بەوێنە.. مەولوودنامەى شێخ محەمەد عوسمان سیراجەدین لە خانەقاى بیارە بەڕێوە چوو

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

بەوێنە.. مەولوودنامەى شێخ محەمەد عوسمان سیراجەدین لە خانەقاى بیارە بەڕێوە چوو

 بەیانیی رۆژی شەممە ٢ی ٩ی ٢٠٢٣، لە مەدرەسە و خانەقاى بیارەى شەریفە، بە ئامادەبوونى ژمارەیەکى زۆر لە موریدان، زانایانى ئایینى و موسڵمانانى ناوچەکە، مەولوودنامەى شێخ عوسمانى بیارە بەڕێوە چوو.

 شێخ عوسمانى بیارە، ناوی تەواوی شێخ محەمەد عوسمان سیراجەدین نەقشبەندییە، ئەم زانا ئایینییە لەلای زۆرینەی خەڵک ناسراوە بە شێخ عوسمانی بیارە، یاخود ناسراوە بە شێخ عوسمانی دووڕۆ.

کوڕی شێخ محەمەد عەلائەدین کوڕی شێخ عومەر زیائەدین کوڕی شێخ محەمەد بەهائەدین کوڕی شێخ عوسمانی سیراجەدینی یەکەمە و لە ساڵی ١٨٩٦ی زایینی، بەرامبەر بە ١٣١٤ی کۆچی، لەناو خانەوادەیەکەی ئایینپەروەری شێخانی تەریقەتی نەقشبەندییەوە هاتووەتە دنیاوە. دوایەمین شێخی گەورەی تەریقەتی نەقشبەندییە لە کوردستان و لەجیهاندا بەگشتی.

 سەرەتای خوێندنی شێخ عوسمان دەگەڕێتەوە بۆ تەمەنی منداڵی و لەگەڵ براکەی بەناوی شێخ مەولانا خالید دەست دەکەن بە خوێندنی فیقھ و لە تەمەنی پێنج ساڵیدا لە کۆڕی سۆفییان بەشدارییان کردووە، زانستە شەرعییەکانی لە خزمەت باوکی وەرگرتووە، هەر لە تافی منداڵیدا زۆر زیرەک و کارامە و لێهاتوو دەکەوێتە پێش چاوی باوکی و جێی دڵخۆشی و رەزامەندیی خانەوادەکەی بووە، لەسەردەستی قورئانخوێنی گەورەی میسڕ (شێخ مستەفا ئیسماعیل) وانەی تەجویدی خوێندووە، ئەدەبیاتی عەرەبی و فارسی لە هەردوو مەدرەسەی بیارە و دووڕۆ فێر بووە، تەفسیری قورئانی لەلای سەید حوسێن تاربووغی ساوجیلاغی فێر بووە، له‌ژێر سه‌رپه‌رشتیی شێخ عه‌لائه‌دینی باوكی، بۆ ماوه‌ی ساڵێكی ته‌واو ته‌نیا نان و ئاوی خواردووه‌ و به‌رده‌وام له‌نێو سلووك و خه‌تمه‌دا بووه‌، لەدوای تەواوکردنی خوێندن و سلووککێشان، بەهۆی زیرەکی و بەتوانایی و لێهاتووییەوە، بە دەستووری باوکی دەکرێت بە سەرپەرشتیاری هەردوو خانەقای بیارە و دووڕۆ، هەروەکو دەگێڕنەوە، شێخ عوسمان لە زیرەکیدا کەموێنە بووە و لە ماوەیەکی کورتدا بە زانستی دینی و پزیشکی ناوبانگی دەرکردووە، بەهۆی نەخۆشی و بەساڵاچوونی تەمەنی باوکی (شێخ عەلائەدین)، بەڕێوەبردنی خانەقاکان دەکەوێتە ئەستۆی شێخ عوسمان.

 لەدوای کۆچی دوایی شێخ عەلائەدین، بە کۆی دەنگی زانایانی ئایینی و شوێنکەوتوانی ئەهلی تەریقەتی نەقشبەندی، شێخ عوسمان دەکرێتە شێخی تەریقەتی نەقشبەندی و جێگەی باوکی دەگرێتەوە، لەهەمانکاتدا، جگە لە خۆی، هەشت برای هەبووە، بەڵام تاکە کەس بوو کە توانیی جێگەی باوکی بگرێتەوە و بەردەوامیی بە تەریقەت و پەیڕەوی باو و باوپیرانی بدات.

 شێخ عوسمان درێژەپێدەری کولتووری بنەماڵەیەك بوو، کە لەدوای هاتنی مەولانا خالیدی نەقشبەندییەوە بۆ سلێمانی، بوونە چراهەڵگری ئایینی ئیسلام لە کوردستان و سەدان ساڵ پارێزگارییان لێ کرد.

 ڕێکەوتى ٣١ی ١ی ١٩٩٧، بەهۆی نەخۆشییەوە و لە تەمەنی ١٠١ ساڵیدا، لە نەخۆشخانەی ئیستانبوڵ کۆچی دوایی کرد. لەو دەمەدا حکوومەتی تورکیا رەزامەندیی پیشان نەدا بە گەڕانەوەی تەرمەکەی بۆ کوردستانی عێراق، بۆیە بەشێوەیەکی کاتی لە تورکیا لە باخچەی ماڵەکەیدا بە خاک سپێردرا.

 ساڵانە مەولوودنامەى شێخ محەمەد عوسمان سیراجەدین بەڕێوە دەچێت و ئەمساڵیش لە مەدرەسە و خانەقاى شەریفەى بیارە، ئەو ڕێوڕەسمە بە ئامادەبوونى ژمارەیەکى زۆر لە موسڵمانان، فەقێ و زانایانى ئایینی، دانیشتوانى ناوچەکە و موریدانى تەریقەتى نەقشبەندى، کە لە شارە جیاوازەکانى هەرێمى کوردستان، ڕۆژهەڵاتى کوردستان و عێراقەوە هاتبوونە بیارە، بەڕێوە چوو.