بارزانیەكان بۆچی راگواسترانە سلێمانی و لەوێ چۆن ژیان؟
دوورخستنه‌وه‌ی زۆره‌ملێیانه‌ی بارزانییه‌كان له زێد و مه‌نزڵگه‌ی بارزانه‌وه به‌ره‌و زۆر شوێنی دیكە له عێراقدا، مێژوویه‌كی دوورودرێژی پڕ له نه‌هامه‌تیی ئه‌و تێكۆشه‌رانه‌یه، كه بۆ گەیشتن به ئامانجێكی نیشتمانی و هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌ییانه‌ی مه‌به‌ستدار له ژیاندا تێده‌كۆشان.
ئه‌م بابه‌ته تایبه‌ته به به‌شێك له‌و مێژووه‌ی ڕاگواستنیان، به‌ڵام له شوێنێكدا، كه به ماڵی خۆیان زانیوه، خه‌ڵكی ئه‌و شوێنه‌یش وه‌ك میوان و غه‌ریب پێشوازییان لێ نه‌كردوون، به‌ڵكوو وه‌ك خانه‌خوێیه‌ك كه له‌پێناو ئامانجێكی مه‌زندا تووشی ڕاگواستن و ده‌ردیسه‌ری كرابوون، باوه‌شیان بۆ كردوونه‌ته‌وه و ڕێزێكی تایبه‌تیان لێ ناون، ئه‌و شوێنه‌ش شاری سلێمانی بووه.
له زه‌مانێكدا، كه هه‌موو كه‌س و ڕه‌نگ و ده‌نگێك، كه له لایه‌ن ڕژێمه‌كانی پێشووی عێراقه‌وه له‌سه‌ر كوردایه‌تی سزا بدرابایه، جێی ڕێز و پێزانینی هه‌موو به‌شەكانی كوردستان بوون. رووداوی ڕاگواستنی خه‌ڵكی ده‌ڤه‌ری بارزان و بارزانییه‌كان، له مێژوودا زۆر كه‌ڕه‌ت دووپات بووه‌ته‌وه، لێره‌دا هه‌وڵم داوه له ڕێی چه‌ند سه‌رچاوه و دیمانه‌یه‌كه‌وه مێژووی گیرسانه‌وه‌ی به‌شێك له بارزانییه‌كان له ساڵانی كۆتایی سییه‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو له شاری سلێمانی و ژیانی بارزانی له سلێمانی و چۆنیه‌تیی ده‌ربازبوونی بۆ ده‌ڤه‌ری بارزان، به‌سه‌ر بكه‌مه‌وه.
شاهۆ سه‌عید سه‌ید قادر، سه‌باره‌ت به ڕاگواستنی كه‌سایه‌تییه ناسراوه‌كانی كورد به‌گشتی و بارزانییه‌كان به‌تایبه‌تی، له لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كیدا ده‌نووسێت: ”له ڕۆژگاری ده‌سه‌ڵاتدارێتیی پاشایه‌تیدا، دیارده‌ی دوورخستنه‌وه و ڕاگواستنی كه‌سایه‌تیی سیاسی و ده‌ستبه‌سه‌ركردن، بابه‌تێكی باو و دیارده‌یه‌كی به‌رچاو بووه، به‌تایبه‌تی له ساڵانی سییه‌كاندا، زۆر له هه‌ڵسووڕاوانی سیاسی و نه‌یارانی حكوومه‌تی پاشایه‌تی دوور خراونه‌ته‌وه، هه‌ندێ كه‌سایه‌تیی وه‌ك (مه‌حموود خانی دزڵی، حه‌مه‌ڕه‌شیدخانی بانه، شێخ ئه‌حمه‌د بارزانی و مسته‌فا بارزانی و بارزانییه‌كان...) به دوورخراوه‌یی له شاری سلێمانیدا ژیاون. له هه‌مان كاتدا، خه‌ڵكی كوردپه‌روه‌ری سلێمانییان بۆ خواروو و ناوه‌ڕاستی عێراق راگواستووە.
سه‌ره‌تای گواستنه‌وه‌ی بارزانییه‌كان بۆ هه‌ر یه‌ك له شاره‌كانی (مووسڵ، ناسڕییه، به‌غدا، ئاغجه‌له‌ر، كفری، سلێمانی) بووه. سه‌باره‌ت به ڕاگوێزانی بارزانییه‌كان بۆ سلێمانی، ڕاوبۆچوونه‌كان جیاوازن و بە ساڵی 1936، یاخود 1937 داده‌نێن، به‌ڵام (كریس كۆچێرا) گواستنه‌وه‌كه‌یان به ساڵی 1936 له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات.“
له‌مباره‌یه‌وه، ئه‌حمه‌د خواجه ده‌ڵێت: "ماڵم له‌ته‌نیشت ماڵی شێخ بابه عه‌لی شێخ مه‌حمووده‌وه بوو، جارێكیان گوتی، ئه‌وه بارزانییه‌كانیان هێناوه‌ته پشت ماڵی ئێمه، با بچینه لایان، ئه‌و (به‌كر سدقی)یه زۆڵه هێناونی."
ده‌ڵێن هه‌ر یه‌كه له (هه‌مزه عه‌بدوڵا و شێنێی برای عیزه‌ت عه‌بدولعه‌زیز) پێكه‌وه چوونه‌ته لای سه‌رۆك وه‌زیران (حیكمەت سلێمان) و له ڕۆژگاری حكوومه‌ته‌كه‌ی (به‌كر سدقی) داواكار بوون، كه بارزانییه‌كان بۆ سلێمانی بگوێزرێنه‌وه و له‌و ڕه‌وشه ناهه‌مواره‌ی باشووری عێراق ڕزگاریان ببێت، كه خودی بارزانییه‌كان سكاڵای زۆریان له‌وباره‌یه‌وه هه‌بوو. حكوومه‌ت ڕه‌زامه‌ندیی ڕاگواستنه‌كه‌ی داون.
سه‌ره‌تای هاتنیان بۆ سلێمانی، به‌ناو شاردا بڵاو بوونه‌ته‌وه، (مه‌لا مسته‌فا) له ماڵی (سه‌ید نووری نه‌قیب) به‌رامبه‌ر به ماڵی (شێخ قادری حه‌فید) نیشته‌جێ بووه، دواتر له گه‌ڕه‌كی (سه‌رچیمه‌ن) له خانووه‌كه‌ی (كه‌ریم به‌گ)دا بووه.
حكوومه‌ت مانگانه یه‌كی بڕێك پاره‌ی داونه‌تێ، به‌ڵام له‌چاو پێداویستیی ژیانی ئه‌و ڕۆژگاره‌دا زۆر كه‌م بووه، تا ده‌هات مانگانه‌كه‌یان كه‌متری ده‌كرد، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی ڕۆژانه گه‌یشته 30 فلس بۆ هه‌ر بارزانییه‌ك. شاره‌وانیی سلێمانییش مانگی یه‌ك ڕوپیه‌ی ئه‌دانێ، به‌ڵام دواتر ئه‌وه‌ش نه‌ما و بڕییان. ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی بۆ خه‌رجی وه‌ریانگرتووه، به‌شی بژێویی نه‌كردوون، به‌تایبه‌تی له ساڵانی دووه‌م جه‌نگی جیهانیدا.“
شاهۆ سه‌عید سه‌ید قادر، له درێژه‌ى باسه‌كه‌یدا ده‌نووسێت: ”هه‌ر بۆیه خه‌ڵكی سلێمانی هاوكاریی كردوون و حكوومه‌ت هه‌وڵی داوه ڕێگری له‌و هاوكارییه‌ی خه‌ڵكی شار بكات و نه‌یهێڵێت، به‌ڵام خه‌ڵكی سلێمانی ده‌یانزانی له‌سه‌ر كوردایه‌تی دوور خراونه‌ته‌وه و ده‌ستبه‌سه‌ر كراون، یارمه‌تییان ده‌دان، سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌ڕه‌شه و ڕێگرییانه‌ی پیاوه‌كانی حكوومه‌ت ده‌یانكرد، هێنده‌ی له توانایاندا بووه هاوكاری و ده‌ستگیرۆییان كردوون، به‌تایبه‌تی كه‌سانی وه‌ك (شێخ له‌تیفی حه‌فید و حه‌پسه‌خانی نه‌قیب) هه‌رده‌م هاوخه‌م و هاوكاریان بوون.“
عه‌بدوڵا زه‌نگه‌نه ده‌ڵێت: ”له‌باره‌ی شوێنی حه‌وانه‌وه و دانیشتنی هه‌ریه‌ك له مه‌لا مسته‌فا و شێخ ئه‌حمه‌دی برا گه‌وره‌ی، له‌و شارانه‌ی به زۆره‌ملێ تیایاندا ده‌ستبه‌سه‌ر كران، دیسان له‌نێوان بۆچوونی نووسه‌ران و توێژه‌ران جیاوازی هه‌یه، من پێم وایه له‌به‌ر ئه‌وه بووه، كه حكوومه‌ت نه‌یهێشتووه ئه‌وان له هیچ شوێنێك ئۆقره بگرن، ئه‌وه‌تا شێخ ئه‌حمه‌دی بارزانی خۆی گوتوویه‌تی، ئه‌وان دوو جاران له به‌غدا و سلێمانی جێگۆڕكێیان پێ كراوه: (ماوه‌یه‌ك له مووسڵ ماینه‌وه، دوای ئه‌وه نیوه‌شه‌وێك هه‌موومانیان نارد بۆ ناسرییه، ماوه‌ی ساڵێك لەوێ ماینه‌وه، پاشان هێنایانینه‌وه بۆ به‌غدا، نزیكه‌ی شه‌ش مانگیش له‌وێ ماینه‌وه، ئێمه كه ئه‌م هه‌موو هاتوچوونه‌یان پێ كردین، 40 كه‌س بووین، بۆ ئه‌و 40 كه‌سه مانگی 44 دیناریان ده‌داینێ، له (ناسرییه)شه‌وه بۆ سلێمانی، ئه‌مجا بۆ ئاڵتوون كۆپری، له‌وێوه بۆ جاری دووه‌م ئێمەیان ناردەوە بۆ سلێمانی، له‌و كاته‌دا كه له سلێمانی بووین، مه‌لا مسته‌فا ده‌رباز بوو بۆ ئێران، دواتر ئێمه‌شیان ڕه‌وانه‌ی شارۆچكه‌ی حلله كرد)“
تۆماس بوا، له كتێبـی (تأریخ الاكراد)دا ده‌ڵێت: ”شاری سلێمانی بۆ مه‌لا مسته‌فا و بارزانییه‌كان وێستگه‌یه‌كی نوێی یه‌گجار گرنگ بوو، سلێمانی ناوه‌ندێكی چالاكی كولتووری و مه‌كۆیه‌كی به‌رچاوی بیری نه‌ته‌وایه‌تی بوو."
مسته‌فا بارزانی خۆی ده‌ڵێت: "له ماوه‌ی ساڵانی مه‌نفادا تا ساڵی 1943، ده‌ستم كرد به خوێندن و خۆفێركردن و توانیم تا ئاستێكی باش زانیاری به‌ده‌ست بهێنم و ئاستی ڕۆشنبیریم به‌رز بكه‌مه‌وه". بێ گومان كاتێك بارزانی له سلێمانی بووه، ته‌مه‌نی رێگر بووه و بۆی نه‌گونجاوە له قوتابخانه‌كانی ئه‌و كاته‌ی سلێمانی بخوێنێت، هه‌ر بۆیه په‌نای بردووه‌ته به‌ر مزگه‌وت و مه‌لاكانی سلێمانی، به‌ته‌نیا لای مه‌لایه‌ك نه‌یخوێندووه، به‌ڵكوو لای چه‌ند مه‌لایه‌ك خوێندوویەتی، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌كاتێكدا لای مه‌لا عه‌بدوڵای چروستانی له مزگه‌وتی مه‌ولانا خالید خوێندوویه‌تی، له هه‌مان كاتدا ڕۆژانه له‌گه‌ڵ (ئه‌سعه‌د خۆشه‌وی) سه‌ردانی مزگه‌وتی (مه‌لا حوسێنی پیسكه‌ندی)یان كردووه و وه‌ك گوێگر له‌دوای موسته‌عیده‌كانه‌وه دانیشتوون. هه‌ندێ جاریش لای مه‌لا (سه‌ید عه‌بدوڵا)ی ئیمامی مزگه‌وتی گه‌وره ده‌رسی خوێندووه، جاروبار بۆ پرس و ڕای ئایینی چووه‌ته لای مامۆستا (شێخ نووری شێخ بابه‌عه‌لی) له گه‌ڕه‌كی سه‌رچیمه‌ن. ماوه‌یه‌ك لای (مه‌لا مسته‌فای سه‌فوه‌ت) كتێبی (المختصر)ی خوێندووه، سه‌ردانی مزگه‌وتی شێخ سه‌لامی كردووه و له‌وێش خوێندوویه‌تی.
وه‌ك مه‌حموود زێوه‌ریش ئاماژه‌ى پێ ده‌كات، غه‌فوورى میرزا كه‌ریم له یه‌كێك له كتێبى بیره‌وه‌رییه‌كانیدا ئاماژه‌ى به‌وه كردووه، كه ئه‌و ده‌مه‌ى بارزانییه‌كان راگواسترابوون بۆ سلێمانى، بارزانى بۆ ماوه‌یه‌ك وانه‌ى فارسیى لاى (زێوه‌ره فه‌ندى)ی گه‌وره شاعیرى كورد له مزگه‌وتى (بن ته‌به‌ق) خوێندووه.
بارزانییه‌كانی دیكەیش به شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌وڵیان داوه له خوێندن دانه‌بڕێن و ده‌ستیان به خوێندن كردووه، منداڵه‌كانیان له‌گه‌ڵ منداڵانی سلێمانی له مه‌كته‌بی (خالیدییه و ئه‌یووبییه) خوێندوویانه. بارزانییه‌كان له سلێمانی ئاسووده‌تر بوون و توانیویانه به‌ئازادی به‌ناو شاردا هاتوچۆ بكه‌ن و خه‌ڵكی سلێمانی ڕێزیان لێ گرتوون، كه ڕه‌نگه پێشتر له شاره‌كانی دیكەی وه‌ك (مووسڵ و به‌غدا و ناسرییه) به‌م شێوه‌یه نه‌یانتوانیوه جموجۆڵ بكه‌ن.
له ڕاستیدا بارزانییه‌كان له جموجۆڵه سیاسییه‌كانی ئه‌م شاره و كه‌سه كوردپه‌روه‌ره‌كانی بێ‌ئاگا نه‌بوون، كاتێك له سه‌ره‌تای ساڵی 1936 (شێخ مه‌حموود) له به‌غدا ده‌ستبه‌سه‌ر بوو، بارزانییه‌كانیش هه‌ر له به‌غدا ده‌ستبه‌سه‌ر بوون و سه‌ردانی یه‌كتریان كردووه و چاویان به یه‌ك كه‌وتووه. سه‌ره‌تای ئاشنابوون و تێكه‌ڵاویی بارزانی له سلێمانی، له ده‌روازه‌ی لایه‌نه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌یه‌وه بووه، واته له سه‌ره‌تاوه ڕایه‌ڵه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی دروست كردووه و هه‌وڵی داوه كه‌سه ناودار و دیاره‌كانی سلێمانی بناسێ و ڕووی كردووه‌ته ئه‌و ماڵ و دیوه‌خانه به‌ناوبانگانه‌ی، له‌ناو شاردا بوون.
سه‌ره‌ڕای فشاره‌كانی حكوومه‌ت، له‌و سه‌رده‌مه‌دا سلێمانی مه‌ڵبه‌ندێكی سیاسیی دیار بووه و كۆمه‌ڵێك ڕێكخراو و كۆمه‌ڵه‌ی تیادا دامه‌زراون و سه‌رقاڵی كاری سیاسی و چالاكی بوون، كه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی بیری نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانپه‌روه‌رانه‌یان نواندووه، ئا لێره‌وه بارزانی هه‌لێكی زێڕینی بۆ ڕه‌خساوه و ده‌ستی كردووه به تێكه‌ڵبوون له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی نه‌ته‌وه‌په‌روه‌ر.
ناسین و نزیكیی بارزانی له (شێخ له‌تیفی شێخ مه‌حموود)ه‌وه، هۆكارێك بووه بۆ نزیكبوونه‌وه‌ی له (كۆمه‌ڵه‌ی برایه‌تی) و خه‌ڵكی سلێمانی، چونكه شیخ له‌تیفی حه‌فید له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه بارزانییه‌كان گه‌یشتنه سلێمانی، هاوكار و پشت و په‌نایان بوو، گرنگییه‌كی زۆری پێ دان و یارمه‌تیی دان و باربووی كردن.
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی ئاماژه‌یه، بارزانی له‌گه‌ڵ ڕێكخراوێكی سیاسیی وه‌ك (كۆمه‌ڵه‌ی برایه‌تی) ده‌گونجا. هه‌ر بۆیه بارزانی زوو بوو به دۆستیان و په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌وی په‌یدا كرد و چووه ژێر كاریگه‌ریی چالاكییه‌كانی برایه‌تی، به‌ڵام په‌یوه‌ندییه‌كانی نه‌چووه سنووری بوون به ئه‌ندامبوون و كاركردن له‌گه‌ڵیاندا به شێوه‌ی فه‌رمی.
بارزانی له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی ڕێكخستنه‌كانی (كۆمه‌ڵه‌ی هیوا)دا كه‌متر تێكه‌ڵ بووه و له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی بیركردنه‌وه‌ی ئه‌ودا نه‌گونجاون، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هاوڕێیه‌تیی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هیوا (ڕه‌فیق حیلمی) باش بووه.
بارزانی زۆر جار له‌گه‌ڵ (مه‌حموود خانی دزڵی) مۆڵه‌تیان له پۆلیس وه‌رگرتووه و به ناوی ڕاوكردنه‌وه چوونه‌ته ده‌ره‌وه‌ی شار، به‌ڵام ئه‌م ڕاوكردنه زیاتر به مه‌به‌ستی شاره‌زابوونی ناوچه‌كه بووه بۆ بارزانی.
له كاتێكدا بزووتنه‌وه‌كه‌ی (ڕه‌شید عالی گه‌یلانی) له ساڵی 1941 له به‌غدا ڕووی دا، شێخ مه‌حموود به هاوكاریی چه‌ند كه‌سێكی دڵسۆزی وه‌ك (میرزا عه‌زیزی تافان و شێخ عه‌زیز)، توانی له به‌غدا خۆی ده‌رباز بكات و له ڕێگه‌ی كفرییه‌وه گه‌یشتووه‌ته‌وه سلێمانی و له ناوچه‌ی (سیته‌ك) نیشته‌جێ بووه، له‌و بارودۆخه‌دا حكوومه‌ت ترسی زیاتری له دۆخی سیاسیی سلێمانی په‌یدا كرد، هه‌ر بۆیه ڕێوشوێنی توندوتۆڵی ئه‌منیی گرته به‌ر و چاودێریی زیاتری مه‌لا مسته‌فا و شێخ ئه‌حمه‌دی بارزانی‌یان كردووه.
كریس كۆچێرا ده‌ڵێت: "له یه‌كێك له دانیشتنه‌كانی نێوان شێخ مه‌حموود و بارزانیدا، باس له‌وه كراوه، كه بارزانی ڕابكات و سلێمانی به‌جێ بهێڵێت و بچێته‌وه بۆ ناوچه‌ی بارزان و له‌وێ شۆڕش ده‌ست پێ بكات، شێخ مه‌حموودیش له سلێمانی ده‌ست به شۆڕش بكاته‌وه، به‌ڵام پاشان شێخ مه‌حموود ئاگاداری بارزانی ده‌كاته‌وه، كه ناتوانێت شۆڕش له سلێمانی به‌رپا بكاته‌وه، به‌هۆی بارودۆخی سیاسی و هه‌روه‌ها هەڵكشانی تەمەنی ڕێگر بووه."
هه‌روه‌ها نووسه‌ر شاهۆ سه‌عید سه‌ید قادر، له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: ”خۆشم ئه‌وه‌م له كاك شێخ له‌تیفی خه‌یاته‌وه بیستووه، كه پیاوێكی ناسراو و نیشتمانپه‌روه‌ر و به‌ته‌مه‌نی شار بووه، ده‌یگوت شێخ مه‌حموود باری ته‌ندروستی و ته‌مه‌نی ڕێگر بوون له به‌رده‌میدا بۆ هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شۆڕش، به‌ڵام ته‌مه‌ننا و نزای سه‌ركه‌وتنی بۆ بارزانی كردووه. ده‌ڵێن له‌و كاتانه‌دا، ڕۆژێك شێخ مه‌حموود داوای كردووه ئه‌سپه‌كه‌ی بۆ زین بكه‌ن و بۆی بێنن و تاوی بدات، به‌ڵام نه‌یتوانیوه وه‌ك جاران به‌گوڕ بێت، ده‌فه‌رمووێت، ته‌واو پیر بووم و ته‌مه‌ن ڕێگه‌م نادات ئه‌مجاره شۆڕش به‌رپا بكه‌مه‌وه“.
بۆ ده‌ربازبوونی بارزانی له سلێمانی، كۆمه‌ڵێك قسه‌وباس هه‌یه، به‌ڵام ڕاستترینیان ئه‌وه‌یه، ڕۆژێك بارزانی ده‌چێت بۆ لای شێخ له‌تیفی شێخ مه‌حموود و ده‌ڵێت حكوومه‌ت نیازیان هه‌یه بمكوژن، شێخ له‌تیف ده‌ڵێت با ده‌ربازت بكه‌م، بارزانییش ده‌ڵێت زۆر مه‌منوونم. پاشان شێخ له‌تیف كارئاسانیی بۆ ده‌كات و نامه ده‌نێرێت بۆ حاجی بابۆ شێخ له (تورجان) له ناوچه‌ی بۆكان، كه ئه‌گه‌ر بارزانی گه‌یشته لاتان، ڕه‌وانه‌ی شه‌مزینانی بكه‌ن. بۆ شه‌وه‌كه‌ی ڕێكه‌وتی 11ی حوزه‌یرانی ساڵی 1943، بارزانی له گه‌ڕه‌كی سابوونكه‌رانه‌وه له شار ده‌رچووه، له هاوڕێكانی خۆی ته‌نیا (مسته‌فا عه‌بدوڵا و سلێمان سوور)ی له‌گه‌ڵدا بوو، له‌گه‌ڵ 10 كه‌س لە ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵه‌ی برایه‌تی و پیاوه‌كانی شێخ له‌تیفی شێخ مه‌حموود.
هه‌ر له‌م ڕووه‌وه عه‌بدوڵا زه‌نگه‌نه، ده‌نووسێت: ”بارزانی له ساڵی 1943، له سه‌رده‌می ده‌ستبه‌سه‌ری، به‌رله‌وه‌ی له سلێمانی ده‌ربازی ببێت، چه‌ند جاران مۆڵه‌تی له لێپرسراوانی شار وه‌رگرتووه و چووه‌ته قه‌راغ شار، گوایه ئه‌و چوونه ده‌ره‌وه‌ی بۆ ده‌وروپشتی سلێمانی بۆ ڕاوكردن بووه، به‌تایبه‌تی ڕاوه كه‌و، به‌ڵام به‌م دواییانه ده‌ركه‌وتووه، ئه‌م كاره‌ی بۆ مه‌به‌ستی به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی ڕێگاوبانه‌كان بووه“.
ئه‌وه بوو له كاتی دانانی پلانی ده‌ربازبوونی له شار، بڕیاری دا نه‌چێته لای ده‌ڤه‌ری ڕانیه و پشده‌ر، به‌ڵكوو به لای شارباژێڕدا بڕوات، پاساویشی ئه‌وه بووه، ئه‌وسا لای ڕانیه و پشده‌ر مۆڵگه‌ی سوپای لێ بووه، هه‌روه‌ها وا دیاره ویستوویه‌تی به‌ناو عه‌شایه‌ردا نه‌چێ و خۆی له شه‌ڕ و گێچه‌ڵیان دوور بخاته‌وه.
هه‌ر له‌باره‌ی ڕۆژی ده‌ربازبوونه‌كه‌ی و ڕای جیاوازی نووسه‌ران، زه‌نگه‌نه ده‌نووسێت: ”ڕۆژی ده‌ربازبوونی بارزانی له ده‌ستبه‌سه‌ری له سلێمانی له 1943دا، ده‌بێ به ڕۆژێكی گرنگ و پڕ بایه‌خ و له مێژووی كورددا تۆمار بكرێت، چونكه جگه له‌وه‌ی له‌م ڕۆژه‌دا بووه، كه بارزانی به‌ره‌و ئاسۆی ئازادیی كورد چووه، دواتر به ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌م بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازیی نه‌ته‌وه‌كه‌شی گۆڕانێكی پڕ بایه‌خی تێ كه‌وت، به‌ڵام به‌داخه‌وه تاوه‌كوو ئێستا لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ورد بۆ دیاریكردنی ئه‌م ڕۆژه نه‌كراوه، بۆیه سه‌رچاوه‌كان، هه‌ندێكیان ئاماژه‌یان بۆ 11ی حوزه‌یران كردووه، هی دیكه‌ش هه‌یه 12ی ته‌مووزیان تۆمار كردووه، هه‌میشه ئه‌م ڕۆژه‌ی دوایی به ڕۆژی گه‌یشتنی بارزانی بۆ شوێنی مه‌به‌ست، كه (بارزان)ە داناوه. له‌وانه مێژوونووس عه‌بدولڕه‌زاق ئه‌لحه‌سه‌نی له كتێبی (التأریخ الوزارات العراقیه)دا، هه‌رچه‌نده به پاڵپشتیی یاداشتی ده‌ست له‌كار كێشانه‌وه‌ی (نووری سه‌عید)، مانگی ته‌مووزی تۆمار كردووه، به‌ڵام دیسان له‌مباره‌یه‌وه تۆمارێكی بێسه‌روبه‌ری بۆ به‌جێ هێشتووین.
له شه‌سته‌كانیشدا، حه‌سه‌ن مسته‌فا، كه كاتی خۆی به‌شداریی له سه‌ركوتكردنی بزووتنه‌وه‌كانی بارزاندا كردووه، كاتێ كتێبێك به ناونیشانی (البارزانیون) بڵاو ده‌كاته‌وه، ئه‌ویش شه‌وی 12/13ی بۆ ئه‌م ڕۆژه تۆمار كردووه، وا دیاره دواتر نووسه‌رانی دیكه هاتوون، به‌بێ لێكۆڵینه‌وه، ئه‌م ڕۆژه‌یان تۆمار كردووه‌ته‌وه و یه‌ك له‌دوای یه‌ك دووباره‌یان كردووەتەوە. “
هه‌رچی سەبارەت بە ڕۆژی 11ی حوزه‌یرانه، زه‌نگه‌نه ده‌ڵێت: ”ئه‌وه من به لای كه‌مه‌وه پێنج سه‌رچاوه‌م له‌به‌رده‌ستدا هه‌یه ئاماژه‌یان بۆی كردووه و ئه‌م ڕۆژه‌یان تۆمار كردووه، ته‌نانه‌ت یه‌كێكیان یاوه‌رێكی مه‌لا مسته‌فا بارزانی خۆی بووه، كه به‌م دواییه چاوپێكه‌تنی له‌گه‌ڵ كراوه و ده‌ڵێت، من له حوزه‌یرانی 1943دا به‌ندیواریم له‌گه‌ڵ شۆڕشی بارزاندا كردووه. ئه‌وه جگه له‌وه‌ی مه‌لا مسته‌فای بارزانی، كه له سۆڤیه‌تی جاران گه‌ڕاوه‌ته‌وه، گۆڤارێك به ناوی (العراق) چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ كردووه، ئه‌ویش به‌ئاشكرا گوتوویه‌تی (شه‌وی یازده‌ی حوزه‌یرانی 1943 بوو، كه له‌گه‌ڵ تاریكی و بێده‌نگیی شه‌ودا، له به‌ندیخانه‌ی خه‌مناك ده‌رپه‌ڕین و كه‌وتینه ناو شاخه‌كان و كشوماتییه‌كی دڵبڕ دایگرتین، كاتێ به‌سه‌ر ورده به‌رداندا ده‌ڕۆیشتین، كه هێشتا ده‌ستی شارستانییان پێ نه‌گه‌یشتبوو، له ترپه‌ی گوێمان له‌ولاوه چیترمان گوێ لێ نه‌ده‌بوو، به‌ناچاری ئه‌وه‌نده به‌سه‌ر كێواندا سه‌ركه‌وتین و بۆ ناو دۆڵ و شیوان گلۆر بووینه‌وه، زۆر ماندوو و شه‌كه‌ت بووین).“
جگه له‌مه، حوسێن حوزنی موكریانی، كه ئه‌وسا شایه‌تحاڵی ڕووداوه‌كان بووه، نووسینه‌كانی وا پیشان ده‌دات، كه بارزانی له مانگی حوزه‌یراندا سلێمانی جێ هێشتبێت.
ئه‌ی چی به (هه‌ژار موكریانی) ده‌ڵێن، كه له پاشبه‌ندی وه‌رگێڕانی (شه‌ره‌فنامه)دا، زۆر به‌ئاشكرا ئاماژه‌ی بۆ (11ی ژوون)، واته 11ی حوزه‌یران، كردووه.
وه‌ك زه‌نگه‌نه ئاماژه‌ی پێ ده‌كات: ”هه‌ر كه‌سێك له ناوه‌ڕۆكی ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه ورد بێته‌وه، هه‌ست ده‌كات ئه‌و سه‌فه‌ره‌ی ده‌ربازبوونی مه‌لا مسته‌فا له سلێمانییه‌وه بۆ ڕۆژهه‌ڵات، دواتر بۆ ده‌ڤه‌ری بارزان، كارێكی گه‌وره بووه، ته‌نانه‌ت هیچی ئه‌وتۆی له ڕێره‌وه‌كه‌ی بۆ سۆڤیه‌ت كه‌متر نه‌بووه، كه دواتر ناوبانگی پێ ده‌ركردووه، به‌ڵكوو له هه‌ندێ لایه‌نه‌وه بوێرانه‌تریش بووه، چونكه مه‌لا مسته‌فا له سه‌رده‌می ڕێڕه‌وه‌كه‌یدا بۆ سۆڤیه‌تی جاران، ببووه كه‌سایه‌تییه‌كی به‌ئه‌زموونی ناسراوی جیهانی، جگه له‌وه‌ی كه زیاتر له 500 پێشمه‌رگه و جه‌نگاوه‌ری گیان له‌سه‌رده‌ست و له‌خۆبردوو و باوه‌ڕپێكراوی له‌گه‌ڵدا بووه، به‌ڵام له ڕێره‌وه‌كه‌ی سلێمانییه‌وه بۆ شوێنی مه‌به‌ست، جگه له دوو هاوڕێكه‌ی، ته‌نیا چه‌ند كه‌سێكی له‌گه‌ڵدا بووه، كه له پیاوانی شێخ له‌تیفی شێخ مه‌حموود بوون“.
زه‌نگه‌نه، له درێژه‌ی باسه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: ”له دووتوێی لێكۆڵینه‌وه‌كه‌دا، جگه له ناوی شێخ له‌تیف، ناوی ئه‌و كه‌سانه‌ش دێت، كه ده‌ستیان له ده‌ربازكردنیدا هه‌بووه، وەك (مه‌لا ئه‌سعه‌دی مه‌حوی، حه‌مه پیزه، نووری حه‌مه‌سوور، محه‌ی ساله سوور، محێدین خدر چناره‌یی، جه‌لال محه‌مه‌د برازای محێدین، شێخ حوسێن به‌رده‌زه‌ردی، زه‌ینه‌دین حه‌مه مه‌رجان- ناسراوه به مچه مه‌رگه‌یی، كوێخا مه‌حموودی سنجه‌لی). دواتر هه‌ر له دووتوێی بابه‌ته‌كه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت، ئافره‌تێكیش به ناوی (خه‌دیجه شێخ حوسێن ئاڵه‌سیاوی) شانازیی ئه‌وه‌ی به‌ركه‌وتووه، كه له دێی (شێخه‌ڵ مارێن) نان و توێشووی ڕێگایان بۆ ئاماده بكات. مامۆستا كه‌ریم زه‌ندیش پشتوانیى له‌م ناوانه ده‌كات و له هه‌مان كاتیش‌دا ئاماژه‌ى به ڕۆڵى ئه‌حه خۆرشه ده‌كات، له‌و كاته‌دا.
وا دیاره له ساڵانی دواتریشدا مه‌لا مسته‌فا زۆر شانازیی به‌م سه‌فه‌ره‌ی خۆی و یارمه‌تیدانی هه‌ر یه‌ك له‌م كه‌سانه كردووه“.
هه‌ر زه‌نگه‌نه ئاماژه‌ی پێ ده‌كا و ده‌ڵێت: ”كه ئه‌و (حه‌مه پیزه)یه‌ی له‌سه‌ره‌وه ناوی هاتووه، به هیچ جۆرێ په‌یوه‌ندیی به خوله پیزه‌وه نییه، كه هه‌ندێ نووسه‌ر ئاماژه‌یان بۆ كردووه، گوایه برای ئه‌و بووبێ و مه‌لا مسته‌فای ده‌رباز كردبێت“.
هه‌ر له‌باره‌ی خوێندنه‌وه ده‌گێڕنه‌وه، له سلێمانیش چه‌ندێك لای (سه‌ید عه‌بدوڵا)ی خزمی شێخ مه‌حموود، كه ئیمامی مزگه‌وتی گه‌وره بووه و ده‌رسی خوێندووه، زۆر جاریش لای مه‌لا عه‌بدوڵای چروستانی، له خانه‌قای مه‌ولانا خالید، له گه‌ڕه‌كی ده‌رگه‌زێن، كتێبی ئایینیی خوێندووه. هه‌ندێك جاری دیكه‌ش بۆ خوێندن، یا پرسیار و باس و خواسی ئایینی ده‌چووه لای شێخ نووری شێخ بابه‌عه‌لی، له مزگه‌وته‌كه‌ی بابه‌عه‌لی له گه‌ڕه‌كی سه‌رچیمه‌ن، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه هیچ ده‌م، له دیده‌نیكردنی شێخ له‌تیفی دانساز، چ له ماڵه‌وه بێت یان له مزگه‌وت، یان لای مه‌لا ئه‌سعه‌دی مه‌حوی له خانه‌قای مه‌حوی، پێی نه‌ده‌بڕی. هه‌روه‌ها له سه‌ردانیكردنی ڕه‌فیق حیلمی و ئه‌سكه‌نده‌ری ئه‌جزاچی و.. هتد.
هه‌ر له‌م ڕووه‌وه د. جه‌مال نه‌به‌ز، له كتێبی (بیره‌وه‌رینامه‌ی ئه‌و ڕۆژانه‌ی جاره‌كی دیی ناگه‌ڕێنه‌وه) ده‌نووسێت: ”له قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تاییدا بووم، كه باسی شۆڕشی بارزان ده‌كرا. خه‌ڵكه‌كه ده‌یانگوت بازانییه‌كان له دژی حكوومه‌ت هه‌ستاون. پاش ماوه‌یه‌ك ده‌نگ بڕا، به‌ڵام شتێك سه‌رنجی منی ڕاده‌كێشا، كه له كۆڵانه‌كه‌ی به‌ر ماڵی خۆمان ده‌وه‌ستام، یان یارییم ده‌كرد، له كۆڵانه ته‌سكه‌كه‌ی لای ماڵی ئێمه‌وه، كه یه‌كسه‌ر ده‌چوو بۆ قاوه‌خانه‌ی سه‌رچیمه‌ن، چه‌ند كه‌سێك، هه‌موو ڕۆژێك به‌وێدا ده‌هاتنه خواره‌وه و به به‌ر ماڵی ئێمه‌دا تێده‌په‌ڕین، جله‌كانیان له جلی كوردیی خه‌ڵكی سلێمانی نه‌ده‌چوو، كه گوێم له قسه‌كانیان ده‌گرت، قسه‌كانیان له قسه‌ی خه‌ڵكی سلێمانی نه‌ده‌چوو. ڕۆژێكیان له یه‌كێكیانم پرسی، مامه‌كه ئێوه خه‌ڵكی كوێن؟ پیاوه‌كه پێكه‌نی و گوتی، كوڕم خه‌ڵكی ئه‌م وڵاته‌ین. ئا له‌و كاته‌دا كه‌ریمه فه‌ندیی دراوسێمان له ماڵ هاته ده‌ره‌وه و گوێی له‌و قسانه بوو، هاته لامه‌وه و به‌ئه‌سپایی گوتی، ئه‌وه مه‌لا مسته‌فای بارزانی بوو، خۆی و چه‌ند كه‌سێكی لێره ده‌ستبه‌سه‌رن. له‌و كاته به‌دواوه، هه‌ر جارێك ئه‌و پیاوه (مه‌لا مسته‌فا)، یان ئه‌وانی دی، به كۆڵانه‌كه‌دا تێپه‌ڕینایه، ده‌م به بزه سڵاویان ده‌كرد و ده‌ڕۆیشتن. جارێكیان هه‌ر ئه‌و پیاوه (مه‌لا مسته‌فا)م دیت، فه‌رده‌یه‌ك گه‌نمی دابوو به‌كۆڵیدا، ده‌یبرد بۆ ئاش بیهاڕێ، یه‌ك، یان دوو له كه‌سه‌كانی، له‌ته‌نیشتییه‌وه ده‌ڕۆیشتن. ئه‌مه‌م به چاوی خۆم دیوه، كه بۆ باوكم گێڕایه‌وه گوتی ئه‌وانه بارزانیین، حكوومه‌ت شه‌ڕیان پێ ده‌فرۆشێ، ده‌ربه‌ده‌ری كردوون و هه‌ندێكیانی له سلێمانی ده‌ستبه‌سه‌ر كردوون، كه لێم پرسی بۆچی ده‌ربه‌ده‌ری كردوون؟ باوكم گوتی داوای هه‌ندێك شتیان كردووه بۆ كورد، له‌وانه كه كورد بتوانن به زمانی خۆیان بخوێنن و بنووسن، نه‌ك به زمانی عه‌ره‌بی. ماوه‌یه‌كی پێچوو ئه‌و بارزانییانه دیار نه‌مان. ڕۆژێكیان، كه له به‌رده‌ركی ماڵه‌كه‌مان وه‌ستابووم، شێخ نووریی شێخ ساڵحی دراوسێمان ده‌گه‌ڕایه‌وه ماڵه‌وه، گوتم مامه شێخ نووری ئه‌وه ماڵه بارزانییه‌كه گواستوویانه‌ته‌وه؟ پێكه‌نی و گوتی نا گه‌ڕاونه‌ته‌وه شوێنی خۆیان و حكوومه‌ت پۆلیسێكی زۆری ناردووه‌ته سه‌ریان و ئه‌وانیش گه‌لێك پۆلیسیان كوشتووه و ئێستا شه‌ڕێكی گه‌رمه له‌وێ."
شێخ ئه‌حمه‌دی بارزان و هاوه‌ڵه‌كانی له شاری سلێمانی مانه‌وه، به‌ڵام حكوومه‌ت له 18ی ئابی ساڵی 1943 به ماڵ و خێزانه‌وه بۆ شاری (حلله)ی گواستنه‌وه. (مسعود البارزانی- ثوره بارزان).
هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی (زنار سلوپی) له (في سبیل كردستان)دا ده‌ڵێت: "ئه‌و بارودۆخه ڕۆشنبیری و سیاسی و نیشتمانییه‌ی سلێمانی به‌گوڕو‌تین بوون، هه‌ر زوو مه‌لا مسته‌فا بارزانی ئاوێته‌ی بوو، پاڵنه‌رێك بوو بۆ ئه‌وه‌ی به شێوه‌یه‌كی ڕێكخراو و فراوانتر درێژه به خه‌باتی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی خۆی بدات، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی، له سه‌ركرده‌ی هۆز و شێخی ناوچه‌یه‌كه‌وه بوو به سه‌ركرده‌ی گه‌لێكی چه‌وساوه و مافخوراو."
زاهیر ئه‌حمه‌د سه‌وز- نووسه‌رى ناسراو، له‌م ڕووه‌وه بۆمان دوا و گوتی: "له ساڵانی سییه‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا، ڕێككه‌وتنه ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان دژ به بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیی كورد بوون، شۆڕشه‌كانی بارزان و بارزانییه‌كان پێشه‌نگی ئه‌م بزاڤه بوون، ئه‌و سه‌رده‌مه بێجگه له ئاغا و شێخ و بازرگانه‌كان، هه‌موان له شه‌وه‌زه‌نگی تاریكی و هه‌ژاری و نه‌داریدا ژیانیان ده‌گوزه‌راند، نه ڕێكخراوێكی سیاسی، نه حزب و لایه‌نێكی ئاشكرا یان نهێنی، بێجگه له حزبی شیوعی و حزبی هیوا له سلێمانی، نه‌بوون، ئه‌گه‌ر هه‌شبووبێ زۆر نهێنی و سست و بێ مه‌به‌ست له ژیان و گوزه‌رانی بارزانییه‌كان بوون. شاری میوانداریی چینی ڕه‌شوڕووت هیچی له‌ده‌ست نه‌ده‌هات، چونكه پاروو له قوڕگی شێردا بوو، بۆیه نه‌یان ده‌توانی ئاوڕێكی ماددی له منداڵ و ژن و پیاوه‌كانی ناوچه‌ی بارزان و شێخ ئه‌حمه‌دی بارزانی و مه‌لا مسته‌فا بده‌نه‌وه، كه له‌لایه‌ن حكوومه‌تی پاشایه‌تیی ئه‌و سه‌رده‌مه به‌زۆره‌ملێ له شاردا ده‌ستبه‌سه‌ر كرابوون، له‌و كاته‌دا ژان و ئازاری بارزانی‌یان گه‌یشته په‌ڕه‌ی دڵی مه‌لا مسته‌فا، ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ ئاریشه‌یان بۆ دروست ده‌كرا، مه‌لا مسته‌فا و بنه‌ماڵه‌كانیان گیرۆده‌ی ژیانێكی قورسی پڕ ئازار و مه‌ینه‌ت ببوونه‌وه، خه‌می میلله‌تی كورد له لایه‌ك و خه‌م و برسێتی و نه‌داریی بارزانییانی ئاواره و ده‌ستبه‌سه‌ر له شار له لایه‌كی دیكه. ئه‌و ڕۆژگاره ده‌خیله زۆرینه به‌تاڵ بوو، پێشتریش له 15ی3ی1932 حكوومه‌تی پادشایی عێراق هێرشی كردبووه سه‌ر ناوچه‌ی بارزان و بارزانییه‌كان دوور خرانه‌وه بۆ شاری مووسڵ، پاشان بۆ شاری ناسرییه له خوارووی عێراق، ئه‌وجا بۆ به‌غدا و دواجار بۆ ئاغجه‌له‌ر و ساڵی 1936 به زۆره‌ملێ هێنرانه شاری سلێمانی و چه‌ندین خێزان له‌ناویاندا بوو، وەك شێخ ئه‌حمه‌دی بارزانی و مه‌لا مسته‌فای بارزانی و چه‌ند كه‌سێكی دیكه‌ی دیار."
له چه‌ند خانوویه‌كدا له گه‌ڕه‌كی (سه‌رچیمه‌ن و حه‌وشی گه‌وره) له كانێسكان دابه‌ش بوون. له ڕووی مه‌عنه‌وییه‌وه، حه‌پسه‌خانی نه‌قیب و شێخ له‌تیفی شێخ مه‌حموود درێغییان نه‌كرد لەگەڵیان. مه‌لا مسته‌فا له‌سه‌رپێ بوو تاوه‌كوو هه‌لی بۆ بڕه‌خسێ و خۆی بگه‌یه‌نێته ناوچه‌ی بارزان.“
هه‌ر وه‌ك زاهیر سه‌وز ده‌ڵێ: ”ساڵی 1943 مه‌لا مسته‌فا، كڵاوزێڕی هاوژینەكەی له ڕێگه‌ی ئه‌سكه‌نده‌ری ئه‌جزاچی (سەیدەلی) كه مه‌سیحی بوو، بۆ ده‌ربازبوون له دیلی، له سلێمانی ده‌فرۆشێت و به به‌هاكه‌ی سێ تفه‌نگی (بڕنه‌و) ده‌كڕێت. له هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا نوشستیان هێنا و له‌لایه‌ن چه‌ند پۆلیسێكه‌وه له ئه‌زمڕ ده‌ستبه‌سه‌ر كران، حه‌پسه‌خانی نه‌قیب ئه‌گاته فریای مه‌لا مسته‌فا و دوان له هاوڕێ گیانی به‌گیانییه‌كانی و ڕزگاریان ده‌كا، له سیناریۆیه‌كدا گوایه چوون بۆ ڕاو، نه‌ك بۆ خۆگه‌یاندنه ناوچه‌ی بارزان. دواتر حه‌پسه‌خان له ده‌ستبه‌سه‌ریی ڕزگاریان ده‌كا و خۆی ده‌كاته خاوه‌نی تفه‌نگه‌كان و بۆیان وه‌رده‌گرێته‌وه. له هه‌نگاوی داهاتوودا بۆ خۆڕزگاركردن له دیلی، له‌وێوه به‌ره‌و ناوچه‌ی بارزان، ئه‌وجا هۆشداریی دەداتە ده‌وڵه‌ت بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی خێزانی بارزانی‌یان به سه‌لامه‌تی له سلێمانییه‌وه بۆ ناوچه‌ی باو و باپیرانیان و چه‌خماخه‌ی شۆڕشی ئازادیخوازی كورد له‌سه‌ر ده‌ستی مه‌لا مسته‌فا بریسكه‌ی لێ دایه‌وه.
حامید گه‌وهه‌ری، له كتێبی (ئیدریس مسته‌فا بارزانی و بارزانییه‌كان باشتر بناسین - مێژووی زاره‌كی)دا ده‌نووسێت: ” گواستنه‌وه‌ی بارزانی بۆ سلێمانی، له لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه هه‌لی بۆ ڕه‌خساند كه له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی هیوا و گه‌وره‌پیاوانی سلێمانی په‌یوه‌ندی دامه‌زرێنێت. سه‌رله‌نوێ په‌یوه‌ندیی به ئه‌ندامانی هۆزی بارزانه‌وه كرده‌وه و بڕیاری دا بگه‌ڕێته‌وه بۆ بارزان. پەیوه‌ندیی ئه‌و له‌گه‌ڵ (حه‌مه‌ی ئه‌وڕه‌حمان ئاغا)وه دەگەڕێتەوە بۆ ئه‌و ساڵه. پەیوه‌ندییه‌كی گه‌رم له‌نێوانیاندا دروست بوو، كاتێك مه‌لا مسته‌فا به‌نهێنی سلێمانیی به‌جێ هێشت و گه‌ڕایه‌وه بۆ ناوچه‌ی بارزان، حكوومه‌تی عێراق (حه‌مه‌ی ئه‌وڕه‌حمان ئاغا) و چه‌ند كه‌سێكی دیكەی به تاوانی هاوكاریكردن له‌گه‌ڵ ڕاكردنی مه‌لا مسته‌فا ده‌ستگیر كرد.“
هه‌روه‌ها گه‌وهه‌ری له درێژه‌ی باسه‌كه‌یدا ده‌نووسێت: ”بارزانی به یارمه‌تیی ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵه‌ی هیوا و كوردانی نیشتمانپه‌روه‌ری سلێمانی، توانیی له‌گه‌ڵ دوو كه‌سی نزیكی خۆی (مسته‌فا عه‌بدوڵا ئاكره‌یی و سلێمانە سوور)، شارى سلێمانی به‌جێ بهێڵێت و خۆی بگه‌یه‌نێته سنووری ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان.“
له‌مباره‌یه‌وه بارزانی خۆی ده‌ڵێت: "كاتی ماڵئاواییكردن له شێخ ئه‌حمه‌د، داوام لێ كرد، كه هه‌ندێك ئامۆژگاریی پێویستم بكا، فه‌رمووی (كاتی هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ خه‌ڵك، ئاگاداری حه‌ق و ڕاستی به، هه‌رگیز له‌خۆباییبوون نه‌چێته دڵته‌وه، هه‌تا دڵنیا نه‌بیت له سه‌ركه‌وتن و هه‌تا بۆت ده‌كرێ خۆت له پێكدادان له‌گه‌ڵ حكوومه‌ت بپارێزه و ئه‌گه‌ر كه‌وتییه به‌ر ده‌ستیان، دانوستاندنیان له‌گه‌ڵدا مه‌كه). بارزانی به به‌رگی مه‌لایه‌تییه‌وه گه‌یشته ناوچه‌ی شنۆ، پاشان بارزانی و هه‌ڤاڵانی، كه له‌وێ بوون، له شنۆوه به ڕێگه‌ی كێله‌شیندا خۆیان گه‌یانده مێرگه‌سۆر و له‌وێوه چوونه‌وه بۆ بارزان. به گه‌ڕانه‌وه‌ی بارزانی بۆ ناوچه‌كه، جه‌ژن و شادی هه‌موو ناوچه‌كه‌ی داگرتووە. لاوه‌كان پۆل پۆل گه‌یشتنه لای و به دوو هه‌فته ژماره‌یان گه‌یشته 750 كه‌س، كه هه‌ندێكیان چه‌كیان هه‌بوو و ئه‌وانی دیكەیش بێ چه‌ك بوون، به خه‌نجه‌ر و داس ده‌چوون بۆ چه‌ككردنى پۆلیسخانه‌كان.
ده‌ربازبوونى بارزانی له سلێمانی و گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ بارزان، له ڕۆژنامه‌كانی جیهاندا ده‌نگی دایه‌وه و هه‌ر كامه‌یان به جۆرێ له ئازایه‌تیی بارزانی دوا. دوو ڕۆژنامه‌ی (نیویۆرك تایمز و هێڕاڵد تریبوون) مسته‌فا بارزانی‌یان به شه‌ڕكه‌ر و پاڵه‌وان ناساند. محه‌مه‌د عه‌لى سوڵتانى له كتیبى "دۆخى سیاسى، كۆمه‌ڵایه‌تى، مێژوویى هۆزى بارزان"دا ده‌ڵێت: ”مسته‌فا بارزانى پیاوێكى ڕۆشنبیر بوو، زمانه‌كانى كوردى و عه‌ره‌بى و فارسیى باش ده‌زانى و ئاشنایى له‌گه‌ڵ زمانه‌كانى ئینگلیزى و توركییشدا هه‌بوو، كه‌سایه‌تییه‌كى دروستكار و ڕاستبێژ بوو، به‌بێ پێچووپه‌نا و به‌ڕاشكاوى قسه‌ى ده‌كرد. باوه‌ڕى زۆرى به نه‌ته‌وه‌كه‌ى هه‌بوو. تێگه‌یشتوو بوو و به لۆژیكەوه ڕووبه‌ڕووى كێشه‌كان ده‌بووه‌وه و تا ئه‌وجێیه‌ى بۆى بكرایه، ده‌یویست كێشه‌كان به ئاشتى چاره‌سه‌ر بكات.“
* سه‌رچاوه:
كتیبى كه‌سایه‌تیى مسته‌فا بارزانى له هزری رووناكبیرانى شارى سلێمانیدا، نووسینى: زانیار سه‌ردار قڕگه‌یی، 2018.