دوو سەدە لەمەوبەر 40 خێزانی جوو نیشتەجێی ڕواندز بوون

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

دوو سەدە لەمەوبەر 40 خێزانی جوو نیشتەجێی ڕواندز بوون

"لە دانانی یەكەم بەردی بناغەی دامەزراندن و دروستكردنی شاری ڕواندزدا بەشدارییان كردووە"

وەك سەرچاوە مێژووییەكان ئاماژەی بۆ دەكەن، لە ساڵانی 1836- 1837 زایینیدا و لە سەردەمی میرنیشینی سۆران، بەتایبەتی سەردەمی حوكمڕانیی میر محەمەد پاشای گەورە، هەموو پێكهاتە و ئایین و مەزهەبەكانی شاری ڕواندز، ژمارەیان 586 ماڵ بووە، ژمارەی ماڵە جووەكانیش لەو كاتدا 38 ماڵ بوون، بەڵام لە ساڵی 1921 زایینی، ژمارەی و خێزانە جووەكان كەم بووەتەوە بۆ 21 ماڵ، جووەكان لە دانانی یەكەم بەردی بناغەی دامەزراندن و دروستكردنی شاری ڕواندزدا بەشدارییان كردووە.

 لەمبارەیەوە ساڵح محەمەد ساڵح، لێكۆڵەر و نووسەری شاری رواندز، بە (باسكورد)ی راگەیاند، ئەگەر چاوێك بە مێژووی ناوچەكەدا بخشێنینەوە، تەبایی‌ و گیانی پێكەوەژیان لەنێو مەزهەب ‌و ئایینەكانی ئەوكاتی ڕواندزدا، زۆر پتەو بووە، وەك كوردەواریی خۆمان دەڵێت، شین‌ و شایی پێكەوە. دیارە لە سەردەمی میر محەمەد، بە هیچ شێوەیەك كەس نەیدەتوانی گاڵتە بە هیچ كەس و ئایینی ئەوانی دیكە بكات، بەتایبەتیش بە جووەكان، چونكە گوایە پاشای گەورە زۆربەی كارە نهێنییەكانی خۆی بە جووەكان سپاردووە، بۆیە پاشا ژیانی ئەوانی دەپاراست و یارمەتیی دەدان. لەدوای داگیركردن و سووتان و كاولكردنی شاری ڕواندز لەلایەن ڕووسەوە، لە ساڵی 1914ی زایینیدا، جووەكان و كوردە موسڵمانەكان بە ماڵ و منداڵەوە ئاوارەی دەشتی هەریر و باتاس و خرواتان و شەقڵاوە بوون، لە ساڵی 1918یشدا، كە شاری ڕواندز لە نۆژەن دروست كراوەتەوە، ئەوكاتی ڕواندز لە شوێنی كاولۆكان بووە و بە دەستی ڕووسەكان كاول كراوە، بۆیە نەیانتوانیوە دووبارە لە شوێنی خۆی نۆژەنی بكەنەوە، بەمەش گواستراوەتەوە سەرەوە بۆ شوێنی ئێستای. ئەم جارەشیان جووەكان لە دانانی یەكەم بەردی بناغەی دامەزراندن و دروستكردنی شاری ڕواندزدا، بەشدارییان كردووە. ”

 ئەم لێكۆڵەرە دەشڵێت: "وەك باب و باپیرانمان باسیان لێوە كردەووە و بۆ نەوە دوای نەوە گێڕاویانەتەوە، لەو سەردەمدا جووەكانی دانیشتووی ڕواندز خانووەكانیان ناڕێك و زۆر نەوی بووە و دیوارەكانیان لەناوەوە بە حەسیر و تانۆك دروست كردووە و بە قوڕ سواخیان داوە، تەنیا ڕووی دەرەوەیان بە بەرد و خشت دروست دەكرد، كەچی زۆریش لەو ژیانەیان ڕازی بوونە و هیچ كەسیشیان نەیویستووە لە خەڵكی ڕواندز جیا ببنەوە، لە شین و شایی دانیشتوانی ناوچەكە بەشدارییان كردووە، تا ئەو كاتەی دوای پەنجاكانی سەدەی ڕابردوو كۆچیان كردووەو گەڕاونەتەوە ئیسڕائیل.“

 ساڵح محەمەد ئاماژە بەوەش دەدات: "جووەكانی شاری ڕواندز لە كەسابەت و بازرگانیدا زۆر شارەزا و زیرەك و بەتوانا بوونە، هەموو جۆرە پیشەیەكیان كردووە، دەگوترێت بەزۆری دوكاندار بوونە، وەك دوكانی بەرگدروویی و زێڕینگەری و مسگەری (سەفاری) و پەڕەچی، چەند دوكاندارێكی كوتاڵفرۆشیشیان هەبووە. گەورەترین و دەوڵەمەندترین كوتاڵفرۆشی جووەكانی لە شاری ڕواندز ئەمانە بوونە: (ئیلیاهۆن و شلیمۆن و بنیامێن)، ئەو كوتاڵفرۆشانە كوتاڵەكەیان زۆر هەرزانتر فرۆشتووە. زۆر لە جووەكانیش پیشەوەر بوون، وەك مسگەری، پەڕەچی و دروستكردنی ڕانك و چۆغەڵی كوردی و جۆڵایی، بۆیە ئێستاش ڕواندزییەكان دەڵێن جووەكان زۆر كاسب و پارەدار بوونە، لەبەرئەوەی هیچ شەرمیان لە كاسبی نەكردووە، كاسبییەكەشیان بەبێ‌ فڕوفێڵ بووە، ئەوەش وای كردووە، كە زوو كەلوپەلەكانیان ساغ ببێتەوە و قازانجیش بكەن، هەر بۆیە خەڵكەكەش زیاتر ڕووی لە دوكانەكانی ئەوان دەكرد.“

 زیاتر گوتی: "ئافرەتەكانی جوو لە ڕواندز، شان بە شانی پیاوەكانیان كاریان كردووە، ئەمەش ناوی هەندێك لە ژنە كاسبكارەكانە، كە لە بواری جودادا پیشەوەر بوون، وەك دروستكردنی كڵاو و بەرماڵ و مافوور و جاجم و هەندێ‌ جار كاری پەڕەچێتی و جۆڵاییشیان لەگەڵ مێرد و كوڕەكانیان كردووە. جگە لە كاری خمخانە، گەلێ‌ جار نانیشیان بۆ خەڵكی ڕواندز كردووە، لەگەڵ چەندین كاری دیكەی جۆراوجۆر. ژنە پیشەوەرە جووەكانیش ئەمانە بوونە: (ساقین، مێرەم، نازێ‌، مامز، نازدار، مسری، ڕەمزین، شامیە، كەپرین، عاشیل، خەمێ‌، ڕەمین، شالیان، ڕابیعە، شەمۆنیە، ئارمۆش، لامین، لەیلا) و چەندینی دیكە.“