هونەرمەند ته‌ها مه‌حموود: هاوسه‌ره‌كه‌م پێی گوتم تۆ برای شه‌هیدیت، چۆن ڕۆڵی موسته‌شارێكی به‌عس ده‌بینی؟

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

هونەرمەند ته‌ها مه‌حموود: هاوسه‌ره‌كه‌م پێی گوتم تۆ برای شه‌هیدیت، چۆن ڕۆڵی موسته‌شارێكی به‌عس ده‌بینی؟

ته‌ها مه‌حموود، هونه‌رمه‌ندی بواری دراما و شانۆ له سێ به‌شی زنجیره‌ درامای (گه‌رده‌لوول) به‌ ڕۆڵی موسته‌شاری سه‌رده‌می به‌عس به‌شدار بووە، ‌(باسکورد) دیداری له‌گه‌ڵ كردووە و چەندین زانیاریی سەبارەت بە رۆڵەكەی دركاند و گوتی له‌سه‌ر ڕۆڵبینینی ئه‌و موسته‌شاره‌ی له‌ گه‌رده‌لوول به‌رجه‌سته‌م كرد، له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ هە‌زار قسه‌ی نه‌شیاوم پێ گوتراوه. گوتیشی: ”دوا به‌شی درامای گه‌رده‌لوول ناكرێت، چونكە تێچووی زۆری ده‌وێت، ئه‌بێ سه‌رمایه‌دارێك سپۆنسه‌ری ئه‌م به‌رهە‌مه‌ بكات.“

(باسکورد): یه‌كه‌م ده‌ركه‌وتنت لە ‌بواری كاری هونه‌ری دراما بۆ كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟
ته‌ها ڕه‌شید: له‌ ساڵی 1970، خولیای هونه‌ر بووم، به‌تایبه‌ت هونه‌ری نواندن، ئه‌وكات له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێ گه‌نجی گه‌ڕه‌كی كانێسكانی شاری سلێمانی قوتابی بووم، به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند و پێشمه‌رگه‌ حه‌مه‌جه‌زا، هونه‌رمه‌ند سه‌ڵاح مه‌جید، هونه‌رمه‌ند كه‌ریم خه‌مزه‌یی و عومه‌ری عه‌به‌كۆڵ، كه‌مالی عه‌ریف نادر و جه‌مال توركە و ...تد‌، هە‌موومان سه‌رقاڵی كاری هونه‌ری بووین.

(باسکورد): بۆچی هەمیشە ڕۆڵێك دەبینیت، كە لە بەرەی دوژمنی دژ بە نەتەوەكەتدایت؟
ته‌ها مەحموود: ئاخر ئه‌و جۆره‌ ڕۆڵانه‌ هە‌میشه‌ لە بیره‌وه‌ریی بینەردا ده‌مێننەوە.

(باسکورد): له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له ‌بواری نواندن ده‌رده‌كه‌ویت، له‌ هە‌مان كاتدا خوێنه‌رێكی باش و به‌شداربوویه‌كی كۆڕی نووسه‌رانیت، له‌نێوان ئه‌كته‌ری و نووسیندا كامیان دوا مه‌نزڵی تۆ ده‌بێت؟
ته‌ها ڕه‌شید: ئه‌گه‌رچی چه‌ندین بابەتم له‌ ڕۆژنامه‌ و گۆڤاره‌كان نووسیوە و ‌چه‌ند دیوانه‌ شیعرم هە‌یه‌، به‌ڵام هە‌میشه‌ له‌ هونه‌ری نواندن خۆم بینیوه‌ته‌وه‌، ده‌توانم بڵێم دوا مه‌نزڵم ته‌نیا هونه‌ری نواندن ده‌بێت.

(باسکورد): بینینی ڕۆڵی موسته‌شارێكی سه‌رده‌می به‌عس له‌ درامای گه‌رده‌لوول، هیچ كاردانه‌وه‌یه‌ك، یان به‌ركه‌وته‌ی له‌گه‌ڵ هاووڵاتییان بۆ دروست نه‌كردووی؟
ته‌ها ڕه‌شید: له‌سه‌ر ڕۆڵبینینی ئه‌و موسته‌شاره‌ی له‌ گه‌رده‌لوول به‌رجه‌سته‌م كرد، له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ هە‌زار قسه‌ی نه‌شیاوم پێ گوتراوه.

(باسکورد): ئه‌ی بۆ خانه‌واده‌كەت، بینینی ئه‌و ڕۆڵه‌ چی بووە؟
ته‌ها ڕه‌شید: له‌لایه‌ن خزمه‌كانیشم تووشی توانج بوومه‌ته‌وه‌، ته‌ناته‌ت هاوسه‌ره‌كه‌م پێی گوتم‌‌ تۆ برای شه‌هیدیت، چۆن ڕۆڵی موسته‌شارێكی سه‌رده‌می به‌عس ده‌بینیت.

(باسکورد): ئه‌ی بۆ ئه‌و ڕۆڵه‌ت به‌رجه‌سته ‌كرد؟
ته‌ها ڕه‌شید: هونه‌رمه‌ند ده‌بێ خۆی له‌ هە‌موو ڕۆڵێكدا ببینێته‌وه‌، گرنگ ئه‌وه‌یه بزانرێت نۆكه‌رایه‌تی بۆ دوژمن چه‌ند بێنرخه‌.

(باسکورد): هە‌ر ئه‌م هۆكار و كاردانه‌وه‌ی بینه‌ر و خودی خانه‌واده‌كه‌ت نه‌بوو، كه له‌ به‌شی كۆتایی درامای گه‌رده‌لوول به‌شداری ناكه‌یته‌وه‌؟
ته‌ها ڕه‌شید: به‌شداری نه‌كردنه‌وه‌م له‌ درامای گه‌رده‌لوول هیچ هۆكارێكی نییه‌، ته‌نیا ئه‌وه‌یه‌ دوابه‌شی درامای گه‌رده‌لوول ناكرێت، چونكە تێچووی زۆری ده‌وێت، ئه‌بێ سه‌رمایه‌دارێك سپۆنسه‌ری ئه‌م به‌رهە‌مه‌ بكات.

(باسکورد): چیرۆك و سیناریۆی درامای گه‌رده‌لوول باسی ئازاری نه‌ته‌وه‌یه‌ك ده‌كات، یان وێنای تاكه‌ حزب؟
ته‌ها ڕه‌شید: پرسیاره‌كه‌ له‌ جێی خۆی بوو، چیرۆك و سیناریۆی (درامای گه‌رده‌لوول) باس له‌ سێ جه‌مسه‌ر ده‌كات، كوردایه‌تی، پێشمه‌رگه‌كانی یه‌كێتی، هە‌میش خۆڕاگریی میلله‌تێكی چه‌وساوه‌ به‌رامبه‌ر زه‌بروزه‌نگی به‌عسییه‌كان.

(باسکورد): ‌ئێستا جووڵه‌ی به‌رهە‌می دراما له‌ئارادایه، تا چه‌ند توانراوه‌ بینه‌ر كۆ بكاته‌وه‌؟
ته‌ها ڕه‌شید: ئه‌و جووڵه‌ هونه‌رییه‌ی ئێستا ده‌بینرێت، جووڵه‌یه‌كی سستی هونه‌رییه كه‌ ئه‌مه‌ له ‌ئاستی خواستی بینه‌ردا نییه‌، ئه‌گه‌ر وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری هاوكاری و پشتگیریی درامای كوردی نه‌كات و كاری دۆبڵاژ و درامای كۆری و توركی ڕانه‌گرێ، درامای كوردی له‌ داڕماندا ده‌بێ.

(باسکورد): بۆ كاری داهاتوو كام ڕۆڵ به‌رجه‌سته‌ ده‌كه‌یت؟
ته‌ها ڕه‌شید: ئه‌و ڕۆڵه‌ هە‌ڵده‌بژێرم كه‌ بڕوای ته‌واوم به‌ سیناریۆكه‌ هەبێت.