گوندێكی مێژوویی لەدامێنی چیا بێرات، سەر بە ناحیەی بجیل، لە سنووری قەزای ئاكرێ لە دەڤەری سوورچیایەتی، دیمەنی ناوازەی بە ناوچەكە بەخشیوە و مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدان ساڵ لەمەوبەر.
لەمبارەیەوە، سۆزدار ئەحمەد، چالاكوانی شاخەوانی، بۆ (باسكورد) ئاماژەی بەوە دا: "هەوڵم داوە زۆربەی گوند و ناوچە شاخاوییەكانی كوردستان لەنزیكەوە ببینم و پێیان ئاشنا بم، یەكێك لەم ناوچانەش، كە لەنزیكەوە سەردانم كردوون و پێیان سەرسام بووم، گوندێكی كەڤنار لەدامێنی چیای بێراتە لە ناحیەی بجیل لە سنووری قەزای ئاكرێ، بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان، مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ چەند سەدەیەك لەمەوبەر، كە مەزەندە دەكرێ ژیانی تێدا بووبێت."
دەشڵێت: "زۆر هەوڵم داوە زانیاریی زیاتر لەسەر ئەم گوندە شوێنەواری و مێژووییە كۆ بكەمەوە، بەڵام هیچ سەرچاوەیەكی مێژووییم لەسەر ئەم گوندە دەست نەكەوت، كە باس لە ژیان و گوزەرانی دانشتوانی بكات، لەگەڵ ئەوەشدا، لەسەر لێكۆڵینەوەكانم بەردەوام دەبم."
لای خۆیەوە، ئومێد قادر، لێكۆڵەر و مامۆستای مێژوو، بە (باسكورد)ی ڕاگەیاند، ئەگەر چاوێك بە مێژوودا بخشێنینەوە، بوونی ژیان و مرۆڤایەتی لە سنووری قەزای ئاكرێ، هاوشێوەی چەند ناوچەیەكی دیكەی كوردستان، دەگەڕێتەوە بۆ سەدان و بگرە هەزاران ساڵ لەمەوبەر، بەڵگەش بۆ ئەمە، مانەوەی شوێنەوار و شوێنە مێژووییەكانە، لەگەڵ ئەوەشدا لە سەدەكانی ڕابردوو چەندین پاشا و میرنشین فەرمانڕواییان لە ناوچەكەدا كردووە، بەمەش تائێستا شوێنەواری ئەو قەڵا و پێگانەیان ماوە و پێویستە پارێزگارییان لێبكرێت و وەك ناسنامەیەكی گەلەكەمان بەزیندوویی بهێڵدرێنەوە، بەتایبەتیش گوندە كەڤنارەكانی بناری چیای بیرات لە سنووری قەزای ئاكرێ، سیمایەكی جوانی كولتووری و مێژوویی دەبەخشن."
گوتیشی: "وەك دیاریشە، مێژووی مرۆڤایەتی لە ناوچەكەدا بە چەند قۆناغێكدا تێپەڕیوە، سەردەمانێك مرۆڤ لە ئەشكەوت و ناوچە شاخاوییەكان ژیان و گوزەرانی بەڕێ كردووە، دواتر بەرە بەرە پێشكەوتنی بەخۆیەوە بینیوە، ئینجا پەناگەیەكیان بە دار و بەرد دروست كردووە، دواتر خانووی لە قوڕ و بەرد و دار، ئینجا خانوو و قەڵایان بە قسڵ و گەچ دروست كردووە، تا ئەم قۆناغەی ئێستا، كە خەڵكی هەوڵ دەدات خانوو لە بەرد و بلۆك و چیمەنتۆ و شێوازی پێشكەوتوانەی وەك تەختە و شووشەبەند دروست بكات، بێ گومان لە چەند سەدەی داهاتوودا ئەوەش گۆڕانی بەسەردا دێت و ژیان لەناو كۆشك و خانووەكان بە شێوازێكی دیكە دەبێت.“