كاریكاتێریستەكەی (باسنیوز) لە پێشبڕكێیەكدا لەسەر ئاستی عێراق پلەی یەكەمی بەدەست هێنا

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

كاریكاتێریستەكەی (باسنیوز) لە پێشبڕكێیەكدا لەسەر ئاستی عێراق پلەی یەكەمی بەدەست هێنا

لە پێشبڕكێیەكی هونەرییدا كە لە شاری بەغدای پایتەختی عێراقی فیدراڵ، رێك خرابوو، هاوكارمان هونەرمەند دژوار ئیبراهیم كە كاریكاتێریستی ئاژانسی هەواڵی (باسنیوز)ە، پلەی یەكەمی لەسەر ئاستی عێراق بەدەست هێنا.

ئەو پێشبڕكێ هونەرییە كە لەلایەن (خانەی كاریكاتێریستانی عێراق) و (دامەزراوەی نەهرەین بۆ گەنجان و گەشەپێدانی بەردەوام) سەرپەرشتی دەكرا، بۆ هونەرمەندانی هەریەكە لە بوارەكانی (كاریكاتێر، نیگاركێشی، وێنەی ئەنیمەیشن، وێنەی پۆرترەیت، وێنەی مۆنگا) لەسەر عێراق بەبۆنەی مانگی رەمەزانەوە رێك خرابوو، دەیان هونەرمەند بە چەندان كاری هونەری لە شارەكانی عێراق و هەرێمی كوردستانەوە بەشدارییان تێدا كرد، هاوكارمان هونەرمەند دژوار ئیبراهیم كە نزیكەی ١٠ ساڵە كاریكاتێر بۆ هەفتەنامەی (باس) و ئاژانسی هەواڵی (باسنیوز) دەكات، بە چەند كاریكاتێرێك بە ناوی هەرێمی كوردستانەوە بەشدار بوو.

دوێنێ ئەنجامی ئەو پێشبڕكێ هونەرییە لەلایەن لیژنەی دادوەرییەوە راگەیەندرا و دژوار ئیبراهیم كاریكاتێریستی بەناوبانگی (باسنیوز) و كوردستان، پلەی یەكەمی لە هونەری كاریكاتێر لەسەر ئاستی عێراق بەدەست هێنا.

بەم بۆنەیەوە، بە ناوی سەرجەم هاوكارانمان لە دەزگای میدیایی (باس) پیرۆزبایی گەرم ئاراستەی هاوكارمان دژوار ئیبراهیم دەكەین و هیوای سەركەوتن بۆ تەواوی هاوكارانی (باسنیوز) دەخوازین.