مامۆستا یاسین عه‌بدوڵا:
”دوژمنان ئەوەندە دەترسان، هه‌موو كوردیان به مه‌لا مسته‌فا ئه‌زانى، له ڕاستیدا ته‌نیا ئه‌م ترسه‌یان راست بوو“
ئەگەر لاى زۆر كه‌س رۆژى 9ى حوزه‌یرانى ساڵى 1963، وه‌ك دیمەنێكی سینه‌مایى به به‌رچاویدا هاتبێ و تێپه‌ڕیبێ، ئه‌وا زۆر شایه‌دحاڵى ئه‌و رۆژگاره تاڵانه ماون، كه چۆن ئه‌م شاره قاره‌مانه، شارى سلێمانى، به‌ده‌ست داگیركه‌رانى ئه‌و رۆژگاره نه‌گریسه‌وه، بوو به قۆچى قوربانى، كە رۆڵه‌كانى به ده‌ستى جه‌لادێكى وه‌ك زه‌عیم سدیقه‌وه، به تاوانى كوردبوون و پشتیوانیكردنى شۆڕشى كورد، به رابه‌رایه‌تیى بارزانیى نه‌مر، ده‌سته ده‌سته به‌ره‌و دۆڵى شه‌هیدان راپێچ ده‌كران و له‌وێدا زینده‌به‌چاڵ ده‌كران، كه ئه‌وه‌نده له‌و شۆڕشه و لە سه‌ركرده‌كه‌ى زه‌نده‌قیان چووبوو، شه‌و و رۆژ ئارامییان لێ هه‌ڵگیرابوو، زیڕه‌ى مه‌رگیان كردبوو، به شێوه‌یه‌ك، داروبه‌ردیان لێ بووبووه پێشمه‌رگه.
بەتایبەتی هێزی داگیركەر به‌رامبه‌ر خه‌ڵكى سلێمانى هێنده رقئه‌ستوور و داخ له‌دڵ بوو، وه‌ك ده‌گێڕنه‌وه، له‌و ره‌شبگیرییه‌دا هه‌ركه‌س ده‌ستگیر ده‌كرا و ده‌برایه زیندانه‌كان، پێیان ده‌گوتن وته‌ى ناشیرین و ناشایسته و خراپ به ره‌مزى نه‌ته‌وه‌ییتان (مسته‌فا بارزانى) بڵێن، به‌ڵام كه‌س ئاماده نه‌بوو ئه‌و كاره بكات، ئه‌گه‌ر شه‌هیدیش بكرابایه. ئیدى ئه‌و رۆژه تاڵانه به‌سه‌ر چوون و شارى سلێمانى ناونیشانى (شارى هه‌ڵمه‌ت و قوربانى) به كرده‌وه به ناوییه‌وه نووسا و سه‌رشۆڕى و شه‌رمه‌زارییش بۆ داگیركه‌رانى و ناپاكانى كورد و كوردستان مایه‌وه.
له‌و سه‌روبه‌نده‌یشدا، چه‌ند شاعیرێك شیعریان بۆ كاره‌ساتى 9ى حوزه‌یران نووسیوه، وه‌ك: (نوورى وه‌شتى، كامه‌ران موكرى، شێركۆ بێكه‌س...تد).
سه‌باره‌ت به‌و كاره‌ساته گه‌وره‌یه‌ى، ناحه‌زان ده‌رهه‌ق به‌م شاره مه‌زڵوومه كردییان و بۆ به‌زیندووهێشتنه‌وه‌ى، روومان كرده (مامۆستا یاسین عه‌بدوڵا)، كه شاهیدحاڵى نێو رووداوه‌كان بووه و ئاگادارى هه‌ندێك له‌و كاره‌ساته بووه، چه‌ند پرسیارێكمان ئاراسته كرد.
مامۆستا یاسین عه‌بدوڵا، سه‌باره‌ت به كاره‌ساتى 9ى حوزه‌یران به‌م شێوه‌یه بۆمان دوا و گوتى:
”داگیركه‌ران و دوژمنانى كوردستان، به‌درێژایى مێژوو نه‌یانتوانیوه هیچ داهێنان و دەسكەوتێكى به‌كه‌ڵك به‌ده‌ست بهێنن، ئه‌گه‌ر بچو‌وكیش بێت و به‌هایشى كه‌م بێت، نه له رووى زانست و نه له هیچ روویه‌كى دیكه‌وه. هۆیه‌كه‌یشى بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه خاوه‌نى مێشكێكى به‌ستوون، كه ته‌نیا و ته‌نیا له كاروانى پێشكه‌وتنى جیهانیدا له‌سه‌ر رابردوو ده‌ژین و ده‌یانه‌وێت تازه به تازه به حوشترى بیابان به رۆكێت بگه‌ن، كه هه‌رگیز پێیشی ناگه‌ن، به‌ڵام له روویه‌كى دیكه‌وه، كار كه دێته سه‌ر چه‌وساندنه‌وه و كۆمه‌ڵكوژى و له‌ناوبردنى ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ى، كه به زوڵمى مێژوو و زلهێزه‌كان پێیان لێنراون، یا كه‌وتوونه‌ته ژێر چه‌پۆكیان، چه‌نده‌ها داهێنانیان هه‌یه، كه سه‌دانى وه‌ك (ستالین و مۆسۆلۆنى، خمیر سووره‌كات) بیریان لێ نه‌كردووه‌ته‌وه. له‌م رووه‌وه وشه‌ى وه‌ها ئه‌هێننه ناو فه‌رهه‌نگى مرۆڤایه‌تى، كه له یاساى جەنگەڵ و دارستانیشدا نه‌بووه.“
یاسین عەبدوڵا زیاتر دەڵێ: ”یه‌كێك له‌و ده‌سته‌واژانەی داگیركەران، قه‌ده‌غه‌كردنى هاتوچۆ (من‌ع التجول) بوو. پێش باسكردن له‌م ده‌سته‌واژه‌یه، ئه‌م به‌ناو مرۆڤانه، خاوه‌نى جۆرێك له قاره‌مانێتین، ئه‌ویش كوشتنى مرۆڤ له‌سه‌ر كاڵا و جلوبه‌رگ، زینده‌به‌چاڵكردنى مرۆڤ، كه ره‌گه مێژووییه‌كه‌ى لایان باو بووه، هه‌رچه‌نده له مێژووی تاریكدا ئه‌م زینده‌به‌چاڵه ته‌نیا تایبه‌ت بووه به (ئافره‌ت)، یان ره‌گه‌زى (مێ)، به‌ڵام به حوكمى پێشكه‌وتن و هه‌ڵكشانى مێژووى وه‌چه‌كانى سه‌رده‌م‌ى پێشوو، گۆڕیان بۆ هه‌موو جۆرێكى مرۆڤ (به نێر و مێ و پیر و گه‌نج و منداڵ و په‌ككه‌وته‌ش) هه‌ڵكۆڵی.
ئه‌م مێشك به‌ستووانه هه‌موو جیهان به موڵكى خۆیان ده‌زانن، له رۆژئاوا بۆ رۆژهه‌ڵات، گشت مرۆڤ به كۆیله‌ى خۆیان ده‌زانن، رۆژێك (شكسپێر) ئه‌كه‌نه (شێخ زوبێر) یان (شیونه و مه‌درید) به ماڵى بابیان ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن، (بیردۆزى رێژەیی) به داهێنانى ره‌نگه (عه‌نته‌رى كوڕى شه‌داد) بزانن، به‌ڵام ئه‌وه‌ى جێگه‌ى پرسیاره ئه‌وه‌یه، چۆن و بۆچى ئه‌م جیهانه‌ى، كه به موڵكى خۆیانى ده‌زانن، كاولى ده‌كه‌ن؟ ئه‌م مرۆڤانه‌ى، كه به كۆیله‌ى خۆیانى ده‌زانن، بۆ زینده‌به‌چاڵیان ده‌كه‌ن و به وشه‌ى خۆیان (قه‌تڵ و عام)یان ده‌كه‌ن؟“
روونیشی كردەوە: ”ئه‌م شاره و گشت شار و شارۆچكه‌كانى كوردستان ناسنامه‌كه‌یان (كوردایه‌تى) بووه، ده‌ستكه‌وتى له داگیركه‌ران چى بووه؟ به درێژایى ته‌مه‌نى، سلێمانى چقڵێ بووه له چاوى داگیركه‌ر و دوژمنانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان، هه‌ر بۆیه ئه‌گه‌ر ته‌مه‌نى داگیركارییان درێژه‌ى بكێشایه بۆ ئه‌مڕۆ، چۆن دێهات و كانیاو و دار و دره‌ختیان سووتاند و له‌گه‌ڵ زه‌ویدا ته‌ختیان كرد، به هه‌مان چه‌شن ئه‌م شاره‌یشیان به هه‌مان چاره‌نووسى دێهات و شارۆچكه‌كانى دیكه‌ى كوردستان ده‌برد.“
ئنجا لەبارەی رۆژى كاره‌ساته‌كەی 9ى حوزه‌یرانى ساڵى 1963، مامۆستا یاسین عەبدوڵا گوتی: ”له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى ئه‌م شاره به‌تایبه‌تى و كوردستان به‌گشتى له‌گه‌ڵ ئازار و ئه‌شكه‌نجه و نه‌هامه‌تى و كوشتن و بڕین و دایكى جه‌رگسووتاو و خانمى هاوسه‌ر شه‌هید و رۆڵه‌ى باوك زینده‌به‌چاڵكراو نامۆ نه‌بوو، چه‌ندین دایك دواى شه‌هیدبوونى رۆڵه‌كه‌یان له‌به‌رده‌میاندا، لاشه‌كه‌ى ده‌به‌سترایه‌وه به‌و تانك و ئامێره سه‌ربازییانه‌ى، كه به دیارى، یان به نرخى هه‌رزان له لایه‌ن دۆستانى كۆترى ئاشتى! ده‌درانه داگیركه‌ر و له‌به‌رده‌م دایكیاندا به شه‌قامه‌كانى شاردا راده‌كێشران. ئه‌م به‌ناو مرۆڤانه نه‌ریتى دیكه‌یان داهێنا، جۆرێكى دیكه له هه‌وڵدان بۆ قه‌ڵاچۆكردنى نه‌ته‌وه‌یه‌ك، كه ته‌نیا تاوانى ئه‌وه بوو پێى ده‌گوترا كورد. به‌رامبه‌ر به نه‌ته‌وه‌یه‌ك، كه وه‌ك هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانى سه‌ر ئه‌م رووى زه‌مینه، ئه‌یویست به ئاسووده‌یى بژى. ئه‌و نه‌ریته تازه‌یه پێى ده‌گوترا (قه‌ده‌غه‌كردنى هاتوچۆ- من‌ع التجول)، هیچ مرۆڤێك بۆى نه‌بوو له ده‌ركى ماڵى خۆیشى، ته‌نانه‌ت بۆ هه‌وا هه‌ڵمژینیش سه‌روه‌ر بێت. هه‌رچى كووچه و كۆڵانی شار هه‌بوو په‌ستێنرابوو به (برا و برازا و كه‌سوكارى قه‌حتان و سه‌گبان) و ئه‌وانی دیكه. ترسنۆكییان به جۆرێك بوو، ته‌نانه‌ت سڵیان له منداڵانیش ئه‌كرده‌وه، سڵیان له جلى كوردییش ئه‌كرده‌وه، سڵیان له كراسى ڕه‌شى دایكى رۆڵه‌ى شه‌هیدكراو ده‌كرده‌وه، سڵیان له مه‌لى سه‌ر دارتووه‌كانیش ئه‌ده‌كرده‌وه، چونكه به ڕه‌چه‌ڵه‌ك ترسنۆكن. ئه‌گه‌ر ترس نه‌بێت، چى وا ده‌كات له‌سه‌ر قاتێ رانك و چۆغه‌ى شاڵ كه‌سێك شه‌هید بكرێت؟!“
بەردەوام دەبێ و دەگێڕێتەوە: ”ماڵ به ماڵ ده‌ستیان كرد به گه‌ڕان و پشكنین، به‌دواى چیدا ئه‌گه‌ڕان؟ هه‌رچى په‌یوه‌ندیى به كورده‌وه هه‌بێت، بۆ پارچه‌یه‌ك جل، بۆ پشتێنى پشت، بۆ په‌ڕه‌كاغه‌زێك. هه‌رچى نێرینه هه‌بوو ئه‌یانگرت و له ماشێنه سه‌ربازییه‌كانیان ده‌ئاخنین، كه‌س بۆى نه‌بوو بڵێ نا.. به چه‌نده‌ها دیوارى ماڵانیان ئه‌كرده دیوارى مه‌رگ و له‌پاڵیدا گه‌نجانى ئه‌م شاره‌یان گولله‌باران ده‌كرد، گۆڕى رۆڵه‌كه‌ى له ماڵێ بۆ هه‌ڵده‌كه‌نرا و تێیدا ئه‌نێژرا. ئه‌و قاره‌مانانه شه‌ڕیان له‌گه‌ڵ كۆلاره هه‌واییه‌كان نه‌ده‌كرد، به‌ڵكوو له سێبه‌رى كوردیش ئه‌ترسان. ئه‌وه‌ى جێگه‌ى سه‌رسوڕمان بوو، سه‌ره‌تا له‌و جێگایانه‌وه ده‌ستیان پێ كرد، كه نزیك مۆڵگه‌كانیان بوو، بۆ ئه‌وه‌ى ده‌ریبخه‌ن، ته‌نانه‌ت دراوسێیه‌تیش لاى ئه‌وان واتاى نییه، هه‌رچى نێرینه‌ى ئه‌م شاره هه‌یه كۆیان كردنه‌وه و به‌ره‌و مۆڵگه‌كانیان بردن و كۆمه‌ڵێكى زۆریان لێ شه‌هید كردن. ئه‌و قاره‌مانانه ته‌نانه‌ت له ناویش ئه‌ترسان، وشه‌ى (مه‌لا) قه‌ده‌غه بوو، (مسته‌فا) ئاگر بوو له جه‌سته‌یان به‌رئه‌بوو، ترسنۆكییان به راده‌یه‌ك بوو، هه‌موو كوردیان به مه‌لا مسته‌فا ئه‌زانى، له ڕاستیدا ته‌نیا ئه‌م ترسه‌یان راست بوو.“
لە درێژەی وەڵامەكەیدا، مامۆستا یاسین عه‌بدوڵا گوتی: ”له‌و سه‌رده‌مه‌دا، ئێمه‌ى منداڵ و مێردمنداڵ له كۆڵانه‌كانى سه‌رشه‌قام، تا ڕاده‌یه‌ك كه‌متر (من‌ع التجول) و ئه‌م باسه لامان ماناى هه‌بوو، ئه‌ویش به‌هۆى ئه‌وه‌ى، كه كه‌متر ئه‌و دڕندانه گه‌ڕه‌كه‌كه‌ى ئێمه‌یان لا نامۆ بوو، له لایه‌ك و له لایه‌كى دیكه‌یشەوە له ترسى ئه‌وه‌ى گیان له‌سه‌رده‌سته‌كانى كورد له‌و گه‌ڕه‌كه‌داین، به‌ڵام ئه‌وه‌ى لاى ئێمه دیار بوو، شه‌پۆل و لێشاوى ئه‌و خه‌ڵكه بوو، كه له گه‌ڕه‌كه‌كانى دیكه‌ى شاره‌وه رزگاریان ده‌بوو و روویان له كۆڵانه‌كانى لاى ئێمه ده‌كرد. دوای حه‌وانه‌وه‌یان، ئێمه‌ى منداڵانى گه‌ڕه‌ك وه‌ك شاره‌زا پێشه‌نگیمان بۆ ئه‌كردن به‌ره‌و ئه‌و دۆڵه‌ى، كه (شیوى جووله‌كان)ى پێدا ئه‌ڕۆیشت. له هه‌ر چوار لاوه، له سه‌ربانه به‌رزه‌كان وه‌ك سه‌ربانى (قوتابخانه‌ى سه‌رشه‌قام و یاریگاى سلێمانى)، كه زاڵ بوو بۆ بینینى هه‌موو جموجۆڵێك، ره‌بیه و سه‌ربازگه‌یان دانابوو، هه‌ر جووڵه‌یه‌كیان ببینیایه، ئه‌گه‌ر ئاژه‌ڵیش بوایه، به‌ر ده‌ستڕێژى گولله‌یان ده‌دا، ئه‌م هۆیه بوو، كه له‌و شیوه‌وه له‌گه‌ڵ كاروانى خه‌ڵكدا رێگه‌مان ئه‌گرته به‌ر، تا لە سنوورى شار ده‌رئه‌چووین، تا ئه‌و شوێنه‌ى پێى ئه‌گوترا (مه‌ولانه و گردى كاك ئه‌حمه‌دى بۆنخۆش)، له رۆژێكدا چه‌ند جارێك گرووپ گرووپ ئه‌م كاره‌مان ئه‌كرد.“
لەكۆتاییدا، مامۆستا یاسین عەبدوڵا، لەبارەی ئەو رۆژەوە گوتی: ”ئەو بەرگرییە گه‌وره‌یه و ئه‌و ستەمە زۆرەی ئه‌و داگیركه‌رانه به‌رامبه‌ر به خه‌ڵكى بێبه‌رگریى شار، چه‌ند رۆژێكى خایاند و هه‌موویان له ته‌ویله و جێگه‌ى نه‌شیاودا، به‌بێ نان و ئاو به‌ند كردن. تا كار گه‌یشته ئه‌وه‌ى چه‌ندان كه‌س تووشى چه‌ندین جۆرى نه‌خۆشى بوون و چه‌ندینى دیكه‌یش گیانیان له‌ده‌ست دا. له‌و ده‌مه‌دا باسى (دۆڵى مه‌رگ) به كزى به‌رگوێ ئه‌كه‌وت، دواتر باسه‌كه زۆر زیادى كرد. (دۆڵى مه‌رگ) ئه‌و جێگه‌یه بوو، كه رۆڵه‌كانى ئه‌م شاره‌یان تێدا گولله‌باران كرد، له‌ناو ئه‌و جێگه‌یه‌ى پێى ده‌گوترا (حامیه‌ى سلێمانى)، كه ئێستا جێگه‌ى پاركى ئازادییه. به‌و بیانووه‌ى ئه‌ندام و لایه‌نگرانى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان، داوایان لێ ده‌كرا وشه‌ى ناشیاو به سه‌ركرده‌ى كورد بڵێن، ئه‌و كه‌ڵه‌پیاوانه‌یش مه‌رگیان هه‌ڵئه‌بژارد، نه‌ك سووكایه‌تى به‌رامبه‌ر به سه‌ركرده‌كه‌یان. ئا ئه‌مه بوو هه‌ڵوێستى قاره‌مانێتیى خه‌ڵكى قاره‌مانى ئه‌م شاره و دڕنده‌یى رژێمى عێراقى ئه‌و سه‌رده‌مه. خۆزگه هه‌زار خۆزگه نه‌وه‌ى نوێمان، ئه‌م راستییه‌ى ئه‌هێنایه به‌ر دیدى خۆى، بۆ ئه‌وه‌ى بزانێ ئه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ ئه‌و چێژى لێ ده‌بینێ، به رووبارێك خوێنى ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه هاتووه‌ته دى، نه كه‌س خێرى پێ كردووین، نه به‌دیارى وه‌رمانگرتووه. بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌گه‌ر كه‌مێكیش بێت، هه‌ستى نه‌ته‌وایه‌تى بزانن، كه له چ ئاستێدا بووه و چۆن خه‌ڵكى له‌پێناویدا قوربانیى داوه.
پێم باشه له‌كۆتایى ئه‌م دیداره‌دا، وه‌ك شاعیر كامه‌ران موكرى ده‌ڵێ:
چاوم هه‌ڵهێنا دیم ئه‌م میلله‌ته
دیمه‌نى ژینى قه‌ناره و په‌ته
گوێم به ده‌نگى ئاخ زرنگایه‌وه
ده‌مم به هاوار هه‌ڵهێنایه‌وه
بۆیه هه‌ر ئه‌بێ پشكۆى تۆڵه بم
قوربانى خاك و هى ئه‌م خۆڵه بم.