ڕۆژى 19ى حوزه‌یران، له دیرۆكى گه‌لى كورددا لایه‌ڕه‌یه‌كە پڕ لە سه‌روه‌رى و ئازادیخوازى و ده‌سپێكى به‌ره‌به‌یانێكى ماته‌م و سه‌رفرازى و ڕه‌تكردنه‌وه‌ى زوڵم و سته‌م و زۆرداری. له‌پێناو بره‌ودان به هه‌ستى نه‌ته‌وه‌یى و گیانبازى و كوردپه‌روه‌رى و به‌ده‌ستهێنانى پله‌ى شه‌هاده‌تى چوار ئه‌فسه‌رى قاره‌مان و گه‌شمرده، كه ڕۆحى به‌رزه‌فڕیان كرده قوربانى و به‌ره‌و كاروانى سه‌رفرازى و ئاسمانى كوردایه‌تى كشان. ئه‌وان به‌شانازییه‌وه په‌تى سێداره‌یان كرده گه‌ردنى به‌رز و پیرۆزیان و نه‌مرییان به‌ده‌ست هێنا.
هه‌موو ساڵێك، له‌م ڕێكه‌وته‌دا یادیان به‌رز ڕاده‌گیرێ و له لایه‌ن ڕۆڵه‌كانى گه‌له‌كه‌مانه‌وه، به چاوى ڕێز و ئه‌مه‌كدارییه‌وه لێیان ده‌ڕوانرێ و خه‌بات و تێكۆشانیان به‌رز ده‌نرخێنرێ، له میدیا نیشتمانیەكانى كوردستانیشه‌وه به شانازییه‌وه یادیان ده‌كرێته‌وه و كات و سات و لاپه‌ڕه‌ى گه‌شیان بۆ تۆمار ده‌كرێت و بایه‌خیان پێ ده‌درێت.
دوای ئه‌وه‌ى ئه‌م به‌شه‌ى كوردستان خرایه سه‌ر ده‌وڵه‌تى تازه دامه‌زراوى عێراق و پێوه‌ى لكێندرا، ده‌بوایه ته‌واوى مافه‌كان بۆ گه‌لى كورد دابین بكرێن، به‌ڵام نه‌یارانى نه‌ته‌وه‌ى كورد پاشگه‌ز بوونه‌وه و به‌جێ نه‌گه‌یاندنى ئه‌م ڕێككه‌وتنه‌یان كرده ئامانج. هه‌ر بۆیه‌ش گه‌لى كوردى ناچار كرد، هه‌موو ڕێگایه‌كى خه‌بات بگرێته به‌ر، بۆ به‌دیهێنانى مافه‌كانى له ده‌وڵه‌تى عێراقدا، شۆڕش و ڕاپه‌ڕینه‌كان و قوربانییه بێشوماره‌كان به‌ڵگه‌ى زیندوون.
دوای دامه‌زراندنى لێژنه‌ى ئازادى و هه‌ڵگیرسان و دامركانه‌وه‌ى شۆڕشى دووه‌مى بارزان، بارزانى و هه‌ڤاڵانى ڕوویان له ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان كرد و له‌وێ دواى دامه‌زراندنى كۆمارى دیمو‌كراتى كوردستان، لە سەروبەندی ڕووخانی كۆماردا، جارێكى دیكه گه‌ڕانه‌وه باشوورى كوردستان، دواى كۆبوونه‌وه‌یه‌كى چاره‌نووسساز، ڕۆژى 15ی4ی1947 بارزانى ماڵئاوایى له شێخ ئه‌حمه‌د و برا و خێزان و دۆسته‌كانى كرد و بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى مه‌رگ و بڕینى ڕێگاى چاره‌نووسێكى نادیار، (560) چه‌كدارى هه‌ڵبژارد.
بارزانیى نه‌مر له نه‌خشه و پلانه‌كانى دوژمن زۆر ئاگادار بوو، بۆیه به‌تایبه‌تى داواى له ئه‌فسه‌ره ئازادیخوازه‌كانى كورد كرد، كه نه‌كه‌ن به عه‌فوونامه‌كه‌ى حكوومه‌تى ساڵح جه‌بر هه‌ڵخه‌ڵه‌تێن، چونكه ئه‌وانه پێشتر له غیابییدا حوكمى خنكاندنیان به‌سه‌ردا دابڕابوو.
(زۆرى هه‌وڵ دا ئه‌فسه‌ره عێراقییه‌كان بمێننه‌وه و نه‌چنه‌وه بۆ عێراق، چونكه ئه‌وان بارێكى جیاوازیان هه‌یه، به‌ڵام جگه له میرحاج ئه‌حمه‌د و عه‌بدولڕه‌حمان موفتى، كه‌سیان نه‌مانه‌وه.)
عه‌بدولئیلاى وه‌سى، ئه‌و به‌ڵێنه‌ى خۆى نه‌گه‌یانده جێ، له‌برى به‌خشینیان، ڕۆژى 19ی6ی1947 بڕیارى له‌سێداره‌دانى (عیزه‌ت عه‌بدولعه‌زیز، مسته‌فا خۆشناو، محه‌مه‌د مه‌حموود قودسى، خه‌یروڵا عه‌بدولكه‌ریم) له لایه‌ن حكوومه‌ته‌كه‌ى ساڵح جه‌بر جێبه‌جێ كرا.
هه‌رچه‌نده دوژمن وه‌ك پیشه‌ى هه‌میشه‌یى، له به‌كارهێنانى هیچ ڕێگایه‌ك بۆ سه‌ركوتكردنى گه‌لى كورد و له‌ناوبردنى شۆڕشگێڕان درێخیى نه‌كردووه، بۆیه كاتێك هه‌واڵى په‌ڕینه‌وه‌ى بارزانى و هه‌ڤاڵانى له ڕووبارى ئاراس له ڕادیۆ جیهانییه‌كان بڵاو بووه‌وه، دوژمن له به‌رامبه‌ر ئه‌و كاره مێژووییه گه‌وره‌یه‌دا، دوای هه‌موو هه‌وڵێكى سه‌ربازى و سوپایی بۆ له‌ناوبردنیان، شكستی هێنا، له هه‌مان كاتدا ڕقى خۆى به چوار ئه‌فسه‌ره‌كه‌دا ڕشت، به‌مه‌ش وه‌زاره‌ته‌كه‌ى جه‌بر دوو هه‌ڵه‌ى گه‌وره‌ى كرد:
1- په‌نابه‌ر به شه‌رع و قانوون نابێ بكوژرێ.
2- له‌سێداره‌دانیان ڕق و تووڕه‌یى له ناخ و دڵى هه‌موو كوردێكدا چاند.
له‌و سه‌رده‌مه‌دا، كه بڕیارى له‌سێداره‌دانیان درا، ڕۆژێك به‌ر له جێبه‌جێكردنى بڕیاره‌كه، واته له 18ی 6ی1947، چوار ئه‌فسه‌ره قاره‌مانه‌كه به‌شانازییه‌وه خۆیان بۆ مه‌رگ ئاماده كرد و به‌وپه‌ڕى له‌خۆبردوویی و ئازایانه وه‌سیه‌تنامه‌یه‌كیان بۆ گه‌لى كورد نووسى و هه‌رچواریان واژۆیان كرد.
وه‌سیه‌تنامه‌ى شه‌هیدان
دواى پێڕاگه‌یاندنى حوكمى له‌سێداره‌دانیان به یه‌ك سه‌عات، چوار ئه‌فسه‌ره شه‌هیده‌كه وه‌سیه‌تنامه‌یه‌كیان نووسى، كه ئه‌مه‌یش ده‌قه‌كه‌یه‌تى:
به‌غدا 18ى حوزه‌یرانى 1947
- له شوهه‌داى ڕێگاى نیشتمانه‌وه (عیزه‌ت عه‌بدولعه‌زیز و مسته‌فا خۆشناو و خه‌یروڵا عه‌بدولكه‌ریم و محه‌مه‌د مه‌حموود)ه‌وه،
- بۆ برایان میلله‌تى كوردى خۆشه‌ویست:
له‌دواى ته‌بلیغى حوكمى ئیعدام به یه‌ك سه‌عات نووسراوه:
برایان، له ژیانى ژێرده‌ستى ئیستعماردا، له نووسینى ئه‌م نامه‌یه‌وه، ته‌نها (14) سه‌عاتمان ماوه به په‌تى ئیستعمار ده‌گه‌ینه دنیاى ئازادى و گیانمان ده‌گاته گیانى پاكى شوهه‌داى ڕێگاى نیشتمان.
برایان، خۆمان هیچ دوانه‌كه‌وتین، ته‌نها نه‌سیحه‌تى ئێمه ئه‌وه‌یه، كه لاوان و نیشتمانپه‌روه‌رانى كورد نوكرانى زات بكه‌نه نیشان و یه‌كیه‌تى بكه‌نه په‌یڕه‌وى خۆیان، بۆ شكاندنى ته‌وقى ئیستیعمار و ڕزگاركردنى هه‌موو میلله‌تێكى مه‌زڵووم بێ جیاوازى.
برایان، دوژمنى جه‌هاله‌ت بن، به هه‌موو توانایه‌كه‌وه شه‌ڕى جه‌هاله‌ت بكه‌ن، ئێمه نیشانه‌ى تێكۆشینى میللیى میلله‌تى كوردین له ساڵى 1947دا.
برایانى ئێمه كه ماون، بۆ ڕێگاى شه‌ره‌ف تێده‌كۆشن، پشت به‌خواى گه‌وره میلله‌ت ڕزگارى ده‌بێت.
برایان، هاتنمان بۆ به‌رسێداره له بێده‌سه‌ڵاتییه‌وه نه‌بوو بۆ تێكۆشین، به‌ڵكوو هه‌ر وه‌كوو سه‌ربازێكى ئازا، تا ئاخرین توانا هه‌وڵمان دا گه‌یشتینه ئه‌م نه‌تیجه‌یه.
ئیدى بۆ یه‌كێتى و بۆ ئازادى، بژى كورد و كوردستان.
خه‌یروڵڵا عه‌بدولكه‌ریم مسته‌فا خۆشناو
عیزه‌ت عه‌بدولعه‌زیز محه‌مه‌د مه‌حموود
ژیاننامه‌ى چوار ئه‌فسه‌ره‌كه
1- مسته‌فا عه‌بدولكه‌ریم (مسته‌فا خۆشناو)
مسته‌فا عه‌بدولكه‌ریم، ناسراو به (مسته‌فا خۆشناو)، له ساڵى 1912 له‌دایك بووه و له ساڵى 1928 قۆناغى خوێندنى سه‌ره‌تایى له قه‌زاى كۆیه ته‌واو كردووه و پاشان له ساڵى 1930دا په‌یمانگاى مامۆستایانى له به‌غدا ته‌واو كردووه، پاشان بۆ ماوه‌ى چه‌ند ساڵێك داده‌مه‌زرێت، تاكوو په‌یوه‌ندی به كۆلیژى سه‌ربازییه‌وه ده‌كات و له له‌شكرى عێراقیدا پله‌ى مولازمى دووه‌مى پێ ده‌درێت. له ساڵى 1939دا مسته‌فا خۆشناو ده‌چێته ڕیزى حزبى هیوا و ده‌بێته یه‌كێك له چالاكوانه‌كانى.
دواى هه‌ڵگیرساندنى شۆڕشى بارزان 1943-1945، له كاتى گفتۆگۆى نێوان حكوومه‌تى عێراق و سه‌ركرده‌ى شۆڕشى كورد مسته‌فا بارزانى، دواى پێكهێنانى كابینه‌ى وزاریی ماجد مسته‌فا له 13ی12ی1943دا، مسته‌فا خۆشناو وه‌كوو ئه‌فسه‌رى ڕایه‌ڵه‌ى نێوان حكوومه‌ت و بارزانى دیارى كرا. دواى دروستبوونى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان له 16ی ئابى 1946، سه‌ربارى ئه‌وه‌ى ئه‌فسه‌رێك بوو له ڕیزه‌كانى كۆمارى دیمو‌كراتى كوردستان، وه‌كوو یه‌كه‌مین ئه‌ندامى حزبى دیارى كرا. دواى ڕووخانى كۆمارى كوردستان له مه‌هاباد له 17ی1ی1947دا، مسته‌فا خۆشناو له‌گه‌ڵ ئه‌فسه‌ره‌كانى دیكه گه‌ڕایه‌وه عیراق، ئه‌وه بوو له ڕۆژى 19ی6ی1947دا له گرتووخانه‌ى ناوه‌ندى به‌غدا له‌سێداره دران و له گۆڕستانى گردى سه‌یوان له شارى سلێمانى به خاك سپێردراوه.
2- خه‌یروڵا عه‌بدولكه‌ریم
خه‌یروڵا عه‌بدولكه‌ریم ئه‌فه‌ندى كوڕى عه‌بدوڵڵا ئاغا گورجیزاده‌یه، له ساڵى 1912 له گه‌ڕه‌كى تۆپخانه‌ى قه‌ڵاى هه‌ولێر له‌دایك بووه، دواى ته‌واوكردنى خوێندن له شارى هه‌ولێر، دواتر چووه‌ته په‌یمانگاى مامۆستایان له به‌غدا. دواى خزمه‌تكردن بۆ ماوه‌ى پێنج ساڵ له بوارى په‌روه‌رده، په‌یوه‌ندیى به قوتابخانه‌ى سه‌ربازیى به‌غداوه كردووه. له ساڵى 1939 په‌یوه‌ندیى به ڕیزه‌كانى حزبى هیواوه كردووه، پاشان له ساڵى 1945 چووه‌ته ڕیزى شۆڕشى بارزان.
دواى پێكهێنانی كۆمارى دیمو‌كراتى كوردستان له 22ی1ی1946 به سه‌رۆكایه‌تیى پێشه‌وا قازى محه‌مه‌د، له شاری مه‌هاباد، خه‌یروڵا عه‌بدولكه‌ریم یه‌كێك بووه له‌و ئه‌فسه‌ره نیشتمانپه‌روه‌رانه‌ى، كه ڕۆڵێكى به‌رچاویان له پاراستنى ئه‌و ساڵه‌ى ته‌مه‌نى كۆمارى دیمو‌كراتى كوردستاندا بینیوه. دواى ڕووخانى كۆمارى كوردستان له 17ی 1ی 1947دا و له‌سێداره‌دانى پێشه‌وا قازى محه‌مەد.