تەشی رستن وەک پیشەیەکی دەستیی کۆن لە کوردەواریدا لەمێژە برەوی ھەیە، بەتایبەت لەو گوند و لادێیانەی کە مەڕوماڵاتیان زۆرە.
لە گوندی (ھەشەمێز) لە رۆژھەڵاتی کوردستان، زۆربەی خەڵک بەتایبەت ژن و پیرەکانیان لە ڕستنی خوری تا ئێستا بەردەوامن. تەشی ئامێرێکی سادەی لە دار درووستکراوە و خورییەکەی پێ دەڕێسن.
خاتوو حەیات یەکێکە لە دانیشتووانی گوندی هەشەمێز لە رۆژهەڵاتی کوردستان، کە رۆژانە وەک رۆتینێکی ژیان سەرقاڵی تەشی ڕستنە. ئەو کە تەمەنی نزیکەی شەست ساڵە، ھێشتا خولیای زۆرە بۆ ئەم کارە و دەڵێ : "من ھەر لە منداڵییەوە فێری ئەم کارە بوومە و تەشی دەڕێسم، لێرە نەک تەنیا من، بەڵکوو زۆربەی خەڵکەکە حەزیان بەم کارەیە و تا ئێستاش لە گوندەکەمان تەشی رستن هەر بەردەوامە”.