خانی گەورەی کۆیە (خانی مەحموود ئاغا)..

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

خانی گەورەی کۆیە (خانی مەحموود ئاغا)..

یەکێک لە خانووە کەلەپوورییە گرنگ و سەرنجڕاکێشەکان شاری کۆیە ئەم شوێنە لە ساڵی ١٨٦٠ی زایینی، لەلایەن مەحموود ئاغای کۆییەوە دروست کراوە و رووبەری شوێنەکە ١٣٠٠ مەتر چوارگۆشە دەبێت و كەوتووەتە ناوەڕاستی شاری كۆیە. لە کۆندا بە مەبەستی بازرگانی و ئاڵوگۆڕی بەرھەم و وەک کاروانسەرا بەکار ھاتووە، بۆ ئەو کاروانە بازرگانییانەی لە شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستانەوە بەرەو مووسڵ و شنگال رۆیشتوون.

 ئەم خانە لە دوو نھۆم پێک ھاتووە و ٥٣ ژووری تایبەتی تێدایە، ژوورەکانی نھۆمی خوارەوەی بۆ ئەسپ و وڵاخەبەرزە بارھەڵگرەکان بەکار ھاتووە و سەرەوەش وەک ھۆتێل بۆ پشووی بازرگانەکان. لەناوەڕاستی حەوشەی خانەکەدا فوارەیەکی بچووک ھەیە، بۆ جوانی بەخشین بەتەواوی ھونەری تەلارسازیی خانەکە، لەسەر دەرگای سەرەکیی خانەکەش، لەسەر بەردێکی مەڕمەڕی رەش زانیاریی مێژوویی لەسەر دروستکردن و گرنگیی خانەکە نووسراوە، جگەلەوەی سەردەرگای ژوورەکان و پەنجەرەکانیش بەھەمان مەڕمەڕ نەخش و نیگاری رووەکیان لەسەر ھەڵکۆڵدراوە.

 بەداخەوە ئێستا بەھۆی پشتگوێخستنی، ئەم خانە کۆن و مێژووییە خەریکە لەناو دەچێت.