شانیا عەلی: دەفژەنین ئارامییم پێ دەبەخشێ و تێکەڵی رۆحم دەبێ

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

شانیا عەلی: دەفژەنین ئارامییم پێ دەبەخشێ و تێکەڵی رۆحم دەبێ

هونەرمەند شانیا عەلی، ژەنیاری دەف، دانیشتووی شاری سلێمانییە، لە ساڵی ٢٠٢٢ لە (فێرگەی مەحوی) دەستی بە خولی راهێنان لەسەر ئامێری دەف کردووە بە نزیکەی ٦ مانگ لای مامۆستای بەتوانا جەنگین جەمال، مامۆستای ئامێرە ڕیتمییەکان، فێری دەفژەنی بووە. شانیا عەلی له دیدارێکی تایبەت به (باسکورد)، باسی لە دەستپێکی خۆی دەکات لە چوونە ناو بواری هونەر و گوتی: "هەر توانایەک لە گەنجدا هەبێ، گرنگە بۆ سەردەمی خۆی تاقیی بکاتەوە"

(باسکورد): دەستپێکی هاتنت بۆ ناو هونەر چۆن بوو؟
شانیا عەلی: من سەرەتا ھیچ خولیا و ئامانجێکم نەبوو بۆ ھاتنە ناو دونیای ھونەر، یاخود بۆ ھیچ ئامێرێک لە ئامێرەکان، تەنیا رێكەوتێک بوو، کە بڕیارم دا خولێک ببینم و ھاوڕێکەشم ڕێپیشاندەرم بوو، کاتێک ئەمبینی ھەفتانە ئەڕۆشت بۆ ڕاھێنان، منیش گوتم با ئامێری دەف تاقی بکەمەوە، ئەگەر سەرکەوتوو بووم و زوو فێر بووم، بەردەوام ئەبم، بە خۆشحاڵییەوە لەدوای (٦ مانگ) لە بەردەوامبوونم لە (فێرگەی مەحوی) و ھەوڵ و گرنگیدانی مامۆستاکەم بۆ من، زۆر بە باشی فێر بووم، وردە وردە زیاتر حەزم بۆ ئامێرەکەم کرد، زیاتر ھەستم ئەکرد تێکەڵی ڕۆحم ئەبێت و ئارامییم پێ ئەبەخشێت.

(باسکورد): رۆژانە چەند کاتژمێر راهێنانت دەکرد؟
شانیا عەلی: لە سەرەتای فێربوونم ڕۆژانە ١٠ کاتژمێر ڕاھێنانم دەکرد لە ماڵەوە و لە ژوورەکەی خۆم، ھەرچەند دەوروبەرەکەم بێزار دەبوون، چونکە دەنگی ئامێرێکی ڕیتمیی وەك دەف زۆر بەرزە و جا سەرەتای فێربوونم بوو، ڕیتمەکان خۆش نە ئەھاتنە گوێ، ھەستت ئەکرد بە (قابلەمە) مەنجەڵدا دەکێشیت، بەڵام سەرەڕای ئەمە، خۆشبەختانە خێزانەکەم زۆر ھاوکارییان ئەکردم و دڵمیان ڕادەگرت، چونکە ئەیانزانی کە ئامانجێکم ھەیە، ھەمیشە پاڵنەرم بوون، بەتایبەت باوکم زۆر پێی خۆش بوو کە من لە لوتکەدا ببینێت و وەک خانمێکی کورد ببم بە ژەنیارێکی بەتوانای وڵاتەکەم.

(باسکورد): ئێستا لە چەند گرووپ بەشداریت؟
شانیا عەلی: خۆشبەختانە بە بەردەوامبوونم لە کارە ھونەرییەکانم و چالاکیی جۆراوجۆر، ئێستا لە چەند گرووپێکدا بەشدارم و ئەندامی ئەم گرووپانەم: (کیژانی سلێمانی، لوڕ، ھەژار زەھاوی، مێخەک، یاران، خاک موزیک...)، کە ئێستا خەریکی چەند بەرنامەوە و ئامادەکردنی بەرھەمی فۆلکلۆرین و موزیکی جیاواز و چێژبەخشن، من لەگەڵ ئەمانەشدا ھێشتا بە دەفەکەم نەوەستاوم، بەڵکوو لە ھەوڵدانم بۆ فێربوونی ئامێرە ڕیتمیەکانی دیکەش ئێستا وەکوو ئامێری ڕیتمی (کاخون، دائیرە، بەندیر، دەھۆڵ)یش بەکار دێنم بۆ ھەندی بەرھەمی گۆرانی، یاخود موزیک.

(باسکورد): چۆن بوو ئامێری دەفت هەڵبژارد؟
شانیا عەلی: وەک کچێک، کاتێک ئامێری دەفم ھەڵبژارد، ھەرگیز ئەو ھەستەم لای خۆم دروست نەکردبوو، کە ئەم ئامێرە دەنگێکی بەرز و ڕەق و شێوەی گەورەی ھەیە، بۆ کچ نابێت، یاخود ئەبێت کوڕ بەکاری بھێنێت! یاخود کچ ھەر ئەبێت ئامێرێکی ناسک بەکار بھێنێت. نەخێر، من ھەمیشە ئەڵێم، ھەر توانایەک لە گەنجدا ھەبێت، ھەر شتێک بێت، گرنگە بۆ سەردەمی خۆی تاقی بکاتەوە و ھەڵیبژێرێت و تیایدا سەرکەوتوو بێت، من زۆر ئاسوودەم بە ژەنینی دەفەکەم، ڕاستە دەف و ئامێرە ڕیتمییەکان بەگشتی ئەگەر بە شێوازی ئاکادیمی فێری ببیت قورسن، بەڵام من ھەمیشە لە ژیانمدا لە کارە قورسەکانەوە ھەنگاوم ناوە بۆ ئاسانەکان بۆیە ھەر لە موزیکیشدا بە ئامێری دەف دەستم پێکرد، تا توانای خۆم بۆ خودی خۆم بسەلمێنم و خۆشبەخت بم بەوەی کە بەدەستی ئەھێنم، ھەروەھا زۆر پێم گوتراوە: بۆچی دەفت ھەڵبژاردووە، بۆچی ئامێرێکی ناسکت ھەڵنەبژاردووە؟ وەڵامی من بۆ ئەم پرسیارانەی خەڵک یەک ڕستەی بچووک بووە "توانای من وەک گەنجێک نەبەستراوە بە حەز و بڕیارەکانی خەڵکیەوە، من ئەوەم ئەوێت کە کەس نایەوێت، من ئەبێت خۆم بم، ئینجا سەرکەوتوو ئەبم.“

(باسکورد): لە کۆتاییدا پەیامت چییه بۆ ئافرەتان؟
شانیا عەلی: پەیامی من بۆ ژنانی شارەکەم ئەوەیە، ڕاستە ئێمە لە کۆمەڵگەیەکی داخراوداین، خێزانەکانمان، باوک و برا و دایکمان ھەندێ کات قبووڵیان نییە کچەکانیان دەربکەون و بڕۆنە ناو ھونەر یاخود ئەو توانا و بەھرانەی کە ھەتانە، ڕێگر بن و سەرکوتی بکەن، ئەوە ھەڵەی ئێمە نییە، کولتوور و فیکری کۆمەڵگە بەم جۆرە فەرز کراوە، ھەر لە سەرەتای دروستبوونی مرۆڤایەتییەوە ھونەر ھەبووە، کەواتە ھونەرکردن کارێکی جوان و ڕۆحییە خۆشبەختییە بۆ، دەوروبەر ھەر بۆیە ئایین جوانترین نموونەیە، کە ئێمە بتوانین سوودی لێ وەربگرین، ئەویش ئازادیی مرۆڤەکانە کە خودا فەرزی کردووە ئێوەش ئەتوانن بە جوانترین شێوە و سنووردار لە چوارچێوەیەکی بریقەداردا وەک ژنێک بگەیت بە ئامانجەکانت، بەڵام ئەگەر بێت و حەزتان لە فێربوونی ھەر ئامێرێک لە ئامێرەکان ھەبێت، بەگشتی ھەوڵ بدەن و توانا و بەھرەکانتان بێدەنگ و سەرکوت مەکەن، ئەگەر لە ماڵیشەوە بێت لە ڕێگەی یوتووب و فێرکاریی ئۆنڵاین ئەتوانن پەرە بدەن بەو ئامانجانەی خۆتان ئەتانەوێت، ھەر ڕۆژێک دێت ئەگەیت بەوەی کە ئەتەوێت، ئێمەی ژنان ھەمیشە بەربەست ھەبووە لە ڕێگەمان، بەڵام من لێرەوە پێت ئەڵێم، ھەرگیز با وشەی دەوروبەرەکەت کاریگەریت لێ نەکات، خۆت بەوە بڕوات بە خۆت ھەبێت، وەکوو ژنێکی مەرد خزمەتی ھونەرەکەت و بەھرەکەت بکە ئەوکات ئەبیتە ئەستێرەیەکی درەوشاوە لە کۆمەڵگەدا و جێی شانازی بۆ ھەموان.