بەپێی سەرچاوە مێژووییەكان، لە سەردەمی میرنشینی سۆران، چەندین قەڵا و قولـلە و پرد و كارگە و ئاشی هاڕینی دانەوێڵە لە سنووری قەزای ڕواندز هەبوونە، یەكێك لەوانە (ئاشی میری سۆران)ە، كە زیاتر لە دووسەد ساڵ لەمەوبەر، لە گەڕەكی پاشای گەورەی ڕواندز، بە فەرمانی میری سۆران لەلایەن وەستا برایمی ماویلی دروست كراوە، تائێستا بناغەی ئاشەكە وەك شوێنەوارێكی مێژوویی ماوەتەوە.
لەمبارەیەوە م. سامان عەزیز، نووسەر و لێكۆڵەری مێژوویی، دانیشتووی گەڕەكی پاشای گەورەی ڕواندز (كاولۆك) بە (باسكورد)ى ڕاگەیاند: "لە سنوورەكەمان چەندین ناوچەی شوێنەواری مێژوویی گرنگ هەن، زۆربەشیان لە سەردەمی میر محەمەد پاشای گەورەی ڕواندز، میری میرنشینی سۆران بنیات نراون، كە مێژووەكەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی حوكمڕانیی میر محەمەد پاشای گەورەی ڕواندز، بۆ زیاتر لە دوو سەدە لەمەوبەر، كە حوكمڕانیی ئەوكات هۆكاری بەرفراوانبوونی دەسەڵاتەكەی بووە، مەبەستی ئەوە بووە سەربەخۆیی ڕابگەیەنێت، چونكە ناوچەیەكی فراوانی لەبەردەستدا بووە."
گوتیشی: " لەگەڵ دروستكردن و بنیاتنانی قەڵا و قوللە و پرد و شوورا و چەند كارێكی دیكە، بۆ بوژانەوەی ناوچەكە و بەرگریكردن لە میرنشینەكەی، هەوڵی داوە چەند ئاشێكی ئاوی لە سنوورەكە دروست بكات، بۆ هاڕینی گەنم و جۆ و دانەوێڵە، كە تەنیا لە سنووری ڕواندز زیاتر لە هەشت ئاشی لەم جۆرەی لەسەر دەستی وەستای كارا و لێزان وەستا برایمی ماویلی دروست كردوون، یەكێك لەوانەش بریتی بووە لە (ئاشی میری سۆران)، لە گەڕەكی پاشای گەورە (كاولۆكان)، كە تائێستا بەردی بناغە و شوێنەوارەكەی بەدیاری ماوەتەوە و پێویستە پارێزگاری لەم جۆرە شوێنەوارە مێژووییانە بكرێت."
ئاماژەی بەوەش دا: "سەردەمی خۆی وەك ئێستا پێشكەوتوو نەبووە، بۆیە ئاشەكان لەنزیك ڕووبارەكان دروست كراون و بەهۆی بەردانەوەی ئاو بۆ ناو قۆتەرەی، ئاشەكە بەگەڕ خراوە و كاری كردووە، بۆ نموونە، ئاشی میری سۆران دەكەوێتە پاڵ ڕووباری كاولۆكان، بە دروستكردنی جۆگەیەك بەدووریی زیاتر لە كیلۆمەترێك ئاوی بۆ ڕاكێشراوە، بەشێوەیەكی لێزانانە و سەركەوتوانە كارەكە كراوە، هەروەها ئەو بەرد و پێكهاتانەش كە بەكار هێنراون، توانای سەدان ساڵ بەرگرییان هەبووە.