كتێبی (مرۆڤ و ئافراندن) كە یەكێكە لە بەرهەمە نایابەكانی نووسەری كورد جەزای شێخ رەزا ناسراو بە (هاوبیر) لەم رۆژانەدا بە چاپێكی قەشەنگ و قەبارەیەكی گونجاو كەوتە بە دیدی خوێنەران.
ئەم كتێبە كە دەكرێ بخرێتە ریزی كتێبەیلی هزر و ئەندێشەی كوردانە بۆ ژیان و رێبازگەلی فەلسەفە جیاوازەكانی، وەك نووسەر لە پێشەكییەكەیدا نووسیویەتی، بەرهەمی هەشت ساڵ كاركردنیەتی، لە ماوەی رابوردوودا خانەی موكریان بۆ چاپ و بڵاوكردنەوە، بە بەرگێكی قەشەنگ چاپی كردووە.
جەزای شێخ رەزا (هاوبیر) لە بەشێكی كتێبەكەیدا دەڵێ: ”كە بتوانرێت رووداوەكانی رابوردوو بكرێنە سووتەمەنیی چرای رووناككەرەوەی تاریكستانی داهاتوو، ئیدی هەڵەیە وا لە مێژوو بگەین كە شتێكە رۆیشتووە و بڕاوەتەوە.“
یەكێك لە خەسڵەتە گرنگەكانی ئەم كتێبە، ئەوەیە كە بە رێنووسێكی كوردیی ورد و دوور لە هەڵەی باو و بە زمانێكی خاوێنی كوردیی بێ كاریگەریی دەرەكی نووسراوە، كتێبێكە بە حەق بیری مرۆڤ فراوان دەكات و پێداگرە لەسەر ئاگاهیی مرۆڤ لەوەی لە دەوروبەری دەگوزەرێ، خوێنەر كاتێ ئەم كتێیە دەخوێنێتەوە، گرنگیی ئەوەی لا زیاتر دەبێ كە نابێ مرۆڤ بە گێلی بژی.
شایەنی باسە جەزای شێخ رەزا (هاوبیر) یەكێكە لە نووسەرە بەردەوامەكانی (باسنیوز) و گۆشەیەكی بەردەوامی هەیە لەژێر سەردێڕی (هاوارێك بۆ كورد.) بەناوی ستافی (باسنیوز و باسکورد)ەوە پیرۆزبایی لە نووسەر و لە عاشقانی كتێبی كوردی دەكەین.