بازاڕێکی مێژوویی لە شاری شوێنەواریی کوردیس (دارا) دۆزرایەوە

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

بازاڕێکی مێژوویی لە شاری شوێنەواریی کوردیس (دارا) دۆزرایەوە

لە دوو رۆژی رابردوو، لە درێژەی کاری هەڵکۆڵینە شوێنەوارییە بەردەوامەکان کە بۆ شاری مێژوویی (دارا) لە باکووری کوردستان جێبەجێ دەکرێت، بازاڕێکی کۆن کە لە ١٠ دووکانی مێژوویی پیکهاتووە دۆزراوەتەوە. بە گوتەی سەرچاوەکان ئەم دووکانانە شوێنی فرۆشتنی کەلوپەلی دروستکراو لە شووشە و سیرامیک و کانزا بووە.

 دکتۆر دێڤریم حەسەن مێنتێشی بەڕێوەبەر لە موزەخانەی ماردین، ئاماژە بەوە دەکات لە ساڵی (2012)ـەوە دەستیان بە هەڵکۆڵین لەم شوێنەوارە کردووە و لە ماوەی سێ ساڵدا زیاتر لە 10 دووکانیان دۆزیوەتەوە. هەروا دەڵێ: "ئێمە هەمیشە (دارا)مان وەک شارێکی سەربازی ناسیوە و بەشێکی گرنگی مێژووی سەدەی شەشەم بووە، ئەم شارە لە کۆنەوە بە شارێکی سەربازی بەناوبانگ بووە، بەڵام ئێستا زیاتر لەوە تێدەگەین بەتایبەت دوای دۆزینەوەی ئەو بازاڕ دووکانانە لە ناوەندی شار و لەبەر ئەوەی چەندین دووکانی شووشە و کانزایان تێدایە، ئەوەمان پێ دەڵێت کە کاری بازرگانی زۆری تێدا کراوە و ئەم شارە (دارا) لە سەدەی شەشەمدا ناوەندێکی گرنگی بازرگانیش بووە."

 هەڵکۆڵینەکان لە شاری دێرینی دارا، لە ساڵی 1986 دەستی پێکردووە و تا ئەمڕۆش بەردەوامە، لە ئەنجامی ئەو هەڵکۆڵینانەش تا ئێستا چەندین کڵێسا، کۆشک، بازاڕ، زیندان، تۆپخانە و بەنداوی ئاو دۆزراونەتەوە، هەروەها زیاتر لە ١٠ هەزار سەری تیر و گڵۆپی ڕۆن و شووشەی سیرامیک و کەلوپەلی دەستکردی سیرامیک لە ناوچەکەدا دۆزراونەتەوە.

 شاری شوێنەواریی دارا، دەکەوێتە نزیک گوندی دارا، بە دووری ٣٠ کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ماردین و ٢٠ کیلۆمەتر لە شاری نسێبین دوورە. هەڵکەوتەی جوگرافیی ئەم شارە، بێجگە لەوەی پێگەیەکی سەربازیی ڕۆمییەکان بووە، بە یەکێک لە گرنگترین شوێنەکانی نیشتەجێبوون لەو سەردەمە دادەنرێت، هەروا شوێنی بەیەکگەیشتنی کاروانە بازرگانییەکانی ئاسیا و ئەورووپاش بووە.

 شاری دارا لە ڕووی جوگرافییەوە، ڕێک دەبێتە خاڵی کۆتایی دەشتی میزۆپۆتامیا، یان وڵاتی نێوان دوو رووبار و دەستپێکی چیاکانی توور ئابدین. ئەم شارە لەسەر شاخێک دروستکراوە، لە دوو لایەوە ڕووبارێکی پێدا تێدەپەڕێت، کە تا ٢٠ ساڵ لەمەوپێش ئاوی پێدا ڕۆیشتووە، لە کۆنەوە بەم شارە گوتراوە کوردیس.

 مێژووی دروستکردنی ئەم شارە بۆ دەوروبەری ساڵی ٥٠٥ی زایینی دەگەڕێتەوە، لەسەر داوا و بیرۆکەی پاشای ئیمپراتۆریەتی ڕۆمای رۆژهەڵاتی (ئاناستاسیوسی یەکەم ٤٩١ - ٥١٨ زایینی) بە مەبەستی بەرگری لە بەرانبەر سوپای ئیمپراتۆریەتی ساسانی دامەزراوە.