بکه‌ن که‌ له‌ هه‌ر کات و ساتێکدا کاریان پێیان نه‌ما، به‌بێ هاوار و قیژه‌، ملیان درێژکه‌ن و بیخه‌نه به‌رده‌م شمشێره‌ ژه‌هراوییه‌کانیان، تا به‌ لوتف و کەرەمی خۆیان بۆیان بپه‌ڕێنن. کە بەداخەوە ئه‌م بۆچوونه تا ئەم ساتەش ‌پانتاییه‌کی فراوانی له‌ بیرکردنه‌وه‌ی زۆربەیاندا هه‌یه.

بێچاوێنی بێت! نەتەوەی کورد تا هەنووکەش لە بواری خزمەتی ئەوی دیدا سەرمەشقە، کە ئەوەش لە هێڕبوونی بە ئایدیا گشتگیرە پیرۆزڕاگیراوەکانەوەیە کە مرۆڤی کوردی لە خۆی نامۆ کردووە و لە گرنگیی حوکمی خۆبەخۆی دوور خستۆتەوە و تووشی دەردی کوشندەی بێدەوڵەتیی کردووە.

مرۆڤناسانی شارەزا سەلماندوویانە، تاک ته‌وه‌ری سه‌ره‌کی بوون و تاکه‌ هۆکاری ئه‌رێنیی هه‌موو گۆڕانکارییه‌کانە. جا کە تاکی کورد ئەوەی زانی، ترس و تاسانی لە توڕدانی هەر هزرێک، کە هۆشی هێڕ بکەن و ئەو پایەیەی بلەقێنن، نامێنێت و هەوڵی خۆخوێندنه‌وه‌ و خۆدۆزینه‌وە دەدات. بەوەش ئارامییەکی وای دەبێت و دەکارێت خۆی بە سیسته‌مێکەوە سەرقاڵ بکات، کە ژیانی کۆمه‌ڵگاکەی ساز و سەقامگیرتر بکات.

بە دەسکارییەوە لە کتێبی (مرۆڤ و ئافراندن)ـی نووسەر وەرگیراوە