گردی لەیلان، شارە ٨ هەزار ساڵەکەی قامیشلۆ

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

گردی لەیلان، شارە ٨ هەزار ساڵەکەی قامیشلۆ

گردی لەیلان، یان گردی شێخنا، یاخود گردی شێبت ئێنلیل، لە گردە شوێنەوارییە گرنگەکانی رۆژئاوای کوردستانە و دەکەوێتە بەشی رۆژهەڵاتی ناوچەی خابوور، نزیک دۆڵی سێرای دوورگەی سەرەوە. ئەم گردە بە دووری ٢٨ کم لە باشووری رۆژهەڵاتی شاری قامیشلۆ و ٨٢ کم لە باکووری رۆژهەڵاتی شاری هاسێک هەڵکەوتووە.

ئەم شارە شوێنەوارییە بە چەندین ناو ناسراوە، کاتێک پایتەختی وڵاتی (ئەبووم) بووە ناوەکەی شێخنا بووە و بەڵگە بۆ ئەمەش لەو تابلێت و بەردەنووسراوانەی کە لە ئەرشیفی ماری (تەل ئەلحەریر) و ئەو لەوحە میسرییانەی لە گردی لەیلان دۆزراونەتەوە، وای پێ گوتراوە. لە سەدەی نۆزدەیەمی پێش زایین ئەم شارە لەلایەن ئاشوورییەکانەوە داگیرکراوە و ناوەکەی شێبیت ئێنلیل (شوێنی نیشتەجێبوونی خوداوەندی ئێنلیل) بووە. دوای کۆچی دوایی شا شەمشی ئادەد، ناوی پێشووی (شێخنا) گۆڕدرا و بووەوە بە گردی لەیلان، کە یەکێکە لە گەورەترین گردەکانی ناوچەکە و یەکێکە لە کۆنترین گوند و شوێنە نیشتەجێبوونەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان.

ئەم گردە مێژووییە یەکەم شوێنی نیشتەجێبوونە لەم دەڤەرە و مێژووەکەی بۆ کۆتایی هەزارەی شەشەمی پێش زایین دەگەڕێتەوە، هەروەها گردی لەیلان لە هەزارەی دووەم و سێیەمی پێش زایین یەکێک بووە لە گرنگترین شارەکانی باکووری میزۆپۆتامیا. هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە ئەم شوێنە لەسەر رێڕەوێکی بازرگانییە و ناوچەکانی باکووری دەریای ناوەڕاست و میزۆپۆتامیا و شاری (خاتی) بەیەکەوە دەبەستێتەوە.

 ئەم گردە لە دوو بەش (رووبەر) پێکدێت: رووبەری سەرەوە کە پێی دەوترێت ئەکرۆپۆلیس و کۆنترین ناوچەیە، هەروا رووبەری خوارەوەش کە دەوری بەشی سەرەوەی داوە، پێی دەوترێت شارۆچکەی خوارەوە، کۆی رووبەری گردەکە ٩٠ هێکتارە.

 ئەم ناوچەیە لە ناوەڕاستی هەزارەی سێیەمی پێش زایین زیادبوونی بەرچاوی ژمارەی دانیشتووانی بەخۆیەوە بینی، بۆیە ئەو گوندە بچووکە بە قەبارەی شارێک بوو تا رووبەرەکەی گەیشتە ٩٠ هێکتار. لەو سەردەمە ئەم شارە لە رووی رێکخستنی سیاسی و ئابوورییەوە گەشەی کرد و بوو بە یەکێک لە ناوەندە گرنگ و ستراتیژییەکانی ناوچەی خابوور، کە لەو سەردەمەدا شارەکە ناوی شێخنا بوو.

لە ناوەڕاستی هەزارەی دووەمی زایینیدا شێخنا وەک هەموو ناوچەکانی خابوور بوو بە بەشێک لە ئیمپراتۆریەتی هوری و میتانی و شوێنێکی ستراتیژی و گرنگ بووە. لە زۆر شوێنی جیاوازی شاری نزمی گرەوە، گۆڕی میر و سەرکردەکانی میتانی هەیە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی باسکراو.

کەلوپەل و شوێنەوارە دۆزراوەکانی ئەم گردە ئاماژە بە سەلیقەی هونەریی و دەستڕەنگینیی خەڵکی ئەم سەردەمە دەکەن، کە لە رووی هونەر و دیزاینەوە چەند پێشکەوتوو و دەستڕەنگین بوونە.

ئەم گردەش هەروەک شوێنەوارەکانی تری ئەم ناوچەیە بووەتە قوربانی شەڕ و ئاژاوە یەک لەدوای یەکەکان، بە تایبەتی لە سەردەمی سەرهەڵدانی تیرۆریستانی داعش و هێرشیان بۆ سەر ناوچەکانی سووریا، کە بەداخەوە یەکێک بوو لەو شوێنەوارانەی دوچاری رووخاندن و تێکدان بووەوە.