هونەرمەند ئومێد محەمەد: لە درامای (ماڵەكەی مەعرووف)دا رۆڵی من 14 خولەك بوو بەڵام لەبەر پێكەنین و دووبارەكردنەوە 14 رۆژی خایاند

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

هونەرمەند ئومێد محەمەد: لە درامای (ماڵەكەی مەعرووف)دا رۆڵی من 14 خولەك بوو بەڵام لەبەر پێكەنین و دووبارەكردنەوە 14 رۆژی خایاند

 ئومێد محەمەد، هونه‌رمه‌ندی بواری شانۆ و دراما، لەم دیدارەیدا لەگەڵ (باسکورد)، وێستگه‌ی چوونه‌ ناو كاری هونه‌ری و رۆڵی له‌ چەندین زنجیره‌درامادا دەخاتە روو، هەروەها زۆر پرس و باسی تری هونەریی لەگەڵ باس دەكەین:

(باسکورد): یه‌كه‌م ده‌ركه‌وتنت له ‌بواری هونه‌ری دراما بۆ كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟

ئومێد محه‌مه‌د: سه‌ره‌تای هاتنم بۆ ناو دونیای هونه‌ر، به‌تایبه‌ت شانۆ، ده‌گه‌ڕێنمه‌وه بۆ ساڵی 1998، ئه‌وكات به‌ڕێوه‌به‌ری دواناوه‌ندیی كاژاوی كوڕان بووم، هونه‌رمه‌ند سامان عوسمان، ئه‌و كاته‌ له قوتابخانه‌ی كاژاو مامۆستای به‌شی هونه‌ر بوو، داوای لێ كردم بچمه‌ تیپه‌كه‌یانه‌وه كه‌ تیپی هونه‌ریی (ڕه‌نگاڵه‌) بوو، منیش به ‌داوای مامۆستا سامان ڕازی بووم، ئیدی له‌و ساتەوە عاشقی هونه‌ری شانۆ و نواند بووم.

(باسکورد): تا چه‌ند له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه‌دایت كە ده‌گوترێت‌‌ (درامای گه‌رده‌لوول)  زۆر كه‌سی كرده‌ ئه‌ستێره‌

ئومێد محه‌مه‌د: ده‌بێت هونه‌رمه‌ندان دان به‌و ڕاستییه‌دا بنێن، به‌ هۆی (درامای گه‌رده‌لوول)ەوە ده‌ركه‌وتن، خۆم یه‌كێك بووم له‌و كه‌سانه‌ی (درامای گه‌رده‌لوول) منی به‌ جه‌ماوه‌ر ناساند.

 

(باسکورد): ئه‌گه‌رچی وه‌ك ئه‌كته‌رێك له‌ درامای (ماڵه‌كه‌ی مه‌عرووف) به‌شدار بوویت، ده‌پرسین، لە به‌ركه‌وتن له‌گه‌ڵ دوو كاره‌كته‌ری كۆمیدیا، هونه‌رمه‌ندان ماهیر حه‌سه‌ن و ئه‌حمه‌د جۆڵا، چۆن گرته‌كان تۆمار كران؟

ئومێد محه‌مه‌د: له‌ درامای (ماڵه‌كه‌ی مه‌عرووف) ڕۆڵی ئه‌فسه‌ری پۆلیسم به‌رجه‌سته‌ كرد و زۆر ڕازی بووم له‌ ڕۆڵه‌كه‌م، به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ هه‌ردوو هونه‌رمه‌ندی به‌توانا ماهیر حه‌سه‌ن و ئه‌حمه‌د جۆڵا، ئه‌گه‌رچی ڕۆڵه‌كه‌ 14 خوله‌ك‌ بوو، به‌ڵام به‌هۆی پێكه‌نین زیاد له‌ 14 كاتژمێری خایاند و‌ به‌ زه‌حمه‌ت توانیمان گرته‌كان تۆمار بكه‌ین.

(باسکورد): كاردانه‌وه‌ی بینه‌ر و خودی خانه‌واده‌كه‌ت لە به‌رجه‌سته‌كردنی ڕۆڵه‌كه‌ت وه‌ك به‌عسییه‌ك له‌ درامای (گه‌رده‌لوول)دا چۆن بوو؟

ئومێد محه‌مه‌د: به‌رجه‌سته‌كردنی ئەو رۆڵە لای خانه‌واده‌ و كه‌سوكار و هاوڕێكانم زۆر ئاسایی بوو، هه‌میشه‌ش ڕاسته‌وخۆ ده‌ستخۆشییم لێ كراوه. 

(باسکورد): به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ده‌رهێنه‌ر (جه‌لیل زه‌نگه‌) ده‌بینرێیت، ئایا كار له‌سه‌ر به‌شی چواره‌می گه‌رده‌لوول كراوه؟ ئەگەر كراوە ئێوە به‌ هه‌مان ڕۆڵی پێشوو به‌شدار دەبن؟

ئومێد محه‌مه‌د: نووسینی سیناریۆ كۆتایی هاتووه‌ و ئاماده‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كاری وێنه‌گرتن ده‌ست پێبكرێت، به‌ڵام كه‌ناڵی (كوردسات) نایه‌ته‌ پێشه‌وه‌، پێم وایه‌  ئه‌وانیش چاوه‌ڕێی سه‌رووی خۆیانن، تا بودجه‌ خه‌رج  بكه‌ن.

(باسکورد): به‌رهه‌م و پڕۆژه‌ی نوێت چییه؟

ئومێد محه‌مه‌د: پڕۆژه‌ و به‌رهه‌می نوێم ته‌نیا  به‌شداریكردنه‌ له ‌درامای (گه‌رده‌لوول)، چونكه‌ له‌و به‌شه‌دا مامۆستا جه‌لیل زه‌نگه‌نه‌ ڕۆڵه‌كه‌ی فراونتر كردووم، ئه‌م جاره‌ به‌ كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كیی به‌شدار ده‌بم.