ئه‌م بابه‌ته كە مامۆستای كۆچكردوو و بیرمەندی پایەبەرزی كورد رەوانشاد فەلەكەدین كاكەیی نووسیویەتی، بۆ پێشه‌كیى چاپى دووه‌مى كتێبێكمە كە هێشتا چاپ و بڵاو نه‌كراوه‌ته‌وە واتە ئەم نووسینەش بۆ یەكەمین جارە بڵاو دەبێتەوە، مێژووی ئەم وتارە ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ (12) ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، كه داوام لە مامۆستا فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی كرد، پێشەكییەك بۆ كتیبێكم بنووسێت كە لەسەر شەهید عەبدولڕەحمانی نفووسی كەركووكە، بە سوچاسەوە دوای ماوەیەك لەڕێی هاوكارم ره‌زا كاكه‌یی بۆی ناردم، منیش ئەمڕۆ بە پێویستم زانی له كۆچیادی ئەو بیرمەند و خەباتگێڕە مەزنەی كورددا بڵاوى بكەمەوە، ئەمەی خوارەوە دەقی وتارەكەیە:
كەركووك و شەهید عەبدولڕەحمانی نفووس
فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یى
بـه‌رایـى
سروشتى پاك و نیازى به‌رزى مه‌عنه‌وى و بڕوا به هه‌قى ڕه‌واى نه‌ته‌وه‌یه‌كى دێرینى گه‌وره، مرۆڤـ ده‌كاته ڕه‌مزى قۆناغێك و نیشانه‌ى وه‌رچه‌رخانێكى مێژوویى.
شه‌هید عه‌بدولڕه‌حمان نفووس (1926- 1963) ئه‌وه‌نده مه‌به‌ستى خه‌باتى بێوچانى خۆى و هه‌ڤاڵانى بووه و ئه‌وه‌نده‌ش چاوى له ئاسۆى دوورى كوردستان و كه‌ركووك بووه (كه هه‌ردوو یه‌كن)، ئه‌وه‌نده بیر و هۆشى لاى ته‌ندروستى و ماندوونه‌مانى خۆى نه‌بووه.
ڕه‌نگه قه‌ت نه‌یزانیبێ كه له ئه‌نجامدا ده‌بێ به هێماى گه‌شى كه‌ركووك و شه‌هیدبوونى ده‌بێ به سمبولى ڕێڕه‌وى سه‌خت و دژوارى قوربانیدانى جینۆساید و جارێكى دیكه جه‌وهه‌رى جاویدانى مرۆڤایه‌تیى دڵپاكان و ڕۆشندڵان، به هه‌ناسه و خوێن و گیانى خۆى تاقی ده‌كاته‌وه.
زانیارییه ورده‌كانى ژیان و خه‌بات و تراژیدیاى شه‌هیدبوونى دووباره ناكه‌مه‌وه، كه له كۆى لاپه‌ڕه‌كانى ئه‌م كتێبه: (خۆرى ئاراپخا)دا هاتوون، هه‌ر بۆیه‌ش پڕ به‌دڵ ڕێز ده‌نێم له چالاكى و ماندووبوونى نووسه‌رى به‌ڕێز (زانیار سه‌ردار قڕگه‌یى) كه ئه‌م كۆمه‌ڵه زانیارى و به‌ڵگه‌نامانه‌ى له شه‌هیدانى زیندووى سه‌رده‌مى خه‌باتى كورد و تێكۆشه‌رانى ساڵانى 1950- 1963دا، به‌تایبه‌تى دواى 14ى گه‌لاوێژى 1958 كۆ كردووەته‌وه، كه ئه‌و ساڵه سه‌ره‌تاى به‌دبه‌ختیى نه‌ته‌وه‌ى كورد بووه له سه‌ده‌ى بیسته‌مى زایین‌دا.
ده‌سپێكى به‌رنامه‌ى ڕه‌گه‌زپه‌رستانه
ڕاسته گه‌لى كورد و پارتى و تێكۆشه‌رانى، پێشوازییان له نه‌مانى رژێمى پاشایه‌تیى عێراقى سه‌ر به ئینگلیز كردووه و سه‌رهه‌ڵدانى كۆمارى 14ى گه‌لاوێژى 1958یان به سه‌ركه‌وتنى خۆیان له‌قه‌ڵه‌م داوه، چونكه رژێمى پاشایه‌تى به زه‌برى ئاگر و ئاسن شۆڕشى كوردى له بارزان (1943– 1945) و خه‌باتى ئاشتییانه‌ى كوردى ده‌مكوت كردووه، هیچ ڕوویه‌كى خۆشى پیشانى گه‌لى كورد و مه‌سه‌له‌كه‌ى نه‌داوه.
به‌ڵام ئێستا، كه به پرۆسه و ئه‌زموونى زیاتر له چل ساڵى رابردوودا (1958- 2003) ده‌چینه‌وه، ده‌بینین كه به‌دبه‌ختیى نه‌ته‌وه‌ییمان جارێكى دیكە، له نیوه‌ى دووه‌مى سه‌ده‌ى بیسته‌مى زایینی‌دا، له‌سه‌رده‌ستى حكوومه‌ته‌كانى ده‌وڵه‌تى عێراق ده‌ست پێده‌كاته‌وه.
كه‌ركووك له ویژدانى شه‌هیددا
ساڵانى به‌ر له گه‌لاوێژى 1958 و دواى ئه‌وه، قۆناغى ململانێى كورد بووه له‌گه‌ڵ حكوومه‌ت و ده‌زگا و لایه‌نه شۆڤینیسته‌كانى عێراق، كه له‌و كاته‌وه هه‌وڵیان ده‌دا بارى دیموگرافیى شار و پارێزگاكه (ئه‌وكات: لیوا)ى كه‌ركووك بگۆڕن، كه ڕه‌وه‌ندى عه‌ره‌بیان بۆ ده‌شتاییه‌كانى كه‌ركووك ده‌هێنا و له‌ناو شارى كه‌ركووكیش هه‌وڵیان ده‌دا ڕێژه‌ى دانیشتوانى كورد كه‌م بكه‌نه‌وه، یا هیچ نه‌بێ به كه‌مى پیشان بده‌ن، وه‌كوو له ئامارگیریى گشتیى ساڵى 1957دا ده‌ركه‌وتووه.
ئا لێره‌وه‌یه، كه مێژوو، شه‌هید عه‌بدولڕه‌حمانى خستووەته نێو چه‌قى مه‌سه‌له‌ى گرنگى نه‌ته‌وه‌یى و به‌رپرسیارێتى و به‌ربه‌ره‌كانیى گۆڕینى مۆركى نه‌ته‌وه‌یى و مێژوویى كه‌ركووكى به ئه‌ركى خۆى زانیوه، نه به‌س له‌به‌ر ئه‌وه‌ى خۆى فه‌رمانبه‌رى كاروبارى (نفووس) بووه، به‌ڵكوو وه‌كوو ئه‌ندامێكى چالاكى پارتى و خه‌باتگێڕێكى هۆشیارى كوردستان، هه‌ستى به دژواریى بارودۆخه‌كه كردووه.
كه‌واته ئه‌ركه‌كه‌ى چه‌ندین به‌رامبه‌ر بووه، زیاتریش تاڕاده‌یه‌ك ته‌نیا بووه له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى به‌رنامه‌ى تێكدانى مۆرك و سروشتى كۆمه‌ڵایه‌تى و نه‌ته‌وه‌یى كه‌ركووك.
شه‌هید، له وه‌ختێكدا كه‌وتبووه ئه‌و بەرگرییە یاسایى و كۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسییه‌یه، كه كه‌م كه‌س له كوردستاندا هه‌بوون له ماناى ئه‌و خه‌باته تێده‌گه‌یشتن و به‌ده‌گمه‌ن ئه‌وانه‌ى، كه به‌و به‌رنامه ئاشكرا و نهێنییە شۆڤینستییانه‌یان ده‌زانى، كه بۆ دابڕینى كه‌ركووك دانرابوو، ئه‌نجامه‌كه‌یشى دژ به گشت نه‌ته‌وه‌ى كورد ده‌گه‌ڕایه‌وه.
له‌یادمه، وابزانم ساڵى (1957- 1958) بوو، كاتێك ئیتحادى هاشمى (عێراق و ئه‌رده‌ن) به پاشایه‌تیى مه‌لیك حوسێن ڕاگه‌یه‌ندرا، یا ده‌چوو ڕابگه‌یه‌ندرێ، له سه‌رانسه‌رى كوردستاندا، به كه‌ركووكیشه‌وه، كورد هه‌ركه‌س له جێگه‌ى خۆى كه‌وته نامه و یاداشت ناردن بۆ حكوومه‌ته‌كانى عێراق و ئه‌رده‌ن، تا له‌و (یه‌كێتییه هاشمییه‌دا) وجوودى كورد و مافى كورد له‌یاد نه‌چن و نه‌كرێنه قوربانى.
من ئه‌و سه‌رده‌مه قوتابیى ناوه‌ندى بووم، له به‌شى ناوخۆیى كه‌ركووك براده‌رێكم یاداشتێكى به‌و مانایه هێنا، دوایى باسى مه‌به‌ستى داخوازیى كرد، منیش ئیمزام كرد، هێشتاش تازه ده‌رباره‌ى مه‌سه‌له‌ى نه‌ته‌وه‌یى به‌ئاگا ده‌هاتم. ڕه‌نگه من به‌ته‌مه‌ن یه‌كێك بووبم له بچووكترین ئه‌و كه‌سانه‌ى، كه تۆمارى كوردیان بۆ ئیتحادییه‌ى هاشمى ناردبێ.
به‌پێى ژیاننامه‌كه‌ى، دیاره شه‌هید عه‌بدولڕه‌حمان له‌و ده‌مه‌دا كادیرێكى چالاكی پارتى بووه له‌و بوارانه‌دا، چونكه به‌ڵگه‌نامه و گه‌واهینامه‌كان شایه‌دى ئه‌وه‌ن، كه شه‌هید تا ڕۆژى كوشتنى به ده‌ستى (حه‌ره‌س قه‌ومیی حزبى به‌عس) هه‌میشه پێشه‌نگى ئه‌و چالاكییه سیاسییانه بووه.
به‌داخه‌وه ئه‌وكاته شه‌ره‌فى ناسینیم نه‌بووه، چونكه قوتابییه‌كى تازه‌پێگه‌یشتوو بووم و تازه كه‌وتبوومه گڕوگاڵى خه‌باتى نه‌ته‌وه‌یى، ئه‌ویش له ڕێگه‌ى یه‌كێتیى قوتابییانى كوردستانه‌وه كه له به‌هارى 1957دا به نهێنى چوومه ڕیزى و بووم به ئه‌ندامى.
ئێستاش له‌یادمه، ئه‌گه‌ر دروستیان به من گوتبێ، یاداشته ناوبراوه‌كه، واته ته‌نیا لیسته‌كه‌ى ئێمه نزیكه‌ى (230) كه‌س ئیمزاى كردبوو، ئاگام له جێگه‌كانى دیكە نه‌بوو.
بێ گومان شه‌هید عه‌بدولڕه‌حمانیش ده‌بێ ئیمزاى له‌سه‌ر لیستێك به‌و مانایه كردبێ، به‌ڵكوو ڕه‌نگه له ڕێكخه‌ره سه‌ره‌كییه‌كانى ئه‌و هه‌ڵمه‌ته بووبێ. دواتر بیستم، كه خوالێخۆشبوو شێخ حوسێنى خانه‌قاش ئیمزاى لەسەر یادداشته‌كه كردووه.
ساڵى 1963یش، كه باسى یه‌كێتیى عه‌ره‌بیى سێ وڵاتى عێراق و میسر و سووریا هاته پێش، سه‌رۆك مستەفا بارزانى به ناوى گه‌لى كوردستانه‌وه له جه‌مال عه‌بدولناسر، سه‌ركۆمارى میسرى خواست، تا له هه‌ر كارێكى وه‌هادا هه‌بوون و مافى كورد له عێراق و سووریا له‌به‌رچاو بگیرێت و مه‌سه‌له‌كه‌ى به ئاشتى چاره‌سه‌ر بێ.
سیاسه‌تى عه‌بدولناسریش هه‌ر ئه‌وه‌بوو كه وا تا كۆچى دوایی له ساڵى 1971دا پشتگیرى له چاره‌سه‌ری ئاشتییانه‌ى مه‌سه‌له‌ى كورد مایه‌وه.
ئیداره‌ى كه‌ركووك 1921- 1958
وه‌كوو پێشووتر گوتم ساڵى 1958 ده‌سپێكى هه‌ڵمه‌تى گۆڕینى مۆركى نه‌ته‌وه‌یى كه‌ركووك بوو. هه‌ر له‌م ساڵه‌وه تا 2003 ئیتر هیچ كاتێك (موته‌سه‌ریف یا پارێزگار)ى كورد له كه‌ركووك دانه‌مه‌زرا، ته‌نیا دواى ڕووخانى ڕ‌ژێمى به‌عس ساڵى 2003، ئه‌مجا پارێزگارێكى كورد دانراوه.
به‌درێژایى ساڵانى 1921 تا ساڵى 1958، زۆرینه‌ى (موته‌سه‌ریف)ه‌كان كورد بوونه، یا هه‌ندێ جار توركمان، ئه‌مه ته‌نیا له ڕووى ڕه‌گه‌زنامه‌ى نه‌ته‌وه‌ییه‌وه، ئەگه‌رنا ده‌سه‌ڵات مه‌ركه‌زی بووه و له به‌غداوه دانراوه. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه، كه له‌و ماوه‌یه‌دا موته‌سه‌ریفى به ڕه‌گه‌ز عه‌ره‌ب له كه‌ركووك دانه‌نراوه، به‌ڵام دواى 14ى گه‌لاوێژى 1958 ئیتر موته‌سه‌ریفى عه‌ره‌ب له به‌غداوه داده‌مه‌زرا، كه دواتر (لیوا) كرا به (پارێزگا)، تا ساڵى 2003 هه‌میشه پارێزگاره‌كه به ڕه‌گه‌ز عه‌ره‌ب بووه.
دیاره ئه‌وه نیشانه‌یه‌كى سیاسه‌تى حكوومه‌ته‌كانى عێراق بووه، كه كه‌ركووكیان به عه‌ره‌ب داناوه و ده‌سه‌ڵاتیان به ده‌ستى عه‌ره‌به‌وه داوه، ته‌نانه‌ت سه‌رۆكى شاره‌وانییش زیاتر عه‌ره‌ب بوونه (جاربه‌جارێ نه‌بێ) دواى (1958- 1959).
ئه‌م حاڵه‌ته له هه‌ولێر و لە مه‌خمووریش ده‌بینرێن. ئه‌گه‌ر ته‌ماشاى لیستى موته‌سه‌ریفه‌كانى هه‌ولێر بكه‌ین، هه‌ر له دامه‌زراندنى موته‌سه‌ریفه‌وه تا 1958 هه‌میشه كورد بوونه.
به‌ڵام له‌دواى 14ى گه‌لاوێژى 1958 تا 2003، موته‌سه‌ریف و (دواتر پارێزگارى) عه‌ره‌ب بۆ هه‌ولێر دانراون، ته‌نیا یه‌ك دوو حاڵه‌تى تایبه‌ت نه‌بێ، ئه‌ویش له‌ڕووى ئه‌منییه‌وه ئه‌و كوردانه دانراون، كه به سوودى ڕ‌ژێمى به‌غدا بوونه.
ئەگەر ته‌ماشاى لیستى قایمقامه‌كانى قه‌زاى مه‌خمووریش بكه‌ین، كه له دامه‌زراندنه‌وه تا 1958 گشت قایمقامه‌كان كورد بوونه، وه‌لێ دواى 14ى گه‌لاوێژى 1958 ئیتر عه‌ره‌ب به قایمقام دانراوه. ئه‌مه تا ساڵى 2003 به‌رده‌وام بووه، كه دواى ڕووخانى ڕ‌ژێمى به‌عس ئیتر له‌لایه‌ن حكوومه‌تى هه‌رێمی كوردستانه‌وه قایمقامى كوردی بۆ دانراوه.
ئه‌گه‌ر ته‌ماشاى حاڵى قه‌زا و ناحیه‌كانى دیكه‌ش بكه‌ین، ده‌بینین كه ساڵى 1958 خاڵى وه‌رچه‌رخانى دانانى به‌رپرسى ئیداریى به ڕه‌گه‌ز عه‌ره‌ب بووه له زۆربه‌ى قه‌زا و ناحیه كوردستانییه‌كان.
هاوینى ساڵى 1963، ساڵى گرته و شه‌هیدبوونى عه‌بدولڕه‌حمان نفووس، سه‌ره‌تاى شاڵاوێكى فراوانى كوشتارى به‌كۆمه‌ڵى كورد و پاكتاوى نه‌ته‌وه‌یى ده‌وروبه‌رى كه‌ركووك بوو، به‌تایبه‌تى به قووڵایى كوردستاندا.
له‌ناو گه‌ڕه‌كه كوردییه‌كانى كه‌ركووكه‌وه، ده‌ستى پێكرد، تا دبس و شوان و ده‌وروبه‌رى چه‌مچه‌ماڵ و سه‌رووتر. شاڵاوى پاكتاوى نه‌ته‌وه‌یى ئیتر له ساڵى 1963 ڕانه‌وه‌ستا و تا له ساڵى 2003 حكوومه‌تى ڕ‌ژێمى شۆڤینیستى عێراق رووخێنرا.
گه‌وره‌ترین تاوانى جینۆساید و كوشتارى به‌كۆمه‌ڵ و وێرانكاریى كوردستان له ساڵى 1988دا به ئه‌وپه‌ڕى گه‌یشت، كه ڕ‌ژێمى به‌عسى عه‌ره‌بى چه‌كى كیمیایى له هه‌ڵه‌بجه و ده‌یان گوند و جێگه‌ى دیكه‌ى كوردستانى به‌كار هێنا و تاوانه گه‌وره‌كانى ئه‌نفالى ئه‌نجام دا.
دیاره شـه‌هید عه‌بدولڕه‌حمان، له سه‌ره‌تاوه هه‌ستى به مه‌ترسیى وه‌ها كردووه. هه‌ر بۆیه‌ش به توانا و هێز و ئه‌زموون و لێهاتووییه‌وه درێژه‌ى به خه‌بات داوه ئه‌ویش له ناوجه‌رگه‌ى شارى به‌غدا، له كاتێكدا كه به‌خۆى ده‌یدى (حه‌ره‌س قه‌ومى) و ده‌زگا دڕنده‌كانى ڕ‌ژێمى شوباتى 1963، به تاوانى وه‌حشییانه ڕووبه‌ڕووى ئۆپۆزسیۆنه‌كانیان ده‌بنه‌وه، به خه‌باتگێرانى كورده‌وه. ئه‌و هه‌موو ئه‌وه‌ى ده‌زانى ئه‌مجاش مه‌یدانى خه‌باتى خۆى له به‌غدا چۆڵ نه‌كرد، تا شه‌وى گرتنى له‌لایه‌ن حه‌ره‌س قه‌ومییه‌وه، كه له بڕگه‌كانى ئه‌م كتێبه، به‌وردى هاتووه‌ته نووسین.
گه‌واهینامه‌ى ئه‌و براده‌رانه‌ى كه له‌گه‌ڵ ئه‌ودا گیراون و تووشى ئه‌شكه‌نجه‌ى سه‌خت بوونه، هه‌روا شایه‌دیى ئه‌و كه‌سانه‌ش، كه دوورونزیك ناسیویانه، به‌ڵگه‌نامه‌ى زیندووى سه‌ربه‌زى و پیاوه‌تى و دلێرى و چاونه‌ترسیى شه‌هید عه‌بدولڕه‌حمان، كه تا بڕینه‌وه‌ى ده‌ست و قاچ و سه‌ربڕینى، خۆى پاراستووه و هیچ زانیارییه‌كى نه‌دركاندووه، تا هیچ هه‌ڤاڵێكى تووش نه‌بن، به‌ڵكوو ئازاد بمێنن و به‌رده‌وام بن له خه‌بات و خۆڕ‌اگرى. ئه‌و به‌و شێوه‌یه هه‌قیانه‌تى خۆى ڕاگه‌یاندووه.
زانراوه‌كان به‌گشتى باس له‌وه ده‌كه‌ن، كه نازم گزارى جه‌للاد و تاقمه‌كه‌ى ته‌رمى پیرۆزى عه‌بدولڕه‌حمانیان فه‌وتاندووه، جا یا له‌ناو حه‌وزى تێزاب له‌ناویان بردووه، یا فڕێیان داوه‌ته ناو ڕووبارى دیجله‌وه.
له‌وانه‌ش، كه له‌و سه‌رده‌مه‌دا له ریزى رێكخستنى پارتى بوونه و كه‌وتوونه‌ته ده‌ستى رژێمى به‌عس: د. كامل به‌سیر، زانا و مامۆستاى زانكۆ و دادوه‌ر ره‌ئووف ره‌شید و خه‌باتگێڕانى دیكه.
پێشه‌كیى كتێبى به عه‌ره‌بى (رسائل الامام علي) نووسینى: (د.كامل حەسەن ئەلبەسیڕ، چاپى دارلمەعریفەی بیروت، لوبنان، 2010، كه باسى دڕندایه‌تى و ئه‌شكه‌نجه‌ى حه‌ره‌س قه‌ومیى به‌عسییان ده‌كات.
مامۆستا كامل بەسیڕ و دادوه‌ر ره‌ئووف ره‌شید و هه‌ڤاڵانى دیكه‌ش تووشى به‌شێكى ئه‌و ئه‌شكه‌نجه‌یه بوونه.
ئه‌و كتێبه ماسته‌رنامه‌ى كامل بەسیڕه، كه هه‌ر ساڵى 1963 له به‌ندیخانه، به هاوكاریى گیراوه‌كانى دیكه ده‌ینووسییه‌وه. مامۆستا كامل نابینا بووه، به‌ڵام هه‌رچه‌نده له‌به‌ر چالاكیى كوردایه‌تى گیرابوو و ئه‌شكه‌نجه‌ش درابوو، ئه‌مجاش له نووسینه‌وه‌ى ماسته‌رنامه‌كه‌ى رانه‌گرتووه، كه دواتر پله‌ى دكتۆراشى وه‌رگرتووه.
كاك ره‌ئووف ره‌شید له پێشه‌كییه‌كه‌یدا ده‌نووسێ، كه سه‌دان كوردى ئه‌ندام و لایه‌نگرى پارتى و كادر و سه‌ركرده‌ى شیوعى پێكه‌وه له بینایه‌ى (دادگاى گه‌ل) كه‌وتبوونه به‌ر ئازار و ئه‌شكه‌نجه، كه ده‌یان كه‌سیان هه‌ر به ئه‌شكه‌نجه شه‌هید بوون و هه‌ندێكیان تووشى تراژیدیاى شه‌هید عه‌بدولڕه‌حمان بوون، كه ئێستاش چاره‌نووسى ته‌رمه‌كانیان نازانرێت.
هه‌ر له‌و رۆژانه‌ى شه‌هیدبوونیدا، له كه‌ركووك و جێگه‌كانى دیكە، ده‌یان كه‌سایه‌تیى كورد له‌سێداره دران و ده‌یان جووتیار له چیمه‌ن و ده‌وروبه‌رى كۆیه كه‌وتنه به‌ر ره‌شه‌كوژیى جه‌للاده‌كانى به‌عس و سوپاى عێراقى، له‌ناو شارى سلێمانى چه‌ندین هاووڵاتى به‌كۆمه‌ڵ كوژران، یان زینده‌به‌چاڵ كران.
واته: سه‌رده‌مى شه‌هیدبوونى عه‌بدولڕه‌حمان ده‌سپێكى ئه‌و خوێنڕێژییه فراوانه‌ى خه‌ڵكى كوردستان به ده‌ستى حكوومه‌ته‌كانى به‌غدا بوو، كه تا 2003 به‌رده‌وام بوو، دواى ئه‌وه‌ش، له كه‌ركووك و مووسڵ و خانه‌قین و شنگال و جێگه‌كانى دیكه، هێشتاش خوێنى كورد به‌ده‌ستى تیرۆرستان ده‌ڕێژرێ، ئه‌و تیرۆرستانه‌ى، كه به هه‌موو لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كى زانستییانه، په‌روه‌رده‌ى هه‌مان بۆچوون و ئایدۆلۆژییه‌تى جه‌للاده‌كانى 1963ن، جا هه‌ر ناوێك له خۆیان بنێن.
یاساى خوێنڕێژانه
حه‌ره‌س قه‌ومیى به‌عس و درێژه‌دانى رێبازى زۆردارانه‌یان تا 2003 (له هه‌ندێ جێگه تا ئه‌مڕۆش) په‌یڕه‌وى یاسایه‌كى كوێریان ده‌كرد، ئه‌ویش: یا مرۆڤ له ئه‌شكه‌نجه‌خانه‌دا خۆى به‌ده‌سته‌وه ده‌دا و كه‌رامه‌تى ئینسانیى خۆى ده‌شكێنێ، یا ده‌بێ بكوژرێت.
واته: خۆڕ‌اگرى ته‌نیا یه‌ك ماناى هه‌بووه، ئه‌ویش گیان له‌ده‌ستدانه.
عه‌بدولڕه‌حمان خۆڕاگر بووه، هه‌ر بۆیه‌ش ده‌یزانى كه شه‌هید ده‌بێ. ئه‌و به له‌ده‌ستانى گیانى پاكى خۆى، گیانى هه‌زاران كه‌سى پاراست، كه ده‌یناسین، چونكه زانیاریى ته‌واوى ده‌رباره‌ى رێكخستنى پارتى له‌ناو به‌غدا و ده‌وروبه‌ر تا شارى كوت و باشوورى عێراق و كه‌ركووك هه‌بووه.
ئه‌و ئه‌گه‌ر ناوى چه‌ند كه‌سى بدركاندبا، له رێگه‌ى ئه‌وانه‌وه ره‌نگه سه‌دان كه‌سى دیكە بناسرابان و... هه‌روه‌ها تا بگات به هه‌زاران كه‌س له ئه‌ندامان و لایه‌نگرانى پارتى. دیاره ئه‌و وه‌ك هه‌ر تێكۆشه‌رێكى زانا و هۆشیار و دووربین، ئه‌وه‌ى له‌به‌رچاو بووه، كه ئه‌شكه‌نجه‌خانه‌ش مه‌یدانى هه‌ره فراوانى خه‌بات و پێشمه‌رگایه‌تییه. له كوردستاندا راسته‌وخۆ به‌ره‌نگاریى زۆرداران ده‌بنه‌وه، لێره‌دا به پاراستنى نهێنى كۆڵ به جه‌للاده‌كانى ده‌دا.
نموونه‌ى شه‌هیدى ئازادى
به درێژایى مێژوو شه‌هیدى وه‌ها ده‌بینین، كه به‌دڵنیاییه‌وه ده‌توانین پێیان بڵێین شه‌هیدى ئازادیی مرۆڤ و مرۆڤایه‌تى، گشت مرۆڤایه‌تى، جیا له بیروڕاى شه‌هید.
مرۆڤ و داوا ره‌واكانى یه‌كه، ئازادى و سه‌رفرازییش له‌سه‌رانسه‌رى دنیادا هه‌ریه‌كه. جیاوازى له‌نێوان مرۆڤێكى ئه‌مه‌ریكاى لاتین یا ئه‌ورووپا، هیندییه‌ك یا كوردێك، عه‌ره‌بێك یا توركێك، ئێرانییه‌ك یا ئه‌نده‌نووسییه‌ك نییه، كه تا دوا ساتى ژیانى كه‌رامه‌تى ئینسانیى خۆى ده‌پارێزێ و ده‌ست له مافى ئازادى هه‌ڵناگرێت، جا ئه‌گه‌ر ئازادیى نه‌ته‌وه‌یى بێ، یا كۆمه‌ڵایه‌تى، یا ئایینى و سیاسى. وه‌ك ده‌ڵێن: جیاوازیی نییه، ئازادیى مرۆڤ هه‌ر ئازادییه، مافى خه‌باتیش بۆ راستى و دادپه‌روه‌رى و رزگارى بۆ هه‌ر كه‌سێك پارێزراوه.
له ژیاندا، مه‌سه‌له‌ى سیاسیى گه‌وره‌تر و بچووكتر نییه، مه‌سه‌له هه‌ق و ره‌وایه‌تى و راستییه، هه‌رچه‌نده گه‌وره بێ یا بچووك.
عه‌بدولڕه‌حمان تێكۆشه‌رى رێگاى ئازادى و سه‌ربه‌ستى و كامه‌رانیى گه‌لێكى لێقه‌وماو و بێبه‌ش بوو. له هه‌ركوێى دنیادا خه‌بات بۆ مافى ئازادیى گه‌لێكى وه‌ها، شه‌ره‌ف و سه‌ربه‌رزى و سمبولى كه‌رامه‌تى مرۆڤایه‌تییه.
له رووى یاسایى و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییشه‌وه، عه‌بدولڕه‌حمان له مه‌یدانى جه‌نگدا نه‌بوو، دژى رژێمى به‌عس چه‌كى هه‌ڵنه‌گرتبوو، ته‌نیا بیروڕاى جیاواز بوو، خه‌باتى سیاسیى به‌ڕێوه ده‌برد كه مافى ره‌واى هه‌ر مرۆڤێكه. ئه‌و له‌و وه‌خته‌دا ده‌ستگیر كرا و خرایه ئه‌شكه‌نجه‌خانه‌وه، كه رژێمى به‌عس له‌شكر و ده‌زگاكانى به‌ره‌و په‌لاماردانى ته‌واوى خه‌ڵكى كوردستان ده‌نارد. كه‌واته: گرتن و كوشتنى عه‌بدولڕه‌حمان، تۆڵه‌یه‌كى كوێرانه‌ى رژێم بوو به‌رامبه‌ر به خۆڕاگریى پێشمه‌رگه و خه‌ڵكى كوردستان.
دوو لایه‌نى چاره‌نووسى شه‌هید عه‌بدولڕه‌حمان سه‌رنجڕاكێشن:
1- له ساڵى 1963 تا 2003، واته نزیكه‌ى چل ساڵ، ئیتر هه‌مان تراژیدیا دووباره بووه‌ته‌وه، سه‌دان تێكۆشه‌رى كوردستانى و عێراقى به هه‌مان شێوه تا دوا هه‌ناسه‌یان كه‌وتوونه‌ته به‌ر بێبه‌زه‌ییترین ئه‌شكه‌نجه و ته‌رمیان بێسه‌روشوێن كراوه، ئه‌و جۆره چاره‌نووسه ئێستاش ناوبه‌ناو له به‌غدا ده‌بینین.
2- ئه‌گه‌ر وه‌ها بووبێ، كه ته‌رمى پیرۆزى شه‌هید عه‌بدولڕه‌حمان فڕێ دراوه‌ته ناو رووبار‌ى دیجله‌وه (دیاره ئه‌وه راستیى بۆ هه‌یه، ئه‌گه‌ر به تێزاب نه‌یانتوانیبێته‌وه)... ئه‌گه‌ر وه‌هابێ، ئه‌وه ده‌بێ چاره‌نووسى شه‌هید مه‌نسوورى هه‌للاج بهێنینه‌وه یاد، كه نزیكه‌ى هه‌زار ساڵ پێشووتر، له هه‌مان شارى به‌غدا، به ناهه‌ق به‌داریاندا كرد و ده‌ست و قاچیان بڕى، ئه‌مجا سه‌ریان بڕى و وه‌ك ده‌ڵێن، ته‌رمه‌كه‌یان سووتاند و خۆڵه‌مێشه‌كه‌یان رشته ناو ئاوى رووبار‌ى دیجلەوە.
هه‌للاج ده‌روێشێكى ئازادیخوازى هه‌قپه‌رست بوو، لێكۆڵینه‌وه مێژووییه‌كان ده‌ڵێن، كه گرتن و شه‌هیدكردنى له‌به‌ر ئه‌وه بووه كه پشتیوانیى مافى چه‌وساوه و هه‌ژار و برسییه‌كانى ئه‌و سه‌رده‌مه كردووه و ده‌سه‌ڵاتى خه‌لیفه‌ى به‌غداشى ڕیسوا كردووه، داواى دادپه‌روه‌ریى له ده‌سه‌ڵات و دابه‌شكردنى سامان كردووه.
بێ گومان له دادگادا تۆمه‌ت و بوختانى دیكه‌یان بۆ رێكخستبوو، وه‌ك (كوفر) و (زه‌نده‌قه) و (لادان له شه‌رع) و شتى وه‌ها، چونكه نه‌یانتوانى راسته‌وخۆ بڵێن، كه لایه‌نگرى هه‌ژاران و چه‌وساوه‌كان بووه.
له دادگاییدا، سه‌ره‌تا نه‌یانتوانی هیچ خاڵێك دژى مه‌نسوورى هه‌للاج بدۆزنه‌وه، به‌ڵام چونكه خه‌لیفه‌ى عه‌باسى و وه‌زیره‌كه‌ى بڕیارى كوشتن‌یان دابوو، له‌میانه‌ى دادگادا تۆمه‌تێكى لاوازی بۆ ده‌دۆزنه‌وه و یه‌كسه‌ر بڕیارى له‌خاچدانى ده‌ده‌ن.
تراژیدیاكه‌ى لێره‌وه هه‌مان تراژیدیاى عه‌بدولڕه‌حمانه كه ئه‌شكه‌نجه‌ى دڕندانه‌یه له زیندان، ئه‌مجا بڕینى ده‌ست و قاچى و سه‌ربڕینى بۆ ناو رووبار‌ى دیجله‌یه. ئه‌م رووباره سه‌دان و هه‌زاران ته‌رمى قوربانیى دیكه‌ى رێگاى ئازادیى گرتووه‌ته باوه‌ش و به‌ره‌و زه‌ریاكان بردوونى.
ڕه‌نگه یه‌كێك بپرسێ، چۆن چاره‌نووسى تێكۆشه‌رێكى سیاسیى وه‌ك عه‌بدولڕه‌حمان ده‌خه‌یته پاڵى زانایه‌كى سۆفیگه‌رى و عیرفان، به‌ڵكوو فه‌یله‌سوفێكى دانای وه‌ك مه‌نسوورى هه‌للاج؟
ئه‌ز له وه‌ڵامدا دبێژم، مرۆڤ هه‌ر مرۆڤه، سه‌ربه‌ستیى بیروڕاش هه‌ر هه‌مان سه‌ربه‌ستییه. تێكۆشه‌رى رێگاى هه‌ق و ڕاستى هه‌ر ئه‌و خۆڕاگرییه‌یە، چ فه‌یله‌سووف بێ، یا رووناكبیرێكى سیاسى، یا مرۆڤێكى هه‌ره ساده.
ئه‌گه‌ر تێكۆشانى هه‌للاج (به‌ر له هه‌زار ساڵ) بۆ برسى و هه‌ژار و چه‌وساوه‌كانى ئه‌و سه‌رده‌مه‌ى ژێر ده‌سه‌ڵاتى رژێمى خه‌لیفه‌ى عه‌باسى بووه، ئه‌وه خه‌بات و خۆڕاگریى عه‌بدولڕه‌حمانیش بۆ مافى خوراوى ملیۆنان مرۆڤى چه‌وساوه‌ى كوردستان بوو، كه ئه‌وانیش وه‌ك چه‌وساوه‌كانى سه‌رده‌مى خه‌لافه‌تى عه‌باسیى به‌غدا، ژیان و كه‌رامه‌ت و ئازادیى خۆیانیان ویستووه.
من كه بتوانم رێز له خۆڕ‌اگرى و قوربانیدانى تێكۆشه‌رێكى راسته‌قینه‌ى كوردستان بگرم، وه‌كوو ئه‌وه‌یه، كه رێز له گشت رێبوارانى رێگاى ئازادى و سه‌ربه‌ستیى مرۆڤایه‌تیى سه‌رانسه‌رى مێژوو، ده‌گرم، هه‌روا رێز ده‌نێم له كه‌رامه‌ت و شه‌رافه‌تى مرۆڤایه‌تى.
من، خۆمان له چوارچێوه‌ى سروشتى ژیان و مێژوو ده‌بینم، نه زیاتر و نه كه‌متر، جا بۆچى كه‌متر؟
ئه‌گه‌ر به نموونه‌ى ده‌یان شه‌هیدى سه‌ربه‌رزى ئازادیماندا بچینه‌وه، ده‌بینین له‌م بواره‌شدا هاوشانى گه‌لانى دونیاین و كه‌سانى دانا و هۆشیارى وه‌هامان هه‌یه، كه له‌پێناو ئازادى (ته‌نیا له‌پێناو ئازادى)دا تا دواهه‌ناسه خۆڕاگر بوون.
ئه‌و كه‌سه‌ى نه‌توانێ كه‌رامه‌ت و مافى ئازادیى خۆى بپارێزێ، قه‌ت ناتوانێ مافى نه‌ته‌وه‌كه‌ى خۆى بپارێزێ.
ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ش نه‌توانێ هه‌بوون و مافى ئازادى و رزگاریى خۆى بپارێزێ، ناتوانێ شان به شانى گه‌لانى دیكه رابوه‌ستێ و بڵێ ”ئه‌زیش هه‌م!“
شه‌هید عه‌بدولڕه‌حمان سمبولى ئه‌و خه‌باتگێڕه سه‌رفرازه‌یه، كه له‌پێناو ئازادی‌دا خۆى ڕاگرتووه. چاره‌نووسیشى سه‌ره‌تاى زیاتر له چل ساڵى ئازاردان و قه‌ڵاچۆكردنى خه‌ڵكى كوردستانه، كه قوربانیى ئه‌نفال گه‌وره‌ترین وێنه‌ى ئه‌م رێڕه‌وه‌یه‌ن.
ده‌یان هه‌زار ژن و منداڵ و پیاوى بێتاوانى كوردستان، له تاریكیى شه‌وى سته‌م و زۆرداریدا، به‌بێ ئه‌وه‌ى بتوانن به زمان به‌رگریى له‌خۆیانیش بكه‌ن، به‌كۆمەڵ له بیابانه سامناكه‌كاندا ره‌شه‌كوژ كران، هه‌ر وه‌ك عه‌بدولڕه‌حمان، له تاریكستانى ئه‌شكه‌نجه‌خانه‌ى به‌غدا كه‌له‌پاچه كرا، هه‌مان چاره‌نووسه، هه‌مووى تاوانه دژى مرۆڤ و نه‌ته‌وه‌ى كورد، هه‌مووى جۆرێكى خنكاندنى ده‌نگى ئازادى و سه‌ربه‌ستییه.
شه‌هیدانى ئه‌نفال، به ده‌ستى خۆیان هیچیان به‌رامبه‌ر كه‌س نه‌كردبوو، ته‌نانه‌ت زیانیان له‌و رژێمه سته‌مكاره‌ش نه‌دابوو، به‌ڵام رژێمه‌كه ئه‌وه‌ى له‌لا گرنگ نه‌بووه، به‌ڵكوو خودى هه‌بوونى ئه‌و خه‌ڵكه‌ى له‌لا گران بووه! ویستوویه‌تى تۆڵه له نه‌ته‌وه‌كه‌یان بسێنێته‌وه.
ئه‌گه‌ر به‌قووڵى و هۆشیارى له‌وباره‌وه بنۆڕین، ئه‌مجا تێده‌گه‌ین، كه بۆچى ده‌بێ ئازادیى ئه‌مڕۆمان بپارێزین و به‌ره‌و ئاسۆى فراوانترى ببه‌ین.
كه‌واته: خه‌بات و شه‌هیدبوونى عه‌بدولڕه‌حمان نفوووس و كه‌سانى وه‌ك ئه‌و، په‌ند و سه‌رمه‌شقى وانه‌ى ئازادى و رزگاریین.
به‌رامبه‌ر هه‌ر حاڵه‌تێكى به‌رزى مرۆڤایه‌تیى وه‌ها ده‌بێ كڕنۆش به‌رین و له قووڵایى ده‌روونه‌وه خۆمان بخه‌ینه جێگه‌ى ئه‌وان و وانه‌ى سه‌ربه‌ستیى بیروڕا و ئامانجى رزگارى فێر ببین.
چونكه هێشتا زۆرمان ماوه تا له ماناى فراوانتر و قووڵترى رزگارى تێ بگه‌ین و ره‌مزى ئازادیى خۆمان بدۆزینه‌وه و چۆنیه‌تىی پاراستنى كه‌رامه‌تى مرۆڤایه‌تى بپارێزین.
هه‌میشه شاد بێ ره‌وانى پاكى عه‌بدولڕه‌حمانى نفووس. سه‌رفراز بێ رێگاكه‌ى.
زۆریش سوپاس بۆ كاك زانیار سه‌ردار قڕگه‌یى، كه ئه‌ركى نووسینى ئه‌م كتێبه‌ى كێشاوه و ده‌رفه‌تى به من داوه بۆ نووسینى ئه‌م بابه‌ته.
2011