لە شەقراوێ لۆ نەمسای

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

9

ئەو شەونم بوو ئەمنیش شاوران!

هەندەک جار وەختی جێژنە و عوتلەی نیوەی سارێهات ئەگەڕاینۆ شەقراوێ، چونکە عاشق بووم، حەزمەکرد زوو زوو بێمۆ، چاوم بە بابانوێرانێ بکەوی! نزانم ئۆندە جوان بوو، یا لەپێش چاوێ من ئەوها جوان دیار بوو، ئەسمەرەکی زۆر خینشیرن، نە کورت نە درێژ، چاوبەلەک، وەختی لە پێش ماریان تێپەڕیم و ئەو لەوێ نەبا، بە من مەنتیقەکە هەمووی ساردوسڕ بوو دەتگۆت کەسی تێدا نیە، وەختی ئەویش لەوێ با، پەلکە گیاشم لێبوونە گور!

پڕ بەدر خۆشمەویست و هەموو دەمێ هەر لە فیکر و مێشکم بوو، هەر لۆیێش کە دەچوومە بەغدایێ و لێی دوورەکەتمەوە زۆر عادزەبووم، شیعری گۆرانیی (دوورم لە یاران)ی قادر زیرەکی ڕەحمەتیش ناوی بەخێر هەر ئەو وەختەی لۆم هات و دوایێش کردمە گۆرانی، مستەمڕ کاغەزمان لۆ ئێکدیەنووسی، ناوی سڕیمان هەبوو، ئەمن ناوم لەوی نابوو شەونم و ناوێ منیش شاوران بوو!

زۆر جار بەو ناوانە گۆرانیی داواکراوم لە ئیزاعەی کوردی بەغدایێکردە هەدیە لۆی! هەتا جارەکی شیعرەکی فۆلکلۆری بەناوی (نامەکەت گەیی) لۆ ناردم، دوایی کردمە گۆرانی لۆ کاک خەلیل وەندی، کە ئەو وەختی برادەرەکی زۆر نزیکم بوو لە بەغدایێش مامەستا بوو.

ئەو وەختی کاغەز نووسین و گۆڕینەوە، موشکیلەکی زۆر گەورە بوو، وەکی هەنکە نەبوو، هەنکە کوڕ و کچ چیان بوێ بە مۆبایلی لۆ ئێکەنوسن و مۆدیلی کاغەزنووسینی هەر نەمایە، بە تەلەفۆن هەموو شتی پێکەرێن و شەرمێ لێک ناکەن! وەختی خۆی زۆر زەحمەت بوو، گەنجەک کاغەزەکی بداتە کچەکی کە حەزی لێکرد، بەریدیمە قۆدی هەرە گچکەکانی ئاوی تەماتەی بوو کە کاغەزمان تێنا، خۆ ئەگەر ئێکەک بە پێلەقەکی تێیفڕەدابا ئەوە کازەکە بزرەبوو ناگەیشتە دەستی!

ئەو قۆدیە گچکانە هەر ماینەو، هەنکەش وەختی دەکەونە بەرچاوم، ئەو ڕۆژانەم دینتۆ بیر کە عاشق بووم و کاغەزم لۆ شەونمیە نووسین! شەونم زۆر تەشجیعیەکردم ببمە کەسەکی گەورە و مەشهوور، وەختی دەستم بە مۆسیقا لێدانێ کرد و سەبر سەبر مەشهوور دەبووم، زۆری پێ خۆش بوو. ئەمن موتەئەکیدم لەوەی، ئەگەر ئەو عیلاقە و خۆشەویستیەی شەونم نەبا، ئەمن هەندە گەرم نابووم لەسەر فێربوونی مۆسیقای! حەزمەکرد فەخرم پێبکاو، برێ ئەوەیە (شاوران)ی من!

ئەمن هەر لەوەیەترسام ئەو دووریە، ئەمن لە بەغدایێ و ئەو لە شەقراوێ، ببتە سەبەبی کەمبوون و تێکچوونی ئەو عیلاقە و خۆشەویستیە! بەران کاغەزەکانی وی شاهێد بوون کە ئەمنی زۆر خۆشەویست و کەسیدکە جێی لە دری وی نابیتۆ! ئاگری عەشقی ئەو کچەی، ئۆندە بەتاو و گڕ بوو، ئەمنی لەناو بەنەوعەک سوتاندبوو کە ئاگام لەخۆ نمابوو! ئەو بڕە پارەی ڕۆژانە کە بابم دەیداینێ زۆر نەبوو، بەران ئەمن خڕمەکردۆ و لۆ شەونمی گوراوم پێکڕی، گوراوەکمەکڕی ناوی پاتڕا بوو بوونی هەتا برێی خۆش بوو.

نۆ سار عیلاقەم لەگەر شەونمی هەبوو، بەران هەر دوو جار چوومە ژوانێ، جارەک لەسەر جادەی بوو، ئەو لەودیوی تانۆکی بوو هێوارەکی بڕەک تاریک بوو، هەردووک دانیشتبووین، کەس لە جادەی نەبوو، دەستی لەناو تانۆکی هینادەرێ تۆقەم لەگەری کرد و دەستم ماچ کرد، لەرزم گرتبوو لەمن وابی هەموو دنیا ئێ منە! جارەکی دیکەش شەو بوو بەس داک و بابی لە مارێ بوون، ئەو جارە خۆم لەسەر تانۆکی ئاوا کرد و چووینە پشت خانی لەبەر ترسی داک و بابی هەر چار پێنج دەققە لەسەر عاردی دانیشتین، کە دەستم لە ناو دەستی نا دەتگۆت کارەبامەگری!

ئەوجارە زمانم لە خۆشیان تووشی شەلەلی بوو هەر قسەم پێ ناکرا! پێی گۆتم: "ئەوە لۆ وا مشەوەش بووی؟"
گۆتم: "کو مشەوەش نەبم، ئەوە ئێکەم جارە لە ژیانم لە تەنیشت کچەکی دانیشم، ئەویش کێ؟ شەونمی ڕووح و گیانم! ئەوە خۆشترین لەحزەیە لە ژیانم"، نزانم لەو لەحزەی کو فکرەی ئەوەم هاتە مێشکی، کە لەسەر ئەو دەستەسڕە نوێیەی کە بە دیاری لۆم کڕیبوو وەعدی بدەینە ئێک و بنووسین (ئەمن شاوران، سوندی بەخوایەخۆم و وەعد بی لە شەونم زیاتر کەسیدکەم خۆشنەوێ و هەر ئەویشەکەمە شەریکی ژیانم...من شەونم، سوندی بەخوایەخۆم و وەعد بی لە شاوران زیاتر کەسیدکەم خۆشنەوێ و هەر ئەویشەکەمە شەریکی ژیانم.)

نایلۆنەکی کەون لە عاردی کەتبوو، دەستەسڕەکەم لەناو نایلۆنی لوول دا و، ویستم قۆرتەکی لێدەم و لەناویدانێم، شەونم گۆتی ئەوڕۆ نیوڕانێ دیواری کۆریتیان* بە قوڕێ سواق دایە، وابزانم هێشتا هەر تەڕە، لەناو دیوارینێ! ئەمنیش بەقسەی ویم کرد و لەناو دیوارم دانا. ئەو هەر دەیگۆت: "زوو بە، هەتا گازیان نەکردیمە"
ئەمنیش پێم گۆت: "باشە باش، مەترسێ ئەواڕۆم، ئەدی کەنگی ئێكدیەبینین؟"
گۆتی: "خوا کەریمە، لۆتەنووسم" خواحافیزیم لێ کرد و بە کڕی مارەکەم بەجێ هێشت و دوعام دەکرد کەس نەمبینی.

چاوەڕێی ئەڵقەی دی بن...