1
قووڵیی مێژووی کوردان کە ڕەگوڕیشەی لە باوانە کەونارا سۆمەری، گۆتی، لۆلۆ، سۆگارتۆ، کاشی، خۆری، میتانی و ماد و ...تاد. هاتووە، فەرهەنگێکی فرەڕەنگ و بنجداکوتراوی داوەتێ، کە تەواو لە جوگرافیا نەخشینەکەی کوردستانەکەی دەچێ، بەو هەموو کەژوکۆ، دەشت و نزار، چەم و ڕووبارەیەوە. ئەم هێزی فەرهەنگە تین و تاو، تەوژم و توانایەکی وای بە ناخی کورد بەخشیوە کە زۆربەی هێزە پەلاماردەر و داگیرکارەکانی لەسەر ئاخی خۆی پێ تێکشکاندووە یان زۆر بێ کاریگەری کردوون.
زۆر جارانیش کە لە باری سەربازییشەوە ژێر کەوتبێت، ئەوە پێز و هێزی فەرهەنگەکەی هەوێنی مانەوە و هەڵساندنەوەی بووە. پێی ناوێ بەڵگە بۆ ئەمە بهێنمەوە، چون ئەوە سەراپای ڕابوردوو و ئێستاشمانە و کەسێ چاوی خۆی لێ نەنووقێنێ بە باشی دەیبینێت و هەستی پێدەکات. ئەگەرچی بەداخەوە ئەم فەرهەنگە گەوهەرئاسایە هێندە زانستییانە لێی نەکۆڵراوەتەوە تا مانا بەرزەکانی بزانرێت.
ئێستا کە بەشێک لە باشوووری کوردستان لە ئەنجامی زنجیرەیەك بەرخۆدان، شۆڕش، ڕاپەڕین و هاوکاتبوون و هاوبەرژەوەندیی دەوڵەتانی بەهێز لەتەک ئی کورداندا نیمچە ئازادکراوە و کورد لە بەشێکی نیشتمانی خۆیدا جۆرە دەسەڵاتێکی سیاسی و تا ڕاددەیەکیش ئابووریی خۆی هەیە و کەمێک لە تاڵاوی ئەو هەموو جەخارە تاسێنەرانەی کاولکاری، خوێنڕشتن، کۆمەڵکۆژی و ئەنفالەی بەسەریدا هات دوور کەوتووەتەوە، هەموو ئەو دەوڵەت و هێزە ئەهریمەنخەسڵەتانەی ئەوە بە کوردان ڕەوا نابینن، سەغڵەت دەبن و کێچ دەچێتە کەوڵیان، ئەوەی پێیان دەکرێ ڕاستەوخۆ دەیکەن و ئەوەی دییش ڕادەسپێرنە ئەو کەس و لایەن و تەوژمانەی ناو کوردستان کە کوردبوونی خۆیانیان پێ هیچ نییە، تا بە بریکاری ئەو کارانەیان بۆ بکەن. ئەمانەش کە هەر کۆمەڵەیەکیان بە جۆرێ داشۆردراون لە شکۆی نەتەوە، دەکەونە پێشبڕکێ لە جێبەجێکردنی پیلانە ژاراوەییەکانی ئەواندا.
لەم سەردەمەدا کە لەوانەیە داگیرکردنی سەربازیی ئەم بەشەی کوردستان هەر وا ئاسان نەبێت، چون جگە لە بوونی سەدان هەزار پێشمەرگە کە دەتوانن بەرگری و ڕێگریی سەخت لەو کارە بکەن، ئەرک و مزەختێکی زۆریش دەکەوێتە سەر ئەو وڵاتانە. بۆیە هەست دەکەین و دەبینین کە پتر لە جاران جەنگەکانیان کولتوورییە، خەریکن لە ناوەوە بە دەیان ڕێگا و پتریش قەڵا سەختەکە (زمانی شیرین و فەرهەنگی پڕ لە میهر)ی کوردان بگرن و تێکوپێکی بدەن (کە لە ڕاستیشدا مەبەستی داگیرکەران هەر ئەوەیە).
یەکێک لە ڕێگاکانی خپکردنی ئەم نەتەوەیە، بۆژۆپێکردنی کۆمەڵگایە بە هزری پڕ لە وەیشوومە و نامۆ بە ڕۆحی. جا ئەگەر ساڵانێک کۆمۆنیستە کوردەکان (بە هەموو لکە ڕووسی، چینی و ...تاد.) کوردیان بە نەتەوە نەدەزانی، هەست و هزری کوردێتییان بە سووکایەتی دەزانی و جەفەنگیان پێ دەهات، بزاڤی کوردایەتی و جەنگی دژی داگیرکەرانیان بە ناسیونالیزمی شوانکارە هەژمار دەکرد، لەوەش واوەتر چووبوون و نەتەوەکەی خۆیانیان لەو پلە و پایەیەدا نەدەبینی کە شیاوی هەڵکردنی ئاڵای کۆمۆنیزم بن، کە بەوە هەم خۆیان لە شکۆ داچۆڕاندبوو و هەمیش هێندەی دی کوردەکەیان کردبۆوە بە بەڵاگێڕی ئەوی دیی ناکورد. ئەوا ئەمڕۆش زۆرێک لە خۆبەلیبراڵزانانی خۆبەڕۆشنبیرزان و ... ئی دی، بە بەهانەی شارستانێتیی مۆدێرن، بوونەتە گەڕیدە و نێردراو (میسیۆنێر)ی هزری نامۆ و هەمان چاخانوپاخانی ئەوانی پێش خۆیان دەکەن لەوەی کوردایەتی شەرم و شوورەییە بۆ خاوەنانی. لە پاڵ ئەمانیشدا ساڵانێکە ئایدیالیستانی خۆبەدیندارزان، کە گوایە نوێنەری خودان! و لەگەڵیدا سازاون، بەڵام لەگەڵ یەکتر و دەوروبەریان نەبانن و حەفتا جۆرن، بە باسی گۆڕ و گۆڕەوشار، مار و مێروو، ڕووباری شەراب، غیلمان و کیژە شەنگوشۆخ (حۆری)ـەکانی ئەودنیا و ... ئی دی، ئەم دنیامان لەبیر دەبەنەوە!
تێکڕای ئەمانە، کە خەریکی کاوێژکردنی پاشاخوڕی بیانییانن و وەکوو دەمڕاست، یان ڕاستتر سەماکەری ئەوان دەردەکەون و ئاوازەکانیان جگە لە کوردی، هەموو ڕیتم و بۆن و بەرامەیەکیان هەیە. بەو توڕڕەهاتە پڕوپووچە نازانستیە ناتەبایانەی لە هەر قۆناغێکدا ناوێکی قەبەیان لێی ناوە وەکوو، دادپەروەری و یەکسانی (کۆمۆنیستان)، دێموکراسی و مرۆڤدۆستی (لیبراڵخوازان)، ڕێگای ڕاست و خواپەرستی (ئیسلامییە سیاسییەکان) ژاری کوشندەیان دەرخواردی خەڵکی داوە و دەدەن.
ئەمانە کە مەرجی ئەوەیان بۆ کورد داناوە کە دەبێت بەر لە کۆمۆنیستبوون، لیبراڵبوون یان ئیسلامبوون، خۆ دابماڵێت لە هەموو مۆرکێکی فەرهەنگی نەتەوەکەی خۆی، لە باشترین باریاندا بەڵگەی خۆبەکەمزانینیان وەدیار دەخەن. بۆیە جگە لە بە گومڕابردنی نەتەوە، کە دوایی هەست و هزری کۆیلایەتی لێ پەیدا دەبێت، هیچ کات کوردیان بە (مورادی عادیلانە) نەگەیاندووە و ناگەیەنن و هیچ (بەرهەم)ـێکیان نەبووە و نابێت. بگرە هەمیشە ئاکامی کارەکانیان بێئاکامی و ڕاپێچکرنی کورد بووە بۆ ژێرپێی داگیرکەران و ملخستنە بەر شمشێرە ژەنگاوییەکانیان، تا بە لوتفی خۆیان لە گەردنەوە لە لەشمانی جودا بکەنەوە. بەمەش بۆ هەمیشە و تا ئێستاش کورد لە بازنە داخراوە پڕ لە گێژاوەکەی داگیرکراویدا دەسووڕێننەوە.
لە ڕاستیدا ئەو کەرەسانە لای کوردی ڕەسەنی بڕوابەخۆ، هەڵیت و پەڵیتێکن و هیچکات زامە دەروونی و جەستەییەکانی کەسایەتییان ساڕێژ نەکردووە و ناکەن، بگرە قووڵتریان دەکەن و هێندەی تر گرفتاری دەکەن. چون کوردیش وەکو هەموو نەتەوەکانی سەرزەمین، پاراستنی پەیکەری خۆی و مرۆڤبوونی لەو فەرهەنگ و پێوەندییانەدا دەبینێتەوە کە خۆی ڕەنگڕێژیان دەکات. ئا لەو بارەدا دەشێ خۆویستانە تابوو لەسەر زۆرێک لەو هزر و ئایدیایانە لاببات کە مرۆڤایەتی هێناوێتنییە بوون و بە سەلیقەی خۆی لەگەڵ ویستەکانیدا بیانسازێنێت و سوودێکی زۆریشیان لێ وەربگرێت.
ڕەوانشاد هاوبیر حەکیمی کاکەوەیس دەڵێت:
''ئەگەر کاری دکتۆران، ئەندازیاران، باخەوانان، پیشەگەران ... تاد. مایەی شوورەیی بن بۆ خاوەنەکانیان، ئەوا کوردایەتیش کە هەمان ئەو کارانەیە تێکەڵ بە هەستێکی واوە کە دەیەوێ باری ژیوار (واقیعی حاڵ) لە بوارە جیاوازەکانی ژیاندا بۆ باشتر بەرێت، شوورەییە بۆ خاوەنەکەی.*''
من کە تەواو هاوبیرم لەگەڵ کاکە حەکیمدا، چارەسەری دەردی کوردان، تەنیا لە کوردایەتیدا دەبینم، کە لە مانا سادەکەیدا کارکردنێکی بەهەست و پوختی تاکی کوردە لەو کارەی بۆی ڕاسپێردراوە یان خۆی هەروا دەکات، جا لەمەدا چ جیاوازییەک لە جۆری کارەکان و پلەی بکەرانیدا نییە.
کورد ئەگەر بیهەوێت بچێتە سەر شاڕێی ژیان و بگاتە دوامەنزڵگەی سەربەخۆیی، دەبێت ئەوە بزانێت کوردایەتی نەک مایەی شوورەیی نییە بۆ خاوەنەکەی و شتێک نییە کۆن بووبێت و باوی نەمابێت، بەڵکوو لوتکەی پێشکەوتن و مرۆڤبوونێتی و تەنیا دەرگایە کە بتوانێت لێیەوە شوێنی شیاو لەنێو کاروانی مرۆڤایەتییدا بۆ خۆی بکاتەوە.
خوا حەز کا بەشی تریشی بەدوادا دێت ...
*بە دەستکارییەوە لە کتێبی (مرۆڤ و ئافراندن)ـی نووسەر وەرگیراوە